دوای نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢١ی نوامبری ٢٠١٥ی زایینی لە شاری ستۆکهۆڵمی وڵاتی سوید، پارتی ئازادی کوردستانی تورکیا (پاک)
سیمینارێکی بۆ سەرۆکی پارتەکەی ڕێزدار (موستەفا ئۆزچەلیک) کە بەسەردانێک هاتۆتە وڵاتی سوید، پێکهێنا.
لە سیمینارەکەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردستانییانی دانیشتووی شاری ستۆکهۆڵم بەشداربوون و لەنێوانیشیاندا هاوڕێ تەیمور مورادی وەک نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشداربوو.
کۆڕگێر بەگشتی لەسەر ڕەوشی کوردەکان و کوردستان لە تورکیادا قسەی کرد و بەتایبەتیش لەسەر سیاسەت و بەرنامەی حیزبەکەیان وەک پارتێکی تازە دروستبووی یاساییی لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتی وڵاتی تورکیادا، زانیاری بە زیاتر خستە ڕوو.
سیمینارەکە سەعات ٤ی ئێوارە بە پرسیار و تێبینی بەشداربووان و وەڵامەکانی کۆڕگێڕ کۆتایی پێهات.
لەپەراوێزی سیمینارەکەدا نوێنەری حیزب وێڕای بەخێرهێنانی سەرۆکی پارتی ئازادی کوردستان، دەستخۆشی لێکردن، هیوای سەرکەوتنی زیاتری لە کارەکانیاندا بۆ بەئاوات خواستن.
………………..
سێمیناری بەڕێز هێمن هەورامی
هەر لە هەمان ڕٶژ و لە سیمینارێکیدا، شاندێکی کومیتەی گشتی حدکا لە سوید بەسەرپەرەستی ” محەمەد ئەحمەدی” بەرپرسی بەشی پێوەندیە کورد و کوردستانییەکانی کومیت، لە سیمینارێکی سیاسی کە بۆ بەڕێز ” هێمن هەورامی” ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دێموکراتی کوردستان ڕێکخرابوو بەشداری کرد.
شایانی باسە بەڕێز هێمن هەورامی باسێکی گشتی لەسەر ڕووداوەکانی ئەم دوایانەی باشووری کوردستان و ئەو کێشە و گرفتانەی کە هاتونەتە سەر ڕێگای پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و هەروەها پرۆسەی ئازادکردنەوەی شەنگال و ڕوانگەی دەوڵەتانی زلهێز لە پێوەندی لەگەڵ دۆخی کورد بە گشتی وباشووری کوردستان بەتایبەت کرد.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ سوید
٢٣ی نوامبری ٢٠١٥ی زایینی