"an independent online kurdish website

 بەناوی خوای دڵاوای دڵۆڤان ، لە ژیانی مرۆڤەکاندا دووکەس هەن کە هەر جارێک دەبنو کە ڕۆیشتن ناگەڕێنەوە . دوو خۆشەویست هەن هەتا دوای مردنیان وەک پێویست قەدرو قیمەتیان نازاندرێیوmela_biraym1

کە لە کیست چون جێگەیان پڕ ناکرێتەوە . دوو مرۆڤی دەگمەنن کە لەدەستت دان ئیتر دەستت ناکەونەوە . دوو مرۆڤن کە لەئایینی ئیسلامدا دوای بڕوا بەخواو پێغەمبەر خوا بە شیاوترین کەسیان دەزانێی بۆ ڕێز لێگرتنو خزمەتکردنیان. ئەو دوکەسە بەنرخو بەهایە دایکو بابن کە بە هیچ پێوەرێک جێگەو پێگەیان مەزەندە ناکرێو بەو چەند دێڕەی من باسی گەورەییو لەخۆبردوییان تەواو نابێ. نە بەزمانی من دەکوترێ نە لە توانای قەڵەمی من دایە.

بەدوای ئەو چەند دێڕەدا دێمە سەر باس لە و دیمەنە دڵتەزێنەو لەو مەرگە نەخوازراوو ناوەختە ی دایکم کە بەچاوی خۆم دیتومە. دایک ئەو مرۆڤە فیداکارو زەحمەتکێشو لێبوردەیە کە نەقەڵەم دەتوانێ مەزنی کەسایەتیەکەی بنوسێو نە زمان دەتوانێی دەری ببڕێی بەهەر پێوەرێک فیداکاریو دڵفراوانی ئەو بپێوی کورتت هێناوەو مافی خۆیت پێنەداوە . وشەی دایک هەرچەند پیتەکانی چوارن بەڵام نرخو بایخی بێئەژمارن . مانای خۆشەویستیو خۆ کردنە قوربانی دەگەێێنێ . گوڵێکە ئەگەر هەڵیش بوەرێی تاهەتایە بۆنو بەرامەی هەردەمێنێی. لێرەدا نوسینی ئەو شێعرەی ڕەحمەتی مام هێمن لە جێدایە کە دەڵێی : ئـەی وەنـەوشە گـوڵی بـۆن خۆش زەمــانــە نـاهــێـڵـی ئـەتــۆ ش بـەڵام عـەتـرت لـێـدە گـیـرێـی بـۆیـە نـاکـرێـی فــەرامــۆش دایک کەسێکە هەرچی هەیەتی بەتۆی دەبەخشێ بێی چاوەڕوانیو بەرامبەر. هەرچی لەدەستی هاتبێی بۆتۆی کردوەو دەیکا . تۆ ناتوانی ئەوەی ئەو دەگەڵ تۆی کردوە دەگەڵی بکەیەوەو پاداشتی چاکەکانی بدەیەوە . هەرچی بیکەی ئەرکەو ئەوەش کەنەیکەی قەرزداری . دایک مایەی بونە و بەجوانترین شێوەی گونجاو گەورەت دەکاو پێت دەگەێینێ . چکۆڵەترین ناڕەحەتی تـۆ بەژانترین ئازاری پێدەگەێێنێو دەرونی دەهەژێنێ. پەروەردەو پێڕاگەیشتنی تۆ تەنیا ئەو دەتوانێ وەکو پێویست بەجێی بێنێ . ئەگەر بڕوای ئایینیشت هەبێ دوای خواو پێغەمبەر لە هەموکەس بۆ خزمەتکردنیو ڕێزو حورمـەت لێگرتنی شیاوترە. پێغەمبەر (ص) فەرمویە : بەهەشت لەژێر پێی دایکو بابان دایە ، بۆئەوەی جێگەت بەهەشتبێ پای ئەوان لەسەر سەرت دابنێ. بائەوەش بزانین ئەرکی دایک زۆر لە ئی باوک قورسترەو بێگومان لە لای خواش جێگەو پێگەی بەرزترە. لەپێغەمبەریان (ص) پرسی : کێی لەهەمو کەس بۆ خزمەکردنی شیاوترە ؟ سێجار لەوڵامدا فەرموی : دایک جاری چوارم کوتی باوک .

دایک مامۆستایەکی دڵسۆزە بێموچە و بەرات زمانو هەرچی بەچاکی بزانێ فێرت دەکا .لە دنیادا کەس نیە لەدایک دڵسۆزانەتر ئاگاداریو پارێزگاریت لێبکا. بۆنی هیچ گوڵێک لە بونی سینگو بەرۆکی دایک بۆمناڵ خۆشترنیە شێعرو گۆرانی هیچ هەڵبەستوانو دەنگ خۆشێک لە لاواندنەوەو لای لایەی دایک ئارام بەخشتر نیە . بەدەستی چەپی لانک ڕادەژێنێو بەدستی ڕاستی بەرۆکی بەروانکەت بەگوڵ بۆ دەڕەنگێنێ . دایک ئەو مرۆڤە بەنرخەیە کە مامۆستاو پیاوە گەورەکانی دنیا وەدی دێنێو لەداوێنی خۆیدا وەک گوڵ دەیانخەمڵێنێ. ڕوناکیەکی پیرۆزە شەوەزەنگی مناڵەکانی ڕوناک دەکا . لای لایەیە بەسۆزەکەی دایکە گیرت دەکاتەوەو ناڕەحەتیت لەبیر دەباتەوە . بۆ ئەوەی لەوەش تێبگەی جارێک لای لایەی مامۆستا هەژاری ڕەحمەتی بخوێنەوە. ئەوە دایکە لە ناخۆشترین حاڵەتی ژیاندا دڵخۆشیت دەداتەوە. هەر ئەویشە ئامادەیە بەقیمەتی گیانی کەلەبەری ژیانت بۆ پڕکاتەوە.مەرگی دایک هەرچەندی قورسو بەژانە ئەزمونی بەنرخیشی لیوەردەگیرێی. منداڵێک کە لەتەمەنێکی کەمدا لەنازی دایک بەشی بڕاوە ، باش تێدەگا کە لەخۆی زیاتر کەس نیە وەک دایکی نازی بکێشێ ، بۆیە دێتە سەر ئەوبڕوایە کە دەبێی لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێو پشت بە هیمەتی خۆی ببەستێی ، گرێپوچکەکانی ژیانی بۆ خۆی بیانکاتەوە لەژیانو لە ئەرکەکاندا خۆی بیر بکاتەوە ، ئەگەر لە جێیەک تێمابو ئاوڕێک لە کەسانی باوەڕ پێکراوو دڵسۆز بداتەوە.

دایکم ناوی ؛ خەجیج کچی مەلا کەریمی مەلا تەهای حاجیاڵیکەندە و دایکی ناوی هەمینە .لە گوندی ناو براوێش لەدایک بوە . ماڵە ئێمە ش لەسونجاخ بوەو لە تەمەنی (٥ یا ٦) ساڵی مندا پەڕیوەی لاجان بوینو لە گوندی شاوەلە گیرساوینەوە . تەمەنم (١٢ ) ساڵ دەبو وابـزانم وەرزەکەی پـایـز بـو دایکم دوو گیان بو مناڵێکی بو ناومان لێنابو (عەلی ) شەوی حەوتەمی بو بەوتەی کوردی لە سەر حەوتوو چلوان بوو . شەوی هەینی بو . کورسی هاویژرابو (نەنکم ) لەبەرە کورسیەکو خوشکەکانم لە بەرێکیتر خەویان لێکەوتبو. دایکم لەبەرێکو کۆرپەکەی لەسەر (بێژینگ) لە تەنیشت خۆی دانابو . منیش لە لای ڕاستی دانیشتبوم . بەروانەکەی بۆ کۆرپەکەی دەدرو. بەدەم درومانەوە قسەی بۆ دەکردم . دەیکوت : ڕۆڵەگیان بخوێنە ، ببە مەلای ( ١٢ ) عیلم . ئاخر لەو سەردەمیدا مەلا تاقانە خوێندەواری ئاوایی بون . ئەگەر ئیجازەت وەرگرت دەبی بەمەلای ئاواییەکو ژنت بۆ دێنمو ماڵت بــۆ دادەنێم . هەمـو مـانگێ جارێک خۆم دەڕازێنەمەوەو ژنان پێم دەڵێن بۆوا خۆت ڕازاندۆتەوە؟دەڵێم دەچمە ماڵە مەلابرایمی کوڕم . زۆری ئامۆژگاری کردم . لەپڕوو لەناکاو کوتی: ڕۆڵە ڕەنگە من بەو ئاواتەم نەگەم ، ئەوەی دەکەوێتە سەرشانت بەجێیان بێنە . تۆ کوڕی گەورەمی هیوای زۆریشم پێتە ، ئەوکچانەش بـۆتـۆ بەجێی دێڵم ، عـەلیش دەگەڵ خـۆم دەبەم . چاوم لەدایکم بـڕیوەو نایان تروکێنم ، حەبەساومو لە مەبەستی قسەکانی تێنەدەگەیشتم ، نەمدەزانی بۆچی بەئاواتەکانی ناگا ! بۆکوێی دەچێو ئێمە بەجێی دێڵێو عەلیش دەگەڵ خۆی دەبا ! قسەم بۆنایەو نازانم چی لێبپرسم ! پاشان ڕووی لەدیواری بەرانبەری کردو کوتی : برایم گیان،ئەوانەت دیون ؟ ئەوە هاتون ئەمن دەگەڵ خۆیان بەرن ! لەناو ژناندا بەمەرگێکی لەسەر حەوتوو چلوانیان دەکوت : ( ئاڵو شەوە بردویە ) بەڵام باوەڕم وایە مەرگ خۆی ئاڵو شەوەیە. بە پەشۆکاوی کوتم : دایە لـێـرە لەخۆمان زیاتری لێنیە و لە مەبەستیشت تێناگەمو نازانم مەنزورت چیە ؟ ! کوتی : ڕاستە ئەوەی من دەیبینم تۆ نای بینیو دڵیشم نایە پێتی بڵێم ! دەستی بۆلای دایکی درێژ کردو کوتی : ئەمن دەڕٶم ئەو پیرێژنە هەستێنە چی لەدەست دێی بابیکا!! چاوێکی لە کۆڕپەکەی کردوو ڕاکشا. نەنکم هەستاندو کوتم : دایکم دەڵێی دەڕۆم و هێندێک قسەی کردن من لێی تێنەگەیشتم چیە. کەهاتە بن سەری دەستێکی لەسەر ناوچاوانی داناو بەهەردوک دەستان بەسەری خۆی داداو کوتـی : سەڵاو قەت کەسم نەمێنێ ، خۆخەجیجم جوانەمەرگ بوەو نەماوە !! بەبیستنی وشەی مردوە ، تاسام .هەوەڵین جارە مردو دەبینم کەسێک لەلام دەمرێی ، ئەویش دایکم ! کوڕێکی تەمەن (١٢) ساڵە هیچ لەدنیا نازانێو لەکەسو کاریشی دورەو ئازیزترین کەسی لەدەست داوە ، سێی منداڵی سەرو پێچکەی لەدوا بەجێماوە ، لەهەمو خزمو کەس تەنیا خاڵێکمو نەنکم لەلامانەو ژنێکی بن ئامۆزای باوکم لە گوندەکەماندا هەیەو بەس ! دایکم لەبەردەستدا مردوەو هیچم لەدەست نایە . سەرم سوڕماوە فرمێسکی چاوانم قەتیس ماونو نایەنە خوارێی. نەنکم باوەشی پێداکردومو بۆسۆی هەناوی سوتاوی بەسەرمندا بڵاو دەکردەوە . بەیتو بەندی وای پێهەڵدەکوت ئاگری لە بیسەرەکەی بەردەدا، هیچ هەلبەستوانێک شێعری ئاوا بەسۆزی دانەناوە . دایکم وەک خۆی قەولی دابو عەلیشی بردەلای خۆیو دوو ڕۆژ دوای مەرگی دایکم عەلیش مرد. باوکم هاتەوە ماڵو ئەویش منی گرتە باوەشو لەبانگی داو کوتی : من مالەکەم وێرانو ئێوەش بەسەغیرو هەتیوی مانەوە . ئێوە نازتان لێشێواوەوەو منیش بێکەسو کار لێم قەڵماوە . هەرجارێی مناڵێکی دەبـاوەش دەگرتـو دڵـخۆشی دەداوە. بەدەنگی گریان تەنیا جیرانێکمان هەبو هاتنو دوایە خەڵکی ئاواییان ئاگادار کرد ، ئاخر ئێمەو ئـەو ماڵە جیرانەمان کەوتبوینە پشتی ماڵی ئاغاو ئاوایی لـەو دیویتر بـون . هـەتا دایکمیان نەبردە سەر( تاتە شۆر ) گریانم نەدەهاتو وەک لاڵیش ببم قسەم بۆ نەدەهات . لە پڕ بەنداوی فرمیسکی پەنگ خواردوم پساو جۆگەلەی فـرمێسکان بەسەر ڕومەتەکانمدا بە گوڕ دەهاتنە خوار! ئاگرێکم لەهەناوی بەر ببو بەهیچ ئاوێک نەدکوژاوە.کوڵو کۆی دەرونم ئەقڵو شعوری لێی سەندبومو خۆم بـەئاوو ئاور دادەداو بەکەس گیر نەدەبومەوە. مەلاو کەیخودای ئاوایی هاتنو مەیتیان بردە مزگەوتێی تا مەلاو فەقێی قورعانی لەسەر بخوێنن ، ڕۆژی هەینیش تـا نوێژی هەینیان بەجەماعەت لەسەر نـەکرد بـەخاکیان نە ئەسپارد. من بەگریانەوە دەگەڵ جـەنازەکە دەڕۆیشتم لـە نیزیک مزگەوت (مامۆستا میرزا برایمی فازلی) کە میرزای ماڵی ئاغا بوو منیش قورعانم لەلای ئەو دەخوێند بـاوەشی پیدا کردمـو مـاچی کردمـو زۆر دڵسۆزانە دڵنەواییو ئامۆژگاری کردم ، تەنیا قسەکانی ئەو لەو حاڵەدا کاری تێکردمو فەرموی : بـرایم گیان من دەزانـم تۆ کوڕێکی تێگەیشتویو زۆر شت لە تەمەنو قەڵافەتت زیاتر دەزانی، ڕاستە تـاڵترین ڕوداوی ژیـانی هـەر مرۆڤێک مەرگی دایکەو ئەویش هەتا نەمرێی نازانی. منیش دایکو باوکم مردون هەمو کەسیش بابو دایکی دەمرێی ، بەڵام مـن تەجرەبەی ژیانـم زۆرەو دەزانم ئەو بەسەرهاتە قورسە بەگریان چاری نایە . گریان کوڵو کۆیە دەڕواو ئێشو ئازارەکە لە دەروندا بەجێی دەمێنێ. بـە قـسەم بکەو لە جیاتی گریان ئاواتەکانی دایکوبابت وەدیی بێنە . زۆر جار بـە منیان کوتوە هانیبدە درێژە بە خوێندنەکەی بدا ببێتە مەلای دوازدە عیلم . بڕۆ دەسنوێژێک بشۆو وەرە قورعان لەسەر دایکت بخوێنە . من کە لە خۆمەوە زۆرم بڕوا پێیهەبوو قسەکانی زۆر کاریان تێکردم . هەرچەند لەناوەرۆکیان تێنەدەگەیشتم. زۆرلە ئامۆژگاریەکانیشی لە ژیانمدا بەکەڵکم هاتن . ئـاگری دەرونی دامـرکاندم ، ئـەگەر بـەزێدەڕۆیی نـەژمێرن ، ئـاورەکە دامـرکـا وە بـەڵام تائێستاش نەکژاوەتەوە . دیارە ئەو وەک سەروەسیەت ڕاسپاردەکەی پێگەیاندم ، منیش لەسەر ئەو راسپاردەیە خوێندمو بومە مەلای (١٢) عیلم. ئەو دێمەنە دڵتەزێنەم هەروا دێتەوە بەر چاو . بەرهەمی ئەو خەسارە قورسە بۆمن بۆتە شەریکی ژیانـو بایخو بەهاکەی ئەوەیە کە لە حاندی ئەودا، هەمو کۆسپو تەگەرانەی ژیانـم لە سەردڵو شانانم سوک دیارن ، چۆکم بـۆ هیـچ بـارێکی قـورسی ژیـان دانەداوە ، چونکە هەرچی بن لەو قورستر نینو نـابن . ئیستا خەم نـیـەو بۆتە هاودەمم ، نام هێشێنێ بەڵکو ئێشو ئازارم کەمدەکاتەوە . بەکورتی هیچ ڕووداوێکی ناخۆشی ژیانم بەلاوە لەمەرگی دایکم قورسترو بەژانتر نیە . لەژیاندا زۆرێک لە ئامۆژگاریە کانی دایکمو مام میرزام لەبیر نەکردونـو دەکارم هێناون .هەر دوکیان پێیان کوتم: ئەوەندەی لە توانات دایە خـزمەتی خەڵک بکە ، چونکە ئەوە گەورەترین خیراتە بـۆ دایـکـو بـابـتی دەکەیـو بەنرخترین سەرمایەیە بۆت دەمێنێ . هەمو کەس ڕەحمەتی خوایان بــۆ دەنێرێی . بەڵیی وایە خۆشم باوەڕم وایە جیا لەکردەوەی چاکی خۆت هیچ کەسو هیچ شتێک لە هانات نایە.

بەدیتنو یادی ئەو دیمنەو سەدانیتریش ئاموژگاریم بـۆهەمو مناڵان بەگشتیو بۆ كورانو کچانی کورد بەتایبەتی ئەوەیە کە قەدرو قیمەتی دایکو بـاوکیان بـزانن ، ڕێزیان لێبگرن هـەرچەندی لـە دەستیان دێی خـزمەتیان بـکەن، بەمجۆرە هەم ڕوسوری دنیا دەبنو هەم ئاسودەیی ویژدان مسۆگەر دەکەن. بزانن هیچکەس ناتوانێی جێگەیان پڕکاتەوە ، خزمەتی دایکو باب دەسکەوتێکی گەورەیە نرخی بزاننو لەدەستی مەدەن . ئەگەریش موسوڵمان بن ڕەزای خواو بەهەشتتان وەدەست هێناوە. ناتوانم دوعا بکەم کەس دایکو بابی نەمرێی چونکە داوایەکی لەجێدانیە، بەڵام لەقوڵایی دڵمەوە ئاواتە خوازم کچانو کوڕان لە حورمەتو خزمەتکردنی دایکو باوکیان درێغی نەکەن ، ئەوەندەی لەدەستتان دێو داوای ڕەوایان هەیە بۆ یان بەجێی بێنن، ئەگەر نەتان توانی بە قسە قانعیان بکەنو بە وڵامی توندو نا ئاقڵانە دڵیان مەیەشێنن . چونکە ئەوان هەرچی لەدەستیان هاتوە بۆ ئێوەیان کردوە. لە هیچ کارێکی قورس ئەگەر قازانجی ئێوەی تێدا بوبێی خۆیان نەبواردوە . من خۆم مەرگی دایکو بابم دیتوەو دەزانم چ خەسارێکی قەرەبو نەکراوم لێکەوتوە ، بۆیەش ئەو داوایەم لە ئێوە کردوە.

 

براتان مەلا برایمی مەجید پور ٢٢/١١/ ٢٠١٥

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی