"an independent online kurdish website

پاش عەمەلیاتی هێزی ئاگری لە سەر گوردانی گوندی دێلەزی و کوژان و بریندار بوونی ژمارەیەک لە مۆرە گرینگەکانی رێژیم لێکەوتەوە، هەر لەو ناوچەیە دووهەمین زەبر وەشێندرا و لەوێش دا دوژمن بێ ئەوەی چاوەروانی کردبێ سەری دای لە بەرد.naji_feqepur

بڕیار درابوو عەمەڵیاتێک لە سەرەتای پایزی هەمانساڵ (١٣٧٢) هەر لە ناوچەی شپیران و بەایبەتی دەروبەری دێلەزی ئەنجام بدرێ . بۆ ئەم مەبەستەش جادەی نێوان گوندی دێلەزی بۆ پایگای شاخی بەرەسپیان ، گوندی باڵەکان و دۆستان نێوان هەڵبژێردرا. ،پێویستە ئەوەش بگوترێ کاتی شناسایی گوردانی دێلەزی هاوکات چاوکمان ئەم جادەیەش لە نەزەر گیرابوو بۆ دەرفەتێک و بەڕێوەبردنی عەمەڵیاتێک بە دژی هێزەکانی ڕێژیم.

بۆ بەرێوە بردنی ئەم عەمەلیاتە لە لایەن هێزی ئاگری یەوە تیمێکی ١٨ کەسی ساز کراد لە ناوچەی ترگەوەرەی ورمێ یەوە رێکەوتین بەرەو جێگای مەبەست کە منیش لە گەلی دا بووم.

پاش بڕینی ڕێگایەکی دوو ڕۆژ و شەوە گەیشتینە سنووری نێوان باکووری کوردستان و ناوچەی سۆما.

ئێمە یەک ڕۆژ لەو سنوورە ماینەوە تا پشوویەک بدەینەوە. بەڵام هێشتا شەوێک مان مابوو بگەینە جێگای مەبەست. ئەوە بوو بۆ ڕۆژی دواتر دوایی نیوەڕۆ حەرەکەتمان کرد بۆ شوێنی عەمەلیاتەکە. پێشتر لە سەر ئەوەی ساغ ببووینەوە کە دەبێ تیمێک بۆ شناسایی شوێنی عەمەلیات دیاری بکەین . بۆ ئەم مەبەستەش چەند کەسێکمان دیاری کرد. کاتێک شەو بە رێگادا بووین ئەو تیمە لە ئێمە جیابوونەوە و ڕۆیشتن بۆ شوێنی دیاری کراوی خۆیان. منیش لە گەل هاوڕێ یانی پێشمەرگە درێژەمان بە رێگای خۆمان دا تا بەیانی گەشتینە شوێنێکی کە دیاریمان کردبوو ، لەوێ ماینەوە.

ئەو ڕۆژە هەتانی ئێوارێ لەو شوێنە بەشێوەیەکی نهێنی خۆمان شاردەوە و برێکیش حەساینەوە، بۆ ئێوارە حەرەکەتمان کرد لە شوێنی دیاری کراوی خۆمان دا لە گەل تیمی دیکە کە لە ئێمە جیاببوونەوە یەکمان گرتەوە. ئێمە هەتا نێزکەی بەیانی لەو شوێنە ماینەوە و دواتر بەرەو شوێنی عەمەلیات بە رێکەوتین.

ئێمە بە دوو تیم دابەش بووین،تێمی یەکەم بۆ سەر جادەی نێوان گوندی دێلەزی ئەو جادەیە دەڕوا بۆ پایگای بەرەسپیان دەست نیشان کرا،تیمی دووەم من لە گەڵ بوم وەکو تیمی پشتیوان دیاری کرا،لە سەر لووتکە شاخی سێکرۆشک کە زالە بە سەر جێگای کەمینی پێشمەرگەکان و تەواوی جادەی بەرەسپیان و زاڵە بە سەر هێزەکانی تەئمینی جادە دا، هەروەها لای دیکەش دەیانڕوانی یە سەر گوندی بەڕازی و تەوای دەوروبەر کە ناوجەیەکی بەرینە هەتا دەگاتە ناوچەی سەڵماس.

ئێمەلە شوێنەکانمان جێگیر بووین، ئیدی هەوا ڕووناک دەبوو و دەبا خۆمان حەشار دەین وچاوەڕوانی دە داوخستنی دووژمنمان دەکرد.

سەعەتی ٨ بەیانی تەئمین جادەکان هاتنە جێگاکانیان، زۆر نیزیک بوون لە کەمینی پێشمەرگەکانی ئێمەوە، بەڵام هەستیان نەکرد بوو پێشمەرگە لەوێن، و ئێمەشلە سەنگەرەکانمان دا چاوەڕوانی هاتنی دووژمن بووین. بەڵام نێو گوندی دێلەزی ئاسایی نەبوو وەک ڕۆژانی دیکە لای سەرەوەی گوند، خوارەوەی گوند لە لایەن پاسدارەکانەوە گیرا بوو، ماشێنێکی زۆر لە سەر هەر دوو جادەی گوند ڕاگیرا بوون لە لایەن پاسدارەکانەوە، ئازاری خەلکیان دەدا و بۆ هیچ ماشینێک نەبوو لە دێیەکە بێتەوە دەرێ،لای پایگای بەرەسپیانیش سەربازەکان ژمارەیەکی زۆر ئەو کاسبکارانەی گازۆلیان دەبرد بۆ بژێوی ڕۆژانەی خۆیان لەوێ ڕایان گرتبوو بارەکانیان لە سەر پشتی ئەسپەکان هێنابوویانە خوارەوە و ئاگریان لە گازۆیڵ یان بەریان دا بوو. هەتای سەعەت ١١ی بەیانی ئیدی هەر دوو سەری گوندەکە بەریان داو ماشێنێکی زۆر کەوتنە هەر دوو جادەی لای سەرەوەی گوند و خوارەوەی دێیەکە.

ئێمەش بە دووربین تەماشایی وەزعەکە مان دەکرد. لەو کاتە دا بوو تیوتایەکی ئەرتێشی لە نێو گوندی دێلەزی بە سوورعەتێکی زۆرەوە لە گوندەکە هاتەوەدەرێ، نێو ماشینی شەخسی دا هاتەوە خوارەوە و زانیمان ئەوا مۆرەیەکی گەورەی رێژیمە،ئێمە هاورێ یانمان لەوە ئاگادار کردەوە، زۆری پێ نەچوو بەرەو کەمینی ئێمە کە هێندێک جار لە جادە کە ڕا دەهات و هێندێک جاریش لە جادە دەردەچوو ، هات لە نێو تەئمین جادەکان دا بە سوورعەتێکی زۆرەوە بۆ ئەو شوێنەی کە کەمینی خۆمان لێ بوو کەوتە نێو کەمین و پێشمەرگەکان تەقەیان لێ کرد. هەر لە ئەوەلین تەقە دا ماشینەکە هەلگەڕا و بەرەو سەراو ژێرییەک چوو،ئێمەش بە قەناسە تەقەما لە تەئمین جادەکان دەکرد،خۆیان ڕانەگرت و ڕایان کردن. تۆپ باران وەک عادەتی هەمیشەی دیسان دەستی پێ کرد.

هەموو سەرنشینی ماشێنە کە کوژران بێجگەلە یەک یان دوو کەس نەبێ ئەوانیش ڕایانکرد، یەکێک لە فەرماندە هەرە دڕندەکانی رێژیم لە نێو کوژاوەکاندا بوو بەناوی مستەفا ئیبراهیمی(مستۆ ) ئامانجی مستۆ ئیبراهیمی لە چوون بۆ پایەگای بەرەسپیان لە گوندی دێلەزی ، دڵی بە ئازار و ئەشکەنجەی خەلکی ئەم گوندە ئاسوودە نەببوو، بۆیە دەچوو بۆ لێدانی ئەو کاسبکارانەی لە لایەن پایەگای بەرەسپیان گرتبوونی و ئاگریان لە گازۆیلیان بەریان دابوو،بەڵام بەخۆشی یەوە نەیتوانی دڵی خۆی ئاسوودە بکات و بە سزای ڕەوای خۆی گەیشت لە لایەن پێشمەرگەقارەمانەکانەوە.

مستۆ ئیبراهیمی یەکێک لەوانە بوو لە ناوچەی سەلماس شپیران هیچ کات دەستی لە بنەماڵەی پێشمەرگەکان نەدەپاراست و کەسێک بوو بەس بۆ کوشتن، گرتن و لێدانی خەلکی بێ دیفاع و کەسێکی گرینگی رێژیم بوو لە ناوچە دا.

دوای عەمەلیات پێشمەرگەکان بە سلامەتی شوێنەکەیان بە جێهێشت وبەرەو ئەو شوێنانە چووین کە پێشتر دیاریمان کردبوون.

هێشتا کاتژمێر:١٢ی نیوەڕۆ بوو ئێمە لە قوولایی ناوچەی شپیران بووین،تۆپ باران هەر بەردەوامی هەبوو و هێزێکی زۆریش بە پشتیوانی تۆپ و کاتووشا لە لای سۆماوە گەیشتە زنجێرە چیای نێوان سۆما، شپیران و لەوێ جێگیر بوون. دەستیان کرد بە تۆپ بارانی ئەم ناوچەیە، لە لای شپیرانیش جاش و پاسدارەکان لە دوایی ئێمە هاتبوونە نێو گوندەکان، ئازار و ئەزیەتی بنەماڵەی پێشمەرگەکان و خەلکی بێ دیفاعی ئەو گوندانەیان دەدەنەوە و پاشانیش دەڕۆنە گوندی سپیدەرە،بە لۆدێر گوندەکە لە گەل زەوی تەخت دەکەن و خەلک بە بێ ماڵ و حالیان دەمێنن . هەڵبەت گوندەکە تا ئێستاش ئیجازەی ئاوەدان کردنەوەی بە خەڵک نەدراوە.

ئێمەش تا ئێوارەێ لەو دەوروبەرە ماینەوە و دوای رێکەوتین بەرەو سنووری کوردستانی باکور بۆ بەیانی گەیشتینە ناوشیوان . ئەوڕۆژە هەتا ئێوارە لەوێ ماینەوە و پشوویەکمان دا، ئێوارێ رێکەوتین بەرەو گەلی بەردەڕەش بۆ ڕۆژی دواتر گەیشتینە گوندی وارگەنم ئەویش دێ یەکی باکووری کوردستانە هاوسنوورە لە گەل سنووری گەلی بەردەڕەش و تەڕگەوەری ڕۆژ هەڵات.

ئێمە بە دوو تیم لە نێو گوندەکە دا دابەش بووین، تیمی ئێمە لە مالێکی خوارێ گوند بوو و نیگەبانمان نەبوو. پێشتر پێشمەرگەی هێزی ئاگری کاک ناسر فەرنیا بەهۆی هێندێک گیروگرفتی خانەوادەگی یەوە خۆی تەحویلی رێژیم دا بوو و دوایش لە لایەن ئیتلاعاتەوە گوشاری دەخەنە سەر و پێی دەڵێن دەبێ بڕۆی بۆ تێرۆری پێشمەرگەکان ،ئەویش ناچار دەبێ شتەکە قەبووڵ بکات، بۆ ئەوەی خۆی لە چنگیان ڕزگار بکات، دێتەوە بۆ لای کەمال شەریفی لە گەلی بەدەرەش و هەموو جەرەیانەکەی بۆ باس دەکات و لای ئەوان دەمێنێتەوە وەک پێشمەرگە.

ئێمە لە ماڵی جمشید بووین، سفرەیان دانابوو و هەموومان لە سەر سفرە خەریک بوو نان بیخۆن لەو کاتە دا بوو لە نەکاو کاک ناسر هاتە بەردەرکی ئەوماڵەی ئێمە تێیدا بووین، جەکی بەدەستەوە بوو و پێیگوتین: هەموو تان دەکوژم لە ڕاستی دا من زۆر ترسام! گوتم ئینسانە شایەد ڕاست بکات منیش شۆخییەکم پێکرد و گۆتم وەرەدانیشە دیسان خۆت شێت کرد!پاشان هاتەوە ژوور و ئێمەی لەئامێزگرت ، ماچی کردین و دانیشت لای ئێمە بە هاتنی ئەو زۆر خۆشحال بووین یادی بەخێر.

جەرەیانێکی دیکەش هەبوو من هیچ لێی ئاگادار نەبووم، ئەویش هاتنی کوری شەهید سەعید عومەرپووریان بوو.

پ ک ک کوڕی شەهید سەعید عومەرپووریان بێ سەروشوێن کرد،

ساڵی 1372ی هەتاوی لە گوندی وارگەنم کە دێیەکی باکووری کوردستانە هاوسنوورە لە گەل گەلی بەردەڕەش و تەڕگەوەری ڕۆژ هەڵات، کوری شەهید سەعید عومەرپووریان خەلکی حەسار لە گەلی بەراندێز بوو، سەعید عومەر پووریان لە ڕیزەکانی حیزب دا شەهید ببوو. ویستبووی بێت بۆ پێشمەرگایەتی بەڵام لە ڕێگا دا تووشی پەکەکە دەبێ و دەیبەن دەکەنە گریلای خۆیان، من نازانم چەند لای ئەوان دەبێت بەڵام ماوەیەکی زۆر نابێت، مانگێک یان دوو مانگ دەبێت لای ئەوان. پاش زانیاری وەرگرتن لە سەر پێشمەرگەکانی حیزب ڕۆژێک بەتفەنگەوە دێتە لای هاوڕێ کەمال شەریفی لەو سنوورەی گەلی بەردەڕەش. پاشان کاک کەماڵ رەخت و تفەنگەکەی بۆ پەکەکە دەنێرێتەوە.

کەمال ئەو کورە تەحویلی تیمی دیکەی ئێمە دەدات لە مالی خورشید و دەڵێ هاتووە بۆ پێشمەرگایەتی. ئێمە تا نیزیکی بەیانی لەو دێیە ماینەو پاشان یەکمان گرتەوە و لە گوندەکە هاتینە دەرێ دیتم کەسێکی تازە هاتوو لە نێومان دایە پرسیم ئەوە كێ یە؟ گۆتیان تازە هاتووە بۆ پێشمەرگایەتی، ئیدی دەنگم نەکرد، بەرەو رەنگینۆک و دۆڵەکاشم ڕۆیشتین، کەمالیش لە گەڵمان بوو.

کاتێک ئێمە گەیشتینە شوێنی مالی دۆلەکاشم! چەند گریلایەکی پ ک ک، ئەوانیش هەر بەرەو مەسیری ئێمە دەرۆیشتن و بڕێک لە ئێمە تووندتر دەڕیشتن و لە تەنیشتمانەوە دەرباز دەبوون! لە نەکاو ئەو کورەیان دیت و هەموویان پێکەوە گۆتیان ئەوە هەڤاڵ فەلانی یە….!! ناوێکیان گۆت ئێستا لە بیرم نی یە و دەرباز بوون. ئێمەش هەر درێژەمان بەرێگاکەمان دا تا گەیشتینە سەر ئاوی شەهیدان، سێ گریلای دیکە زۆر بە عەجەلە گەیشتنە ئێمە و هیچیان نەگۆت و ئەوانیش لە ئێمە دەرباز بوون هەستم پێ کرد، ئەوان لە بەر ئەو مەزووعە ئاوا بەپەڵە دەڕۆن. ئێمەش لە ئاوەکە دەرباز بووین، سەرکەوتینە شوێنی چادری حاجی ڕەشە و گۆتمان لێرە پشوویەک دەدەین و چایەک دەخۆین و دەڕۆین. هەر لە حاڵی قسە کردن دا بووین دیتمان سێ گریلای دیکەش هاتن بۆ لای ئێمە یەکێکان ناوی داود بوو کە کادری پەکەکە بوو لە ناوچەی شەمزینان.

گۆتیان ئەو کوڕە گریلای ئێمەیە دەبێ تەحویلی ئێمەی بدەن، ئێمەش گۆتمان ئەوە کوری شەهیدی ئێمەیە هەر ڕۆژی ئەوەل هاتووە بۆ پێشمەرگایەتی و ئێوە بە زۆری کردووتانە گریلا. کورەکەش پێیانی گۆت من نەهاتبووم ببم بە پەکەکە من هاتبووم بۆ پێشمەرگایەتی. دیار بوو ئەوان بڕیاری خۆیان دا بوو بە هەر قیمەتێک بێت ئەو کورە لە ئێمە بستینن چ بە مەسلحەت، چ بە زۆری تفەنگ، ئەوان ئێمەیان لەوێ سەر گەرم کرد تا هێزەکانی خۆیان کۆ کەنەوە. ئێمەش نەمان دەزانی لە دڵ پاکیی خۆمان بوو. هیچ نییەتێکی خراپمان نەبوو ئەوانیش هەر وەکو پێشمەرگەی خۆمان تەماشامان دەکردن.

ئێمە زۆر گفتوگۆمان کرد، ئەوان هەر پێداگرتر بوون و هەڵسووکەوتیشیان خراپتر دەبوو. ئێمە نیزیکەی چوار یان پێنج سەعەت بەعسمان کرد، ئەوان دەیانگوت دەبێ هەر تەحویلی ئێمەی بدەن یانیش ناهێلین لێرە بڕۆن. ئێمەش هەر نەرمیمان نیشان دەدا بۆ ئەوەی تووشی هیچ گێرەو کێشەیەک یان شەرێکی نەخوازراو نەبین. لەو کاتەدا ئێمە لە حاڵی قسە و باس دا بووین بۆ ئەوەی ئەم کوڕە لای ئێمە بمێنێتەوە و کارێکی هەڵەشی نەکردبوو کە وازی لە پ ک ک هێنابوو لەم کاتەدا ئەوان هێزێکی زۆر یان کۆکردەوە و دەوری ئێمەیان دا.

ئـێمەش غافل لەوەی ئەوان هێزێکی زۆریان هێناوەتە سەرمان و دەورو پشتمان گیراوە، لە هەموو بەرزاییەکان بی کیی سی و چەکی دیکەی نیوە قورسیان دامەزراند و روویان لە ئێمە کرد.

پاشان هێزێکی زۆری دیکە لە گەل رضا تورک، کە ئەویش کەسێکە لە رێبەرایەتی پەکەکە دایە لە لای گوندی جێرمەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە سەرکەوتن و بۆ لای ئێمە هاتن.

هەرکە گەیشتنە لای ئێمە، بە شێوەی ئاڵقەیی دەوریان داین و بە زۆری چەک ئەو کورە شەهیدەیان گرت و ڕایان کێشاو کورەکە هاواری دەکرد، بەڵام هەر بردیان بە ئێمەشیان گۆت: پێتان خۆش بێ یان ناخۆش بێ هەر دەیبەین زۆریش هەڕەشە و قسەی ناشیرینیان بە ئێمە گۆت. ئیدی هیچ ڕێگایەکی دیکە بۆ ئێمە نەبوو یان دەبوو شەری براکوژی بکەین، یانیش دەبوو بێ دەنگ بین.

بەڵام هەڵەی ئێمەش هەبوو هەڵەکان بریتن لە!

١هەستمان بە جم و جۆلی پەکەکە کرد بوو، دەمان توانی لەوێ ڕانەوەستن و درێژە بەرێگای خۆمان بدەین و دەرباز بین. چوونکە ئەو کات هێزەکەیان زۆر نەبوو لەو دەوروبەرەی نەیان دەتوانی پێشی ئێمە بگرن.

٢نیەت پاکی و کەمتەرخەمیی ئێمە بوو هیچ کەسێکمان وەک نیگەبان یانیش دیدەبان دانەنەنابوو لە جێگایەکی هیندێک زاڵ بە سەر جێگاکە دا.

٣خۆمانیش ناکۆک بووین بۆیە نەمانتوانی بڕیارێک بدەین. 

لەو بارەوە من بە نۆرە و گوێری بەرپرسیارەتیی خۆم، خۆم بەکەمتەرخەم و خەتابار دەزانم لەوەی کە نەمانتوانی ئەو گەنجە بپارێزین. هەر کاتێک باسی ئەو مۆزوعە دەکرێ یانیش دێتە بیرم زۆر ناراحەت دەبم و هەست بە ئازار دەکەم. 

ئێستاش من نازانم دوایی ئەو کێشەیە چ بەسەری ئەم کورە هات زۆر پرسیارم کردوە و پرسیاریش دەکەم، هاوکات من داوا لە حیزب و کەسانی خێرخواز دەکەم کە هەرچەند درەنگیش بووە کە وەدوای چارەنووسی ئەو کورە بکەون و هەتا زانیاری راست و دروست لە سەر وەربگرن، چوونکە ئەو بۆ پێشمەرگایەتی لە ناوی حیزبی دێمۆکڕات هاتبوو و بنەماڵەی شەهید یش بوو، بە تایبەت حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران دەبێ وەک پێشمەرگەیەکی ونبوو تەماشای بکات و داوا لە پ ک ک بکرێ کە لە چارەنووسە ئەم لاوە ئاگادارمان کاتەوە. 

دوایی ئەم جەرەیانە ئێمە بە دڵێکی بریندارەوە بەرەو پشتی ئەشکەوتان رێکەوتین و کات بەرەو ئێوارێ دەچوو. کاتێک گەیشتینە ئەوێ کاک ڕۆستەم جەهانگیری کە ئیستا ئەندامی رێبەری حیزبی دێمۆکڕاتە لەوێ بوو و ئەسلی جەڕەیانەکەمان بۆ باس کرد و ئەویش زۆر ناراحەت بوو و قسەیەکی زۆر بەجێی کرد! گوتی: دەبا ئێستا جەنازەی ئێوە هاتبا ئێرە نەک ئەم لاوەتان جێ هێشتووە و خۆتان بە ساغی هاتوون و باسی دەکەن.  

*** 

ئەو شەویش لەوێ ماینەوە تا بەیانی رێکەوتین بۆ ناوچەی مەرگەوەر، بۆ ئێوارێ گەیشتینە گوندی کەڵاسێ و کاک هەمزە بێهنامیش لە گەل چەند پێشمەرگەیەک لەوێ بوون یەکمان گرتەوە ، ئەو گوتی دەبێ نان و چاێک لێرە بیخۆین و بەرەو پشتی گوندی کەچەڵە رێکەوین گوتیشی هەر دوو هێزی کێلەشین و قەندیل لە گەل باقی پێشمەرگەکانی خۆمان لەو گوندانەی مەڕگەوەرن و دەمانەوێ عەمەلیاتێکی گەورە بە دژی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی مەرگەوەر بەڕێوەبەرین.

ئێمە دوای خواردنی نان و چای رێکەوتین بۆ لای هاوڕێ یان و چووینە گوندێکی لەوێ یەکترمان گرت و بەرەو پشتی کەچەڵە رێکەوتین بۆ بەیانی گەیشتینە مەسیری خۆمان لە پشتی گوندی کەچەڵە کە پێشمەرگەیەکی زۆری لێبوو،پەکەکەش لەوێ هەبوو.

دوژمن هەستی کرد بوو ئێـمە لەوێین دەستی کرد بەتۆپ و خۆنپارە بارانی ئەو دەوروبەرە هەتا نیزیکەی ئێوارێ. ئێمە هێشتا هەر لەوێ بوون لە نەکاو ە گولە تۆپێک بەرەو ئێمە هات و من زانیم دێت بۆ ئێمە چوونکە دەنگەکەی ڕا دیار بوو خۆمان بە ئەرزی دادا ، بەڵام سوودی نەبوو و کەوتە ناو ئێمە . ئەو جارەش شانسم نەهێناو و لە گەڵ نوسرەت ئەحمی زادە بریندار بووین.پاش دەرمان کردنی برینەکانمان چەند پێشمەرگەیەکیان دایە لە گەل ئێمە بۆ کوردستانی باشوور. پاش دوو ڕۆژ ڕێگا بڕین گەیشتینە ئۆردووگای باسرمە کە ئەوکات بنکەی مەلبەندی شیمال، سپی سەنگ و کۆمیتەی شنۆی لێ بوو.

دوایش بەرێکراین بۆ نەخۆشخانەی حیزب لە کۆیە، پاش سارێژ بوونی برینەکانمان گەراینەوە بۆ ئۆردووگای باسرمە ماوەیەکی زۆری نەبوو رێبەرایەتی حیزب ئەو هەڵە مێژوویەی کرد بوو کە لە سنووری ڕۆژ هەڵات و باشوور بۆ بەرژەوەندی کوردستانی باشوور پاشەکشەی کردبوو و هەموو بنکەکانی خۆی گواستبووە بۆ بێغمە، ئۆردووگای باسرمە، کۆیە، تانجەڕۆ و چەند جێگایەکی تر.

ئەو کاتە بوو ئیدی نەخۆشترین ژیانی پێشمەرگایەتی دەستی پێ کرد و کەوتینە کەمپ نیشینی و کەوتینە بەر هێرشێکی ترۆریستی نادیار و ڕۆژی واهەبوو چەند کادر و پێشمەرگە بە دەستی ئەو کەسانە شەهید دەبوون کە ڕۆژانە بە زمانی کوردی سڵاویان لێدەکردین، ئەوەبوو کە ئێمە بەرژەوەندی ئەوانمان دەپاڕاست.

ڕۆژ بە ڕۆژ گوشارەکان لە سەر حیزب زیاد دەکران.شەری پارتی و یەکیەتی گەرم بوو. کەپکی حەمەداغا هێندێک بە دەست یەکیەتی یەوە بوو ئەوەی دیکەش بەدەستی پارتی یەوە بوو کە وای لێهاتبوو خەڵکانێک وایاندەزانی کەپکی حەمەداغا وکڵاو قاسم چارەنووسی هەموو نەتەوەی کورد دیاری دەکەن.

پاش چۆڵ کردنی حیزب لە سنوورەکان بۆ داخلی کوردستانی باشوور زەختێکی زیاتر لە لایەن پارتە سیاسی یەکانەوە لە سەر حیزب دروست ببوو و بەوهیندە ڕانەوەستان و پاسداریان دەهێنایە سەر حیزب .

بۆ جارێکی دیکە بە زەختی هێزە سیاسی کانی باشوور دیسان بنکەکانی حیزب لە بێغمە پێ یان چۆڵ کردن،ئەدوو هێزەی ئەوێ بوون ئەوانیش هاتنە ئۆردووگای باسرمە و هەر سێ هێزی ئاگری، کێلەشین و قەندیل لەوێ بارەگایان دانایەوە.

basrme_bnke

یەکێک لە بنکەکانمان لە باسرمە کە کەوتە بەر هێرشی چەکدارانی فەوجێکی پارتی دێمۆکرات

لە سەعاتی ١ی نیوە شەوی ٦ ی ڕێبەندانی ١٣٧٣ بە پێی بەرنامەیەکی لە پێشدا داڕێژراو هێرشێکی چەکداری کرایە لە سەر بنکەکانی حیزب لە ئۆردووگای باسرمە و بنەمالەکانی سەر بە حیزب کەوتنە بەر هێرشێکی چەکداریی توند و لە هەموو لایەکەوە بە چەکی جۆرا و جۆرەوە ئاگربارانی بنکەکانی حیزبیان کرد، هیچ جیاوازییەک نە دەکرا لە نێوان بنکەی پێشمەرگەکان لە گەڵ بنەماڵەکان. ئەو کات مقەرێکی ئێمە منیش تێدا بووم لە گەل مقەرێکی هێزی کێلەشین وەک بنکەی پشتیوانی لە بنکەکانی دیکە لە لای سەرەوەی ئۆردووگا بووین. کاتژمێر یەکی شەو بوو ئێمە لە مقەر خەوتبووین .لە پشتی مقەری ئێمە زنجیرە تەپۆلکەیەکی لێبوو کە لە سەرتەپۆلکەکان ڕا نێوەڕاستی مقەرکانمان دیار بوو. چەکدارەکان لە هەموو ئەو زنجیرە تەپۆلکانە دامەزرا بوون و بە چەندین چەکی بی کی سی، ئارپچی و … لە تەقە دەستی پێ کرد.

ئێمە کە هەستاین لە خەو دیتمان هەموو مقەرەکانمان کەوتوونەتە بەرهێرش و تەقەیەکی یەکجار زۆری لێ دەکرێت. ئێمەش هاتینە دەرێ و شەرمان کرد. پێشمەرگەکانی هێزی کێلەشین ئەوانیش عیسا ئیراندوست سەر پەلیان بوو حەملەیان کردە لە سەر زنجیرەتەپۆلکەکانو پاش شەرێکی نیزیکەی یەک ساعەتە لەو تەپۆلکانە لە لایەن پێشمەرگەکانەوە تێک شکان و ڕایان کرد. دوایی ئەوە چەکدارەکان هەموو جبهەکان پاشەکەشەیان کرد.

لە هێرشەکەیان دا بۆ سەر بنکەی مەڵبەندی شیمال یەکێکیان بە دیل گیرا و بوو بە بەڵگەی حاشا هەڵنەگر لەوەی کە فۆجی وەستا یوونسی فەرماندەری پارتی بوو کە دواتر لە شەری کلاو قاسم دا کوژرا، ئەو هێرشەی کردووە.پێشمەرگەیەکی هێزی ئاگری  بەناوی محی الدین عبداللهی و جەعفەر ڕیواس لە هیزی قەندیل بەسووکی بیندار بوون.

موشەکێکی ئارپی چی ش، لە بەر ماڵی شێرکۆ پووردڵ پێشمەرگەی هێزی ئاگری کەوت، بەخۆشیەوە هیچ زیانی گیانی بە دواوە نەبوو.

لە ١١ خاکەلیوەی ساڵی ١٣٧٣ کاتێک تراکتۆرێکی ئێمە دەچووە بۆ ئاو هێنان لە هەریر ، لە کۆنە فڕۆکەخانەی شەڕی ئێران و عێڕاق لە خوار هەریرەوە کە ئێستا فرۆکە خانەی نیزامیی ئەمریکایە، ٤ کەس بە بەرازیلی یەکی سوور دێنەوە سەر ڕێگای پێشمەرگەکان کە دوو کەس بوون. کاتێک تەقە لە تراکتۆرەکە دەکەن، هەر لە یەکەم دەست درێژ دا سولێمان رەسووڵی(چکردە) بریندار دەبێ و ئەرشەد حاتەمی(ڕووحی شاد) خۆ فرێدەداتە خوار و هێرش دەکاتە سەر تێرۆریستەکان. شۆفێرەکە خۆی دەرباس دەکا و ٣ کەسەکەی دیکەش کوژران و هەتا ئێستاش کەس خۆی لێ نەکردە ساحێب. دیاربوو ئەوجار تێرۆریستەکان وەک جاران شانسیان نەبوو. بەداخەوە سولێمان هەر ئەو ڕۆژە بە هۆی قورسیی برینەکەی شەهید بوو.

هەر وەها لە گەلاوێژی هەمان ساڵیش تەقەیان لە مام موراد کرد و ئەویشیان شەهید کرد.

بۆ بەهاری ١٣٧٤ بۆ سێیەمین جار لە لایەن هێزە سیاسیەکانی باشوورەوە(حاکمی ئەو بەشە لە باشوور پارتی دێمۆکرات بوو) مقەرەکانمان پێیان چۆڵ کردین.

ئەم جارەش بۆ جێژنیکان نیزیکی شاری هەولێر. ئەو پێشمەرگەکانەی ماڵ و منداڵیان نە بوو لە جێژنیکان جێگیر بوون، ئەوانەی خێزاندار بوون بە حوکمی ئەوەی خانوو نەبوون لە ئۆردووگای بەحرکە خانوویان بە موەقەت بەکرێیان گرت، ئەو کات هەولێر بە دەستی یەکیەتی بوو ئۆردووگای بەحرکەش دەکەوتە نێوانیان بە دەستی پارتی دێموکراتی کوردستانەوە بوو شەرەکەیان هێشتا کۆتای پێ نە هاتبوو.

 

ئەم ئۆردووگایە زۆربەی شەوەکان لە لایە یەکیەتی یەوە خومپارەباران دەکرا، ژن و مندالەکانی پێشمەرگە لە بەر تۆپ و خومپارە بارانەوە زۆر دەترسان.

ڕۆژێکیش یەکیەتی نیشتمانی هێرشی کردە سەر ئۆردووگای بەحرکە و شەرێکی دژوار لە نێوانیاندا رووی دا و هەر دوو لایش کوژراو بریندارێکی زۆریان هەبوو.

 

ڕۆژێک عەسکەر عەلیزادە سواری تاکسی یەک دەبێ لە وەختی دابەزین دا بێ سی می ئیکۆمی نوێی ژاپوونی لە تاکسیەکە دا جێ دەهێڵێ.

پاش چەند ڕۆژێک ئێمە لە بەحرکە ویستمان بە پێ بڕۆین بۆ مقەر لە جێژنیکان، سەیتەرەیەکی پارتی لە ئاخری بەحرکە لە سەر جادەی جێژنیکان بوو،کاتێک گەیشتینە ئەوێ ڕایانگرتین بۆ ئەوەی پرسیار بکەن بزانن ئێمە کێن.

لەو کاتە دا بوو عەسکەر گۆتی ئەو تاکسی یە بوو کە من بێ سیمم تێیدا بەجێهێشتووە ئەوەتە لێرەیە.

مستەفا حەسەنپوور ویستی ژمارەی تاکسی بگرێ! لە نەکاو شۆفێری تاکسی یەکە کلاشینکۆفێکی پێ بوو خەشابێکی ٧٥ی لە سەر و هێرشی کردە سەر ئێمە!گوتی هەر ئێستا هەمووتان لێرە دەکوژم چۆن دەتانەوێ رەقەمی سەیارەم بگرن.ئەو پێشمەرگانەی پارتی لە سەیتەرە بوون هەموویان خۆیان ئەوکابرا کەلە ویشکەیان گرتووە ، کەچی ئەو دەڵێ دەبێ من هەر ئەوانە بیکوژم.

مەنزووری من لێرە دا ئەوەیە ئاوا زوڵممان لێ دەکرا،هەم بێ سیمی برد بوو، بێگومان پوولێکی باشیش دەکرد.هەمیش دەیەویست بمانکوژێ.

زستانی ١٣٧٤ کاتێک پێشمەرگەکان لە مەیدانی فووتبال خەریکی یاری کردن بوون لە لایەن دوو ماشێنی پڕ لە چەکدارەوە دەست دڕێژیان کردە پێشمەرگەکان و بەداخێکی زۆرەوە ٤ پێشمەرگە شەهید بوون و ٨ کەسیش بریندار بوون.

 لە ڕاستی دا ئەگەر باس لە کوردستانی باشوور بکرێ ئەو غەدرەی لە ئێمە دەکراو و ئێستاش هەر دەکرێ ئەو هێندە زۆرە هەر کۆتایی نایە.بەس کورتەیەکم باس کرد.


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی