"an independent online kurdish website

کزە بایەکی سارد جەستەی ڕووتاڵ و و ڵاوازی دەگەستێن و بۆنی خاکی یەکەم رێژنەبارانی پایزیی لەو دیو دەرکە داخراو و دیوارە بەرزەکانەوە هەست پێی دەکرا ، دەمانزانی کە لە پاییز نیزیک بوینەتەوە .kemal_debbaxi

سروشت لە کەلێنێکەوە پەپولە پاییزیە سپییەکانی خزاندبوە ناو چوارچێوە داخراوەکان و بەردەوام لە هەوادا دەسوڕانەوە و داواجار لە بن میچی دیوارەکاندا لە سەریەک کەڵەکە دەبون .

بەندییەکان وردە وردە پەنایان بردبوە بەر پۆشاکە گەرمەکانیان ، سەرەرای ساردی هەوا و کێشە پڕ تەنگ و چەڵەمەکانی نێو بەندیخانە ، خۆشەویستی و هاودەردی و هیوای بەردەوامی ژیان گەرمایەکی تایبەتی دابووە کۆڕی بەندکراوانی دابڕاو .

بەڵی ژیان لێرە لێوان لێوە لە هیوا و ورە و خۆراگری ، بەڵام کاتێک لە نەکاو و لە نیوە شەودا یەکێک لە خۆشەویستانیان بانگ دەکردە بەشی ئیدارەی بەندیخانە و لە کۆتایدا دوا دیدار و دوا ماڵ ئاوایی ، هەمومان دەکەوتینە ئەو پەڕی بێ هیوایی و پەشۆکان و حەپەسان .

دوانیوەڕۆیەکی یەکەم ڕۆژەکانی پایز بوو ، لە ناکاو دەرگاکرایەوە و هەمو چاومان بڕیبوە یاساوڵەکە و چاوەڕوانی کردار و هەواڵێکی چاوەڕوان نەکراو بوین .

بەندییەکی تازەیان لە بەندی تاکەکەسی 64وە گواستەوە بۆ بەندی (عمومی) گشتی منیش وەک هەموان پەیجوری کەسی تازە هاتو بووم و بە ڕاکشاوی لە سەر جێگای خەوتنەکەم سرنجم دایە، پیاوێکی سپی کەلەی تاونەدیتو ، تەمەن 35 تا 40 ساڵ و کیسەیەکی بە دەستەوە ، ڕوخساری نیشانەی ئازار و ئەشکەنجەی جەندین مانگی پێوە دیار بوو ، کەمێکیش دەشەلی .

ئێمە عادەتمان کردبوو بەم شێوە شەلێنە نائاساییە و هەمومان ئەم شێوە ڕێگا ڕۆشتنەمان تاقی کربویەوە .

یاساوڵەکە یەک ڕاست بەندیەکەی هێنابوە لای جێگاکەی من .

ئێمە هەر شەش کەس سێ جێگای خەوتنمان هەبوو شەوانە بە نوبە دەخەوتین یا ئەوەی بە ناچاری هەر دوو کەس سەر و بن لە سەرتە‌‌ختێکی خەوتن .

بەندیی تازەشیان دایە لای ئێمە و وتیان ئەمەش لای ئێوە دەبێ و ئێمەش بە دڵ ئاواڵاویەوە قبوڵمان کرد .

لەو ڕۆژەوە ئەم بەندیەش بوو بە بەشێک لە کۆڕی شەش کەسیمان ،بەندیەکە زۆر کەم قسە بوو ، مرۆڤێکی دڵ گەورە بوو ، دەمزانی کۆمەڵێک نهێنی لە ناخیدا شاردوەتەوە .

ڕۆژەکان یەک بەدوای یەک دا تێ دەپەڕێن ،پەپولە پاییزیە سپیەکانیش زیاتر کەوتبونە سەما و لە دواجاردا بە ناچاری دیسان لە بن میچەکاندا کەڵەکە دەبونە سەریەک .

بارانی پایزی دەستی پێ کردبوو ، دەنگی تکە تکی باران لە سەر تەنەکەی سەربانی بەندیخانە زیاتر هەست پێ دەکرا و خرمە خرمی بارانی سەربان ، نوتی موسیقایەکی دڵگیری بە گویماندا دەچرپاند .

هەر ڕۆژێک تێدەپەڕی زیاتر هەستێکی دۆستایەتی و نزیکایەتی لە نێوان من و بەندیی تازە هاتودا دروست دەبوو .

من تا ڕادەیەک ئەوم دەناسی ، دەمزانی لە ڕێگا پڕ تەنگ و چەڵەمەکانی شاخەوە هاتوە .

کەم کەم هاتە قسە ،ئەو کەسێک بوو کە تەنانەت لە پڕمەترسیترین ڕۆژەکانی شکەنجە و ئازاری تاقەت پڕوکێن دا هیچی نەدرکاندبو ، تەنانەت ناوی خۆشی نەدابوو بە شکەنجەکەرەکانی .

نیشانەکانی ئەشکەنجەی سەرجەستەی سەلمێنەری ئەو ڕاستیە بوون .

دەمزانی لە نێو بەندییەکاندا هێندێکیان دەناسێت ، بەڵام هەوڵی دەدا تا ڕاگەیاندنی بڕیاری بە ناو تاوانەکەی لە گەڵیان نەبێتە هاو دەم ، شەراییەتی نالەبار و پڕمەترسی نێو بەندیخانە ئەمەی خوڵقاندبوو ، تەنها بەندیەکانی   ئەو ساتوکاتە دەزانن من مەبەستم چیە و لێم تێدەگەن .

هێندێک جاردەم بینی کە بە قووڵی چووتە ناو بیرکردنەوە و سرنجی لە بن میچی دیوارەکە ڕاگرتوە ، بە بێ ئەوەی لە دونیایی خەیاڵاوی خۆی ڕای چڵەکێنم منیش لە دونیای خەیاڵی خۆمەوە دەبومە هاوڕا و بەرەو شاخ دەکەوتینە فڕین و منی لەگەڵ خۆی دەبرد و شار و شاخ و گوند و کوێرەڕێگاکانی دەپێوا ، هیچ کەس و هیچ هێزێک بەرگری نەبوو ، دنیایەکی خەیاڵی شیرین ! لە بەرزایی ئاسمانەوە کە سەیری خوارەوەمان دەکرد پڕپڕ بۆ لە جوڵەی مرۆڤەکان ، مرۆڤی بێ هیوا و ئامانج ، جوڵەی بێ ئاکام ، ئەم مرۆڤانە دەستی دوعا و پاڕانەوەیان بەرەو ئاسمان بەرزکربویەوە بەڵکو هێزیکی نادیاری ئاسمانی ببێتە فریاڕەسیان ، ئەوەی کە جێگای سرنج بوو ئەوە بوو کە ئەم حەشاماتە هێشتای نەیاندەزانی خۆر لە کام لاوە هەڵ دێت .

لە درێژەی ڕێگای پڕ چێژی خەیاڵاوی خۆماندا کۆمەڵێک مرۆڤان بینی کە خۆریان لە دەست گرتوە و بەرەو لوتکە هەڵ دەکشێن تا لە بەرزترین بەرزایی جێ گیری بکەن بۆ ئەوەی بەو حەشاماتەی نیشان بدەن کە خۆر لە کام لاوە هەڵ دێت . لە سەرە خۆ و بە ئارامی لە نێو ئەو کۆمەڵە مرۆڤانەدا دەنیشێتەوە وخۆشەویستانی ڕێبواری ئەومەڵبەندە بە تاسەوە لە ئامێز دەگرێت .

ئەمانە سونبولی پاکی و فیداکاری و خۆنەویستی بون بۆ بە ئامانج گەیشتنی سەربەستی مرۆڤەکان ، بە گشتی ئەو ئامانجە پیرۆزانەی کە ساڵانێکە پشو درێژ بۆ بە بەدەست هێنانییان پێکەوە لە هەوڵ دا بو ن . سەمفونیای خوڕەی ئاو ،چریکەی باڵندەکان ،ڕەشبەڵەکی گۆڵالەکان کە تازە لە ژێر بەفرەکەدا سەریان دەرهێنابو تێکەڵاوە لە گەڵ ورە و خۆڕاگری ڕێبوارەکان

، ئەو ڕێبوارانەی کە نە ماندویی دەناسن و نە ئاگای برسییەتی ئەزانن و بە هیوای گەیشتن بە ئاوات و ئامانجەکانیان بەردەوام خۆر لە دەست لە هەڵکشاندان بۆ دەرباز بون لە تاریکسان .

لە نەکاو زڕەی قوفڵ و کلیلی دەرگای داخراو کە یاساوڵی شەو بانگی بەندیەک دەکات بۆ بەرێەوەبەرایەتی بەندیخانە ، منو بەندیەکە لە دونیای خەیاڵاوی خۆمان دەگەڕێنێنێتەوە بۆ پشت میلەکانی بەندیخانە .

چاو دەبڕمە چاوی هاوسەفرە خەیاڵاویەکەم ، لە قوڵای دڵمەوە ئاهێک هەڵ ئەکێشم و هیواخوازم تا جارێکی دیکە دوور لە چاوی نەیاران بۆ دیداری خۆر بەدەستان دیسان بەرەو مەڵبەندی ورە و کۆڵنەدان بفڕینەوە و هێز و ورەی بەردەوامیان لێ وەربگرین .

دەچمەلای و لێئ دەپرسم ، زەردەخەنەیەک دەکەوێتە سەر لێوەکانی، وا هەست دەکەم هێشتا چێزی فڕینە خەیاڵاویەکەی ، لە قوڵای هەستیدا شوێنی داناوە و نای هەوێت بەگەڕێەوە پشت میلەکانی بەندیخانە .

پاشان کەمێک باسی خۆی دەکات ، تەواوی جەستەم بووە بە برین وئاوسان کە زوخاویان لێ دەچۆڕێت ، پێتوایە ئەمە چە جۆرە نەخۆشیەکە؟

دڵخۆشی دانەوە و دڵگەرمی کردن تەنها شتێکە کە لە دەستم دێت و دەکەومە دڵخۆشی دانەوە و هیوابەخشینی و دواتر پێیدەڵێم بۆ لە بەر دڵنیابونت لە جۆری نەخوشیەکەت داوا ناکەیت بتبەنە بەشی تەندروستی بەندیخانە ؟

وڵامم دەداتەوە ،جارێک چوم بەڵام بەداخەوە وڵامێکی باشم وەرنەگرتەوە .

دوکتوری چارەسەر پێی ڕاگەیاندم کە ئەم نەخۆشیەی تۆ بەداخەوە جۆرێک شێرپەنجەی پێستە .

نەم دەزانی چی بڵێم و چۆن چۆنی بتوانم یارمەتی دەری بم ،بۆ کەم کردنەوەی ئازارە دەرونی و جەستەیەکانی دەمزانی کە ئەو بۆ خۆی سەردەمانێک یارمەتیدەر و هیوا بەخشی کەسانی دیکە ی وەک من بووە لە نێو بەندیخانە .

بە تەواوی هەستم بە بێ دەسەڵاتی و زەبوونی خۆم دەکرد کە ناتوانم و نازانم چۆن چۆنی باری ئازار و خەمەکانی کەم کەمەوە .

بەتەواوی هەستم بە ئازارە دەرونی و جەستەییەکانی دەکرد و پێم خۆش بوو توانام هەبێ و بەشێک لە ئازارەکانی لە گەڵ بەش بکەم و ئەو قورساییە جەستەی و ڕۆحییەی لەگەڵ بەش بکەم و باری قورسی خەم و پەژارەکانی سوک بکەم ، بەلام بەداخەوەە یارمەتییەکانی من لە ماڵینی مەڵهەمێک لە برینە پڕ ناسۆر و پەترٶبەستوەکانی جەستەی تێ نەدەپەڕی ، بەو حاڵەش دیسان ئاسەواری بە جێ ماوی کابڵ لێدان بە شین و ڕەشی تەواوی جەستەی داپۆشیبو .

کات لە سوڕانەوە بەردەوام بوو ،ڕۆژەکان بەدوای یەکدا تێدەپەڕین ،دەبونە مانگ ، پیوەندیەکانی من و بەندکراوی بەندبەزێن قوڵتر دەبویەوە ،پێکەوە قسەمان دەکرد ، سرودی نەسرەوتن و کۆڵنەدانمان دەخوێندەوە ، هێندێک جاریش پێکەوە پێدەکەنین .

وەرزی پایز بەرەو کۆتایی دوا ڕۆژەکانی دەڕۆیشت سەرما بەتەواوی لە بڕستی خستبوین و زستان کەوتبوبە دەرخستنی توش و تەوژمی خۆی ، لە گەڵ بەندی بەند بەزین لە سەر جێگاکەمان خۆمان پێچا بوو بە پەتووکانمانەوە و بە گەرمی سەرگەرمی ئاخاوتن بوین . بە چەشنێک کە ئاگامان لە هەراوهوریای ناو بەندیخانە نەبوو ، تەنانەت دەنگەدەنگی ئەوانیشمان نەدەبیست ، دواتر دەستێک لە سەرشانی بەندی بەندبەزێن ڕایچڵەکاندین و وتی یاساوڵ بانگی تۆ دەکات .

چاوم بڕیە چاوەکانی ، هەستم بە دوا دیدار و دوا ماڵئاویی دەکرد.

بە بێ بیر کردنەوە لە سەر جێگای خەوتنەکە دابەزیم ، زۆربەی هەرە زۆری بەندییەکان دەوریان دابوو زۆر لەسەر خۆ دەستی دایە کۆکردنەوەی شتومەکەکانی ، خۆی لە ئێمە باشتر ئەیزانی کە ئەم ڕۆشتنە بێ گەڕانەوەیە ، بە نابەدڵی یارمەتیم دا چەمەدانەکەی بپێچێتەوە ، دەستە بێ دەسەڵاتەکان یەک لە دوای یەک بونە تاجە گوڵینەی گەردنی و ڕۆخسارە لاواز و ئازار چێشتوەکەی ماچ باران کرا .

پێم خۆش بوو داوین کەس بم کە ئەم ماڵ ئاواییە ناچاری و ژەهرەمارئاساییەی لێ بکەم، بۆیە دورتر ڕاوەستابووم .

ئێستا دوا کاتە و دوابڕیار ، بەندی بەندبەزێن قورسترین سزای بۆ بڕاوەتەوە و لەوە قورستر نیە ، بٶیە لەگەل دٶستانی شآخ کە تا ئەوکات خۆی لێ نەبان کردبوو ن دەستە ملان بون و لە سرنج لە یەکدانێکی کورتدا هەموو ڕاز و ڕەمزەکانی خۆیان پێکەوە ئاڵوگۆڕ دەکەن .

خەلیل زەر هاوڕیی ڕۆژانی شاخ زیاتر لە هەمووان لە ئامێزی دەکرێت ، وا دایارە لە چرکەیەکدا هەموو نهێنیەکانیان پێکەوە ئاڵوگۆڕ دەکەن .

دواجار بە چاوی پڕ فرمێسکەوە بە توندی لە ئامێزم گرت ،برین و دمەڵەکانی جەستەم هەست پێ دەکرد ، پێم خۆش بوو پێی بڵێم هاوڕیم ڕوخسەتم بدە بۆ دواجار مەڵهەمێک لە برینەکانت بماڵم ، بەڵام بەداخەوە کات نیە و بەندی بەندبەزێن دەبێت بچێتە ڕیزی کاروانیەکان ، بەڵام ئەمجارەیان خۆی بە تەنیا و من بە جێ دەمێنێم ، خۆ هەموو بەندیەک شیاوی ئەوە نیە بچێتە نێو کاروانێک کە کاک کەمال دەباغی سەر قافڵەیەتی . چەند هەنگاوێک دواتر کاک کەمال بە جەستەبۆ هەمیشە لە ئێمەوە نەدیو بو، بەڵام ئەو چەند هەنگاوەی دوا ساتەکانی ژیانی بۆ هەموو هاوبەندیەکانی و بە تایبەت بۆ من دەیان راز و رەمزی خۆراگری،بە پێوە مردن،وەفاداری بە بەڵێنەکان لە پێناو سەر بەرزی گەل و نیشتمان،درێژە دانی رێگای شەهیدان،ژیانی هەڵۆ ئاسای کردە وانەی درێژەدانی ژیانی سەربەرزانە و بۆ ئێمەی بەجێ هێشت.لە نێو ئەو ماتەمینی و بێدەنگییە ترسناکە سەپێندراوە دا خەلیل خەلەبان زیاتر لە هەموان تاساو و پەشۆکاو تر دەبینرا،وەک پەیکەرێکی بێ رۆ‌‌‌ح چاوی بریبوە موزایکەکەی بەر پێی بە قوڵی چوبوە ناو بیر کردنەوە .لە روخساریدا هەستم بە ئاڵۆزی خەیاڵەکانی دەکرد،نەقشەی کوردستان لە ماکۆ وە بۆ داڵاهۆ لە سەر موزایکەکە نەقشی بەستبو،بەدوای شوێنی گونجاودا دەگەرا بۆ دەرپەراندن و راونانی داگیرکەر،لە هەمو هێرش و پەلامارەکانیدا نەیاری زەلیل کردوە و دەیان جار هاوسەنگەرانی لە مردن و گەمارۆ نجات داوە کە چی ئێستا بێ دەسەڵات هاوسەنگەر بەرەو سێدارە بەرێ دەکات.

باران بە توندی بەردەوامە و بە لێزمە دەرژێتە سەربانی بەندیخانەکە ،وەک ئەوەی کۆڕگێڕی ئەم شیوەنەی ئێمە بێت .

               یادی کاک کەمال دەباغی زیندو و ڕۆحی شاد

٢٠١٥/٠٦/١١

یوتبۆری/

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی