لە کۆنە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان تەنانەت تەریقەتەکانی ئایینی ئیسلامیان لە کوردستان لە لایەن خۆیانەوە بەش کردبوو.
یەکێتیەکان بە دۆستی نزیک و موریدی تەریقەتی ”قادریی” و پارتیش بە دۆست و یارمەتیدەری تەریقەتی ”نەقشبەدنی” ناسراون.
هەر چۆن ئەخلاقی عەشاییری و دیوەخان سالاری ڕێبەرانی کورد سنوورەکەی لە چوار چێوەی ”لەوەڕگەی” عەشیرەتدا تێپەڕ نەدەبوو، بە هەمان شێوەش موریدانی تەریقەت ”یەکێتی و پارتی” هیچکاتێک نەیانهەویست خۆیان لە مامەڵەی دابەشکردنی فەرهەنگی عەشاییری و شارچیەتی و بازنەی خێڵەکی دەرباز بکەن، حیزبە باڵا دەستەکان لە ئێستادا سەمپاتی سیاسی خۆیان بە هەر دوو مەزهەبی سەرەکی ئایینی ئیسلام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشان دەدەن و شیعە و سوننە و گرووپی هەر دوو لایان بە سەر خۆیاندا دابەش کردووە. ڕەنگە تا ئاستێک ئەم سیاسەتی ئەحزابی کوردیی شاراوە بووبێت بەڵام ڕەوتی ڕووداوە مەزهەبیی و نەتەوەییەکانی ئێستا لە عێڕاق و سووریە دەریانخست کە حیزبە خێڵەکیە کوردییەکان لێرەشدا دیسان باوەڕ و سیاسەتی خۆیان دابەش کردووە و لەم بەزمەشدا پشکی شێریان بەرکەوتووە!
دوابەدوای هێرشە تیرۆریستیەکانی گرووپی توندئاژۆی دوڵەتی خیلافەتی ئیسلامی و ناسراو بە ”داعش” و دواتریش درووست کردن و گەورەکردنەوەی زۆر گرووپی مرۆڤ کوژ و تووندڕەوی شیعە و لەوانە”حەشدی شەعبی” لە لایەن کۆماری ویلایەتی شیعەی ئێرانەوە، دەرکەوت لە سەرەتاوە ڕێبەرانی سیاسی، نەتەوەیی و ئایینی کورد بە پێچەوانەی ئەوەی دەیڵێن و بۆمان باس دەکەن خۆیان خستۆتە ناو بازنەی لایەنگری و خۆبەستنەوەی سیاسەتی شاراوە لە هەمبەر ڕووداوەکانی ناوچەکە و بەم کار و سیاسەتە چەوتەشیان نەتەوەی کوردیان تووشی مەترسیێک کردۆتەوە کە ڕەنگە لە ئێستادا دووکەڵەکەی چاوی ڕۆشنبیرانی سیاسی و نەتەوەیی و ئایینی نەگرێتەوە بەڵام لە داهاتوویەکی نزیکدا هەموان ڕاستییەکەی دەزانن و بە دڵنیایی گەلەکەشمان وەک هەمیشە دەبێ باجەکەی بدات.
لە ئێستادا پارتی بە شاری ”شەنگال” و یەکێتی بە شاری گوڵاڵە”جەلەولا” و پارتی کرێکارانی کوردستان بە ”کۆبانی” لە لای جەماوەرەوە دەناسرێنەوە!
ڕەنگە زۆر کەس و لایەن و ڕۆشنبیر وایان بیر دەکردەوە پێشهاتنی شەڕی داعش نەخوازراو بووە و داعش حەتمەن بۆ داگیرکردنی کوردستان شەڕی دەکرد و ئەم شوێنانەی داگیر دەکرد و وێرانی دەکردن و هیچ نەدەکرا جگە لە بەرگری پیرۆز”مقاومەتی موقەدەس” و هاوکات تێوەگلانی کورد بەم شەڕەوە سوودی نێودەوڵەتی بۆ نەتەوەی کورد بە شوێنەوە بووە و پێکەی کورد لە هاوکێشە جیهانیەکاندا بە هێز دەکات.
کاتێک پارتی دیموکراتی کوردستان ویستی بۆ خۆ دزینەوە لەو هەموو قەیرانەی بەرۆکی پێ گرتبوون و لەوانە کێشە دەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێڕاق و قەیرانی بوودجەی هەرێمی کوردستان و کێشەی تەواو بوونی ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم و لە ڕوانگەی پارتی بە هێز بوونی پ.ک.ک لە ڕۆژئاوایی کوردستان، وایکرد ژووری بەڕێوەبردنی پارتی وە کەوا سووری پێش لەشکر بە فیتی ڕۆژئاوا هێزی عەسکەری خۆی بجووڵێنێت و بچێتە ناوچەی عەڕەبی سوننە لە عێڕاق و داوای ئازادکردنی ئەوێش بکات. لەملاوە لە کەرکووک بەشێک لە سەرکردایەتی حیزبە هاوپەیمانەکەی برایانی پارتی ”یەکێتی نیشتیمانی کوردستان” چالاکی بازرگانی دەگەڵ داعش دەکرد!
کاتێکیش حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ویستیان لەم بەرگرییە پیرۆزەدا بەشدار بن و پێش بە سووپای داگیرکەری داعش بگرن کە دەیانهەویست خاکی پیرۆزی کوردستان داگیر بکەن، کۆماری ویلایەتی شیعەی ئێران کە خۆی لە دامەزرێنەرانی گرووپی داعش بووە، بە ناردنی پەیامێکی تووند ڕێبەرانی باشووری کوردستانی ئاگادار کردەوە کە بەشداریی کوردەکانی ڕۆژهەڵات قابیلی قەبووڵ نیە! هەر زۆر زوو و بەپەلە زۆربەی هێزە ڕۆژهەڵاتیەکان دوور خرانەوە لە بەرەکانی شەڕ جگە لە بەشێکی کەمی پەنجا کەسی نەبێت کە خۆیان لە ناو پارتی دیموکراتی کوردستاندا تواندۆتەوە!
سەرکردەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان تا نەهاتنی یاری دێرینیان واتە پاسدار قاسم سولەیمانی، شەڕی ناو شاری جەلەولایان بە شەڕێکی بێ سوود دەزانی و دواتر بە هەماهەنگی دەگەڵ پاسدار و هێزی حەشدی شەعبی، گوڵاڵە ئازاد کرا و دەسکەوتەکەی وەک هێلکەیەک وابوو کە زەردێنەکەی بۆ ئێران و شیعە و تۆکڵەکەشی بۆ یەکێتی مایەوە.
لە ڕۆژئاوایی کوردستان ئەو باڵەی پارتی کرێکارانی کوردستان کە ناسراون بە”ی.پ.گ” بە درووستکردن و دامەزراندنی چەند کانتۆنێک داوای خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتیکی دەکرد لەم بەشەی کوردستان، هاوکاتیش وەک هێزێک کە بە پاڵپشت و لایەنگری سیاسەت و تیۆریی ”سێ گۆشەی” شیعە لە ناوچەکە دا چاوی لێدەکرا لە بارودۆخێکی نالەباری ئابووریدا بوو، لە لایەک پارتی دیموکراتی کوردستان”پارتی” بە لێدانی خەندەق و ڕێگرتن لە هاتووچۆی کاڵا و پێداویستی و لە لایەکی دیکەشەوە تورکیا بە هەڕەشە و گوشاری هەر ڕۆژە تەنگی پێ هەڵچنیبوون، ئەمانەش هۆکارێکی زۆر گرینگ بوون لە درووست بوونی ئەم باروودۆخە ناخۆشەی بۆ ئەوان.
سەرەتای نزیکبوونەوەی داعش لە سەنگەرەکانی ”ی.پ.گ” و ”ی.پ.ژ” بە شاهێدی ڕاگەیاندن و گوتەی خودی ڕێبەرانی سیاسی ڕۆژئاوایی کوردستان زۆر جاران ”تانک و زرە پۆشیان” لە داعش دەکڕی و هیچ هەواڵێک لە دەستپێکردنی شەڕ نەبوو. بەڵام دواتر کاتێک ئۆردۆغان لە دانیشتنێکی پارتەکەیدا هەڕەشەی لە ڕۆژئاوایی کوردستان کرد و وەک دیوێکی دیکەی مەترسیداری پ.ک.ک باسی کردن و هاوکات بۆ درووست بوونی خەلافەتی دووهەمی عوسمانلی لە ناوچەکە و بە سیاسەتی ئیخوان و لە سەر دەستی داعش، هێرش بۆ سەر کۆبانی دەستیپێکرد. تەنیا شەڕێک کە کورد نەیدەتوانی خۆی لێ بدزێتەوە و گرنگترین خاڵی سەرکەوتن بە ئەژمار دەکرێت شەڕی کۆبانی بوو.
لە باشووری کوردستان کێشە دەگەڵ داعش لە بازنەیەکی دیکەدا خۆی پێناسە دەکرد، هێندێکیان بازرگانیان دەگەڵ داعش و هێندێکیان شەڕ و هێزی پێشمەرگەش لە هەر دوو لاوە ڕەنج بە خسار و بێ مووچە. ڕەنگە زۆر کەس بڵێن داعش هێرشی هەر دەکردە سەر کورد، بەڵام نەخێر ئەو کات و ئێستاش کە وردە وردە بەڵگەکان دەردەکەون لە سەرەتاوە یەکێتی بە ویستی ئێران و هەماهەنگی پاسدار قاسم سولەیمانی ویستیان وەک ئەردەڵانەکان لەشکری سەفەویی لە سلێمانی و سنووری باشووری کوردستانەوە بگەیێنە مووسڵ و پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە کاتی شەڕی بەنداوی موسڵ و دەستگیرکردنی کوڕی مەسعوود بارزانی و دواتر پاڕانەوەیان لە ئۆردووغان بۆ ئازادکردنی، شاری ”شەنگال”یان وەک قەرەبووییەک بۆ ئازادکردنی بارمتەکەیان پێشکەش بە خەلیفە ئەبووبەکری بەغدادی کرد. کاتێک فڕۆکەکانی وەڵاتانی ڕۆژئاوا لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە هەڵدەستان بۆ بۆردومانی گرووپی داعش کە خۆیان بۆ گرتنی شاری بەغدا وەکوو ناوەند و پێتەختی مێژوویی خلافەتی عەباسی حازر کردبوو، کلکیان وەک دووپشک هەڵگەڕاندەوە و لێدانی کوردیان پێ گرنگتر بوو و دەترسان لە کاتی شەڕ دەگەڵ سوپای زۆرینە شیعەی عێڕاق بۆ دەست بەسەرداگرتنی بەغدا، کورد دیسان ببێتە کەوا سووری پێش لەشکر و بەرگری لە عێڕاقی فیدڕاڵ بکات.
ئێستا دەرکەوتووە کە چۆڵکردنی ئاسانی شاری شەنگال لە لایەن داعش لە دوای ئەوەی دەیان جار هێزە کوردییەکان هەوڵیاندا و داعش چۆڵیان نەدەکرد و هاوکات هاتنی حەشدی شەعبی بۆ شاری دووزخورماتوو یەک ڕاستی هەڵدەدەنەوە کە هەر وەک چۆن یەکێتییەکان لایەنگری هاتنی حەشدی شەعبی یان دەکرد لە کاتی شەڕی گوڵاڵە”جەلەولا” و دواتر بە هاتنیان بۆ شاری دووزخورماتوو وەک مارەکەی شێخ ئۆمەر بە خۆشیانەوەی دا و سڕی کردن و مەلا بختیار وەک پاساو هێنانەوەیەک ڕایگەیاند کاتی خۆی پارتی ڕێگەی پێ داون! و لەملاشەوە گرووپی داعش بە هەماهەنگی تەواو دەگەڵ تورکیا و بۆ کڕینەوەی شکۆی شکاوی پارتی شەنگالی چۆڵ کرد، ئەگینا ئەگەر تەنها بڵێین هێرشی هاوپەیمانان و سوور بوونی بارزانی بۆ تۆڵە ستاندنەوەی کوردانی ئیزەدی هۆکاری سەرەکی گرتنەوەی شەنگال بووە، ئەوە فێڵمان لە خۆمان کردووە، چونکە شاری ”ڕەققە” وەک پێتەختی داعش و چەندین شوێن و پێگەی ناسراوی دیکەی تیرۆریستانی خیلافەتی نامەشرووع لە عێڕاق و سووریە شەو و ڕۆژ هێرشی ئاسمانی دەکرێتە سەر و داعش چۆڵیان ناکات.
دەگەڵ هەموو ئەمانەش ڕۆڵی ناشیرین و ئابڕووبەرانەی سەرکردە ئیخوانیەکانی کورد و لەوانە عەلی قەرەداخی لە کاتی شەڕی داعش و بە تایبەت لە کاتی بەرگری قارەمانانەی کۆبانی، لاپەڕەیەکی دیکە لە سەر باروودۆخی نەتەوەی کورد باس دەکەن کە بەداخەوە ڕێبەرانی و کاربەدەستانی ئەم نەتەوەیە نەیانوویست لە ئاڵوگۆڕی ناوچەکە لە ئێستادا کە پلان و پیلانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لەپشتەوەیە و کورد تەنیا مۆرەیەکە و هیچی دیکە، زیرکانە خۆیان لەم ئاگرە دوور ڕابگرن و تا ئێستاش بە دەست سیاسەتی وەڵاتان و زلهێزەکانەوە دەخولێنەوە و ئەوەی کاری بۆ ناکرێت نەبوونی ستراتژییەکی ڕێک و پێک بۆ بەرژەوندیی نەتەوەیی و چارەسەر کردنی قەیرانە ناوخۆیی و دەرکیەکانە. ئەوندەی ئیسلامیە ئیخوانیەکانی کوردستان خەمی تێکچوونی باروودۆخی تورکیا دەخۆن نیو هێندە خەمی خەڵکی باکووری کوردستان و گوند نشینانی بناری قەندیل ناخۆن کە دەوڵەتی تورک بە بیانووی پ.ک.ک ژیانی لە دانیشتوانی ئەم ناوچەیە کردوەتە دۆزەخ.
هاوکات لە دوای ئازاد کردنی شەنگاڵ و پەیامەکەی مەسعوود بارزانی کە زیاتر وەک سەرۆکی خێڵێک قسەی دەکرد و تەنیا هێزی حیزبەکەی خۆی بە ڕزگارکەری شنگال ناو برد لەوپەڕی شوورەیی دا بیر و سیاسەتی عەشاییری کوردی بیرمان خستەوە. بارزانی لە کاتێکدا داوای درێژ کردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتیەکەی دەکات کە بە پێچەوانەی هەموو عەقڵ و عورفی سیاسی نەتەوەیی کورد و بگرە یاسا و ڕێسای نێودەوڵەتیەوە لە چەشنی پینۆشە نەیارانی خۆی سەرکوت دەکات و لەملاشەوە باسی ئازادی بیرو ڕا و بەختەوەری نیشتیمانی کورد دەکات و وەک سەرۆکێکی کارتۆنی خۆی سەپاندووە.
لە ئێستا و ڕابردوودا نە کۆنگرەی نەتەوەیی ”ک.ن.ک” کە بە درووستکراوی پ.ک.ک دەزانرێت و نە کۆنگرە نەتەوەییەکەی بارزانی لە هەولێر و نە هەوڵ و تەقەللای هێندێک مەلا و ڕێش سووری وەک عەلی قەرەداخی نەیانتوانیوە ماڵی کورد یەکبخەن، چونکە هیچ کەس و لایەنێک حازر نەبووە بە پلاتفۆرم و ستراتژی نەتەوەیی کار بکرێت و هەریەکەو بۆ بەرژەوندیی خۆیی و زیاتر ڕیکلام ردن و سازانێک بووە بۆ دیزە بە دەرخۆنە کردنی ڕاستییەکان و شاردنەوەی دزی و گەندەڵی لە سەروەت و سامانی هاوڵاتیانی کورد و بە ناوی شۆڕشی نەتەوایەتی فەخرمان پێ دەفرۆشن…
……………
پێشمەرگەکان: هەر بابەتێک کە بڵاو دەکرێتەوە، نووسەر خۆی لە نووسینەکەی بەرپرسە