ساڵی 1372ی هەتاوی لە گوندی وارگەنم کە دێیەکی باکووری کوردستانە هاوسنوورە لە گەل گەلی بەردەڕەش و تەڕگەوەری ڕۆژ هەڵات، کوری شەهید سەعید عومەرپووریان خەلکی حەسار لە گەلی بەراندێز بوو،
سەعید عومەر پووریان لە ڕیزەکانی حیزب دا شەهید ببوو. ویستبووی بێت بۆ پێشمەرگایەتی بەڵام لە ڕێگا دا تووشی پەکەکە دەبێ و دەیبەن دەکەنە گریلای خۆیان، من نازانم چەند لای ئەوان دەبێت بەڵام ماوەیەکی زۆر نابێت، مانگێک یان دوو مانگ دەبێت لای ئەوان. پاش زانیاری وەرگرتن لە سەر پێشمەرگەکانی حیزب ڕۆژێک بەتفەنگەوە دێتە لای هاوڕێ کەمال شەریفی لەو سنوورەی گەلی بەردەڕەش. پاشان کاک کەماڵ رەخت و تفەنگەکەی بۆ پەکەکە دەنێرێتەوە.
کەمال ئەو کورە تەحویلی تیمی دیکەی ئێمە دەدات لە مالی خورشید و دەڵێ هاتووە بۆ پێشمەرگایەتی. ئێمە تا نیزیکی بەیانی لەو دێیە ماینەو پاشان یەکمان گرتەوە و لە گوندەکە هاتینە دەرێ دیتم کەسێکی تازە هاتوو لە نێومان دایە پرسیم ئەوە كێ یە؟ گۆتیان تازە هاتووە بۆ پێشمەرگایەتی، ئیدی دەنگم نەکرد، بەرەو رەنگینۆک و دۆڵەکاشم ڕۆیشتین، کەمالیش لە گەڵمان بوو.
کاتێک ئێمە گەیشتینە شوێنی مالی دۆلەکاشم! چەند گریلایەکی پ ک ک، ئەوانیش هەر بەرەو مەسیری ئێمە دەرۆیشتن و بڕێک لە ئێمە تووندتر دەڕیشتن و لە تەنیشتمانەوە دەرباز دەبوون! لە نەکاو ئەو کورەیان دیت و هەموویان پێکەوە گۆتیان ئەوە هەڤاڵ فەلانی یە….!! ناوێکیان گۆت ئێستا لە بیرم نی یە و دەرباز بوون. ئێمەش هەر درێژەمان بەرێگاکەمان دا تا گەیشتینە سەر ئاوی شەهیدان، سێ گریلای دیکە زۆر بە عەجەلە گەیشتنە ئێمە و هیچیان نەگۆت و ئەوانیش لە ئێمە دەرباز بوون هەستم پێ کرد، ئەوان لە بەر ئەو مەزووعە ئاوا بەپەڵە دەڕۆن. ئێمەش لە ئاوەکە دەرباز بووین، سەرکەوتینە شوێنی چادری حاجی ڕەشە و گۆتمان لێرە پشوویەک دەدەین و چایەک دەخۆین و دەڕۆین. هەر لە حاڵی قسە کردن دا بووین دیتمان سێ گریلای دیکەش هاتن بۆ لای ئێمە یەکێکان ناوی داود بوو کە کادری پەکەکە بوو لە ناوچەی شەمزینان.
گۆتیان ئەو کوڕە گریلای ئێمەیە دەبێ تەحویلی ئێمەی بدەن، ئێمەش گۆتمان ئەوە کوری شەهیدی ئێمەیە هەر ڕۆژی ئەوەل هاتووە بۆ پێشمەرگایەتی و ئێوە بە زۆری کردووتانە گریلا. کورەکەش پێیانی گۆت من نەهاتبووم ببم بە پەکەکە من هاتبووم بۆ پێشمەرگایەتی. دیار بوو ئەوان بڕیاری خۆیان دا بوو بە هەر قیمەتێک بێت ئەو کورە لە ئێمە بستینن چ بە مەسلحەت، چ بە زۆری تفەنگ، ئەوان ئێمەیان لەوێ سەر گەرم کرد تا هێزەکانی خۆیان کۆ کەنەوە. ئێمەش نەمان دەزانی لە دڵ پاکیی خۆمان بوو. هیچ نییەتێکی خراپمان نەبوو ئەوانیش هەر وەکو پێشمەرگەی خۆمان تەماشامان دەکردن.
ئێمە زۆر گفتوگۆمان کرد، ئەوان هەر پێداگرتر بوون و هەڵسووکەوتیشیان خراپتر دەبوو. ئێمە نیزیکەی چوار یان پێنج سەعەت بەعسمان کرد، ئەوان دەیانگوت دەبێ هەر تەحویلی ئێمەی بدەن یانیش ناهێلین لێرە بڕۆن. ئێمەش هەر نەرمیمان نیشان دەدا بۆ ئەوەی تووشی هیچ گێرەو کێشەیەک یان شەرێکی نەخوازراو نەبین. لەو کاتەدا ئێمە لە حاڵی قسە و باس دا بووین بۆ ئەوەی ئەم کوڕە لای ئێمە بمێنێتەوە و کارێکی هەڵەشی نەکردبوو کە وازی لە پ ک ک هێنابوو لەم کاتەدا ئەوان هێزێکی زۆر یان کۆکردەوە و دەوری ئێمەیان دا.
ئـێمەش غافل لەوەی ئەوان هێزێکی زۆریان هێناوەتە سەرمان و دەورو پشتمان گیراوە، لە هەموو بەرزاییەکان بی کیی سی و چەکی دیکەی نیوە قورسیان دامەزراند و روویان لە ئێمە کرد.
پاشان هێزێکی زۆری دیکە لە گەل رضا تورک، کە ئەویش کەسێکە لە رێبەرایەتی پەکەکە دایە لە لای گوندی جێرمەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە سەرکەوتن و بۆ لای ئێمە هاتن.
هەرکە گەیشتنە لای ئێمە، بە شێوەی ئاڵقەیی دەوریان داین و بە زۆری چەک ئەو کورە شەهیدەیان گرت و ڕایان کێشاو کورەکە هاواری دەکرد، بەڵام هەر بردیان بە ئێمەشیان گۆت: پێتان خۆش بێ یان ناخۆش بێ هەر دەیبەین زۆریش هەڕەشە و قسەی ناشیرینیان بە ئێمە گۆت. ئیدی هیچ ڕێگایەکی دیکە بۆ ئێمە نەبوو یان دەبوو شەری براکوژی بکەین، یانیش دەبوو بێ دەنگ بین.
بەڵام هەڵەی ئێمەش هەبوو هەڵەکان بریتن لە!
١–هەستمان بە جم و جۆلی پەکەکە کرد بوو، دەمان توانی لەوێ ڕانەوەستن و درێژە بەرێگای خۆمان بدەین و دەرباز بین. چوونکە ئەو کات هێزەکەیان زۆر نەبوو لەو دەوروبەرەی نەیان دەتوانی پێشی ئێمە بگرن.
٢–نیەت پاکی و کەمتەرخەمیی ئێمە بوو هیچ کەسێکمان وەک نیگەبان یانیش دیدەبان دانەنەنابوو لە جێگایەکی هیندێک زاڵ بە سەر جێگاکە دا.
٣–خۆمانیش ناکۆک بووین بۆیە نەمانتوانی بڕیارێک بدەین.
لەو بارەوە من بە نۆرە و گوێرەی بەرپرسیارەتیی خۆم، خۆم بەکەمتەرخەم و خەتابار دەزانم لەوەی کە نەمانتوانی ئەو گەنجە بپارێزین. هەر کاتێک باسی ئەو مۆزوعە دەکرێ یانیش دێتە بیرم زۆر ناراحەت دەبم و هەست بە ئازار دەکەم.
ئێستاش من نازانم دوایی ئەو کێشەیە چ بەسەری ئەم کورە هات زۆر پرسیارم کردوە و پرسیاریش دەکەم، هاوکات من داوا لە حیزب و کەسانی خێرخواز دەکەم کە هەرچەند درەنگیش بووە کە وەدوای چارەنووسی ئەو کورە بکەون و هەتا زانیاری راست و دروست لە سەر وەربگرن، چوونکە ئەو بۆ پێشمەرگایەتی لە ناوی حیزبی دێمۆکڕات هاتبوو و بنەماڵەی شەهید یش بوو، بە تایبەت حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران دەبێ وەک پێشمەرگەیەکی ونبوو تەماشای بکات و داوا لە پ ک ک بکرێ کە لە چارەنووسە ئەم لاوە ئاگادارمان کاتەوە.
دوایی ئەم جەرەیانە ئێمە بە دڵێکی بریندارەوە بەرەو پشتی ئەشکەوتان رێکەوتین و کات بەرەو ئێوارێ دەچوو. کاتێک گەیشتینە ئەوێ کاک ڕۆستەم جەهانگیری کە ئیستا ئەندامی رێبەری حیزبی دێمۆکڕاتە لەوێ بوو و ئەسلی جەڕەیانەکەمان بۆ باس کرد و ئەویش زۆر ناراحەت بوو و قسەیەکی زۆر بەجێی کرد! گوتی: دەبا ئێستا جەنازەی ئێوە هاتبا ئێرە نەک ئەم لاوەتان جێ هێشتووە و خۆتان بە ساغی هاتوون و باسی دەکەن.
ناجی فەقێ پوور
پێشمەرگەکان: دوای ئەم بیرەوەرییەی کاک ناجی ئێمە وەک ماڵپەڕی پێشمەرگەکان پەیوەندیمان بە چەند کەسەوە گرت کە ئەوان پشتڕاستیان کردەوە کە دوای چەند ساڵێک ئەو کورە گەڕاوەتەوە نێو بنەماڵەکەی .