هێرشی موشەکی هاوبەشی ئەمریکا و بریتانیا و فەرانسە بۆ سەر ناوەندە ستڕاتیژی و سەربازییەکانی حکوومەتی سووریە، ئەگەر بە باشیش ئەمانجەکانی خۆی نەپێکا بێت
لە ئێستادا، لانیکەم توانی درز و ناکۆکی گەورە بخاتە نێو سیاسەتی هاوبەشی سێ کوچکەی تاران و ئانکارا و مسکۆ. بە روویەکەی تریشدا ئەگەر خوێندنەوەی رووداوەکان بکەین و تیشک بخەینە سەر ئامانجی ئەو موشەك بارانە، ڕەنگە ئەو کات باشتر میحوەری خسڵەتە سیاسی و سەربازیەکان ئاشکرابن و هەر کاتێك ئەمریکا و بریتانیا و فەڕانسە کەیفیان لێبێت، دەتوانن دەست وەردان سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی و سەبازی سووریە ئەنجام بدەن. هاوپەیمانەکانی سووریە و دراوسێ کانی هەریەکە و بەجۆرێك خۆی لە لایەنگری ئەسەد پاراست و ئیدانەی هەرشەکەیان نەکرد. کاردانەوە سیاسی و دیپڵۆماسیەکان لەسەر ئاستی ناوچەی و گێتیدا، کارتەکانیان لە بەرژەوەندی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیدا هەڵگەڕاندەوە و بەو چەند موشەکە، زیانێکی گەورە بەر پڕستیژی سیاسی و سەربازی و نفوزی بەربڵاوی حکوومەتی روسیە و ئێران کەوت. رووسیە کەخۆی بە پاڕێزەری حکوومەتی سووریە و براگەورەی ئەسەد دەزانێت و بەدرێژای سەرهەڵدانی قەیران و ململانەکانی تایبەت بە سووریە، بەڵام لە کاتی هێرشی سەر دیمێشق دا ورتەی لێوە نەهات و پاش کۆتایی کردە موشەکیەکەی هاوپەیمانان و نیشتنەوەی تەپوودۆز و دوکەڵی بۆمبارانکردنەکە، بەرێگای وەزیری دەرەوەدا هەڕەشەی سەرزارەکی لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەکات و، بۆ ئەوەی دڵی ئەسەد و حکوومەتی تارانی دۆست بداتەوە. ترەمپ زۆر بە زیرەکی توانی بەرووسیە و ئێران بڵێت، ئیدی ئەوە ڕۆژئاوایە لەسەر مەسەلە ئەساسی و ڕێشەیەکان بڕیار دەدا و هەر چیەك بیهەوێت ئەنجامی دەدات و لە کەس و لایەنێك قبووڵ ناکرێت هەڕەشە لە سەر بەرژەوەدندیەکانی وڵاتەکەی دروست بکات لە سەر ئاستی ناوچەی و گێتیدا. تورکیە کەزانی ئەمریکا لەوەی دەگەڕێت بەهانەش بە تورکیە بگڕێ و تۆڵەی چاوسوور کردنەوەکانیان سەبارەت بەرووداوەکانی سوریە و بەتایبەتیش قەیرانی مەنبج لە حکوومەتی ئانکارا بکەنەوە و رووداوی تریش بێتەئاراوە کە لە قازانجی دەسەڵاتی ئەردۆغاندا نەبێت، پشتی لە سیاسەتی خۆی لە گەڵ رووسیە و ئێران کرد و دیسانەوە سەرکۆماری تورکیە دەڵێت: دەبێت دەسەڵاتی ئەسەد کۆتای بێت و بەجۆرە زۆر بەخێرایی رووی لە دۆستە نوێکانی وەرگێڕایەوە و پەیڕەوی سیاسەتێکی تازە دژ بە ئەسەد دەکا. زۆر روونە حکوومەتی تورکیە ڕوانگەی کڕنۆشبردنەکەی لە دەسەڵاتەکەی پۆتینەوە بەرەو ئەمریکا و رۆژئاوا هەڵگەراندەوە و ئالیاری شەپۆلەکانی رووی وەرگەڕاندەوە. هەرچییە بێت، ئەو رووداوە و کردارە سیاسی و دیپڵۆماسیەکانی داهاتووش خێریان بۆ کورد دەبێ و هیوا خوازین بارگرژیەکان زیاتر پەرەبستێنن و بە هێز سنوورێك بۆ سەرەرۆیەکانی ئێران و رووسیە دابنرێت لە سەر ئاستی ناوچەیدا.
تورکیە بەو سیاسەتەی کە ئەمڕۆ پەیڕەوی دەکات، بە ڕێژیمێکی دوو روو و ناجێگر لە باری سیاسی و دیپڵۆماسیەوە سەیردەکرێ و دیار نیە لە کام سوچی رووداوەکاندا کاردەکا و روسیەش وەك دۆستێکی بەرژەوەند خواز و خاین دەرکەوت و لە ماوەیەکی زۆر کورتدا، دوو جار خەیانەتی لە دۆستەکانی کرد و لە کاتی زۆر لازمدا بە تەنیا جێی هێشتن و قازانج و مەسڵەحەتی خۆی پاراست. وەك چۆن پشتی لە کوردی رۆژئاوا کرد و ڕێگای بە دەوڵەتی تورکیەدا لە زۆنی روسیەوە هێرش بکرێتە سەر عەفرین و داگیربکرێ و زیانێکی گەورەی گیانی و ماڵی بەر هاو وڵاتیانی کوردی نیشتەجێی دەڤەری عەفرین بکەوێت. ئەمڕۆش بە هەمان شێوە و لە ژێر بیانوو و سەنارویی تردا، ڕێگای بە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیدا، موشەک بارانی دەسەڵاتی دیمێشق بکەن و چەند شوێنێکی گرنگ و بەنرخی حکوومەتی سووریە بە سەریەکدا بروخێن و مسکۆش تەماشاچی بێت. سەیر لەوەیدایە، لە تەنیشت هێزە عرووسیەکانەوە، شوێنە گرنگ و ستڕاتیژیەکانی ئەسەد بە ئامانج گیران و لە بەر قازانج و بەرژەوەندیەکانیان خۆیان لە کوچەی عەلی چەپدا و هیچ جۆرە کاردانەوەیەکیان نەبوو و ئەوەنەبێت کە دەلێن چەند دانەیەك لە موشەکەکانیان لە بۆشای ئاسماندا پێکاوە!! ئەوجار هەرگیز گلەی لە زلهێزەکان ناکرێت، کاتێك وڵاتێکی وەك مسکۆ پشتی لە دۆستە دێرین و نزیکەکەی بکات و لە تەنگانێدا لەسەر خەرمانی بەرژەوەندیەکانی بکەوێت، زۆر ئاسایە بە خێرای کورد فیدای قازانجە سیاسی و ئابووری و سەربازیەکانیان بکرێت و پرسی کورد کاڵبکاتەوە. ئیڕانیش بارودۆخی لە هی تورکیە باشتر نیە و ماوەیەك بەر لە ئێستا ئەو بەر چاو روونیە مان ئاماژە پێدابوو کە لە رووداوە نوێکاندا، دوو وڵاتی تاران و ئانکارا لە مسکۆ زیاتر زەرەر مەندی ناوچەین و هەروەك ئاشکراشە، بارودۆخەکە هیچ لە بەرژەوەندی ئەو وڵاتانەدانیە و ئەمریکا و رۆژئاوا بەئارامی دەیان هەوێت هێزی خۆیان بەسەر سووریە و ناوچەکەدا فەرز بکەن و لەو ڕێگایەوە بەربەست لە بەردەم باڵادەستی روسیەدا دروست بکەن. روسیە توانای نیە لەئێستادا لە چەند بەرەی جیا جیا، دژی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بکەوێتە شەر و سیاسەتە پاوانخازیەکانی بپارێزێت.
محمد سلێمانی
15.04.2018