Hoppa till innehåll
Hem » سروودی: مەڕێژن بۆم فرمێسکی غەم، دەنگ، حەمە حەریری

سروودی: مەڕێژن بۆم فرمێسکی غەم، دەنگ، حەمە حەریری

پێشمەرگەکان: ئەو سروودە لە ساڵی ١٩٨٦ لە لایەن کۆڕی هونەریی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بە دەنگی حەمەی حەریری  و کۆڕی هونەری بڵاو کرایەوە . 

hama-hariri
حەمە حەریری

گەلێک دایک و کەس و کاری شەهیدان بە بیستنی ئەو سرودە فرمێسکیان هەڵوەراند،  کاتێک لە ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران بڵاو دەبوویەوە.

ئەم سرودە لە نووسینی نەمر ئەحمەد ڕەشوانی یە.

 ناوی هاوڕێیانی کۆڕی هونەری، کاتی سرودەکە، دیارە ناوی هەموویانمان نەزانی.

 شەهید حەسەن پورخزری، مامۆستا عاشق، مامۆستا بێبەش، مستەفا موسەوی، مستەفا ئەمیری،  چیچۆ، عەلی چەتە، سمایل ماملێ  کە پێشنیاری ئەم سرودەشی کردوە. 

ڕووحی شەهید حەسەن و  ئەحمەد ڕەشوانی  و هەموو شەهیدانی کوردستان شاد.

***

شاعیری شێعری”مەڕێژن بۆم فرمێسکی خەم” کێیە؟
قادر وریا ٢٠٢٥/٠٩/١٢
زیاتر لە ٣٥ ساڵە گوێم لە سروودی ”مەڕێژن بۆم فرمێسکی خەم” بە دەنگی کاک محەمەد حەریری بووە. کاتی خۆی کۆڕی هونەریی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، بە دەنگی کاک محەمەد حەریری کە ئێستا لە بریتانیا دەژی، ئەم سروودەشی خستە ڕیزی ئەو سروودە شۆشگێڕییانەی بەرهەمی هێنابوون. ئەم سروودە لە ڕادیۆی دەنگی کوردستانی ئێران زۆر جار بڵاو دەبووەوە و لەنێو پێشمەرگە و خەڵکدا پێشوازییەکی باشی لێکرا.
نازانم بۆچی بۆم نەدەبووە پرسیار کە شێعری ئەم سروودە هی کێیە؟ ئەگەر بۆم ببووە پرسیار، بۆچی وەدوای وەڵامەکەی نە کەوتبووم؟ سەرئەنجام شەوی رابردوو لە کاتی گوێگرتن لە بیرەوەرییەکانی خاتوو نەرمین عوسمان لە ژێر ناوی ” لەبەر تریفەی مانگ، خەونەکانی نیشتیمانمان دەچنی”دا، گەیشتمە باسی کەسێک بە ناوی ”ئەحمەد ڕەشوانی”. بە پێی بیرەوەرییەکانی خاتوو نەرمین(لاپەری١٠٨):
ئەحمەد ڕەشوانی کادیرێکی پێشکەوتووی باڵی مەکتەبی سیاسی بووە ، لە کاتی ناکۆکییەکانی نێوان ئەو باڵە و پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ١٣ی کانوونی یەکەمی ١٩٧٦بە دەستی چەکدارێکی پارتی شەهید کراوە. شەهید جەعفەری خاڵم ڕووداوی شەهید کردنی ئەحمەدی بۆ هاوتای برام باس دەکرد و دوایین هۆنراوەی ئەحمەد ڕەشوانی کە هەفتەیەک پێش شەهیدبوونی پێشبینیی کردبوو، بۆی خوێندەوە. ئیتر ئەو هۆنراوەیەی لەبەر کردبوو و وەک خۆی دەڵێ یەکەم هۆنراوەی شۆڕشگێڕییە کە لەبەری کردبوو و زوو زوو دەیوتەوە، ئەویش کە دەڵێ:
مەڕێژن بۆم فرمێسکی خەم
کە سوور بووە بە خوێن جەستەم
شەهیدی دەستی زۆردارم
بەڵام ئۆخەی کە پێشمەرگەم
خەباتم کرد لە ژیانم
هەر بۆ گەل و نیشتمانم
دەبا لاوان لە یادتان بم
کە قوربانی کوردستانم
مەڕێژن بۆم فرمێسکی خەم
کە سوور بووە بە خوێن جەستەم
شەهیدی دەستی زۆردارم
بەڵام ئۆخەی کە پێشمەرگەم
ئەو ڕێگای کە من بۆی کوژرام
لە ناوی گۆڕیشا دڵنیام
کە ئێوەی شۆڕشگێڕی کورد
ونی ناکەن خوێن و هیوام
ئەم سروودە بە دەنگی کاک حەمەی حەریری لەم لینکەدا هەیە:

دەنگ