کوردستان میدیا: سەبارەت بە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی شەوی ٣ی پووشپەڕ کە بەهۆیەوە چەند کەس لە هێزە دژیگەلییەکانی ڕێژیم کوژران و بەداخەوە پێشمەرگەیەکی کوردستان شەهید بوو، فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:
راگەیەندراوی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان
بۆ ئاگاداری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان رادەگەیەنین کە لە درێژەی کار و چالاکی و بەڕێوەبردنی ئەرکەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ناوچەی پیرانشار، شەوی ١٣٩٧/٤/٣ دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە لە حاڵی بەجێ گەیاندنی ئەرکەکانیان بوون، لە شاخەکانی پشتی زیوە و کۆنە لاجانی سەر بە پیرانشار لە لایەن هێزە دژی گەلیەکانی رێژیمەوە دەکەونە بەر دەسرێژی چەک و پەلاماری هێزی رێژیمی دژە گەلی کۆماری ئیسلامی، پاش شەڕ و پێکدادانێکی زۆر و ئاگربارانی تۆپخانەکانی رێژیم لەو شوێنە، دوژمن بە کوژراو و بریندارێکی زۆرەوە تێک شکا، لەو پێوەندییەدا رێژیم کوژراوێکی خۆی بە ناوی ستوان دوو محمد هاشمی و بریندارێک بە ناوی کسری عبدالعلیزادە راگەیاندووە. پاش کۆتایی شەڕەکە پێشمەرگەکان درێژەیان بە تێکۆشانی خۆیان دا . لەو شەڕەدا بەداخ و کەسەرێکی گرانەوە پێشمەرگەی ئازا و چاو نەترس هاوڕێ “سامان حەسەن پوور” ناسراو بە سامان شێوەسەڵی شەهید و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی ڕاسان بوو.
پوختەیەک لە ژیان و بەسەرهاتی شەهید سامان شیوەسەڵی
هاوڕێ سامان حەسەنپوور کوڕی محەممەد لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر لە شاری سەردەشت لە دایک بووە، لە تەمەنی ٧ ساڵیدا دەست بە خوێندن دەکات و هەتا ساڵی ١٣٨٨ فەوق دیپلۆم وەر دەگرێ. ناوبراو هەر لە تەمەنی مێرمنداڵییەوە هۆگری کوردایەتی و نیشتمانپەروەری دەبێت، لە ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوی بە هۆی بەستنی پشتوێنی ئاڵای کوردستان لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سەردەشتەوە دەگیردرێت و ماوەی ٧ مانگ زیندانی بۆ دەبڕدرێتەوە، هەتا ئەوەی لە ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی پەیوەست بە ڕیزی پێشمەرگەکانی کوردستان دەبێ. هاوڕی سامان بە هۆی لێهاتووی و ئازایەتی پلەکانی بەرپرسایەتی نیزامی تێپەڕاند و لە سازماندەیی نوێدا بوو بە فەرماندەی یەکێک لە لکەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدی تازەمان سامان حەسەنپوور و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری بەڕێزیان دەکەین.
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان
٣ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی
٢٠١٨/٦/٢٤ی زایینی
……..
لە ناخی دڵمانەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شیوەسەڵی و حیزبی دێمۆکڕات و هەموو هاوسەنگرانی دەکەین و روحی کاک سامان خۆش بێ.