من کە لە بنەمالەیەکی حیزبی (حدکا) و خاوەن شەهید دا گەورە بووم، لەو رۆژەوە کە خۆم و نەتەوەکەم ناسیوە رۆژ و ژیانێکی خۆشم لە سەر خاکی باب و باپیرانم نەدیوە. هەمیشە لە ترس و خۆف دا ژیاوم، چ ئەو کاتە بە زاهیر ئازاد بووم و چ ئەو کاتانەی لە زیندان و چ ئەوکاتانەش کە پەنابەر بووم.

ئەوەی کە دەمهەوێ لە گەل هەموو ڕۆڵەکانی نەتەوەی خۆم وەک کورد بە گشتی و بۆ هێزە سیاسی یەکانی کوردستانی بە تایبەتی باس بکەم ئەوەیە کە: من لەو نەخوێندەواری و تەمەنی کورتی خۆم دا زۆر شت لە دۆژمن فێر بووم کەبۆ من زۆر جێی بایەغ و زۆریش بەنرخن. یەکەم شت کە لە دۆژمن فێربووم ئەوەیە کە کورد هەر دین و ئائینکی هەبێ و لە هەر حیزب و پارتی یەک دا هەوڵ بۆ پاراستنی ناسنامەی خۆیی بدا بۆ داگیرکەر و دوژمن فەرق ناکا. گەورەترین تاوان بۆ کورد هەر کورد بوونە.
لە زیندانەکان کوردەکان بێ جیاوازی ئەشکەنجە و ئیعدام دەکرێن،لە سیاسەت و ئیدارەی وڵات دا بە بێ جیاوازی مالوێران و دەربەدەر دەکرێن. بەلام شتێک کە زۆر لە لام سەیرە ئەوەیە کە : چۆن نەتەوەی کورد و هێزەکانی کوردستانی سالەهای ساڵە ئەم دۆژمنایەتیە بە شکڵێکی زۆر ئاشکرا و رووت و قووت لە سەر کورد جێ بە جێ دەبێ، کەچی ئێستاش نەتەوەی کورد و هێزە سیاسییەکانی نەیانتوانیوە بۆ خۆیان یەکیتی و هاوکارییەکی نەتەوەیی پێک بێنن ؟
راستی بۆ دەبێ ئێمە لە گەلانی دیکە و تەنانەت لە دوژمنانی خۆمان فێر نەبین. ئەوان سەرەڕای دەیان کێشە و ناکۆکیی سیاسی ، ئابووری، دینی ، مذهبی ، ئیدۆلۆژی و حوکمرانی لە سەر مەسەلەی کورد پێکەوە هاوکاری دەکەن، بەلام کورد یەک نەتەوە و یەک ئاخ و ئامانج بۆ چی ناتوانن یەک بگرن، یان لانیکەم پێکەوە هاوکار بن؟ یان هەر نەبێ پێکەوە دۆژمن نەبن و دژی یەکتر ڕانەوەستن. لەدوایی دا لە هەموو کورد و هێزەکانی کوردی بە گشتی و هێزەکانی رۆژهەلاتی کوردستان بە تایبەتی داوا کارم کە لەو هەل و مەرجە دا کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەر لێواری لە ناوچوونە ئیدی بەسە بۆ دۆژمنایەتی و یەکتر شکاندن و یەک بگرن بۆ ئەوەی دوای رووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گەلی کورد تووشی موشکیلات و نائومێدی و دەربەدەری نەبێ.
بژی کورد
بژی یەکیتی کوردان.
یەعقووب بەدری