کوردستان میدیا: فەرماندەیی هێزی پیشمەرگەی کوردستان بڵاوی کردەوە، لە ئەنجامی تۆپبارانی، تۆپخانەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە، دوو پێشمەرگەی کوردستان شەهید بوون و درێژەی ڕێگایان بە هاوسەنگەرانیان ئەسپارد.
دەقی ڕاگەیەندراوی فەرماندەیی هێزی پیشمەرگەی کوردستان بەم چەشنەیە:
راگەیەندراوی فەرماندەیی هێزی پیشمەرگەی کوردستان
خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان
لە درێژەی کردەوە دژە مرۆیی و تاوانبارانەکانی ڕێژیمی دژی گەلیی کۆماری ئیسلامیدا، رۆژی سێشەممە ٢٦ی پووشپەڕی ١٣٩٧ سوپای تیرۆریستیی پاسداران ناوچە شاخاوییەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان له سنوورەکانی پیرانشار و چۆمان وسیدەکان دایە بەر تۆپی رق و کین و ئەو ناوچانەی تۆپباران کرد. به هۆی چڕی تۆپبارانەکه زەرەر و زیانی مادیی زۆر لە خەلکی ناوچەکە کەوت و بەداخەوە دوو پێشمەرگەی بەوەجی هێزی پێشمەرگە به ناوەکانی ڕەحیم ڕۆستەم داستان خەڵکی مەهاباد و ئیدریس دەرویشی خەڵکی پیرانشار شەهید بوون و چوونە ڕیزی کاروانی شەهیدانی گەلەکەمان.
لە لایەن ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزیان و خەلکی کوردستان و هاوسەنگەرانیان دەکەین و دووپاتی دەکەینەوە کە تا گەیشتن به مافه نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد درێژه به ڕێگایان دەدەین.
رۆحی شەهیدیان شاد و رێگایان پڕ ڕێبوار بێ
فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان
٢٦ی پووشپەڕی ١٣٩٧
١٧ی ژووئیەی ٢٠١٨
پێشمەرگەکان: لە ناخی دڵمانەوە بەم بۆنە تاڵەوە سەرەخۆشی و هاودەردی گەرمی خۆمان بە گەلی کورد و حیزبی دێموکڕات و کەس کاریان و هاوسەنگەرانیان ڕادەگەیەنین. ئاواتمان ساڕێژ بوونەوەی برینی بریندارەکانە.
روحیان شاد بێ و رێگەیان بەردەوام بێ، کۆماری ئیسلامی دەبێ باش بزانێ بە شەهید کردنی رۆڵەکانمان ناتوانێ چۆک بە خەباتی گەلی کورددا بدات.
مردن و سەرشۆڕی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران