"an independent online kurdish website

هێزە تێکۆشەرەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات کە هەر کامیان ڕۆڵی یان لەسەر روداوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی ئێراندا هەیە و ئاشنان بە ژینگەی ڕەنگاو ڕەنگی وڵات و لە مێژساڵە دەست و پەنجەیان لە گەڵ فارس  نەرم دەکەن و وێزگەی دژوار و تاڵمان  تێپەڕاندوە و هەر دەشڵێین براین.


بەڵام لە کوێی ئەو دونیایەدا برا پەیدا دەبێت کە بە درێژای مێژووی تەمەنیەوە، دژی ئەوی تربێ و هەوڵی لەناوبردن و سڕینەوەی بدات. ڕێبەرانی کورد  بەدڵنایەوە دەبێت تۆزێك ئەزموونیان وەرگرتبێ و لە سیاسەتی دوو ڕوانگە و ڕوانینی دژبەیەكدا، بۆ جارێکی تر نەخرێینەوە پەراوێز و لە کۆمەڵگای ئێران هەڵمان باوێرن و بە ڕۆژی رووناك ستەمێكی ترمان لێبەکن و لە  پاش  روخانی ئەو ڕێژیمەشدا، دەرفەتی زێڕین لەکیسبدرێ  بە ئازادی و مافی نەتەوەیی نەگەین.  حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئیران لە مێژووی دامەزراندنیەوە  هەتا ئەمرۆش سەبارەت بە مافی سیاسی و جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد  سیاسەتی روون و شەفاف بووە و هەرگیز لە بەرامبەر فارس و ئەو فارسانەیش کە خۆیان بە دژ بەری ڕێژێم دەزانن و دژی فرەنەتەوەیی ئێران وجیاکردنەوەیان لە گەڵ ستەمکارانی ئێراندا زۆر دژاورە، هەڵویستی روونی بووە و لە ئاستیاندا سوور هەڵ نەگەڕاوە و بوێرانە و مردانە قسەی خۆیکردوە و ڕێزی لە خەبات و تێکۆشانی هەر دەستە و گروپێکی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گرتووە، کە دژی حکوومەتی ناوەندی ڕێگای  بەرخۆدانی هەڵبژاردوە و ئەگەر لە پانتایەکی بچووکیشدا تێکۆشابێت، جێگای ڕێزو دەستخۆشی لێکردنن . پێموایە ئێستاش دەبێت رێبەرانی لانیکەم حیزبی دێمۆکڕات بە هەر دووك بەشەکەیەوە،  بەو ڕێباز و ڕێچکەیەدا بڕۆن کە دکتۆر قاسملوو وەك نەریتێکی بەرزی مافخوازی لە پاش مەرگی خۆیدا بۆ حیزب و تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی بەجێهێشتووە و مافی سیاسی کورد بابەتێك نیە لە ژێر لێواندا بزربکرێ و مینگە مینگی لەبارەوە بکرێ و بەروونی باسی هەلومورجی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێران لە بەرامبەر نوێنەری گەلانی تر دا بە بزە بزانین. کاتێك ڕێبەرانی کوردی ڕۆژهەڵات لە میدیایەکی فارس زمان دەردەکەن و وەك  سیمای ڕێبەری بزووتنەوەی سیاسی ئەو بەشەی کوردستان بیروڕایان بەیان دەکەن ، لازمە خێراتر سیاسەتی نەتەوەی خۆیان شیبکەنەوە و جێگای گلایە ئەگەر بەو جۆرە شەرمێوانانە لێدوان بدرێت و پێیان حەیف بێ باسی گۆرزێکی نیزامی بکرێ کە لە مەریوان لە هێزەکانی ڕێژیمی ئاخوندی وەشنراوە و تێدا کۆمەڵێك مۆرەی خۆفرۆش کراونەتە ئامانج و لە نێوبراون. پاشان کورد ئەوەندەی هەوڵی دۆستایەتی لە گەڵ فارس و ئەوانی تردەدات، بە ڕێژەیەکی کەمتر هەوڵی گرجووگۆڵترکردنی پەیوەندیە سیاسی و نیشتیمانیەکانی لە گەڵ هێزەکوردستانیەکان بدات، بارودۆخێکی جێگیرتر بۆ بزووتنەوەی سیاسی کورد دێتەئاراوە.

 کوردستان جێگای خەبات و تێکۆشانی هەر ئازادیخواز و مافویستێکی ئەو گەلەیە و ناکرێت لەسەر هێزێك یان چەند هێزدا پاوانبکرێ، چوونکی ئەو بژاردەیە، لە زیان و بارگرژی بەولاوە هیچ خێرێك بە دوایخۆیدا نەهێنێ و هەر گەل زەرەرمەندی یەکەمی دەبێ.  لە کوردستان راسان جووڵەی تازەی خستۆتە نێو شەقامی کوردی و شارەکانی تری ئێران و ڕێژیم لە ئاستیدا پەشێو و مەلوولە. کەچی بۆ وڵامی فارس زمانێك دەبینین دوو حیزبی خاوەن مێژوو و تێکۆشەری کوردستان، وڵام و قسەکانیان لەو ئاستەی دانەبوون و وەك ئەوەی هەقداری کێشەیەکی گەوەری سیاسی و نەتەوەیی ئەو تۆ نەبن و شوێنێکی ئەوتۆمان لەسەر رووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی ئێراندا نەبێت. من ناڵێم بە هەر لەوێدا بیاندەنە بەر شەق و پێلاقەی، بەڵام ئێمە دەبێت ڕێزی خەباتی هەر تێکۆشەرێکی کورد بگرین کە بەدژی حکوومەتی ئاخوندی خەبات دەکا و لە هێزەکانی دوژمن دەست دەوشێنی و لیان دەکوژێت. خەباتی کورد خەباتێکی بەتەواوی ڕەوا و بە جێیە و ئەو شٶرشەش تا لوتکەی سەرکەوتن لە سایەی پشتیووانی و هاوپشتی نەتەوەیدا درێژەی دەبێت. دیارە ئەو شۆڕش کاتێکیش زیاتر شوێنی لەسەر رووداوەکانی وڵاتدا دروست دەکا کە کورد بەیەك گوتاری سیاسی و نەتەوەیی بەشداری تێدابکات و ناوماڵی خۆی بەتەواوی ڕێکبخاتەوە و گەڵاڵەی ئامادەکراوی خۆی بۆ بیرورای گشتی گەلانی ئێران بڵاو بکاتەوە.  ئێران بە تەنیا وڵاتی فارس نیە، خاکی کورد و عەرەب و ئازەری و فارس و بەلوچ و کەمینەکانی تریشە و هەموو لایەك دەبێت لەسەر ئەو بنەمایە گفتوو گۆی سیاسی پێکەوە ئەنجامبدەن و لەو پەیوەندیەشدا، ڕێبەری سیاسی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی و بژرادە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لازمە  لە هەموو وەختێك زیاتر بەر چاویان کراوەبێ و گوێکانیان زیاتر رووداو و گۆرانکاریەکان ببیسن و تێگەیشتنی باشیان لەسەر قسە و گۆتار و کرداری خۆیان هەبێ و کارێك نەکرێ بۆشایی یەکڕیزی و نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا  دروست بکرێت. خەڵکی کوردستان بەو ئیرادە سیاسی و گۆڕانخوازییەی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ڕێبەری دەکا، دەکرێ  زۆر بەوشیاری ئاگاداری هەڵسوکەوتی کۆمەڵێك بیرتەسکی شۆڤێنیزمی فارس بێ و ڕیگانەدرێت لە کۆڕوکۆبوونەوە نێودەوڵەتیەکاندا خۆیان بەسەر گەلانی وڵاتدا فەرزبکەنەوە و ئەزموونێکی تری مەترسیدارتر زەمینەی سەرهەڵدانەوەی بۆ بڕەخسێت . وڵاتی ئێران لە گەلانی پێك هێنەری  دامەزراوە و هەرفارس یان نەتەوەیەکی تر نابێت بەتەنیا خۆی بە خاوەنی بزانێ و سیاسەتی پاوانخوازی و پەراوێزخستنی گەلی کورد و گەلانی تری وڵات ئیدامەی پێبدرێ و براپچووکی بکرێتەوە باو. بەخۆشیەوە ئیدی ئێستا باوی ئەو جۆرە فاکت و قەوانلێدانە  تەقلیدی و سوننەتیانە بەسەرچووە و زۆر وڵاتی گەوری گێتی لە بەردەم هەڕەشەی لێك هەڵوەشان و بچووکبوونەوەدان. ئەگەر لە ئێستاوە سەبارەت بە کۆمەڵێك خاڵ و چەمکی نەتەوەیی و جۆری حوکمڕانی لە ئێرانی داهاتوودا، هێزە کوردستانیەکان  قسەی روون و سیاسەتی دیاریکراویان نەبێت، بارودۆخی ڕۆژهەڵاتیش لە هی  باشووری کوردستان بەشتر نابێت. ئیڕانیش بێگوومان یەکێك لەو وڵاتانە دەبێت کە چیتر لە سەر خەریتەی تەزویریان لاف و گەزافیان بۆ لێنادرێت و ئەو سیاسەتەیان بۆ ناچێتەسەر کە ئینکاری فرەنەتەوەیی و مافی سیاسی گەڵانی وڵات بکەن.

 لە ئەگەری داڕمانی دەسەڵاتی ستەمکارانەی ڕێژێمی ئاخوندیدا، کورد سیاسەت و هەڵوێستی سەبارەت بە چۆنیەتی نوێکردنەوە و دامەزراندنی حکوومەتی هاوبەشی نیستیمانی لازمە روون و یەکگرتوو بێ و جەوهەری داڕشتنەوەی دەستوور و حکوومەتی نوێ،  لە سەر ئەساسی  بنەمای کۆنفیدڕاڵی بێ و سنوورەکانیش بە شێوەی فەرمی ناروونیان پشت ڕاستبکرێتەوەو کورد نابێت ڕێگابدات جارێکی تر مێژوو غەدری لێبکاتەوە و مافی لە بەرچاو نەگیرێ و سنوور و سەراوەردە جوگرافیەکانی بشێوێنرێن.  کەس  دژی دانیشتن و کفتوو گۆی سیاسی و ڕۆشنبیری لە نێو نوێنەری گەلانی ئێراندا نیە و دیالۆگی ڕاستەقینە لەسەر کۆی بابەتەکانی پەیوەندیدار ئەنجامبدرێن و، پێویستە  زۆر بەروونی و دیاریکراوی بەدژی بیری فراوانخوازی و براگەورەی فارس خەڵکی کوردستان هەڵوێستی هەبێت و بە شوعاری هەموومان براین و ئێرانین، کڵاوی لەبەدارنەکرێتەوە بەسەرکورددا. گەلی کورد زۆر قۆناخی مێژووی گرینگ و مەترسیداری لە گەڵ دەسەڵاتدارانی تاران ئەزموون کردوە و هەتا ئەمڕۆش دەبینین خوێندنەوە و تێڕوانینیان سەبارەت بە فرەنەتەوەیی بوونی ئێران نەگٶڕاوە و دەتوانین بەڕاشکاوی بڵیین زۆرینەیان  وەك عەلی ڕەزانوریزادەی دەیان هەوێت کورد بخەڵەتێنەوە و پێناسەی  بەتایفە و هۆزی بۆ دابتاشێت.

 

 محمد سلێمانی

29.07.2018

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی