حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بە دەست پێکردنەوەی قۆناخێکی تری خەباتی سیاسی و چەکداری بەدژی ڕێژیمی ئاخوندی تاران و لە قاودانی سیاسەتە دژی گەلی و مرۆڤی
و بڵاوکردنەوەی بیروهزری سیاسی و نەتەوایەتی لە سەر ئەساسی بنەمای شوناسێکی تازە و دێمۆکڕاسی کە تێیدا مافی سیاسی گەلی کورد و گەلانی تری وڵات ڕەنگ بداتەوە، خەباتی سیاسی خۆی دڕێژە پێداوە و لە مێژووی تێکۆشانیدا هەرگیز لە ڕێچکەی ڕاستی و سیاسەتی وردبینی و ستڕاتیژی نەتەوەیی خۆیدا بەلاڕێدا نەچووە و بەردەوام داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافی سیاسی خەڵکی کوردستان بووە و سوارچاکێکی بەئەزمونی ئەوبوارە ماوەتەوە. دوا بە بەدوای رووداوەکانی سووریە و ئێراقیشد، سیاسەتی ئاژاوەگێڕانەی ئاخوندەکان زیاتر لە ساڵانی ڕابردوو کەوتۆتەسەر زار و زمانی ناوەندە گرینگ و بڕیار بەدەستەکانی گێتی و ئیدارەی نوێی ئەمریکاش لە هەمبەر ئێراندا سیاسەتێکی بەتەواوی توند پەێڕەدەکا بۆ ئەوەی کاربەدەستانی وڵات بەزۆر بێنێتەسەر ڕێگای دروست و بەجێ. خەباتی سیاسی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران لە هەلومەرجی ئێستادا، دەرفەتێکی ئەوتۆی دروستکردوە کە لە داهاتوویەکی نزیكدا ئاکامی بەرهەمەکەی هەست پێدەکرێت و ئەو بڕیارە سیاسی و مێژوویەی حیزب وەك خاڵێکی درەوشاوە لە مێژووی ڕۆژهەڵاتدا پڕشەنگ دەداتەوە.
هەنگاوی ژیرانەی سیاسی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران کە بەدژی حکوومەتی ئاخوندەکان دەیهاوێژێت و وەك پڕۆسەیەکی گەورەی نیشتیمانی دەستیپێکردوە، دەسەڵاتی خۆسەپێنی ئێرانی بەتەواوی نیگەران و هەراسانکردوە و هەربۆیەش لە کۆتای و ئاخری تەمەنی خۆیدا، هەر جارەو بە شێوەیەكی دڕندانە و ناجوامێرانە هێرش دەکاتە سەر بنکە و بارەگاکانی حیزب لە ناوچە سەرسنووری و قووڵایی خاکی باشووردا و کە ئەوەش نیشانەی دەست ئاواڵەی ئێران لە هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت. بەداخەوە هەتا ئەمڕۆش دەسەڵاتی سیاسی لەو بەشەی کوردستاندا، دەربڕینێکی ئەوتۆی نەبووە کە حکوومەتی تاران تۆزێك لێی بسڵمێتەوە و روخساری هەڵسووکەوتەکانی بگۆڕێت و ڕێز لە هاوسێەتی بگرێ، بەهۆی بێدەنگی و هەڵویستی نەرم و شەرمێوانە و خۆبێدەسەڵاتکردنی حکوومەتی هەرێم لە بەرامبەر سنوور بەزێنی ئێراندا، سپای پاسداران لە جاران زیاتر چێرەگرتووبوونە و بەردەوامن لە سەر پێشێلکردنی سەروەری خاکی کوردستان. حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران وەك هێزێکی پتە و بەهێز و خۆشەویستی خەڵکی کوردستان، بێگوومان لە رەوتی خەباتی سیاسی و چەکداری خۆیدا بەردەوام شوێنی دیار و بەرچاوی لە سەر گەشەپێدانەوەی شۆڕش لە ژێر فۆڕم و کرداری نوێداداناوە و وشیاریەکی ئەوتۆی سیاسی و کۆمەڵایەتی بڵاوکردۆتەوە کە ، دوژمنی تاساندوە و هەر لە بەر ئەوەشە ئەو ڕێژیمە بەردەوام هێرش دەکاتە سەر ئەو هێزە گەورە و کاریگەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە مەترسی گەورەی لە سەر تەمەنی حکوومەتی تاران سازکردوە.
خەڵکی کوردستان و کۆمەڵگای نێونەتەوەیش لە ئێستادا چاکتر ماهیەتی سیاسەتی ئەو رێژیمەیان بۆ روون بۆتەوە و هەموو لایەك لەو ڕاستیە گەیشتووە کە حکوومەتی ئاخوندی لە گەڵ گەشەی ئازادی سیاسی و پەرەگرتنی رەوتێکی نوێی سیاسی و کۆمەڵایەتی نوێ و یەکساندا بەتەواوی دژ و ناتەبایە و دژایەتی هەر جۆرە بزووتنەوەیەکی دێمۆکراسیخوازی دەکات و بۆ مانەوە خۆیان لەسەر کورسی حوکمڕانی جەلادانەیان، پەنا دەبەنە بەر هەر ڕێگایەکی شەرمێوانەی پیشەیان و بە تیرۆر وهێرشی موشەکی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و تۆپبارانی چڕ، هەوڵدەدەن ئارامی بۆ وڵاتەکەیان دابین بکەن و پێش بە ڕەوتی خەباتی سیاسی و چەکداری حدکا و هێزەکانی تری کوردستان بگرن. ئیدی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری ڕێژیم بە جۆرێکە کە چاوەڕوانناکرێت تازە بتوانن بەر بە دارمانی ڕێژیمەکەیان بگرن و کۆنتڕۆڵی هەلومەرجی مەوجوودی وڵاتەکەیان پێبکرێت. گەلانی ئێران بەگشتی خوازیاری گۆڕانکاری ڕیشەین و پشتیووانی دەسەڵاتێکی گەلی و دێمۆکراتیك دەکەن و ناکرێت نەتەوەیەك حوکمڕانی بەسەر کۆی پێك هاتە نەتەەیی و مەزهەبیەکاندا بکاتەوە. گەلی کورد و حیزبی دێمۆکراتیش بەتەواوی لایەنگری حکوومەتێك دەکات کە لە سەر بنەمای سازانی سیاسی و نیشتیمانی کە تێیدا ڕەچاوی مافی سیاسی و نەتەوایەتی گەلانی پێك هێنەری ئێرانی کردبێت دەکا و دژی ئەوەیە وڵات بە تەنیا نەتەوەیەکی کەمینە بەڕێوەی بەرێتەوە. ئەزموونی ئەو چەند دەیی ڕابردووی سیاسی ئێران سەلماندی کە ئەو جۆرە لە مۆدێلی ئیدارەکردن و حومکرانی بەتەواوی شکەستی هێناوە و ئەگەر وەك نموونە هەر دووك دەسەڵاتی دیکتاتۆری شا وەبیگرە هەتا ئاخوندەکان، هیچ خێر و بەرەکەتێکیان بۆ خەڵك جگە لە کۆشتار و قەتڵوعامی ئازادیخوازانی کورد و گەلانی تر شتێکی ترنەبوو و نابێت دەسەڵاتێکی هاوشێوە زەمینەی دروستبوونەوەی بۆ پێك بێت.
دەسەڵاتی بێ ئاکامی تاران بە دڵیان بێت یان نا، دەبێت ئەو ڕاستیە قبووڵ بکەن کە ڕۆژی دادگای و محاکەمەکردنیان گەلێك نزیك بۆتەوە و بەو کردار و هێرشانەشیان هێچ یان پێ لە گەڵ بزووتنەوەی نوێێ شۆڕشی بەربڵاوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناکرێ و بەڵکوو خەڵکی کوردستان و هێزە تێکۆشەرەکانی بەدژی ئەو ڕێژیمە کورد کوژە دەباتە پلەیەکی بەرزی کۆدەنگی نەتەوەیی و یەکگرتووی سیاسی و چەکداری و خەباتی بەرفراوانی جەماوەری هاوبەشەوە. کوردستان و خەڵکی ئازادیخوازەکەی لە هەموو وەختێك زیاتر خۆیان بە هاوکار و پشتیووانی شۆڕشە کەیان دەزانن و بۆ رووبەرووبوونەوەی ڕێژیم بە گشتی و لە سەنگەر و سەفێکی بە هێزی یەکڕیزیدان، ئەو خاڵەش بێگوومان هێمای وەرچەخانێکی گەورە و جەوهەری سیاسی ئەو شۆڕشەیە کە لە شاخ سەری هەڵداوەتەوە و زەمینەی لە باری خۆی لە نێو خەڵکدا ڕەخساندوە.
محمد سلێمانی
05.10.2018