"an independent online kurdish website

زۆر بەداخەوە، رۆژی هەینی 2019/01/25 کاک ئەبوبەکری راد، ئەندامی پێشووی کۆمیتە ناوەندی حیزبی دێمۆکڕات و سیمایەکی ناسراو ی ناو ریزەکانی حیزبی دێمۆکرات کۆچی دوایی کرد.

کاک ئەبوبەکر کۆڕی عەلی قازی و لە کۆنگری شەش بە ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا و کرا بە ئەندامی “مەڵبەندی سپی سەنگ” لە قووڵایی ناوچەی موکریان و بوو بە چقڵی چاوی کۆماری ئیسلامی.

کاک ئەبوبەکر زیاتر لە ساڵێک بەرپرسی کۆمیتە شارستانی پیرانشار بوو و کەسێکی لە سەرەخۆ و ئارام بوو و لە ساڵی 1365ی هەتاوی کاتێک بنکەی کۆمیتە شارستان لە بناری قەندیل بوو، ماڵەکان و بنکەکانمان لە فەسڵی هاوین دا لە خێوەت دا دەژیان، ماڵی کاک ئەبوبەکریش وەک بەرپرسی کۆمیتە شارستان لە نزیک بنکەی کۆمیتە شارستان بوو، زۆر جار بایەکی تووند دەهات و خێوتەکانی تێک دەدا و بنەماڵەکان کە لە خەو هەڵدەستان خێوەتیان بە سەرەوە نەمابوو. لە ئاخرین دیداردا کاک ئەبوبەکر باسی ئەوەی دەکرد کە زۆر جار لە خەو هەستاوە، خێوەتی بە سەریانەوە نەماوە.

دوای ئەوەی کاک ئەبوبەکر و دۆستانی لە کۆنگرەی 8 لە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئیران جیا بوونەوە، تا هاتنم بۆ سوید کاک ئەبوبەکرم نەدیەوە و لێرە دوبارە بە دیداری یەک شاد بووینەوە، لە رێکەوتی 2018/02/17 دا ئاخرین جار چووینە ماڵی کاک ئەبوبەکر و خوشکە سوڕەیا لە گەڵ کاک جەسیم ئەحمەدی و کاک خوسرەو قادری و بنەماڵەکانمان و شەوێکی زۆر خۆش و دۆستانە و کاک ئەبوبەکر زۆر بە روحیە و زۆریش دەم بە پیکەنین بوو. زۆر هیوامان وابوو کە نەخۆشیەکەی بۆ هەمیشە کۆتایی هاتووە و خۆشی زۆر خۆش بین بوو. زۆر باسی سیاسی و وەزعی حیزبەکان و کوردستان کرا و هیوای کاک ئەبوبەکر یەکگرتوویی کورد و سەرکەوتنی کوردستان بوو.

بەداخەوە لە ماوەیەکی کورتد ، سوڕەیا خانم ، سێ کەس لە خۆشەویستانی خۆی لە دەست دا، کاک ئەبوبەکری هاوژینی ، باوک و دایکی .

من لە ناخی دڵمەوە سەرەخۆشی لە  سوڕەیا خانم و مناڵەکانی و برا و خوشکەکانی و سەرجەم بنەماڵەی نەمر کاک ئەبوبەکر دەکەم ، روحی برای ئازیز کاک ئەبوبەکر شاد بێ و ئاخرین خەمیان بێ.

….

کاک  ئەبوبەکری راد رۆژی هەینی 20190201 لە کمۆنی سالم ، نزیک ستۆکهۆڵم بە خاک سپێردرا و لە مەشتا نزیک ئارلاندا رۆژی شەممە  20190202 پرسەی بۆ دانرا کە کوردانی زۆری  تاراوگە بەشدار بوون و لە نزیکەوە پرسەی خۆیان گەیاندە بنەماڵەی کاک ئەبوبەکر. 

دەقی هەواڵی کۆچی دوایی کاک ئەبوبەکر

کۆچی‌دوایی ئەندامی پێشووی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوید.

هاوڕێ ئەبووبەکر ڕاد تێکۆشەری نەسرەوتوو و ئەندامی پێشووی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات لە ولاتی سوید ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بە پێی ڕاگەیاندراوی کۆمیتەی بەڕێوەبەری دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، ڕۆژی هەینی ٢٥ی ژانویەی ٢٠١٩ ڕێکەوتی ٥ی ڕێبەندان ئەبووبەکر ڕاد، ئەندامی پێشووی کۆمیتەی ناوندەیی حیزب و تێکۆشەری نەسرەوتووی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان پاش ماوەیەک بەربەرەکانی لە گەڵ نەخۆشی دڵە پر لە ئاواتەکەی لە لێدان کەوت.

کاک ئەبووبەکر ڕاد ، کوڕی تێکۆشەری کورد مامۆستا قازی عەلی مارەغانییە، کە هەموو ژیانی بۆ ئازادی و ڕزگاری گەلی کورد تەرخان کرد و، یەکێک لە هەڵسوراوان و چالاکانی کۆماری کوردستان بوو.

کاک ئەبووبەکر لە ساڵی ١٣٣٤ی هەتاوی لە شاری سەردەشت لە دایک بوو، لە ساڵی ١٣٥١ هەتاوی بۆ درێژەدان بە خوێندن و بە مەبەستی بوون بە مامۆستا بۆ دەورەیەکی دوو ساڵەچووە دانیشسەرای پەروەردەی مامۆستایەتی لە شاری خۆی، پاشان دەبێتە سوپاهی دانش و بۆ گوتنەوەی وانە و پەروەردەی مناڵانی کورد گەڕاوە ناوچەی سەردەشت و لە قوتابخانەکانی ئەو شارە دەستی بە کار کرد.

پەروەردە بوون لە داوێنی بنەماڵەیەکی کوردپەروەر و گەورە بوون لە ناوچەی سەردەشت مەڵبەندی تێکۆشەرانی جووڵانەوەی ٤٦-٤٧ و دۆستایەتی و هاودەمی دەگەڵ شەهید کاوە مارەغانی یەکێک لە قارەمانەکانی جووڵانەوەی ٤٦-٤٧ و لە هەموو شت گرینگتر دیتنی رۆژانەی جەور و جەفای حکوومەتی پەهلەوی کاک ئەبووبەکری بە رووحی خەباتکارێکی ڕێگای ئازادی کورد و کوردستان پەروەردە و گۆش دابوو، ئەو یەکێک لە هەڵسووراوە چالاکەکانی رێکخستنی خۆپێشاندانەکانی دژی حکوومەتی پاشایەتی و لە پاشانیش یەکێک لەو کەسانە بوو کە لە گەڵ ژومارەیەک چالاکی سیاسی دیکە ئیدارە و کۆنتڕۆڵی ئەمنیەتی شاری سەردەشتیان بەدەستەوە گرت.

هاوکات دەگەڵ ئاشکرابوونی تێکۆشانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ناوبراو لە ڕێگای تێکۆشەرانی دێموکرات پێوەندیی بە رێبەری حیزبەوە دەگرێ . ئەو یەکێک لەو کەسانە بوو کە رۆڵ و نەقشی بەرچاوی لە دامەزراندن و دەست بەکاربوونی بنکە و بارەگاکانی حیزب لە شاری سەردەشت و ناوچەکانی دەوروبەر بە تایبەت ناوچەی مارەغان، هەبوو.

کاک ئەبوبەکر لە زۆربەی کۆنگرەکانی حیزب بەشدار بوو ، لە کۆنگری شەش بە ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا و کرا بە ئەندامی “مەڵبەندی سپی سەنگ” لە قووڵایی ناوچەی موکریان و بوو بە چقڵی چاوی کۆماری ئیسلامی.

لە دیسامبری ١٩٩٩ وەک پەنابەر هاتە وڵاتی سوید. ناوبراو لە وڵاتی سوید پاش دیتنی چەند دەورەی مامۆستایەتی وەرگرتنی بڕوانامەی پێویست وەک مامۆستای زمانی کوردی لە شاری ستۆکهۆڵم دەست بەکار بوو، لەو ماوەیەدا ناوبراو دووپەڕتووکی بە نرخی فێربوونی زمانی کوردی نووسی و چاپی کردن و دوو دانەشی لە نۆبەی چاپ دان.

هاوڕێ ئەبووبەکر لە ساڵی ٢٠١٦ وە تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوو و پاش بەربەرەکانییەکی زۆر، ئێوارەی ڕۆژی ٢٥ی ژانویەی ٢٠١٩دڵە پڕ لە هیواکەی بۆ ئازادیی کورد و کوردستان لە لێدان کەوت و ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەم بۆنەیەوە وێڕای بەرز ڕاگرتنی یادو بیرەوەریی هاوڕێی تێکۆشەر ئەبووبەکر ڕاد پرسەو سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی سەرجەم کەسوکار و بنەماڵەی بەڕێزیان بەتایبەتی هاوسەنگەرانی دەکا.

ڕێگای پڕ ڕێبوار و سەنگەری خەباتی ئاوەدان.

بابەتی پەیوەندی دار

کوچی دوایی دایکی بە وەفا و دڵسۆزمان گوڵی خانم ، ئەبوبەکری راد

خە مێکی گەورە , کوچی دوایی کەسایەتی ناو داری کورد کاک عەوڵا گەنجە، ئەبوبەکری راد

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی