"an independent online kurdish website

بەهاری سالی ۱۳٦۹ هەتاوی لە لایەن مەلبەندی شیمال و هێزی ئاگری تێمێکی ۷ کەسی بە فەرماندەیی حوسێن ستوەت (ڕووحی شاد) کە پێکهاتبوون لە هاورێیان:


مەلا قاسم کەلەشی ، فەیسەل ئوستادی(رووحی شاد)، ئەیووب جیهانگیری(ڕووحی شاد) ، محەممەدتاهیر ئەمینی و من مەجید خەلیفەزادە . هاورێيەکی دیکە بە ناوی( م ) کە پاشان خوی تەحویل دایەوە و من هەر بە” م” ناوی دێنم دیاری کران کە بۆ زەربە لێدان لە بنکە ئابووریەکانی رێژیم لە ناو شاری ورمێ و دەوروبەری ئامادە بین. پاش کۆبوونەوە لە گەل بەرپرسەکانمان و وەرگرتنی هێندێک رێنوێنیی پێویست لە مقەری قەرەغان(گەلی بەردەڕەش) بۆ بە ئەنجام گەیاندنی مەئمووریەتەکەمان، بەیانی پاش مالئاوایی خواستن لە هەڤالەکانمان وەرێکەوتین.


هەموومان زۆر خۆشحاڵ بووین کە بۆ ئەم مەئمووریەتە دیاری کراوین. بۆ لای ئێوارە گەیشتینە گوندی کەلانکانی کە ڕێژیم کاتی خۆی سووتاند بووی و کەسی لێ نەبوو( ڕێژیم تا ئێستاش ئیزنی ئاوەدان کردنەوەی نەداوە) . پاش برێک حەسانەوە و تەعقیبی رێگاکە زانیمان دونیا ئەمن و ئارامە ، وەرێکەوتین بۆ گوندی ئەرزین، کە گەیشتنە تەنیشتی گوندی ئەرزین سەعات تەقریبەن ۹ شەو بوو و پاش ئەوەی موتمەئێن بووین کە گوندەکە ئارامە چووینە ناو گوند و دابەش بووینە سەر ۲ ماڵ. پاش نان خواردن و ماوەیەک حەسانەوە، گوندەکەمان بەجێ هێشت و بەرەو هەزارگەلی کە شوێنێکی باش بوو بۆ مانەوە وەرێکەوتین.
وا بزانم لای سەعات ۳ی بەرەبەیانی پاش پێوانی رێگایەکی دوور و درێژ و ماندوبوونێکی زۆر گەیشتینە شوێنی دیاری کراو پاش دانانی نیگابان ڕاست نووستین . پاش حەسانەوە لای سەعاتی ۳ی ئێوارە بەرەو گوندی هەسپستان کەوتینە رێ و سەعاتی ٥ی ئێوارێ گەیشتنە ناو گوندی و دابەش بووین بە سەر ۲ ماڵدا. ، دوای نان و چاو خواردنەوە سەعاتی ٦ی ئێوارە لە گوندەکە وەدەرکەوتین و بەرەو شوێنی عەمەلیات کە کارخانەی خیزی دانشکەندە هەلکەوتوو لە سەر جاددەی ترانزیتی ئێران- تورکیە بوو وەرکەوتین و پاش پێوانی ۳ سەعات رێگا سەعات ۹ی شەو گەیشتینە لای کارخانەی خیز. هەرکە زانیمان هیچ هێزێکی نیزامی لە ناو کارخانە دا نییە دەستمان بەسەر کارخانەکە دا گرت و تەواوی وەسائیل و ماشینئالاتی ناو کارخانەکەدا ئاورمان تێبەردا. دیارە نیگابانی کارخانە کابرایەکی کورد بوو و برای شەهیدێکی حیزب بوو و خۆی و بنەماڵەکەی هەر لە ناو کارخانەکە دا دەژیان. ئێمە پێش ئەوەی کارخانەکە ئاور بدەین داوامان لێکرد کە تەواوی وەسایلی شەخسیی خۆی لە ناو کارخانەکە بیبەنەوە دەر. ئەوەی کە جالب بوو کورەکەی کە نیزیک بە ۱٥ ساڵانە بوو و خەریکی کێشانی وەسائیلی نێو مالەکەیان بوو ،هەر زوو زوو دەهاتە لای حوسین و دەیگوت: جناب فرماندە تو بە خدا فرمان ندە، خودێ کووشکە ماوە( واتە کەمێکی ماوە) .


پاش تەواو بوونی عەمەلیاتەکەمان بەرەو گوندی بلوولئاوا وەرێ کەوتین. قەرار بوو بەرەو پشتی گوندی تەپک و گرمەنجەل بروین . سەعاتی ۱ یا ۲ شەو لە تەنیشت گوندی بلوولئاوا تووشی کەمینی دوژمن بووین و پاش شەرێکی کورت کوشتنی ۲ پاسدار کە فەرماندەی موڵگەی بلوولئاوا و بێسیمچیەکەی بوون، بە سڵامەتی لەو کەمینە نەجاتمان بوو و درێژەمان بە رێگاکەمان دا. پاش بڕێک رۆیشتن لە شوێنێک دانیشتن و بریارمان دا کە پاش دەرگیریی گوندی بلوولئاوا شتێکی عاقلانە نیە گەر بۆ لای گوندی تەپک و گرمەنجەل بچین و بریارمان دا کە برۆینە گوندی سنجی و بە رۆژ لەو گوندە بمینینەوە.


هەستاین بەرەو گوندی سنجی ملمان بە ڕێگاوە نا. هەر خوا دەزانێ چەندە ماندوو بووین. ئەو هاورێیانە کە بەلەدی ئەو ناوچانە دەزانن کە ڕێگاکەمان چەندە دوور و درێژ بووە و برینی ئەو هەموو هەوراز و نشیو و شاخ و دول و دەشتە،دەرباز بوون بە سەر لەو هەموو جوگە و چوم و باتلاق و قوپیەو پاش دەیان سەعات رێگە برین ، هێشتا زۆرمان مابوو بگەینە گوندی سنجی . بە هەموو هێزەوە بەرەو پێشەوە دەڕویشتن . وردە وردە وڵات رۆناک دەبووە، ئێمە هێشتا لەو دەشتاییە بووین و هەرچی کردمان نەگەیشتنە گوندی سنجی. دنیا بەتەواوی رووناک ببوو کە گەیشتینە تەنیشت گوندی سنجی و بۆیە بە سەڵاحمان نەزانی بچینە ناو گوندەکە و بە ناچاری بەرەو گوندی تازەکەند وەرێکەوتین و توانیمان لای سەعات ٦ی بەیانی کە رۆژ دەرکەوتبووخۆمان بگەیەنینە دۆڵێکی هەڵکەوتوو لە نێوان گوندەکانی سنجی و تازەکەند کە تەقریبەن فاسلەکەی لە گەل شاری ورمێ هەر۱٠ کیلومترێکە.

دیارە من نووسەر نیم و گێرانەوەی بیرەورییەک کە ۲۸ ساڵ لەمەوبەر رووی داوە کارێکی ئاسان نیە، بویە بۆ هەر کەم و کۆریەک داوای لێبوردن لە خوێنەرانی بەڕێز دەکەم .


هەر وەک لە بەشی پێشوو دا باسم کرد سەعاتی ٦ ی بەیانی گەیشتینە ناو ئەو دۆڵە کە هەلکەوتوو لە نێوان گوندەکانی سنجی و تازەکەندە. کە چاومان گێرا کانیاوێک لە وێ بوو و لە دەوروبەری کانیاوەکە دانیشتن و دەست و چاومان شۆرد و دەبوایە هەر لە وێ ماباینەوە ،چوونکی تازە ئیدی چارەیەکی ترمان نەمابوو ، ئەگینا ئەو شوێنە ئەگەر بۆ هەموو شتێک گونجاو با ، بەڵام بۆ مانەوەی تیمێکی پێشمەرگە گونجاو نەبوو ئەویش لەو دۆخەی کە شەو عەمەڵیات کراوە و ئیمکانی تەعقیب زۆر زۆرە. زۆر ماندوو و نیگەران بووین، چونکە هەر هەموومان دەمانزانی کە رۆژێکی خوشمان نابێت. دیارە کارێکی دروستمان کرد کە مەسیرەکەمان گۆری . پێویستە بگوترێ کە پاش ئەو دوو زەربەیەی کە لە دوژمن کەوتبوو، هێزەکانی رێژیم وەک ورچی برینداریان لێهاتبوون و تەواوی بەرزاییەکانی لای هەزارگەلی و پشتی گوندەکانی گردەبلێژ و هەسپستان و تەپک و گرمەنجەلیان بە هێزێکی زۆر تەنی بوو.


دیارە دوژمن دەیزانی ئێمە چەند کەسین و دەیانزانیش کە فەرماندەکەمان کاک حوسین ە(رووحی شاد). دەتوانم بڵێم لە گەل ئەوەی هەموو ماندوبوون و نیگەرانییەکەش هی هەموومان بوو، لە لایەکی دیکە ش زۆر خوشحال بووین،لەوەی کە عەمەلیاتەکەمان زۆر بەباشی ئەنجام دابوو و بە قرمەی مووشەکی ئارپیجی بێ دەنگی شەوی شاری ورمێ مان شکاندبوو و موژدەی بوونی پێشمەرگەمان لە ناو دڵی ورمێ بە خەلکەکەمان دا بوو. هەڵبەت ئەوەی کە موعجزە ئاسا لەو کەمینە بە سڵامەتی نیجاتمان ببوو گەورەترین سەرکەوتن بوو بۆ ئێمە، چوونکی کەمینێکی زۆر پڕ مەترسی بوو. کاک محەممەدتاهیر و کاک فەیسەل(رووحی شاد) تەواو گەیشتبوونە نێو کەمینی پاسدارەکان و بەڕاستی موعجزە ئاسا نیجاتیان بوو و ئەوەش سەرکەوتنێکی باش بوو بۆ ئێمە
ئەمن لە بەر ئەوەی ئارپیجیم پێبوو همیشە لە دواوە دەرۆیشتم و ئێمەش بۆ ئەوەی لە کەوتنە کەمینی دوژمن بە دوور بین هەوڵمان دەدا کە بەرێگای ماشین یا پیادەرۆەکاندا نەرۆین و زیاتر لە ناو زەوی و زاری خەلک و شوێنی بێ ڕێگا دا دەرۆیشتین . بۆیە قەت باوەرمان نەدەکرد کە لە ناوەڕاستی ئەو زەوی و دەخڵ و دانەدا تووشی کەمین بین. لە بیرمە ئەمن لە ناو بیر و خەیاڵاتم دا نوقم ببووم و دروست لەو کاتە دا لە ناو خەیاڵم دا لە ورمێ و لە بەر دەرگای ماڵی ئێمە بووم و لە دەرگای ماڵم دەدا و بە هێواشی بانگی دایکم دەکرد کە دەرگامان بۆ بکاتەوە تا برێک لە باوەشی گەرمی دایکم دا بحەسێمە وە و سەر خەوێک بشکێنم ، لەو کاتە دا زۆرم پێویستی هەم بە خەو و هەم بە باوەشی گەرمی دایکم بوو. کە تەقە دەستی پێ کرد چەندساتێک نەمزانی چ خەبەرە و هەر بۆیە لە جیگای خۆم راوەستام . کاتێک هاتمە سەرخۆم و زانیم لە کەمین کەوتووین ، سەرەتا هیچ یەک لە هاوڕێیانم نەدی و وامزانی هەموویان شەهید بوونە. پاشان کاک ئەیووب (رووحی شاد) وتی مەجید دانیشە، ئەوەبوو خۆشی کرد بە تەقە.


پاش ئەوەی تیمی پێشرەوی ئێمە بە سڵامەتی گەیشتنە لامان ئێمە دەست بەجێ شوێنەکەمان گۆڕی و درێژەمان بە رێگاکەماندا. بە هەر حاڵ پاش گەیشتنمان بۆ ئەو دۆڵە کاک ئەیووب مان ( رووحی شاد) وەک نیگابان دانا و ئەوانی دیکە بۆی نووستین. زۆری پێنەچوو ، وابزانم لای سەعات ۸ ی بەیانی بوو کە کاک ئەیووب ئێمەی وەخەبەر هێناو و وتی: ئەوە شوانێک کە هێندێک مەری پێ بوو هاتە ئێرە و ئێمەی دی و کە لە دوورەوە لێم پرسی کوری کێی و خەڵکی کوێی؟ وتی : کوری مەحموودم و خەڵکی گوندی تازەکەندم. مەحموود جاش و سیخورێکی زۆر پیسی ئەو گوندەیە زۆریش هەوڵمدا کە ئەم شوانە بیگرم ، بەڵام بەداخەوە بەرەو گوندی خویان ڕایکرد!. هەر زوو خۆمان حازر کرد و بەرەو گوندی تازەکەند وەرێکەوتین بە هیوای ئەوەی پێش بەگەیشتنی شوانەکە بۆ گوندەکەیان بگرین و لای خومان ڕاگرین. بەڵام مخابن وەدرەنگ کەوتین و شوانەکە باوکی چڵکاوخۆر و خۆفرۆشی لە بوونی ئێمە ئاگادار کردبۆوەوە و مەحموودی خائێنیش یەکسەر سواری پێکانێک ببوو و بەرەو ورمێ کەوتبۆوە رێ. لە نیزیکی ڕێگاکە بووین کە پێکانەکە هات. ویستمان ماشینەکە ڕاگرین بەڵام نەگیشتینە سەرجادەکە و نەمان ویسیت تەقەی لێ بکەین و لە ڕاستی دا نەمان زانی مەحموودە خوفرۆشەکەیە و هەر بۆیەش دانیشتین و خۆمان نیشانی سەرنشینەکانی ناو ماشێنەکە نەدا.
پاش ئەوەی ماشینەکە رۆیشت ئێمە بریارمان دا بچینە ناو گوندی تازەکەند و لە وێ بمینینەوە و ئەگەر مەحموودیش لە ماڵی خۆی بێ بیگرین. لای سەعاتی ۱۱ی بەیانی گەیشتینە ناو گوند و ویستمان یەکسەر بچینە سەر ماڵی مەحموود کە چەند کەسمان دی و وتیان وەڵا حەتمەن دەبێ مەحموود ئێوەی دیبێ بۆیە ئەوا بە پەلە خۆی و مندالەکانی سواری ماشێن بوون و ڕۆیشتن، بەخوا حەتمەن راپورتتان لێدەدا و پاسدار دێن و دەبیتە شەر و گوندەکەمان وێران دەبێ و خەڵکێکی زۆر دەکوژرێ

.
سەرەتا بریارمان دا لە نێو گوند بمینینەوە و چاوەروانی هاتنی هێزی دوژمن بین، بەڵام پاشان بە هۆی ئەوەکە خودی گوندی تازەکەند زۆر بچووک بوو و خەڵکی گوند زۆر لە بەر ئێمە پارانەوە، بۆ پێشگری لە تەلەفاتی خەڵکی مەدەنی و کاول نەکردنی گوند لە لایەن کوماری ئیسلامی وازمان لە بڕیاری مانەو لە نێو دێ هێنا. خولاسە سەعاتی ۱۳ ی نیوەرۆ گوندمان بەجێ هێشت و بەرەو پشتی گوند وەرێ کەویتین بێ ئەوەی لە خومان بشێوینین بە باوەر بە خۆ بوون ،وەک چەند بەچکە شێری بە پێشمەرگایەتی فرچک کراوی دێموکرات و هەڵۆ بەرزە فڕەکانی مەڵبەندی شیمال و هێزی ئاگری لەو کات و ساتە هەستیارە دا و لە ۱٠ کیلومتریی شاری ورمێ بریاری نەسرەوتن تا سەر کەوتنمان دا. پاش ۲ سەعات رێگا برین گەیشتینە سەر کانیاوێک لە نێوان گوندەکانی تازەکەند و خرابە. دەست بەجێ چاییەکمان دانا. چای کە حازر بوو باوەر بکەن بۆ ئێمە وەک حەبی موسەکن وا بوو. نان و پەنیرێکی باشمان خوارد. باش لە بیرمە کاک فەیسەل ( رووحی شاد) چەند نانێکی بە چای شیرین خوارد و بە قسە یەکجار زۆر شیرینەکانی مەجلسی ئێمەی بە تەواوی گەرم کردبوو. کاتێک کاک حوسین (رووحی شاد) لێی پرسی فەیسەل ئەوە بۆ هێندە نان دەخۆی بە پێکەنیەوە وتی وڵا کاک حوسین دەزانم ئەمرۆکە هەر دەمرم کە وایە پێم خوشە بە زکی تێر بمرم تا بە زکی برسی.

هەر وەک پێشتر باسم کرد نان و چایەکی باشمان خوارد و کە تەواو بووین لە نان خواردن ، وەزعی جسیمان بڕێک باشتر بوو و بە قەولی فەیسەل زکی تێر باشتر بوو لە زکی برسی، بەڵام بێ خەوی تاقەتی پێ بری بووین و دروست ۲٤ سەعات بوو کە بەڕێوە بووین ، ئەگەر لە وێڕای هەزارگەلییەوە حیساب بکەین. ئەگەریش لە بنکەی حیزب لە قەرەغانەوە حیساب بکەین ئەوە دروست ٥٥ سەعات بوو کە بەڕێوەوە بووین. لە سەرەوەی ئێمە گەروویەک هەبوو هێندێک بەرد لەوێ بوون کە تەقریبەن ۲٠ دەقیقەیەک لێمانەوە دوور بوو. بەرەو ئەوێ هەڵکێشاین. کە گەیشتنە ئەوێ شوێنەکە زال بوو بە سەر گوندی خرابە و یەک دوو گوندی دیکە کە ناویان نازانم .دانیشتن و کونترولی ناوچەکەمان کرد هیچ خەبەرێک لە جموجۆلی دوژمن نەبوو. لە نێوان ئەو شوێنەی کە لێی بووین و شاخی شێخ بازید دەشتاییەکی لێ بوو کە تەقریبەن٢بۆ ٣ سەعاتێک ڕێگا بوو. هێندێک لە هاوڕێیان پێیان وابوو کە مادام تا ئێستا هیچ نەبووە و هیچ خەبەرێک لە جموجۆلی دوژمن نییە باشترە وەرێ بکەوین و دەربازی شاخی شێخ بازید بین باشترە. هێندێکیش پێیان وابوو نە باشترە هەر لە جیگای خومان بین چاوەرێ هاتنی دوژمن بکەین کە حەتمەن دوژمن دێت. بە هەر حال وا ساخ بووینەوە کە هەر لەو شوێنە بمینینەوە. لە تەنیشتی ئێمە زەوییەک هەبوو کە پێم وابێ زەویی نۆک بوو. نیگابان دەبوایە برێک بە سینگەخشکە لە ناو ئەو زەویە دا رۆیشتووبان تا دیدی باشتریان هەبوایە. ئەیووب وەک نیگابان دیاریمان کرد و ئەوانی دیکەش نووستین. شایەد بۆ خوێنەری بەڕێز جیگای پرسیار بێ کە بۆچی هەر ئەیووب وەک نیگابان دادەنرا. لە وڵام دا دەڵێم لەو تیمەی ئێمە هەر ئەیوب و مەلا قاسم خەڵکی ئەم ناوچەیە بوون و شارەزا بوون. دیارە مەلا قاسم کادری دەرمانی بوو و هەر بۆیەش زیاتر ئەیوبیان دادەنا.کاتی نیگابانی ئەیووب تەواو بوو و هاتەوە تا بانگی نیگابانی دیکە کە فەیسەل بوو بکا. فەیسەل کە تازە نووستبوو و زۆریش ماندوو بوو ،وەخەبەر نەدەهات و ئەیووبیش هەر بانگی دەکرد. خولاسە هەموومان وەخەبەر هاتینەوە. بە هەر حاڵ فەیسەل وەخەبەر هات و لە گەل ئەوەی هەر دەیگوت تازە ئێوارە و هیچ نابێ خۆی حازر کرد. لەو کاتەی کە ئەیووب بە مەبەستی وەخەبەر هێنانەوەی فەیسەل شوێنی نیگابانیی بەجێ هێشتبوو ۲٠ دەقیقەیەکی خایاند و دروست سەعات پێنج و هەڤدە دەقەی ئێوارە بوو کە فەیسەل بەرەو شوێنی نیگابانی وەڕێکەوت. هێشتا چەند میترێک لە ئێمە دوور نەکەوتبووە کە هاواری کرد ئای تۆیۆتا، بەڵێ لەنەکاو تۆیۆتایەکی پر لە پاسدار گەیشتە لامان. کاک محەممەدتاهیر دەستی بە تەقەکردن لە پاسدارەکان کرد کە بە داخەوە تفەنگەکەی گیری کرد. ئەمن هەستامەوە سەرپێ ویستم بە ئارپیجی لە ماشێنەکە بدەم بەڵام حوسێن نەیهشت و وتی گولەکان بۆ ماشینی دۆشکا و تۆپی ۱٠٦ بهێلە کە بریا بە قسەی ئەوم نەکردبایەوە و بە مووشەکی ئارپیچی ماشێنەکەم تێکشاندبا. لە فاسیلەی ۳٠_٤٠ میتریی ئێمە هێندێک بەرد هەبوون ، پاسدارەکان لە ماشێنەکە دابەزین و چوونە ناو بەردەکان و سەنگەریان لە بەرابەری ئێمە گرت و دەستیان کرد بە تەقەکردن لە ئێمە و ماشینەکەشیان گەرایەوە بۆ دواوە. ئێمە دەستمان کرد بە هێرش کردن بۆ سەر سەنگەرەکانی ئەوان و لە شەرێکی دەستە و یەخە و قارامانانە بۆ ماوەی چەند دەقیقەیەک تەواوی ئەو پاسدارانەی کە لە ناوماشێنەکە دابەزی بوون توانیمان بکوژین یا برینداریان بکەین. بەڵام هێزی یاریدەدەری دوژمن لە هەموو لایەکەوە کە بە سەدان کەس دەبوون لە سەنگەرەکانی ئێمە نیزیک دەبوونەوە.. شەرێکی گران و نابەرانبەر لە نێوان هێزی بە ئیرادە و باوەری گەڵ و دوژمنی دژی گەلی گەرمتر دەبوو . فەیسەل لە پشتی بەردێک سەنگەری لە دوژمن گرتبوو و شەری دەیان پاسداری دەکرد و بانگی کردم و وتی وەرە لێرە. منیش یەکسەر چوومە لای ، کە لێی نیزیک بوومەوە فەیسەل داوای تەسلیم بوون لە پاسدارێک دەکرد کە بە برینداری کەوتبووە ناو زەوییەکە. لەو کاتە دا دیتم کە چەند گولەی زۆر خەتەر لەو بەردە کەوتن کە فەیسەل لە پشتی سەنگەری گرتبوو . بانگی فەیسەلم کرد و گوتم دانیشە کاکە لێت دەدەن و چەند جارێک تێکرارم کرد تا گەیشتمە لای. بەڵام فەیسەل لە کوێ و دانیشتن و خۆ چەماندن لە کوێ. فەیسەل عادەتەن هەر لە سەر پێ شەری دەکرد و هەڵمەتی دەبردە سەر دوژمن. بەڵێ کە گەیشتمە لای لە نەکاو وتی ئای… و پاشان بەسەر پشتی دا کەوتەخوارێ. ئای چەند دیمەنێکی جەرگبڕ و تاڵ و دەردناک بوو. دەڵێن شاخ نارۆخێ بەڵام بە چاوی خۆم بینیم کە شاخێکی گەورە لە بیر و باوەر و ئیرادە خەڵتانی خوێنی پاکی خۆی بوو و ئیدی چی دی بە پێوە نییە. هەرچی بانگم کرد جوابی نەبوو . بەداخەوە گولەیەک دروست لە نێو چاوانی کەوتبوو و خوێن لە پشتە ملی بە خور دەچۆڕا. هیچم بۆ پێ نەکرا و بریارم دا کە تفەنگەی هەڵگرم ئیدامە بە شەر بدەم. دەستمالێکی لەو دەستماڵانەی کە پاسدارەکان لە ملی دەکەن لە ملی شەهید فەیسەل دا بوو . پاش ئەوەی بە گەرمی باوەشم بە جەنازەکەی دا و کرد ماچم کرد، ئەو دەستماڵەم دەرهێنا بەسەر دەم و چاوی دا راکێشا(ئێمە بۆ تیمی نێو شار لە لیباسی پاسدار و نیشانەکانی ئەوان کەلکمان وەردەگرت کە یەکیان ئەو چەفیە بوو کە باسم کرد) و خەریک بووم کە رەختەکەی و هەر وەها گولە ئارپیجییەک کە پێبوو دەربینم، دیتم کە هێزەکانی رژیم گەیشنە ناو ئەو بەردانە کە پێشتر ئێمە لێی بوون و زۆر بە توندی تەقەیان لە ئێمە کرد و ئیدی مانەوە لەو شوێنە مەحاڵ بوو و نەمتوانی ڕەخت و گولە ئارپیجیەکە بێنم.
سەنگەری من بوو بە جەنازەی شەهید فەیسەل و هێزەکانی دوژمن جار بە جار لە سەنگەری ئێمە نیزیکتر دەبوونەوە و هەر بویە ناچار بووم بۆ ئاخەرین جار مالئاوایی لە نیزیکترین رەفیق و هاوسەنگەرم بکەم و جەستەی بێ رووحی بە تەنیایی بەجێ بێلم و تفەنگەکەی لە گەڵ خوم بێنم و بگەرێمەوە بۆ دواوە بۆ لای هاوڕێکانم.کاتێک گەیشتمە لای هاوڕێیانم دیتم کە محەممەدتاهیر لە پشت بەردێک بوو و شەری دەکرد. چومە لای ، کە تفەنگەکەی فەیسەلی بینی کە بە دەستی منەوەوەیە یەکسەر پرسی کوا فەیسەل. وتم بەداخەوە فەیسەل شەهید بوو ، محەممەدتاهیر زۆر ناراحەت بوو. ( م )کە لەو لا بوو کاتێک کە بیستی کە فەیسەل شەهید بووە بە دەنگێکی بەرز بانگی کرد حوسین فەیسەل شەهید بووە و هەموو هاوڕێیان لە شەهید بوونی فەیسەل ئاگادار بوون و دوژمنیش ئەوەی بیست


پاش شەرێکی یەک سەعاتەی قورس و نابەرانبەر حوسین (رووحی شاد) دەستوری پاشەکێشە بۆ لای رۆژهەڵاتی مەیدانی شەڕەکە دا کە تەنیا ڕێگای بڕێک ئاوەلا بوو وشیوێک بوو شوردەبووە سەر جادەی تازەکەند و خرابە بکەین. ئێمە لە ناو جۆگەی ئاو دا کە تەقریبەن وشک ببوو حەرەکەتمان دەکرد. بە دەیان و بگرە سەدان چەکداری رژیم بە هەرچی چەکی بە دەستیانەوە بوو تەقەیان لێ دەکردین. تەقەکە هێندە توند بوو کە تەنانەت ۲٠ میترێک دەرویشتین چەند جار بەردە بووینەوە. دیارە زۆر تەقەیان لە من دەکرد کە پێموایە لە بەر ئارپیجییەکەم بوو. دیارە هاورێیانیش بێ وڵام نەبوون و تەقەی خویانیان دەکرد ، واتە دەستەیەک شەریان دەکرد و ئەوانی دیکە پاشەکێشە و پاشان ئەوان شەریان دەکرد تا هاوڕێیانی دیکە دەهاتن. خولاسە ئەم وەزعیەتە نیزیکەی ٤٠ دەقیقەیەکی خایاند تا گەیشتنە شاڵاوێک(آبشار). کە من گەیشتمە سەر بەردەکە تا خۆم فرێدەمە خوارەوە زۆر بە توندی تەقەیان لێ کردم و منیان فرێدایە خوارێ. گولەيەک وە لاقم کەوتوو و هەروەها چەندین ساچمەی بەرد و گولە وەهەردوو لاقم کەوتن و بە سووکی برینداری بووم. چەند هاوڕێ و لە ناویشیاندا حوسین (رووحی شاد) پێشتر گەیشتبوونە ئەوێ. کاتێک لە شاڵاوەکە دا کەوتمە خوارەوە کە نیزیکەی دوو میترێک بەرز بوو حوسین هاواری کرد و وتی ئای وەلاهی مەجیدیش شەهید بوو. دەست بەجێ هەستامەوە وتم نە من هیچم لێ نەهاتووە. حوسین وتی هەی دختر کش! ( ئەوە قسەیەکی حوسێن بوو هەمیشە تیکراری دەکرد) وەلا زۆر ترسام فکرم کرد ئەتووشمان لە دەست دا. تۆ حەتمەن سڵامەتی خۆ بریندار نەبووی. وتم نە نە من باشم


دیارە پێویستە بگوترێ کە حوسین زۆر منی خوش دەویست و زۆر جاران بە دختر کوش بانگی دەکردم دیارە منیش رێز و خوشەویستیەکی تایبەتم بۆی هەبوو. لە چەند مەئمووریەتی ناو شاری ورمێ و دەوروبەری لە گەلی بووم . لەسالی ۱۳۷٠ کاتێک خۆی ئامادە دەکرد بۆ مەئمووریەتەکی دیکە ئاخەرین مەئمووریەتی بوو و بە داخەوە خۆی و هەڤالێکی شەهید بوون و ٤ لە هاورێیانی بە دیل گیران و تیمەکەیان بە تەواوی لە ناو چوون، زۆری هەولدا کە کاک تەیمور مستەفایی کە بەرپرسی مەڵبەندی شیمال بوو قانیع بکا تا منیش لە گەلی برۆم بۆ ئەو مەئمووریەتە و منیش زۆرم هەول دا زۆریش پێم خوش بوو لە گەلیان بروم بەڵام لە بەر ئەوەی ئەو کات من بێسمچیی مەلبەند بووم کاک تەیمور وتی نابێ. دیارە کاتێک خواحافیزیمان لە یەکتر خواست وتی مەجید گیان خەم نەخۆ ئەگەر عەمر باقی بێ حەتمەن پاییزێ پێکەوە دەچینە مەرەخەسی. بەڵێ پاش ئەوەی هاوڕێیانی دیکەش بە سڵامەتی گەیشتنە لامان ، درێژە بە رێگاکەمان دا تا گەیشتینە سەر جادەکەی نێوان خرابە و تازەکەند. لەو کاتە دا تراکتورێک گەیشتە ئەوێ . کاتێک شوفێرەکە ئێمەی بینی زانی کە پێشمەرگەین وتی ئەوە لێرە چی دەکەن خو هەموو شوێنێک پر لە پاسدارن. وتمان دەزانین و ئیدامە بە رێگات بدە هەر وەک ئەوەی ئێمەت نەبینیبیت. هەر کە تراکتورەکە رۆیشت هێزێکی ۲٠_۳٠ کەسی دوژمن گەیشتنە لامان و ئەوانیش تراکتورەکەیان راگرت و پاش بڕێک قسە کردن لە گەل شۆفێرەکە ئیجازەیان دا کە تراکتۆرەکە بروات. لە پێشدا زۆر نیگەران بووین کە شوفێرەکە گوزارشمان لێ بدا و دیسان دەرگیر بینینەوە کە ئەگەر دیسان دەرگیر بباینەوە تازە نەجاتمان نەدە بوو. بەڵام خو هەموو کەس مەحموودی خوفروش و چلکاو خور نییە.
زۆر باش بوو ئێمەیان نەناسییەوە و پێیان وابوو کە هێزەکانی خویانین و هەر لە دوورەوە سڵاویان لە ئێمە کرد و ئێمەش سلاومان لە وان کرد و ئەوان بەرەو ئەو شوێنە کە ئێمە لێ دەرگیر بووین هەلکێشان و ئێمەش عەکسی ئەوان بەرەو سەر تەپکەیەک کە لەو لای جادە بوو هەلکێشاین. پاش ۱٠ دەقەیەک رێگا گەیشتینە سەر تەپولەکە کە زاڵ بوو بەسەر گوندی کۆسە ئەحمەد و هەروەها دروست لە بەرانبەر هێزەکانی دوژمن کە ۱٠٠ میترێکمان لێ دوور بوون و ئەوانیش تازە گەیشتبوونەتە ئەوێ و بە قەولی خویان تازە بە تەواوەتی دەوری ئێمەیان دابوو دانیشتن تا هەوا تاریک بوو.

وردە وردە شەودا هات و وەک دەڵێن شەو قەڵای مەردانە، تازە ترسمان لە دوژمن نەمابوو و خەریکی بیرو را گۆڕینەوە بووین کە چی بکەین بۆ کوێ بڕۆین؟ دیارە لە دەست دانی قارەمانێکی وەک شەهید فەیسەل زۆری خەمباری کردبووین ، بەڵام دەمانزانی کە لە شۆڕش دا ئەو شتانە هەن و ئازادی نرخی دەوێ
من حالم زۆر باش نەبوو و دیمەنی شەهید بوونی فەیسەل بەردەوام لە بەرچاوم و هەروەها برینداریش لە لایەکی دیکە و لەوەش خراپتر لە تەواوی شەرەکە دا تا یەک فیشەکم نەتەقاندبوو و ئەسلەن شارەزاییشم لەو ناوچەیە نەبوو بۆیە بڕێک شڵەژا بووم. من و ئەیووب لە لای یەک دانیشتبووین ، لاقی چەپم زۆر ئازاری هەبوو . گولە سەرەوەی ڕانمی پێکابوو و تیکەدیەکیش لە تەنیشتی چووکم کەوتبوو و هەر وەها چەند تیکەیەکیش لە هەردوو لاق و رانم کەوتبوون و ئازاری زۆریان هەبوو، بەتایبەت لە کاتی رێگا رۆیشتندا. پانتٶلم هەمووی بە خویناوی بوو. نەمدەویست هاوڕێیان لە بریندار بوونم ئاگادار بن. پێش حەرەکەت کردنمان ویستم برۆمە سەر ئاو . کە ویستم هەستمەوە سەرپێ نەمتوانی. جاری دووەم کە هەستامەوە سەرپێ خوم پێ رانەگیرا و بەربوومەوە. ئەیووب زانی بریندارم و تەماشای لاقمی کرد خوێنی بینی و وتی خۆ تۆ برینداری و یەک سەر بانگی حوسینی کرد و وتی وەرە ئێرە. حوسین هات و وتی خێرە؟ ئەیووب پێ وت خۆ مەجید بریندارە.
ئەوە بوو یەکسەر هەستامەوە سەر پێ وتم هیچ نییە برینەکەم سووکە با حەرەکەت بکەین. حوسین وتی موتمەئێنی کە دەتوانی بڕۆی؟ وتم بەڵێ موتمەئێنم . وتی زۆر باشە بەس ئارپیچی و تفەنگەکەی شەهید فەیسەل بدە بە هاورێیانی دیکە تا بارت قورس نەبێ ، وتم پێویست ناکا و من لە ئێستا و بە دواوە هەم مەجیدم هەم شەهید فەیسەل . بەرەو گوندی چرێ وەرێ کەوتین و پاش یەک و دوو سەعاتێک گەیشتینە تەنیشت گوندی خرابە و پاش ئەوەی زانیمان کە هیچ هێزێکی دوژمن لە ناو گوند دا نییە چووینە ناو گوند و هەموو پێکەوە چووینە مالێک. سەرەتا پێیان وا بوو پاسدارین چوونکی گوند بە رۆژ پر لە پاسدار بوو ، بەڵام پاشان ئێمەیان ناسی یەوە و زۆر بە گەرمی پێشوازیان لێ کردین. پرسییان کە ئێوە بوون ئەمرو لە پشت گوندی تازەکەند دەرگیر ببوون؟ وتمان نە ئێمە نەبووین بەڵام شایەد هاورێیانی ئێمە بن و پاشان پرسیمان کە هیچ خەبەرێکتان هەیە لە سەر شەڕی ئەمڕۆ. کابرا وتی وەڵاا ڕێژیمم چەند کوژراو برینداری هەبوو و چوار جەنازەیان بە نێو گوند دا بردیان بۆ ورمێ و هەروها بە داخەوە جەنازەی پێشمەرگەیەکشیان هێنا و بردیان بۆ ورمێ. کابرا هەروەها وتی فەرماندەی زەربەت وتووە دژە شورشەکان (ضد انقلاب) تیمێکی ۷ کەسی بوون و یەکیانمان ئەمرۆ کوشتووە و یەکشمان لێ بریندار کردووە و توانیان لە دەستمان رزگار بن ، بەڵام چوونکی برینداریان پێیە و دەزانین کە ئەوان بریندارەکەیان بەجێ ناهێلن کە وایە بۆ کوێ دەرۆن؟ دەزانین کە بۆ بەیانی خۆیان دەگەیەننە شاخی شێخ بازید و ئێمەش بەیانی دەوریان دەدەین و هەموویان یان دەکوژین یا بەدیلیان دەگرین.
ئەوە خەبەرێکی خوش نەبوو بۆ ئێمە ، چوونکی قەرار بوو چەند سەعاتێک لە خرابە بمێنینەوە و برێک ئیستراحەت بکەین و پاشان بەرەو شاخی شێخ بازید بچین و بە رۆژ لەوێ بمینینەوە و هەر بۆیەش پاش ئەوەی نان و چایەکمان خوارد، ئامادەی حەرەکەت بووین. دیسان کاتێک ویستم هەستمەوە نەمتوانی و بە هاوکاریی هاورێیان هەستامەوە و وامنیشاندا کە کە لاقم بەهۆی زۆر دانیشتنەوە “سڕ” بۆتەوە . پاش مالئاوایی خواستن حەرەکەتمان کرد بەڵام زانیان کە بریندارم. پاش ئەوەی لە گوند وەدەرکەوتین لە شوێنێک دانیشتین تا بزانین چی بکەین و بۆ کام مەسیر بڕۆین؟ بەڵێ پاش بڕێک قسە کردن بریارمان دا کە مانەوە لە شاخی شێخ بازید گونجاو نییە و بەڕەو دەوروبەری گوندی کوورەی خوارێ بڕۆین و بە ڕۆژ لەوێ بمینینەوە هەروەها هاوڕێیان پێیان گونجاو نەبوو کە من لە گەڵیان بروم چوونکی وا یان دەزانی من ناتوانم بە برینداری ئەو هەموو ڕێگایە بڕۆم و وتیان کەوا باشترە لەو نیزیکانە لە گوندێک داتنێن و تا باش دەبییەوە و پاشان ئەندامانی تەشکیلاتی نهێنی دەتگەیننەوە ناو حیزب


من قەبووڵم نەکرد و قەوڵم دا کەهیچ نابێ و دەتوانم لە گەلیان بڕۆم و ئارپیچی خۆم و تفەنگەکەی شەهید فەیسەلیش هەڵگرم. پاش ئەوەی هاوڕێیان زانیان کە قەبووڵ ناکەم لێیان جیاببمەوە، هەستاین و کەوتینە ڕێگا . مەلا قاسم وەک بەلەد وە پێش کەوت . هەمووی شەوەکە بەڕێوە بووین و زۆر بە توندی دەرۆیشتین. ئەوانەوەی تەنیا جارێک لە گەل مەلا قاسم بووبن چاک دەزانن کە دەبێ حاڵمان چۆن بووبێ؟ خولاسە بۆ سەعات دەوروبەری ٤ی بەیانی گەیشتینە شوێنی دیاری کراو. شوێنەکە ئەسلەن باش نەبوو بۆ مانەوە، بەڵام هیچ چارەمان نەبوو و دەبوایە هەر لە وێ ماباینەوە.

لێرە بە پێویست دەزانم کە هەڵەیەک کە لە بەشی ٤ دا هەبووە ڕاست بکەمەوە.” من نوسیبووم کە: پاش تەواو بوونی شەر چووینە گوندی خرابە. بەڵام ئێمە نەچووینە گوندی خرابە، بەڵکوو ئێمە چووینە گوندی چڕێ“.
بەڵێ پاش گەیشتنمان بۆ دەوروبەری گوندی کوورەی خوارێ، دەبووە ناوچەی ئەنزەل خۆمان لە شوێنێکی بێشک کە هێندێک بەردی لێ بوون شاردەوە و ناچار بووین لە بەر هەتاو و لەڕۆژێکی زۆر گەرم دا تا سەعاتی ۷ ئێوارە بە بێ ئەوەی بتوانین بچووکترین جووڵە بکەین بە راکشاوی بمینینەوە. نازانم کە هاوڕێیانی دیکە توانیان بڕێک بخەون یا نە ،بەڵام من بخۆم هیچ نەخەوتم، چوونکی لە لایەک هەوا زۆر گەرم و زۆرم تینوو بوو لە گەل ئەوەی هەر ٥٠ میترێک لە ئاو دوور بووین ،لە لایەکی دیکەش برینەکانم ئازاری زۆریان هەبوون
ڕۆژ بەرەو ئاوا بوون چوو ئێمەش هەستاین و چووینە سەر ئاوەکە و دەست و چاومان شۆرد و تێر ئاومان خواردەوە و بڕێک نانمان خوارد و کەوتینە ڕێگا. دیسان مەلا قاسم وە پێش کەوت و ئێمەش بە دوایدا. پێویستە بگوترێ کە لە بەر ئەوەی تەنیا مەلا قاسم و ئەیوب شارەزای ئەم ناوچەیە بوون هەر بۆیەش زیاتر مەلا قاسم وە پێش دەکەوت چوونکی ئەیووب لە رۆژی شەرەکە ڕەختەکەی لێ بەجی مابوو و تەنیا یەک خەشابی هەبوو هەر بویەش وە پێش نەدەکەوت. دیارە مەلا قاسم دەورێکی باشی هەبوو لە دەرباز بوونمان لەو ناوچانە، لە گەڵ ئەوەی دوژمن بە هەموو هێزییەوە هەوڵی دەدا کە تیمەکەمان تەفر و توونا بکات
پاش دوو یا سێ سەعاتێک گەیشتینە گوندی شێرەکا لە ناوچەی ئەنزەل. چووینە مالێک کە زانیان پێشمەرگەین بە ژن و پیاو و منداڵەوە دەوری ئێمەیان دا بوو و بە هەموو توانایانەوە خزمەتیان دەکردین . زۆر خوشحال بوون کە لەو شەرە نەجاتمان بووە. دیارە ماڵەکانی جیرانی وانیش هاتبوونە ئەوێ. شتێکی خوش کە گێرانەوەی پیویستە: خەلکەکە بە بینینی ئێمە زۆر خوشحال بوون و بە دابەش کردنی گورەوی و شالگەردەن و پۆزەوانەو ……… بە سەر ئێمە دا کە تایبەت ئامادەیان کردبوو بۆ پێشمەرگە دەیان ویست بە جوانی هەڵوێستی خویان نیشانمان بدەن کە چەندە بە دیتنی ئێمە خۆشحاڵن. نازانم عەمدەن بوو یا سوتفەن بەڵام هەرچی شتی سوور بوو دایان بە من و منیش تەنیا کەسی سوور بووم لە ناو تیمەکەماند( بە منیش دەگوترا ەجیدە سوور)ا. حوسین پرسی ئەرێ بوو هەموو شتی سوور دەدەن بە مەجید ی و منیش وتم قەیدی ناکات من کەیفم بە شتی سوور دێ. کاکە لە پڕا هەموو جەماعەت دایانە قاقای پێکەنین؟ پاش ۲ سەعات مانەوە لە ناو ئەو خەلکە شۆڕشگێر و مێوانپەروەرە گوندمان بەجێ هێشت بەرەو گوندی هەرمۆوێ وەرێکەوتین. لای بەیانی بوو کە گەیشتینە دەوروبەری گوندی هەرمۆوێ و لە شوێنێکی نیزیک ئاوایی ماینەوە. زۆر ماندوو و بێحال بووین. ٤ شەو و رۆژ بوو بەرێوەوە بووین، بە تایبەت ۳ شەو و ڕۆژ ئەسڵەن نەخەوتبووین. دیارە دروست ۳٦ سەعاتێک لە بریندار بوونم دەرباز ببوو هێشتا پانسمان نەکرابوو. هەرکە گەیشتینە ئەوێ مەلا قاسم برینەکانمی پانسمان کرد و یەک و دوو ئامپۆلی بنسیلینی بۆ عەمەل کردم و هیندێک حەبی موسەکنی دامێ. پاشان نان و چایەکم خوارد. ئیدی وردە وردە وەزعم باش بوو و بۆی نووستین هەتا لای ئێوارێ. کە ئێوارە هات بەرەو ناوچەی سۆما کەوتینە رێ . ڕێگایەکی دوور و درێژ و پڕ خەتەرمان لە پێش بوو. سەعاتی ٦ ئێوارێ کەوتینەرێ و لای بەیانی گەیشتیینە پشت گوندی سیناوا لە بناری شاخی دووگوهی بلمباسان. بەراستی ڕێگایەکی دوورو دڕێژ بوو . بیرلەوە بکەنەوە کە ئەتۆ ڕێگایەکی وەکوو ملەدڕێژت لە پێش بێت و چاساغەکەت مەلا قاسم بێ دەبێ حالێت چی بێ( مەلا قاسم لە ڕێگا ڕۆیشت دا نە ماندوو دەبوو و نە دەیزانی بە سەبڕ بڕوا). باوەر بکەن نیوەی رێگاکە هەلاتوومە بە دوای هاوڕێیاندا. بەڵێ کە گەیشتینە پشت گوندی سیناوا ،کەرێکیان بۆ پەیدا کردم و منیان سواری کەرەکە کرد و بەرەو شاخی دووگوهی بلمباسا وەسەر کەوتین. پاش بڕێک ڕێگا رویشتن هێندێک کاروانچی هاتن کە سواری ئەسپەکانیان بوون. ئەوە زۆر باش بوو بۆ ئێمە کە ئیدی لە کەرەکە دابەزیم و لە پشت ئەسپ سوارێک سوار بووم و هەروەها هاوڕێیانی دیکەش سوار بوون تا گەیشتنە سەر شاخی دووگوهی .پێموابی لای سەعات هەشت و هەشت نیو گەیشتنە ئەوێ و پاش خواحافیزی و سوپاس کردن لە کاروانچیەکان لێیان جودا بووینەوە. لەو کاتە دا حوسین بێسیمەکەی کردەوە تا بزانین ناتوانین لە گەل مقەر تەماس بگرین دیتمان کە هاوڕێیان لە سەر خەتن . دیارە تیمی دیدەبانی بوو کە لە سەر شاخی قەرەغان بوو و لە گەل هاوڕێیانی مقەر قسەیان دەکرد. حوسێن بانگی کرد زۆر خوشحال بوون و ئەسڵەن باوەریان نەدەکرد کە زيندووین، چوونکی رێژیم شایعەی بڵاو کردبووە کە هەموو تیمەکەی لە ناو بردووە. وا بزانم فادل بیکزادە بوو کە لەسەر خەت و پرسی کە چی بووە؟ حوسێنیش پێیوت کە فەیسەل شەهید بووە و مەجیدیش بە سووکی بریندارە. کاک سولەیمان کەلەشی پەرپرسی مقەر وتی برۆنە گوندی ئاویا کە گوندێکی کوردستانی تورکیەیە و لەوێ نەفەر هەن کە هاوکاریتان دەکەن و پێی بڵێن کە سولەیمان وتووە کە بریندارەکەمان بە ماشێن دەربازی لای مقەر بکەن.

گەیشتینە مەرزی ئێران- تورکیە و پاش ڕێگا بڕینێکی دور و دڕێژ و پاش پێنج شەو و ڕۆژ و ماندووبوونێکی زۆر دەتوانێم بلێم شەش ناوچەمان کردبوو. ئەوانەی شارەزای ئەو ناوچانەن دەزانن دەبێ چەندمان زەحمەت کێشابێ و چەندە ماندوو بووبین. ئەوە تەنیا باوەر بە خوبوون و ئیمان بە رزگاریی گەل و خۆشەویستیی حیزب بوو کە یەک پارچە ببووین بە گڕ و بە دژ ئاڵا هەڵگرانی تاریکی و نەزانی دا وەک شاخەکانی ئاگری و میربەهال و دالانپەڕ و بۆزی سینا راوەستین و ئاوات و مەرامە قێزوەن و رەشەکانیان لە گۆڕبنێن کە لە ناو بردنی تیمەکەمان بوو تا گەلی کورد بە گشتی و خەلکی شیمالی کوردستان بە تایبەتی تازییەباریان بکەن.
ڕێژیم دەنگۆی بڵاو کردبووە کە توانیویانە خاوەنی ئارپیجیی تیمەکە بکوژن(واتە من). زۆربەی خەڵک پێیانوابوو شەهیدەکە منم. دایکم پێی وتم کە ڕادیۆیەکی هەبوو هەموو ڕۆژێ رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێرانم گوێ دەگرت ، تا بزانم کە چ خەبەرە ، بۆیە لە ماڵەوە ویستیان ڕادیۆیەکەم لێ بشارنەوە تا هەواڵی شەهید بوونت نەبیسم. وتم تەنیا کەسێک کە هەواڵی ڕاستم پێ بڵێ ئەو ڕادیۆیەمە . کە وایە لێم گەرێن با ئەو رادیۆیە هەر پێم بێ. بەڵێ پاش ئەوەی تەماسەکەمان تەواو بوو و خەبەری چالاکیەکانمان دا بۆ مقەر، بەرەو پشت گوندی ئاویا بەڕێ کەوتین. پاش چەند سەعاتێک گەیشتینە ئەوێ. لە پشت گوندی ئاویا بازارچەیەک هەبوو کە ژمارەیەکی زۆر کاروانچیی ڕۆژهەڵات و باکووریی لێبوون. خەلکەکە بە بینینی ئێمە زۆر خۆشحاڵ بوون. دۆستێکی کاک سولەیمان کەلەشی لە وێ بوو و زۆریان خزمەت کردین. دۆستەکەی کاک سولەیمان تفەنگێکی سیخۆی جووت لاقی پێ بوو کە زۆر جوان بوو. خەلکی دیکەش چەکیان پێ بوو. نیشانەیان دادەنا و تەقەیان لێ دەکرد. ئەو دۆستەی سولەیمان هەر جارێ سی قابە پێبسییان بۆ دادەنایەوە و ئەویش بە رەدیف لە هەموویانی دەدا. ئاخری داوایان کرد کە دەبێ پێشمەرگەکانیش تەقە بکەن. لە پێش دا قەبوولمان نەکرد. بەلام پاشان لە سەر ئیسراری خەلکەکە و بەتایبەت دۆستەکەی کاک سولەیمان گوتمان باشە. سی دانە قابە پێبسییان رێز کرد. حوسین وتی هەر یەکە پێنج گولە بهاوێن. بەم شێوەیە هەر سی قابە پێبسییەکانمان خستنە خوارە بێ ئەوەی گولەیەک بە خسار بدەین. دیارە من برێک نیگەران بووم کە تەقە بکەم چوونکی جاری یەکەمم بوو کە بە تفەنگەکەی شەهید فەیسەل تەقە بکەم، بەڵام حوسین وتی نیگەران مەبە تۆ دەتوانی لە نیشانەکان بدەی. پاشان سیگارێکیان دانایەوە و تەقەیەکی زۆریان لێ کرد ، بەتایبەت دۆستەکەی کاک سولەیمان دوو خەشابی لێ خالی کرد بەڵام هەر نەیان توانی بپێکن. دیسان داوایان لە ئێمە کرد کە ئێمەش بەختی خۆمان تاقی بکەینەوە. گوتمان باشە ئەیووب سێرەی لە جگارەکە گری و بە یەک گولە دروست سپی و زەردەکەی لێک جیا کردەوە. خەڵکەکە بە هاوار و چەپڵە لێدان دەستخۆشیان لە ئەیووب کرد و وتییان کاکە تەسلیم و شەری پێشمەرگەمان پێ ناکرێ.


هەتا دنیا تاریک دا هات لە وێ بووین و پاشان چووینە ماڵی دۆستەکەی سولەیمان لە گوندی ئاویا. کە گەیشتینە گوندی یەکسەر چووینە ماڵی دۆستی کاک سولەیمان. پێشوازیەکی شاهانەیان لێ کردین . هەزار جار ماڵی ئاوا بۆ ئەو هەموو خزمەتەی. پاش تەواو بوون لە خوارن و سوپاس کردن لە ساحیب ماڵ ئامادەی حەرەکەت بووین. کابرای ساحیب ماڵ وتی چوون دەرۆن چی بوتان بکەم؟ حوسین وتی ئەگەر بتوانی مەجیدمان کە بریندارە هەتا گوندی وارگەنم ببەی و هەروەها ئێمەش بە ماشین هەتا پشت گوندی کاولە گوند ببەی زۆر مەمنون دەبین. کابرا وتی بەسەر چاوان و پاشان بە خزمەت کارەکانی وت سێ ماشین ئامادە بکەن. وتم حوسێن نامهەوێت لێتان جودا ببمەوە و من پێم خوشە هەر لە گەڵتان بم. ساغ بووینەوە کە هەر لە گەل هاوڕێیاندا ئیدامە بە ڕێگایەکەمان بدەین. ئەو ماڵە مێوانێکیان کە هێندێک بە تەمەن بوو هەبوو کە خەلکی گوندی کوچەرا پشت گەوەرێ بوو، کابرایەکە وتی باشە مادام بە ماشێن دەچن بۆ بچنە پشت گوندی کاولە گوند کە خەتەری هەیە و ئێحتمالەن بکەونە کەمینی عەسکەرەکان و یا لای گوندی دێرێ بکەونە کەمینی پاسدارەکان و پاشان ئیدامەی دا وتی قوربان ئەگەر جەنابت و میوانە بەرێزەکانت پێتان خوشە من دەتوانم لە خزمەتیان دا بم ئەگەر ئێوە بتوانن تا لای فلانە پرد بە ماشین بمان بەن، لە وێرا بۆ گوندی ئێمە دوو سەعاتێک بە پیان ڕێگایە و با بەیانی لای ئێمە بن و سبەی شەو هەتا گوندی وارگەنم کە زۆر لە گوندی ئێمە دوور نییە کە هەر سێ سەعاتێک دەبێ و بۆ خومیش لە گەلیان دەچم.

 
خولاسە ساغ بووینەوە کە لە گەڵ مامە بچین چوونکی لە لایەن مقەرەوە ئاگادار کرابووین کە رژیم دوو هێزی زەربەتی لە گوندی دێرێ جیگری کردووە و شەوانە کەمین دادەنێن ، بۆیە دەبێ زۆر زۆر وریا بن. بەلێ لای سەعات ۱٠ ی شەو سواری دوو ماشێن بووین و تا سەر پردەکە رۆیشتین و لە وێرا پاش برینی زیاتر لە دوو سەعات گەیشتینە گوندێک کە نازانم ناوی چی بوو. چوینە ماڵی خزمێکی شارەزاکەمان و نان و چایەکمان خوارد و پاشان سواری ئیسوزییەک (ماشێنی باری) بووین و نیزیکەی ٤٠ دەقیقە بەڕێوەوە بووین تا گەیشتینە گوندی شارەزاکەمان. نازانم ئەگەر بە پێیان چووباین چەند سەعات رێگامان دەبوو. بە ڕۆژ لەو گوندە ماینەوە تا ئێوارێ و کە هەوا تاریک بوو کابرا وە پێش مان کەوتوو تەواویی شەو بەڕێوە بووین و سەعات شەشی بەیانی پاش ۷ رۆژ ڕێگە پێوان گەیشتینە مقەر و بە دیداری هاوڕێیانمان شاد بووینەوە.


یادی شەهیدان: فەیسەل ئوستادی، حسێن ستوەت و ئەیووب جیهانگیری شاد و هیوای تەمەن درێژی بۆ هاوڕێیان مەلا قاسم کەلەشی و محەمەد تاهیر ئەمینی و م.

 

“بە پێویستی دەزانم سوپاسێکی گەرم لە هاوڕێی خوشەویستم کاک کاووس عەزیزی بکەم کە زەحمەتی پێداچوونەوەی ئەو بیرەوەریەمی کێشا و قەولی پێداوم کە لەمەو بە دواش هاوکارم بێ لەو پەیوەندیەدا” 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی