"an independent online kurdish website

نەورۆزی ئەم ساڵیش هات و بەداخەوە کوردستان هەروا لە لایەن وڵاتانی دیکتاتۆری عەڕەب و فارس و تورک داگیرکراوە و کوردستان نەیتوانیوە سەربەخۆیی خۆی وەدست بێنێ، بەڵام هێندەک روناکایی بەدی دەکرێ.


لە باشووری کوردستان دەسەڵاتێکی فیدڕاڵی حاکمە و کورد خۆی تا حەدێک دەسەڵاتی هەیە و کەمتر کوردێک لە سەر بیری سیاسی دەکەوێتە ژێر ئەشکەنجە و زیندان و ئیعدام. کەم و کوڕی هەیە بەڵام لە سەرجەم وڵاتانی دەوروبەر، ئازادی سیاسی زۆرترە و کەم کەس هەیە لە سەردانی بۆ باشووری کوردستان بترسێ.

بەداخەوە هەوڵی سەربەخۆیی بە هۆی ناحەزان و یەکگرتوویی دوژمنانی کورد سەری نەگرت و کەرکوک و ناوچەکانی دەوروبەری جارێکی تر کەوتەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی ئێڕاق.  پێشمەرگە لە باشوور بە خوێنی خۆی نەیهێشت داعش ناوچەکان داگیر بکات و توانی تێکیان بشکێنی. ناوی پێشمەرگەی بە دونیا ناساند.

لە خۆرئاوا، کورد توانی هێزی خۆی نیشان بدات و دەسەڵاتی داعشی تێک شکاند و  خەریکە  ئاخرین شوێنی ئەم دەسەڵاتە تێرۆریستە پاک دەکاتەوە و  داعشی زەلیل کرد و بەداخەوە سەدان رۆڵەی کورد گیانی پاکیان فیدا کردوە. داهاتووش بۆ کورد جارێ دوای داعش زۆر ناڕوونە و پرسیار ئەوەیە ئەگەر هێزەکانی هاوپەیمانان ، کورد بە تەنیا بهێڵنەوە وەزعی کورد لەوێ چی بەسەر دێ. چوونکە دوژمنانی کورد،  ئێران، عیڕاق، تورکیە و سوریە خۆیان مات داوە و چاوەڕوانی فورسەتن کە نەهێڵن کورد بە مافەکانی بگات.

لە رۆژهەڵاتی کوردستان، هەستی نەتەوەیی زۆر بەرزە و خەڵک زۆر بە ورەوە هاتوونەتە مەیدان و جێژنی نەورۆز جێژن دەگرن و هێزە کوردستانیەکانیش ئەمساڵ، وەک ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران” رویان  لە خەڵکی کوردستان کرد کە  یەکگرتووانە و لە سۆنگەی گرینگیدان بە زەروورەتی “یەکریزی” و “پێکەوەبوون” لە هەموو ئاست و بەستێنەکاندا، داوای لە خەڵکی کوردستان بە هەموو چین و توێژەکانییەوە کرد کە :

– رێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵ لە ژێر ناوی “نەورۆزی سەمای ئازادی”دا بەڕێوە بچن.

– با درووشمی سەرەکیی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵمان، “یەکریزی و هاوکاریمان، ڕەمزی سەرکەوتنمانە” بێت.

– لە ڕێوڕەسمەکاندا لە “جامانە، هەوری و گوڵی سوور”، کەڵک وەربگرین.

وەک لە وێنە و فیلمەکان بەرچاو دەکەون خەڵک بە قسەی کردوون و هیوادارین هێزە کوردستانیەکانیش،  هەوڵی یەکگرتنەوە بدەن و لەم چەند حیزبیە بە یەک ناو دور کەونەوە، ببن بە هێزی یەکگرتوو و یەکدەنگ. وەختەک خەڵک بە قسەیان دەکا ، ئەوانیش بەقسەی خەڵک بکەن.

ئێران ئەمساڵ سەدان کۆڵبەری شەهید و بریندار کردن و سەدان کەسی لە زیندانەکاندا ئیعدام کرد.

وەزعی ئیقتسادی خەڵک بەرەو داڕمانی تەواو دەچێ، مەلاکان رۆژانە هەزاران درۆ تەحویلی خەڵک دەدەن.  رۆژ نیە کەسێک لە دەسەڵات داران میلیاردها دۆڵار نەدزێ و ئێراب بۆتە وڵاتێکی وێرانە و مانەوەی ئەم رێژیمە بەهۆی هێزی مفتەخۆری سپا و شرەخۆرەکانییەتی کە ئەگەر ئەم نیزامە بڕوا ئەوانیش دەزانن تێدادەچن.

لە باکووری کوردستان، ئەردوغان، توانیویە هەزاران دەنگی ئازاد بخاتە گۆشەی زیندانەوە، بە هۆی فشاری زۆر و هێزی چەک، توانیویەتی پ ک ک  تا ئەندازەیەکی زۆر لە باکوری کوردستان دور کاتەوە، بەشێکی بەرچاوی لە سنووری ئێران و تورکیەی دیوار لێداوە و فشاری زۆری بۆ کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان هێناوە و تا ئێستا سەدان کوردی، کوردستانەکانی دیکەشی لە سەر هەبوونی ئاڵای کوردستان و ناوی کوردستان لە فەیسبووکەکانیان لە فرۆکەخانەکانەوە، مۆری باتڵیان لە پاسپۆرتەکانیان داوە و نەیان هێشتووە، بچنە ناو خاکی تورکیە.  عەفرینی بە زۆری چەک لە کورد ستاندوو و داگیری کرد.

 

لەم کورتە پەیامەدا ناکرێ ئیشارە بە هەموو شت بکرێ، بەڵام پێمان وایە وەزعی کورد بە گشتی بەرەو باشی دەڕوا و ئەگەر کورد بتوانێ یەکگرتوو بێ، شانسی بە دەوڵەت بوونی هەیە.

دوای تەواو بوونی داعش و زەعیف بوونی، ئەمجارە نۆبەی زەعیف کردنی هیلالی شیعەی ئێرانە، ئەگەر ئەوانیش وەک داعش لەمبۆزیان لە قوڕ وەرنەدرێ بۆ داهاتووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبنە  خەتەرێکی گەورەتر لە داعش.

ئێرانیش ئەمجارە شۆڕشی تێدا بکرێ، تازە هیچ هێزێکی فارس نیە بتوانێ ئێران وەک ئێران راگرێ و نەتەوەکانی کە ژێردەستەن، ناچنەوە ژێر دەستی فارس، ئەگەر هێزێکیش، ئەگەر ئەو هێزە کوردیش بێ هەوڵی راگرتنی ئێران بدا، گەورەترین هەڵەی سیاسی دەکا و وەک ئەوەی لە باشووری کوردستان کردیان، کورد حکومەتی ئێڕاقی دانایەوە ، سەرکۆماری بێدەسەڵاتی کوردی داناو و دواتریش هێرشیان کردە سەر کورد و کەرکووکیان لێ ستاندن.

 

بەم هیوایە کوردستان ئازاد و سەربەخۆ بێ و چیتر ژێردەستەی نەتەوەکانی فارس، تورک و عەڕەب نەبین.

سڵاو لە سەرجەم شەهیدانی کوردستان ، پێشمەرگە،  گریلا، شەڕڤان، کۆڵبەر، ئیعدامی سیاسی، قوربانیانی ئێزیدی ،  خەڵکی بێتاوان.

سڵاو لە زیدانیان سیاسی

سڵاو لە خەڵکی بە شەڕەفی کوردستان

2019/03/19

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی