"an independent online kurdish website

ئەو داوایەی حیزبی دیمۆکرات لە جاشەکان، نە ئەچێتە بازنەی یاساوە نە بازنەی سزا و نە بازنەی بەخشینیش. بۆیە ئەو ھەرایەی کە بە مەبەست سازکراوە تەنیا ئەتوانێ ەواشەکارییەکی رقاویانەی ئامانجداری کورت مەودا بێ و ھیچیتر.


چونکی لە داواکارییەکەی حیزبی دیمۆکراتا تەنیا داوا لە ئەندامانی کوردی سوپای تیرۆریستیی پاسداران کراوە کە (١_واز لە ئەندامەتی ئەو سوپا تیرۆریستییە بێنن)، (٢_بگەڕێنەوە باوشی گەل) و ( ٣_ چیدیکە لە تاوانەکانی لەمەودوای ئەو رێکخراوە تیرۆریستییەدا بەشداریی نەکەن.( 

 

لەم سێ خاڵە دا کە کاکڵی داواکە لە پەیامەکەدا پێکدێنن، نە باسی سزا کراوە نە باسی بەخشین. واتە نەوتراوە ئەوەی واز لە سپای تیرۆریستی بێنێ و بگەڕێتەوە باوشی گەل، بێ ئەملاو ئەولا ئەیبەخشین و لە تاوان پاک ئەبێتەوە.

 

راستیی حاشا ھەڵنەگر ئەوەیە کە نە حیزبی دیمۆکرات و نە ھیچ حیزب و رێکخراوێکی دیکە ئەو مافەی نیە بڕیاری وا بدات. چونکی سەدان جاش لە ریزەکانی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییەدان کە دەستیان چوەتە خوێنی پێشمەرگە و خەڵکی مەدەنی کوردستان. سەدان جاش لەو رێکخراوە تیرۆریستییەدا بوونیان ھەیە کە دەستیان لە ئازار و ئەشکنجە و مەینەتیی خەڵکی کوردستانا ھەبووە و سکاڵاکاری تایبەتیان ھەیە. بۆیە حیزبی دیمۆکراتیش بە زیاتر لە ٧٠ ساڵ ئەزمونی خەبات و کوردایەتییەوە و لەوەش گرینگتر بە ئەزمونی جاش بەخشینی حیزبەکانی باشوورەوە ، قەت ھەڵەی وای لێ ناوەشێتەوە.

 

لە کورتی دا، بە سەرنج و رامان لە ناوئاخنی پەیامەکەی، حیزبی دیمۆکرات داوایەکی بەرپرسانە و دڵسۆزانەی کردووە و کەمترین سوودی ئەو داوایە ئەوە دەبێ کە کۆمەڵێکی گەرچی کەمیش بێ، ئەندامی کورد (جاش) لە سپای تیرۆریستی پاسداران دوور ئەکەونەوە و توێژی دڵسۆز و بەرپرسیاریی خەڵکیش ئەو داوایە ھاوچەشنی داوا و پەیامەکانی دیکەی ئەو حیزبە، بە گرینگ وەرئەگرن و ئەیکەنە داوای خۆیان و بۆ قەناعەت ھێنان بە دۆست و کەسو نزیکەکانیان بۆ دوور کەوتنەوە لە سوپای تیرۆریستی پاسداران ھەوڵ ئەدەن.

 

بێجگە لەمەش، حیزبی دیمۆکرات بە لە ئارادابوونی پرۆژەی راسان، لە ساڵانی رابردوودا ھەم ھێزی پێشمەرگەی شار ، ھەم ھێزی پێشمەرگەی شاخ و ھەمیش ھەڵوەکانی زاگرۆسی بەردەوام لە ناوخۆی کوردستان لە ناو خەڵک دا بوون و چەندین جار جاش و خائینانیان لە دەست ھەڵگرتن لە خەیانەت و دژایەتی گەل ئاگادار کردوەتەوە و ھەندێکیشیان کە شایانی سزا بوون، بە سزا گەیاندوون.

 

ھەموو ئاماژەکان پێمان ئێژن کە لەمەو بەدواش حوزووری حیزبی دیمۆکرات ھەم لە ئاستی تەشکیلاتی چەکداری نھێنی وەک پێشمەرگەکانی شار و ھەڵوەکانی زاگرۆسدا و ھەمیش لە ئاستی پێشمەرگەی شاخ دا جدیتر و گەرموگوڕتر دەبن.

بۆیە وەک واقێعێ، حیزبی دیمۆکرات وەک لایەنێکی بەرەی دژە تیرۆر، جدیتر لە پێشوو رووبەڕووی ھێزەکانی سوپای تیرۆریستی پاسداران دەبێتەوە و لێرەدایە کە دیسانەوە بەرپرسیارێتی حیزبی دیمۆکرات زق دەبێتەوە و وەک لە رابردووشدا سەلماندوویەتی، پێی خۆش نیە کورد بە دەستی کورد بکوژرێ، ئەگەر تەنانەت ئەو کوردە جاشیش بێ.

 چونکی د.قاسملوو وتەنی: ” بە کوژرانی جاشە کوردێ، بنەماڵەیەکی کورد بێ باوک ئەکەوێ، ژنێ بێوەژن، چەندین مناڵ بێ باوک و کەسوکارێ نەخوازراو رق لە دڵ دەبن بە نیسبەت بزاڤی رزگاریخوازیی کوردەوە.” ئەمەش تەنیا دەرفەتی زیاتر بۆ یارگیریی دوژمن ساز ئەکات کە جاشی زیاتر و رقاویتر لە ناو ریزەکانی نەتەوەکەمانا پەروەردە و جێگیر بکات.

 

بۆیە دیسان ئێژمەوە کە ئەو داواکارییەی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران داواکارییەکی بەرپرسانەیە کە تێیدا ئاماژە بە ھیچ چەشنە (سزا و بەخشینێ) نەکراوە و بە ھیچ پێوەرێکیش ناتوانی بە (لێخۆشبوون و بەخشینی جاشانی تاوانبار)ی بخوێنیەوە. ئەوانەش کە ئەیانھەوێ بەو چەشنەی لە خەڵک بگەیێنن، مەبەستی تایبەتی خۆیان ھەیە کە لە چوارچێوەی رقی کەسی و بەرژەوەندی و روانگەی حیزبی بەدەر نیە.

 

ھەر کەسیش بۆچوونی وایە کە ئەو داواکارییە بە مانای (جاش بەخشین) دێ، با بە خاڵ و دەق لە داواکارییەکە دەریبێنێ و شیی بکاتەوە و بیسەلمێنێ. نەک تەنیا وەک دەنگۆیەک شاخ و باڵی پێ بدات.

 

بابەتی پەیوەندی دار

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی