ڕاستیه‌كه‌ی له چه‌ند رۆژی ڕابردوو دا هه‌ر له ڕێی مه‌سیجه‌وه وه‌ڵامی هاوڕێیانی به‌ڕێزم له‌سه‌ر ئه‌م پرسه داوه‌ته‌وه.
به‌ڵام چه‌ندباره كردنه‌وه‌ی هه‌مان پرسیار له‌لایه‌ن هه‌ندێ هاوڕێی تره‌وه‌و، هه‌روه‌ها لاوازی خوێندنه‌وه‌ی نوسه‌ران و سیاسییه‌كانی كورد سه‌باره‌ت به‌م پرسه وایكرد وه‌ڵامی پرسیاره‌كه به چه‌ند سه‌ره قه‌ڵه‌مێكی خێرا بده‌مه‌وه، كه له‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌دا ده‌یانخه‌مه‌ڕوو:- –
1. به تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه كه سوپای پاسداران سوپای ده‌وڵه‌تی ئێرانه (كه ده‌وله‌تی ئێران له ناو ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی خاوه‌ن سیاده‌ی نێوده‌وڵه‌تی دانی پێدانراوه) به مانای یه‌ك په‌یامی گرنگ دێت كه تا ئێستا هیچ سیاسییه‌ك و ڕوناكبیر و نوسه‌رێكی كورد نه‌یخستۆته‌ڕوو، په‌یامه‌كه‌ش ئه‌مه‌یه: به‌م بڕیاره‌ی ئه‌مریكا له به تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران، ئه‌مریكا له ڕووی سیاسییه‌وه به‌ڕوونی ده‌یه‌وێت دوو به‌ره دروست بكات:
ئه‌لف: به‌ره‌ی دژه تیرۆر كه هه‌ر دیسانه‌وه خۆی ڕابه‌رایه‌تیی ده‌كات.
با: به‌ره‌ی تیرۆر (تیرۆری ده‌وڵه‌تیی ڕێكخراو) كه ڕژێمی ئێران و خودی سوپای پا‌سدارانی ڕابه‌رایه‌تیی ده‌كه‌ن!
–
چونكه گرنگه نوسه‌ران و سیاسییه‌كانی كورد دیقه‌ت له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌ن كه سوپایه‌كی ده‌وڵه‌تێكی خاوه‌ن سیاده‌ی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، به بێ ئامانجی ستراتیژی، ئه‌سته‌مه ئه‌مریكا بیخاته لیستی تیرۆره‌وه، كه ئامانجه ستراتیژییه‌كه‌ش هه‌نگاونانه بۆ ئه‌و دوو به‌ره‌یه‌ی له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێ دا. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا هه‌نگاو به هه‌نگاو سه‌د له سه‌د له ستراتیژدا ئه‌م ڕژێمه‌ی ئێران ده‌ڕوخێنێت، كه ساڵی پار له بابه‌تێكدا ئه‌و هه‌نگاوه ستراتیژییه‌ی ئه‌مریكام (به لایه‌نی زۆره‌وه) هه‌تاوه‌كوو سیانزه ساڵ خه‌مڵاند و ڕاڤه‌كرد.
–
2. به تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه، بۆ ئه‌وه‌شه كه له ڕووی (ئایدۆلۆژیا)وه هه‌نگاو بنرێت كه ئه‌و ڕێكخراوانه‌ی وابه‌سته‌ی ئایدۆلۆژیای ڕژێمی ویلایه‌تی فه‌قهێی ئیسلامی ئێرانن، به تیرۆریست و توندڕه‌و بناسرێن. زۆربه‌یان به تیرۆریست ناسراون وه‌ك حیزبوڵا و به‌شێك له گروپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی كه هه‌ندێ له سه‌ركرده‌كانیان له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه داواكراون و له لیستی ڕه‌ش دان. به‌ڵام به‌شێكیان ماویانه بخرێنه لیستی تیرۆره‌وه. كه‌وابوو، ئه‌مریكا ئه‌یه‌وێت ئه‌وه بۆ جیهان به‌ڕاشكاوی بگه‌یه‌نێت هه‌تاوه‌كوو ئه‌م ڕژێمه‌ی ئێران مابێت، تیرۆریش زیاتر و زۆرتر به‌رده‌وامیی ده‌بێت. چونكه ئایدۆلۆژیای ڕژێمی ئێران داینه‌مۆی خستنه‌وه‌ی گروپه میلیشیایه‌كانی هاوشێوه‌ی پاسدارانه.
–
له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو، به وردی شه‌ن و كه‌وی لیستی ئه‌مریكا و گوفتار و هه‌نگاوه‌كانی به‌رپرسه باڵاكانیم كردووه. هه‌ر له‌وه‌ی كه پۆمپیۆ به ئاشكرا به ڕاسته‌وخۆ وتی: ((له دیدی ئه‌مریكاوه هیچ جیاوازییه‌ك نییه له نێوان ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی و قاسمی سلێمانی دا و، هه‌ردووكیان تێرۆریستن)). هه‌تاوه‌كوو ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی كه له ئه‌مڕۆوه به نیازه بیهاوێت له به‌رانبه‌ر حكومه‌تی لوبنان كه ده‌بێت ده‌ستی حیزبولا له ناو دامه‌زراوه حكومیه‌كانی لوبنان به‌ته‌واوی لاواز بكرێت.
–
3. ساڵی ڕابردوو كاتێك مسته‌فای هیجری نه‌فه‌ری یه‌كه‌می حیزبی دیموكراتی خۆرهه‌لاتی كوردستان وتی: ((هه‌ركاتێك ئه‌مریكا فشاری توند بخاته‌سه‌ر ڕژێمی ئێران كاربه‌ده‌سته بالاكانی ئه‌و ڕژێمه سازش ده‌كه‌ن و جامه ژه‌هره‌كه ده‌نۆشنه‌وه!)). ئه‌وه‌بوو له بابه‌تێك دا ده‌قاوده‌ق ئاماژه‌م به‌وه‌دا، كه: ((ئه‌گه‌ر ئه‌م جاره‌یان كاربه‌ده‌سته‌كانی ڕژێمی ئێران نه‌ك جامی ژه‌هر بنۆشنه‌وه بگره جامی تێزابیش بنۆشن هه‌ر ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌و زه‌مه‌نانه‌ی كه له فشاری گه‌وره‌ی ئه‌مریكا بۆ سه‌ریان ڕزگاریان ببێ و، به سازشكردن و دانوستانی نهێنیی خۆیان و ڕژێمه‌كه‌یان ده‌رباز بكه‌ن)). مه‌سه‌له‌كه ئه‌وه‌یه ئیتر ئه‌و قۆناغه به‌سه‌رچوو.
هه‌روه‌ها، یه‌كێكی تر له هه‌ڵه‌ی ته‌واوی ڕوناكبیر و سیاسییه‌كانی كورد و به‌تایبه‌ت خۆرهه‌لاتی كوردستان له ئێستادا ده‌یكه‌ن، كه زۆرینه‌ی چاوپێكه‌وتن و نووسینه‌كانیانم له‌م باره‌یه‌وه چاوپێداخشاندووه، ئه‌وه‌یه كه ئاماژه‌یان به‌وه داوه: ((ئه‌مریكا به‌م بڕیاره ده‌یه‌وێت ده‌ستی سوپای پاسداران له ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌كانی ئێران ببڕێته‌وه یاخود كه‌م بكاته‌وه)). له ڕاستیدا ئه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنه بۆ ئه‌م بابه‌ته هه‌موو شتێك نییه. به‌ڵكوو داڕوخاندنی ئه‌جێنداكانی ئێران له سێ ساڵی رابردووه‌وه ئه‌مریكا هه‌نگاو به هه‌نگاو هێناویه‌ته‌دی و ده‌یهێنێته‌دی. ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌بوو: ئه‌مریكا لێزانانه ئێرانی ڕ‌اكێشا بۆ ناو جه‌نگه‌كانی یه‌مه‌ن و سوریا و، له‌لایه‌ك هه‌م ئابوری ڕژێمی ئێرانی پڕوكاند، له‌لایه‌كی تر ئیعتیبار و خۆهه‌ڵكێشانه‌كانی ئه‌و ڕژێمه‌شی به‌ته‌واوی داڕوخاند چونكه هه‌م ئیسرائیل هه‌فتانه له ئێران ده‌دا و ئێران ناوێرێت نووزه بكات، هه‌م ئه‌و گوتاره‌ی ئێرانیش فش بوویه‌وه كه پێشتر خۆی پێ هه‌ڵده‌كێشا.
–
كه‌وابوو، مه‌سه‌له‌ی پروكاندنی ئه‌جێنداكانی ئێران له ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌كانی دا، چه‌ند ساڵێكه ئێران له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه تووش كراوه‌و، له‌م بڕیاره‌ی به تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسدارانه‌وه و له‌م له‌حزه‌یه‌وه دروست نه‌بووه. بگره سێ ساڵه ئه‌جێنداكانی ئێران له پڕوكاندن دایه.
هه‌ربۆیه، تێفكرینی سیاسیی-ستراتیژییم وایه: ((خودی ئه‌و بڕیاره‌ی كه سوپای پا‌سدارانی خستۆته ناو لیستی تیرۆره‌وه، به مانای ئه‌وه‌یه: ده‌بێت ئه‌م ڕژێمه له ستراتیژدا كۆتایی پێ بهێنرێ و داینه‌مۆی تیرۆری جیهانییه)).
–
واته ئه‌م بڕیاره، په‌یامێكی سیاسیی-ستراتیژی دڵنیاكه‌ره‌وه‌ی له پشته‌وه‌یه! دیاره ئه‌مریكا نایه‌وێت به تێچوویه‌كی گه‌وره ئه‌و ستراتیژه‌ی بێنێته‌دی. بۆیه باشترین بژارده بۆ پێكانی ئه‌و ستراتیژه تاقیكردنه‌وه‌ی ته‌واوی ته‌كتیك و ئه‌جێنداكانه تا ئه‌و ڕژێمه ده‌ڕووخێت. هه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئێران ئه‌جێندا ده‌ره‌كییه‌كانی خاپوور بووه و، گه‌مارۆیه‌كی ئابوری توندیشی له‌سه‌ره‌و، ئینجا ناڕه‌زایی خه‌ڵك له ناوخۆ به‌رده‌وامه‌و، له سه‌روو ئه‌وانه‌شه‌وه سوپای پاسداران به فه‌رمی خرایه لیستی تیرۆره‌وه، هه‌موو ئه‌وانه واده‌كه‌ن ڕووخاندنه‌كه خێراتر بكه‌ن. ئه‌ڵبه‌ته له پێشتر دا تێفكرینه‌كه‌م وابووه كه له‌م چه‌ند ساڵه‌ی سه‌ره‌تاوه كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت كه به‌دی بێت هه‌تاوه‌كوو به‌لایه‌نی زۆره‌وه تا سیانزه ساڵی تر ده‌خایه‌نێت. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا ئاوها هه‌نگاوه‌كانی بنێت، بێ گومان ڕووخاندنه‌كه خێراتر ده‌بێت.
–
4. یه‌كێكی تر له كاریگه‌رییه‌كانی به تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران، پڕوكاندنی ته‌واوه‌تی كایه‌ی بازرگانی ئێرانه، به‌تایبه‌ت له‌و ڕووه‌وه‌ی كه فه‌رمانده‌كانی سوپای پاسداران زۆر له جومگه بازرگانیی و ئابورییه‌كانی ڕژێمی ئێرانیان به ده‌سته‌وه‌یه.
ئه‌م خاڵه له‌لایه‌ن سیاسیه‌كان و نووسه‌رانی كورد په‌ی پێ براوه‌و باسیان كردووه، بۆیه نامه‌وێت درێژه‌ی پێ بده‌م. به‌ڵام ئه‌م خاڵه به‌لای منه‌وه ئه‌وه‌ی گرنگه: ئه‌مریكا له‌م خاڵه‌شیان دا ئه‌یه‌وێت بازرگانی كردن له‌گه‌ڵ ئێران دا ئیعتیباری نێو ده‌وڵه‌تی نه‌هێڵێت، واته كه‌رتی بازرگانی نێوده‌وڵه‌تی ئێران تێك بشكێنێت. چونكه كه پاسداران له لیستی تیرۆر دابوو و فه‌رمانده‌كانیشیان كایه‌ی بازرگانیان به‌ده‌سته‌وه بوو، ئیدی هه‌موو دونیا و كۆمپانیاكان به‌ته‌واوی حه‌زه‌ر ده‌كه‌ن و به سانایی متمانه به لینكه بازرگانییه‌كانی ڕژێمی ئێران ناكه‌ن. ئه‌وه‌ش به كوردییه‌كه‌ی به مانای ئه‌وه‌یه: ئه‌مریكا ئه‌م ڕژێمه‌ی ئێران وه‌ك ئه‌و ته‌یره لێ ده‌كات كه كلك و باڵ و ئینجا ده‌نووكیشی ده‌قرتێنێت و، هه‌موو هه‌نگاوێكی ده‌به‌ستێته‌وه.
–
4. خاڵێكی تری گرنگ له‌م بڕیاری به تیرۆریست ناساندنه‌ی سوپای پاسداران به‌تایبه‌ت به‌نیسبه‌ت جوولانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی قه‌ت-نه‌به‌زی كورده‌وه، ئه‌وه‌یه: ده‌بوو سیاسییه‌كان و نوسه‌رانی كورد كاركردی سوپای پاسداران بخوێننه‌وه كه ئه‌مریكا به پێی كام كاروكرده‌وانه هه‌ستاوه سوپای پا‌سدارانی خستۆته لیستی تیرۆره‌وه.
له لیسته‌كه‌دا، ئه‌مریكا به وردی باسی كوشتوبڕه‌كانی سوپای تیرۆریستی پاسداران له دژی ڕێبه‌ره شه‌هیده‌كانی كوردیش خستۆته‌ڕوو. به‌تایبه‌ت تیرۆری دیارده‌ی سیاسیی بێ-هاوتای جیهانی خۆرهه‌لاتی ناوه‌راست (قاسملوو). له لیستی كرده‌وه تیرۆریستییه‌كانی سوپای پاسداران، هه‌م تیرۆری قاسملووی بێ-هاوتا، هه‌م تیرۆری شه‌ره‌فكه‌ندی و، هه‌م ته‌قاندنه‌وه‌و تیرۆركاریه‌كه‌ی ئه‌رجه‌نتین و تیرۆری سه‌ربازانی ئه‌مریكا له لوبنان و عێراق، هه‌ر هه‌مووی به پێی ڕۆژ و كاته‌كه‌ی له‌سه‌ره، كه پاسداران و سه‌ركرده‌كانیان ئه‌نجامیان داوه.
–
تێفكرینی سیاسیی ستراتیژییم وایه: ((ڕژێمه‌كانی سودان، فه‌نزوێلا و ئێران) سه‌د له سه‌د ده‌ڕوخێن، سودان تێی كه‌وتووه‌و جارێ به كوده‌تا به‌ری داونه‌ته یه‌كتر، فه‌نزوێلا و ئێران ماوون و، هه‌ر هه‌مووشیان ئه‌مریكا وه‌ك تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه ده‌یان خات. ئه‌گینا ئه‌م رژێمانه ئاماده‌ن هه‌موو سازشێك بۆ ئه‌مریكا بكه‌ن، به‌لام تازه له ستراتیژی ئه‌مریكادا كاتیان به‌سه‌ر چووه.
–
ئه‌مریكا خاوه‌ن ستراتیژێكی دووره سه‌باره‌ت به ڕوسیا، ئه‌مریكا ناتوانێت ئه‌و (ستراتیژه دووره)ی له به‌رانبه‌ر ڕوسیا به‌دی بهێنێت، ئه‌گه‌ر ئه‌م ڕژێمه‌ی ئێران له‌سه‌ر كار بمێنێته‌وه. ستراتیژه دووره‌كه گه‌مارۆدانی ڕوسیایه و هتد.
–
6-گرنگه سیاسیی و نوسه‌رانی كورد فۆكه‌س له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش بكه‌ن، كه: هه‌نگاوه كردارییه‌كانی كابینه‌ی ترامپ به‌رانبه‌ر ئێران زۆر خێرابوون و، له دیفاكتۆدا ڕژێمی ئێرانیان پڕوكاند. ته‌ركیز بكه‌نه ئه‌و ساته‌ی له كاتی پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مریكا به بابه‌ت ده‌منووسی: ((سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ترامپ له هی ئۆباما جیاواز ده‌بێ و، ده‌بێت كوردانی خۆرهه‌ڵات بكه‌ونه‌خۆ!)).
ئه‌و ساتانه‌ی ئه‌و بابه‌ته ستراتیژییه‌م نووسی، به‌شێكی زۆر له سه‌ركرده‌كانی خۆرهه‌ڵات و باشور (به‌تایبه‌ت ئیسلامیه‌كان و گۆڕان و یه‌كێتیی) به خه‌یاڵیان ده‌زانی!
سه‌ركرده‌ی دیموكرات هه‌بوو به (نیه‌تێكی باش!) بابه‌ته‌كه‌ی منی دابوو له قه‌ڵه‌م، بێ ئاگا له‌وه‌ی كه خۆی خه‌وی لێ كه‌وتبوو! چونكه ئه‌وه خوێندنه‌وه‌یه‌كی ستراتیژی بوو نه‌ك ئه‌وه‌ی (نیه‌تێكی باش)ی من بووبێت!
–
ئه‌و ساته‌ی ترامپ بردییه‌وه، بابه‌تی نوسه‌رێكی ئینگلیزم خوێنده‌وه باسی له‌و به‌رپرسانه‌ی خۆرهه‌لاتی ناوه‌ڕاست كردبوو كه میلله‌ته‌كانیان برسییانه و كه‌چی سه‌فته دۆلاریان بۆ كه‌مپه‌ینی سه‌ركه‌وتنی (هیلاری كلنتن) خه‌رج كردبوو، له نێویاندا ئاماژه‌ی به ناوه‌كانی (د.به‌رهه‌م و هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د)یش كردبوو، به‌و مه‌بله‌غه‌ش كه به كه‌مپه‌ینی سه‌ركه‌وتنی (هیلاری)یشیان به‌خشی بوو. له خوێندنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه‌ی ئه‌و نوسه‌ره ئینگلیزه‌دا، بۆ ئه‌وه‌ش ڕۆشتم ئاخۆ ئیسرائیل و سعودیه و پارتی‌یش چه‌ندێكیان سه‌فته دۆلار خستبێته كه‌مپه‌ینه‌كه‌ی ترامپه‌وه! وردتری ناكه‌مه‌وه، به‌ڵام ئه‌م مه‌سه‌لانه پێویستی به خوێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وام و تێفكرینی سیاسییه. ئه‌زانم سه‌ركرده‌ی باشور و خۆرهه‌لات هه‌ن كاتێك ئه‌م باسانه ببیستن پێكه‌نینیان دێ، به‌ڵام به‌دواداچوون بكه‌ن، بزانن وایه یان نا!؟
–
كه‌وابوو رژێمی ئێران له شكسته و، خودی به‌ره‌كه‌شی له هه‌ڵوه‌رینی ته‌واوه‌تیی دایه. ئه‌و ڕۆژگاره ده‌بینن كه شه‌ڕ ده‌خرێته ناو ئێرانه‌وه‌و، هه‌نگاو به هه‌نگاو بۆی ده‌كشێن. له ده‌رفه‌تێك دا هه‌وڵ ده‌ده‌م ئه‌و خاڵانه بخه‌مه‌ڕوو، كه ده‌بێت جوولانه‌وه‌ی كوردی خۆرهه‌ڵات و كوردی باكوریش له ئێستاوه چی بكه‌ن به نیسبه‌ت ڕژێمه‌كانیان!؟
–
سه‌د له سه‌د ڕوخانی ڕژێمی ئێران حه‌تمیه‌تێكی نه‌گۆڕ و ستراتیژییه و، قۆناغی گه‌ڕانه‌وه دواوه، مه‌حاڵه. چونكه هه‌لومه‌رجه‌كان مه‌حاڵه بگه‌ڕێنرێنه‌وه، به‌تایبه‌ت له‌وه‌دا كه پێموایه: ((ڕه‌فتاری ڕژێمی ئێران مه‌حاڵه بگۆڕدرێت به‌بێ گۆڕینی ئایدۆلۆژیای ئه‌م ڕژێمه‌ی ئێران. گۆڕینی ئایدۆلۆژیای ئه‌م ڕژێمه ئێرانیش ئه‌سته‌مه بهێنرێته‌دی به‌بێ گۆڕێنی خودی ئه‌م ڕژێمه‌ی ئێران!)).
–
شه‌ریف هه‌ژاری: خوێندكاری دكتۆرا له بواری (دبلۆماسیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی به‌ریتانیی)
…
بابەتی پەیوەندی دار