رۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٩.٥.٢٠١٩ هەیئەتێکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کومیتەی ئوتریش بە سەرپەرستی بەرپرسی کومیتەی حیزب بەشداری لە ڕێ وڕەسمێکدا کرد .
کە لە لایەن ئەنجوومەنی بزووتنەوەی گۆڕانەوە لە قەراغی ئاوی دانووب و بە بۆنەی دووهەمین ساڵیادی کۆچی دوایی نەوشیروان موستەفاوە ڕێکخرابوو.
لە سەرەتای ڕێ و ڕەسمەکەدا کاک دانا سەعید لە لایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە پاش بەخێر هاتنی بەشدارانی ڕێ و ڕەسمەکە باسی لە هۆکاری هەڵبژاردنی قەراغی دانووب بۆبەڕێوەبردنی ڕێ و ڕەسمەکە کرد و لەم پێوەندیەدا ئیشارەی بە کتێبی „لە قەراغی دانووبەەو بۆ خڕی ناوزەنگ „ لە نووسینی نەوشیروان موستەفا کرد وپاشان وتارێکی لە سەر قۆناغە جیاوازەکانی ژیانی سیاسی، پێشمەرگایەتی و دیپلوماسی نەوشیروان موستەفا پێشکەش بە بەشداران کرد و هەروەها چەند پارچە هۆنراوەیەکی چەند شاعێرێکی کوردیشی کە لە سەر تایبەتمەندیەکانی نەوشیروان موستەفا نووسرابوون خوێندەوە و لە کۆتایی بەرنامەکەشدا سوپاسی ئەو حیزب و ڕێکخراوانەی کرد یەک لەوانیش حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کە لە یادی کۆچی دوایی نەوشیروان موستەفا دا لە گەڵیان بەشداری ڕێ و ڕەسمەکە بوون.
شایانی باسە پەیامێک کە لە لایەن حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کومیتەی ئوتریشەوە ئاراستەی ئەندامان و لایەنگرانی بزووتنەوەی گۆڕان کرابوو لە لایەن بەرپرسی کومیتەی حیزبەوە تەسلیم بە کاک دانا سەعید کراو و کاک داناش لەم پێوەندیەدا سوپاسی کومیتەی حیزبی کرد.
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کومیتەی ئوتریش
١٩.٥.٢٠١٩