"an independent online kurdish website

ھەندێ شت ھەن لە رابردووی ھەموومانا کە تەنیا ئەتوانی بە (زبڵ و زاڵ)ی ژیان و تەمەنیان ناو ببەین. مەبەستم ھەندێ کێشە و بێزاری، گیروگرفت، ئازار و ژان مەینەتییە کە پێوەندییان بە رابردووەوە ھەیە و ئەبێ لەگەڵ رابردووشیان بنێژین.


چونکی نە تەنیا برینێ ساڕێژ ناکەن، بەڵکوو بەردەوام خۆمان و دەوروبەریشمانی پێ بریندار ئەکەین و برینەکانی تر ئەکولێنینەوە و خوێیان پێدا ئەکەین!

ئەگەر لە عەقڵ و ئەزمون بپرسین، ھەردووکیان پێمان ئێژن: ئەو کارە راست وەک ئەوەیە کە ھەموو رۆژێ زبڵەکانی ناو ماڵ و ژیانمان گسک بدەین و خڕیان بکەینەوە و بیانکەینە سەتڵی زبڵەکانمانەوە و پاش ماوەیەکیتر سەرلەنوێ بیانپاشینەوە بە ناو ماڵ و ژیانماندا و ئەم کارە تا مردن دووپات بکەینەوە! ئەمە نە عەقڵ قەبوڵی ئەکات و نە ئێحساس و نە شعور و نە دەرک.

مرۆڤە ژیرەکان بەردەوام ھەوڵ ئەدەن، رێگایەکی باشتر، ئاسانتر و ژیرانەتر بدەۆزنەوە و ژان و ئازار و مەینەتی و کێشە و رق و بێزارییەکانی ژیانیان لە خۆ دوور بخەنەوە. رق و خۆشەویستی، چارەڕەشی و بەختەوەری، دڵڕەشی و دڵخۆشی، گەشبینی و رەشبینی، ھیواداری و بێ ھیوایی بە بەردەوامی لە دڵ و مێشک و رۆحی مرۆڤەکاندا شەڕیانە، لە کێبڕکێدان بۆ ئەوەی جێگای خۆیان بکەنەوە.

جا لێرەدایە کە رق و بێزاری و بێ ھیوایی و دڵڕەشی و رەشبینی و بێ ھیوایی ھەمیشە لە ژیانی مرۆڤە لاوازەکانا جێگا بە بەختەوەری و دڵخۆشی لێژ ئەکەن و جێگای خۆیان ئەکەنەوە و وردە وردە ھەم خودی ئەو کەسە و ھەمیش دەوروبەرەکەیان وەک ڤایروسێکی کوشەندە بەخۆوە گیرۆدە ئەکەن و تا لەناوبردن بەردەوام ئەبن!

بە کورتییەکەی مرۆڤی ژیر و عاقڵ ھەوڵ ئەدا خۆی لە داوی رابردوو رزگار بکات، بەم جۆرەش ئەکرێ بێژین ژیانێکی نوێی دەست پێکردووە و بەم کارەش خوێنی پیسی رابردووی لە لەشێ ژیانی خۆی و دەوروبەرەکەیا پاک کردووەتەوە و خوێنێکی تازەی کردووەتە دەمارەکانی ژیانی خۆی و ئەوانیتریش.

لە خۆڕا نیە “دیل کارنگی” نووسەری ناوداری ئەمریکایی ئێژێ: “ھەموو بەیانییەک نەتەنیا دەستپێکی رۆژێکی نوێیە، بەڵکوو ئەتوانێ دەستپێکی ژیانێکی نوێش بێ.”

یان ئەوترێ: ھەموو تەمەن بەشی خۆشویستن ناکات، ئیدی حەیف نیە بە رق و بێزاریەوە خەساری بکەین؟!

کەوابوو با جارێ بە ئێرادە و بە تەواوی ھێز و توانامانەوە خۆمان لە مەحەک بدەین، خۆمان تاقی بکەینەوە، بزانین بەراستی چەندە توانای دەرک و شعور و عەقڵ و ئەزمونمان ھەیە!؟ بزانین چەندە توانای دەرکی ژیانی واقێعیمان ھەیە و لە زۆرانی ناخۆشییەکانی رابردوودا سەرئەنجام سەرئەکەوین یان ژێرئەکەوین!

دەی با ھیچ نەبێ بە بێدەنگی خۆمان تاقی بکەینەوە! خۆ ھیچی تێ ناچێ. ئەگەریش بەم جارە نەکرا، خۆ ئەتوانین دیسان خۆمان تاقی بکەینەوە. دڵنیام گەر ویستمان لەسەربێ، ئاخرەکەی ھەر ئێمە براوەین و سەرئەکەوین. بەختەوەری، دڵخۆشی، ئاسوودەیی رۆح و جسم و ژیانی خۆمان و دەوروبەرمان ئەنجام و پاداشی ئەم سەرکەوتنەیە.

 

_تێبینی: مەبەستی ئەم نووسینەم کەس و کەسانێکی تایبەت نیە، بەڵکوو ھەموومان کەم تا زۆر ئەگرێتەوە.

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی