"an independent online kurdish website

په‌نجا (50) ساڵ پێش له‌ رۆژی (20/7/1969)دا سێ که‌س به‌ناوه‌کانی: {نیل ئارمسترانگ (Neil Arrnstrong)} ، {بوز ئاڵدرین (Buzz Aldrin)} ، {میکائیل لینز (Michaes Collins)}


له‌ ئه‌مریکاوه‌ به‌ سواری ماشینێ به‌ناوی {ئاپۆلۆ (11) (Aollo 11)

 رێگایه‌کی تاقینه‌کراوه‌یان بۆ یه‌که‌مجار ‌گرته‌ پێش

رێگایه‌کی پڕ ترس و نیگه‌رانی و خۆف و ئه‌ندێش

رێگای هات و نه‌هات

رێگای (نادیاری به‌سه‌رهات)

بۆ خودی خۆیان!

 

به‌ڵام بۆ دوارۆژی ئینسان

رێگایه‌کی پرشنگدار و گه‌ش

بۆ فڕینی مرۆڤی سه‌رکه‌ش

بۆ پێنانه‌ ناو دڵی گه‌هکه‌شان

ناو {(گه‌ڕ) و (سووڕی) ره‌وتی ژیان}!

 

هێز و بزوێنه‌ری گه‌شته‌‌‌که‌یان

زانست بوو‌،

زانستی خودی خۆیان

خۆیانی (مرۆڤ)، مرۆڤی زانستپه‌روه‌ر

مرۆڤی تینووی ته‌کنیک و فه‌ن و هونه‌ر!

**

یه‌که‌م شوێنی پشوودانیان گۆی (مانگ) بوو، مانگ.

ئه‌و مانگه‌ی که‌ لای خۆمان بۆ هه‌نێ کار به‌کاری ئه‌برێت،‌

له‌ کۆتای ئه‌م باسه‌دا باسیان ئه‌کرێت.

 

به‌ڵی رۆژی (20/7/1969) ئه‌و سێ که‌سه‌ به‌ره‌و گۆی مانگ رێکه‌وتن و له‌ کاتی دیکاریکراودا گه‌یشتنه‌ {(یه‌که‌مین) چاوگه‌ی مه‌به‌ست}.

له‌ پێشدا (نیل ئارمسترانگ) پای نایه‌ سه‌ر (ته‌ختی مانگ) که‌ شوێنکی به‌رده‌ڵانی بوو، پاش تۆزێک (بوز ئاڵدرین)یش هه‌ر له‌و شوێنه‌ دابه‌زی و چووه‌ سه‌ر مانگ.

ئه‌م دوو که‌سه‌ بۆ ماوه‌ی {(21 کاتژمێر و 36 خول و 21 چرکه‌) له‌ ماشینه‌که‌یاندا له‌ سه‌ر مانگ بوون، به‌ڵام (2 کاتژمێر و 31 خول و 40 چرکه) له‌سه‌ر خاکی مانگ مانه‌وه‌، له‌و ماوه‌دا ئاڵای وڵاتی ئه‌مریکا‌یان له‌ سه‌ر مانگ چه‌قاند و دوو ده‌زگایشیان به‌ ناوه‌کانی: (Lunar Ranging) و (Retroreflector) دامه‌زراند، ئه‌و ده‌زگایانه‌ ئێستایش کار ئه‌که‌ن.

که‌سێ سێیه‌م واته‌ {میکائیل لینز (Michaes Collins)} له‌ ماشینه‌که‌ نه‌چووه‌ ده‌ر و پێی نه‌نایه‌ سه‌ر مانگ.

 

سه‌رچاوه:‌ ده‌ریای به‌رینی ئه‌نترنێت، به‌شی داده‌‌ (گوڵێ)ی میهره‌بان (google)

**

ئه‌رک و پله‌ی ‌مانگ لای خۆمان بۆ دوو شت 

1 – جوانپه‌ره‌ستان

2 – ره‌مه‌زانویستان

**

جوانپه‌ره‌ستان

 

فه‌له‌ک راست بڕۆ

فه‌له‌ک راست بڕۆ

تۆ بیتو خودا

فه‌له‌ک راست بڕۆ

مانگی من جوانه‌

یا خۆ مانگی تۆ؟

…..

…..

به‌شێ له‌ هۆنراوه‌ی (دڵدار)ی شاعیر

**

ره‌مه‌زانویستان

 

خه‌ڵک له‌ مانگ هاته‌خوارێ!

به‌ڵام کورد هه‌ر بۆ مانگ ئه‌گه‌ڕێ!

 

{ئاگادارییه‌ک له‌ لیژه‌نه‌ی باڵای بینینی مانگ له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف

3/5/2019    14،32

 

لیژنه‌ی باڵای بینینی مانگ له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و کاروباری ئاینی ئاگادارییه‌کی بڵاو کرده‌وه‌.

ده‌قی ئاگادارییه‌که‌ …

ئێواره‌ی سبه‌ی شه‌ممه‌ 4ی ئایار لێژنه‌ی باڵای بینینی مانگ له‌ دیوانی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لێژنه‌ فه‌رعیه‌کانی پارێزگاکانی کوردستان و دیوانی وه‌قفی سوونی چاودێری بینینی مانگ ده‌که‌ن، سه‌رجه‌م هاوڵاتیانی کوردستانیش ئاگادارده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ هه‌ر که‌سێک به‌ به‌ڵگه‌وه‌ ئێواره‌ی سبه‌ی شه‌ممه‌ مانگی بینی به‌ زورترین کات یه‌که‌ی ئیداری سنوره‌که‌ی ئاگادار بکاته‌وه‌. هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش سه‌رجه‌م ده‌زگاکانی راگه‌یاندن بانگهێشت ده‌که‌ین بۆ ئاماده‌بوونتان رێکخستنی کۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی له‌ کاتژمێر 30 /6 ئیواره‌ی شه‌ممه‌ 4/5/2019

لێژنه‌ی باڵای بینینی مانگ

له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و کاروباری ئایینی.

تایبه‌ت به‌ (pukmedia)}.

 

وه‌زاره‌تی ئه‌وقافه‌که‌مان داوای به‌ڵگه‌ی بینین مانگ ئه‌کات و ئه‌نووسێ:

هه‌ر که‌سێک به‌ به‌ڵگه‌وه‌ ئێواره‌ی سبه‌ی شه‌ممه‌ مانگی بینی به‌ زورترین کات یه‌که‌ی ئیداری سنوره‌که‌ی ئاگادار بکاته‌وه‌.

به‌ڵگه‌ بۆ بینی مانگ چییه‌ و چۆنه‌؟! …..  

 

20/7/2019

سه‌عی سه‌قزی

Sai.saqzi@gmail.com

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی