"an independent online kurdish website

(سفەرەمان ئامادەیە بۆ پەزیرایی و میوانداریتان، وەرن ئەگەر بەڕاستیتانـە و کڵاومان لە سەر نانێن، با گفتوگۆ بکەین.

دەستمان ئاواڵەیە بۆ وتـووێژ لـە ڕۆژەهەڵات و ڕۆژئاوای وڵات کەم و کوڕی هەن، سیاسەتی دەوڵەتی ئێمە ئەوەیە سرنج بدەینە ئەو بەشانە و….) هەر لەڕێوە زەریف بە خاوەن بەشمان نازانێ و وەک میوان ناومان دەباو میوانداریمان لێدەکا، دیارە مـیوانیش هـەر ڕۆژێـک و دوو ڕۆژ خـۆشە! با زەریف بزانێ ئێمە وەک میوان نین، بەڵکو خاوەن مافین و دەگەڵ دارگیر کەر بە چەکی مەنتیق و بە بەڵگەی مێژوویی بەرەوڕوویان دەبین و بەشیوەی شەڕی سارد بەرەنگاریان دەبین و بەرگری لەمافە ڕەواکانمان دەکەین.

بەو قسانەی زەریف هێندێک شاگەشکە بوون و دەستیان بە تورەکە هەڵدروون کرد تا بەشی خۆیانی تێکەن. هێندێکیش بەو فەرمایشانە توڕە بوون و بە بێیحورمەتی بە کوردی رۆژهەڵاتیان لە قەڵەم دا. دنیاکە هەر ئاوایە، کە بابەتێک دێتە گٶڕێی یان قسەیەک دەکرێی، هەر حیزب و سازمـان و کەسایەتیەک بـە بـۆچـوون و هەڵسەنگاندنی خۆیان تەعبیر و تەفسیری دەکەن و یەک ئەرێنیە و یەک نەرێنی، کامەیان راستە یان ناراست ڕەوتەکە و مێژوو دەری دەخەن.

منیش وەک خۆم نە شاگەشکە بـووم و نـە بێحورمەتیەکەشم پـێ تازە بـوو، نـە پێی نارەحەت و دڵگیر بووم، چونکە لە لایەک نە باوەڕم بەو تەرفەند و سەفسەتانە هەیە و نە چاوەڕوانی چاکە و حورمەتم لە دوژمن هەیە. لەلایەکیتر ئەوە شتێکی تازە و نەدیتراو نیە. بـە درێژایی مێژووی دەسەڵاتی ئەو ڕێـژیمە ئەگەر لە بیر خۆمانی نەبەینەوە زۆری لەو بابەتەمان دیتووە و بیستوە! داخوا بێحورمەتی لەوە زیاتر کە حیزبەکەمانی هەڵوەشاوە ڕاگەیاندوە! گەلەکەمانی بەکافر لە قەڵەم داوە و فتوای جیهادی بە دژی دەرکردوە! ناوی لێناین دژی شۆڕش، پێی کوتین نۆکەری بێگانە و بەستراوە و شەڕی سێی مانگەشی بەسەردا سەپاندین بە ناوی کافر و…. . لە بارەی وتـووێـژەوە، بۆ لە بیرتان چۆتەوە ڕێبەرانیان بە بیانوی وتووێژ و چارەسەری ئاشتیانە لەداو خستین و تڕۆڕیان کردن. ئەوانە و زۆریتریش بە منی سەلماندوە هێچ قسە و بەڵێنیەکی ئەو ڕێژیمە جێگای بـڕوا و مـوتمانە نیە، لە پشتی هەر وتوووێژێک پیڵانێکی شومی داڕێژراو ئامادەیە.

زەریف دەڵێ: ئەگەر بە ڕاستتانە و کڵاومان لەسەر نانێن! بێحەیاییش ئەندازەی هەیە! من لە زەریف و هەموان دەپرسم: ئەوانەی بە ناوی وتووێژ لەسەر میزی وتووێژەکە بەرانبەرەکەیان تڕۆڕ دەکەن کڵاو لەسەر خەڵک دەنێن، یان ئەوانەی بەسەداقەتەوە بێ فرتو و فێڵ ئامادەی وتووێژەکە دەبن؟؟ داخوا ئەوانەی داوای مافێکی ڕەوا دەکەن کڵاوسازن، یان ئەوانەی لەسەر ئەو داوا ڕەوایە فتوای جیهاد بە دژی گەلێکی مافـ و زێـد زەوت کراو دەردەکەن؟

زەریف خۆی ڕێبواری ڕێگای وەلی فەقیهە، لە مەزهەبی واندا تەقیە ئەسڵیكی بنەڕەتی و کار پێکراوە، ئەوەش ئەو مانایە دەگەێێنێ: ئەگەر لە بەرانبەر تەڕەفەکەت بێهێز بووی نەرمی بکێشە و سەر دانەوێنە و مل ڕا کێشە و لەبنەوە نەخشان بکێشە، ئەگەر بەهێزو دەسەڵات بووی چاو بقوچێنەو کێی بەرەنگارت ڕادەوەستێی با لەسەر هەقیش بێی بیکوژە و لەبەینی بەرەو ڕامەوەستە و دایپەڵـۆسە. بـەو هـۆیانـە و زۆریتریش لەو باوەڕەدام هەر چەنـد سەر ئـەنجامی چـارەسەری یـەکجارەکی هەموو کێشەو ناکۆکیەکان هەر بە وتووێژ و لێک تێگەیشتن دەکرێی، بـەڵام وتـووێـژێک کە ڕوون بێی لەسەر چیە و ئاشکرابێی لەکوێ دەکڕێی بە پێی ئەو هەموو ئەزمونە تاڵانەی ئێمە نابێی بە بێی لایەنێکی ناسراوی باوەڕ پێکراوو، ئاگاداری ئۆرگانە ناو دەوڵەتیەکان ئەنجام بدرێی. ئێمە نابێی هەروا بەساکاری مل بۆقسەیەکی بێ ناوەرۆکی بەرپرسێکی کە مۆرەیە و لەحاندی ڕێبەری ئیسلامی دەسەڵاتێکی نیە ڕابکێشین. ئێمە لە بەرانبەر چارەنوسی گەڵێک دا بەرپرسیارین و ئەرکەکەمان گەلێک هەستیار و قورس و گرانە. دەرکی ئەو پیداویستیە و غیرەت و جەساڕەتی هەڵینانەوەی ئەو هەنگاوە قورس و پڕ بەهرەیە لەخۆ بـردوویی و دڵسۆزی بۆگەل و نیشتمانی دەوێی. هەرچەندی لەو بوارەدا ماندو ببین و جەورو جەفا بـچێژیـن و قـوربـانی بـدەین ڕووسـورتـر و سەر بـڵیندتریـن لـە بـەرانـبەر مێژووەکەماندا ئاکامەکەشی ئامانجەکەمان وەدەست هێناوە. با لەجیاتی دڵخۆش کردن بە قەول و بەڵێنی بە درۆی داگیرکەران پشت بە یەگرتویی خۆمان و هێزی گەڵ ببەستین. من زۆر باش دەزانم ئەحزابی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەموو بارێکەوە گەمارۆ دراون ، بەداخەوە دۆستەکانیشمان دەیانەوێی وەک کەڵاشی ئاشەوانی لەسەرزگی خۆیانمان لابەن. ئەوەی من تێگەیشتومهیوادارم هەڵە بم ، کەنیم. هێدێکمان لێی پەیدابوون ناڕاستەو خۆ تەپڵێ ئاشبەتاڵ لێدەدەن و بۆ ئەوەی لەو درێژبونەوەی خەبات و قوربانیدانە بەقازانجی خۆیان کەڵک وەرگرن بەهیچیش ڕازی دەبن و ناوی مەدەنیەت وڕیفوڕمی لێدەنێن و دەیانەوێێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش وەک باشوور حیزبێکی کارتۆنی بەناوی دێمۆکڕات دروست بکەن.

بەڕای من کاتەکە زۆر لەوەی دێتە بەرچاو هەستیارترە، چوکترین هەڵـە زۆر لە تاوانی باو مەترسیدارترە. ئا لێرەدایە ، ورد بین و سەبرو خۆڕاگری لە هەموو وەختێک گرینگتر و پێویست ترە.

براتان مەلا برایمی مەجید پور

٣ی خەرمانانی ٢٧١٩ ی کوردی ٢٥/٨/٢٠١٦ی زایینی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی