"an independent online kurdish website

ئەگەر ئێمەی کورد بۆ بەرەنگاری داگیرکەران و وەرگرتنەوەی مـافە زەوتکراوەکانمان بە پێوەری هەر ئایین و ئیدەیەک بچینە گۆرەپانی خەباتەکەمانەوە، گومانی تێدا نیە لەت و کوت و دابەش دەبین وهێز و توانامان لە کزی دەدا و لە ناو خۆشماندا وەک دەبینن توشی دژایەتی و دوو بەرەکی دەبین.

ئەو بەش بەش بونەش ڕاستەوخۆ بە قازانجی دوژمنانی داگیرکەر تەواو دەبێ. هەر ئیدە و ئایینێک بە پێوەری خۆی مافمان بۆ دیاری دەکا و ڕێگای تێکۆشان و گەیشتن بەمافەکانمان نیشان دەدا. بـە باوەڕی من ئـەو جۆرە بیر کردنـەوە و هـەڵسوکەوت کردنە بـە تەواوی هەڵەیە، چونکە ماف و نیشتمانی ئێمە پێش ئایین و ئیدە دیاری کراون. ئەو هەڵەیەش زۆرتر دوژمنانی ئێمەی هانداوە هەوڵ بدەن کە لە بەرەکانی نێوانمان هـەراوتـر بکەن، هۆرەمان لە خۆمان بۆ بتاشن و هاسانتر زەفەرمان پێ ببەن.

بە باوەڕی من تەنیا ڕێگا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان ئـەوەیە خۆمـان لەو ئیدە و ئایین و قیل و قال و مادەو تەبسەڕانە دوور خەینەوە و وەک مرۆڤێکی کورد داوای مافی ڕەوامان بکەین و دوای ئازادی بەلایانەوە بچین. وەک مرۆڤ لـە هەموو مافێکی کە پێ دراوە بـەشمان هەیـە و کەس خـێرمـان پێناکا. وەک کوردیش نەتەوەیەکین وەک هەموو نەتەوەکانی ئەم جیهانە زمان و کلتور و زێدی خۆمان هەیە و کەس بۆی نیە بۆمان دیاری بکا. ئەگەر ژیرانەو بوێرانەش بیر بکەینەوە و هەلوێست بگرین، نە لەدین و نە لە ئیدە داوا ناکەین مافمان بۆ دیاری بکەن، بەڵکو وەک مرۆڤ هەموو مافێکمان هەیە و وەک کوردیش ئەو هەقەمان پیدراوە و هیچ دین و ئیدەیەک ناتوانێ لێمان زەوت بکا، ئـەوە سروشتە ئـەوەی زەوی و عاسمانی دروست کردوە، ئـەو بـەشەشی بـۆ ئێمە دانـاوە. دین و ئـیـدە شتێکن مرۆڤ دوای ئـەوەی باڵغ و عاقڵ و ئـازاد بـوو هەڵیان دەبژێرێ و نەکەس بۆی هەیە بە زۆر بەسەریدا بسەپێنێ و نە ئێمەش ئامادەین زۆر لـەکەس قبوڵ بکەین و خواش ئـەو هەقەی پیمانداوە. لـەو تێڕوانینەم ڕا ئـەو هەمـوو پـڕوو پاگەندە ژاراویانەو ئەو هێرش و پەلامارە وەحشیانەی کە بـە دژمان دەکرێـن و نـاوی دینیشی لیدەنێن، بـەهەق بـە ناڕەوایان دەزانم و فڕیان بەسەر دینەوە نیە . حکومەتانی فاشیستی، نـەژاد پـەرست، پـاوانخواز، بـێبەری لـەهەمـو بەهایەکی مرۆڤانە دەیانەوێی بەزۆر دەسەڵاتی شومی خۆیان بەسەر کورددا بسەپێنن و خۆڵیش بکەنە چاوی دنیا و کەسانی تێنەگەیشتوو لەدینیشی پێی هەڵخەڵەتێنن و لەڕاستە ڕێی هەتڵەیان بکەن ناوی دینی لێی دەنێن و داعشیش کە دروستکراوی خۆیانە وەک نمونە بـەدنیای نیشان دەدەن و کەشو هـەوایـەکی تـەم ومـژاوی دروست دەکەن ، ئاوەکە بۆ گرتنی ماسی دڵخوازی خۆیان قوڕاو دەکەن .

لەو ڕونگەڕا داوام لە مامۆستایانی ئایینی کوردی نـەدۆڕاوی خاوەن هەستی نەتەوایەتی ئەوەیە ژیرانەو بوێرانە وەک پێیان ئـەسپێردراوە ڕاستیەکان بخەنە بەر چاوی خەڵک و لەسەر بابەتەکە بێنە جواب، دڵنیا بن لەمن باشتر دەزانن داوای گەلی کورد بۆ دابین کردنی مافی چارەی خۆنوسین هـیـچ چـەشنـە دژایەتیەکی دەگەڵ دین نیە ، بەپێچەوانە پێشێلکردنی ئەو مافە دژایەتی کردنە دەگەڵ دین . خەبات لەو بوارەشدا بەرگریە لە ماف وئەوەش خەباتێکی ڕەوایە.

بـا چیتر سەفی گەل بـە نـاوی ئـیدەو ئـایین پـرشوو بـڵاو نـەکەین، نـەچینە ژێر کارتێکەری پڕوپاگەندەی دوژمنان و نەزان و هەڵخەڵەتاوان. بە چاوی کراوە، بە سینەیەکی ساف و ئاواڵە، بەتێڕوانینێکی وردبینانە بابەتەکان بخەینە ڕوو، کوردانە لێکیان دەینەوە، لێزانانەو ژیرانە چاکو خراپ لێک هاوێر بکەین . ئەزمونی (70 ) ساڵ تەمەنی تێگەیشتنم کە لەناو گێژاوی تاڵ و سوێری ژیان دا قاڵ بووم و خاراوم، قۆناغە جیاواز و جۆرا و جۆرەکانی ژیانم تێپەڕاندوە و لە دوور نیزیک لەنـاو ڕوداوەکان دابـووم ، پـێم دەڵی: تـەنیا خاڵی لاوازی زیـانباری مـەتـرسیداری گەلەکەمان دژایەتی یەکتر و مـلـمـلانـە و دووبـەرەکی خۆمان بـووە، بە فیتی دوژمن چاڵمان بۆ یەکتر هەڵکەندوە، تۆوی بێ بڕوایـیـمان لـە نـاو خۆدا چانـدوە، ڕۆڵەی ئازیزمان لێکـتـر کوشتـوە، دوژمـنـمـان بـە دۆست زانیوە و هـەرگیز قـازانـجـیشـمـان نەکردوە !! بـۆیە دەڵـێـم: ئەگەر مێژوو لێی فێر نەبی و کەڵکی لێوەر نەگری، بوونی مانای چیە؟!

  

براتان مەلا برایمی مەجید پور

٢٢ ی ڕەزبەری ٢٧١٩ کوردی ١٤ / ١٠ / ٢٠١٩ زایینی .

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی