"an independent online kurdish website

ئەوە پرسیارێکە ڕەنگە زۆر کەس بیکەن. ڕاستی ئـەوەیە هیچ ڕێـژیمێکی دیکتاتۆری دژی گەلی بـۆ هەتایە ناتوانێی بمێنێتەوە.

ڕۆژێک دێی عەمباری سەبری خەڵک دەتەقێتەوەو سێلاوی رقوقینیان دەبێتە لافاوو ڕێژیـم بـەخرتـو خاڵەوە ڕادەماڵێی . لە هەمانکاتیشدا ڕوخانەکەی بڕیک حاستەمە. چونکە ئەوانە زوحاکی زەمانن و تینویەتیان تەنیا بەخوێنی خەڵک دەشکێی.

بـۆ ڕوخانی ئـەو جۆرە ڕێژیمانە بەرنامەی تۆکمەو کرداری پیویستە، وەک :

(١) دەبێ هێزێکی بەهیزی بەتواناوهەڵقوڵاوی ویستی نیشتمان و گەل ژیرانە و لیزانانە دروست بکرێ و ڕێک بخرێی و ڕێنوێنی بکرێی ،بەرنامەو شێوەکاری ئۆرگانیزە کراوهەبێ، ئەوەش کاتێک کونجاوە کە حیزبەکان لەسەر چەند خاڵی گشتی و ‌هاوبەش ڕێک بکەون و كاریان پێبکەن. بەداخەوە تا ئێستا شتی وامان نیە. هەریەکەی هەوایەک دەڵێی وپێی هەڵدەپەڕێ. ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەییە. ڕێژیمەکانی مردوو زیندوی ئیران ئەوەندەی بۆیان کراوە لێکیان دوورخستونەوە بگژ یەکیشیان داکردون و وەک دەڵێن ( تفرەقە بیانداز و حکومت کن ) .

(٢) ئەو حیزب و سازمانانەی هەن لەباری ئیدئۆلۆژی و بـەرنامە، ئەوەنـدە لێک دوورن کە نیزیک بـونـەوەیـان ئەگەر محاڵ نـەبێی گرانـە. بـۆوێنە چەپەکانـو مەزهەبیەکان هەم بۆخۆیان لێک دوروو دژی یەکن، هەم ویست و داوخوازەکانیان نەویستی زۆرینەی گەلە و نەیەکیش دەگرنەوە. جیا لەوانەش پاشایەتیەک کە بە سێڵاوێک خوێن لە ئێران ڕاو نرا، ئێستا میراتگرەکانی قسە لەزیندوبـونـەوەی دەکەن ! زۆر شتی تـریـش هـەن دەگەڵ ئـەوانـە دەبـنە کـۆسپی سـەر ڕێـگای سەرکەوتن. ئێمەش نە بەیەک ڕیگادا دەڕۆین، نە دوژمنیشمان بەباشی ناسیوە .

(٣) ئـەوەی پێی دەکوترێی ئـۆپـوزیسیۆنی ئێرانی نـەدەتـوانـن یەک بگرن نـە بـەرنـامەیـەکیان بـۆ داهـاتـوو هـەیـە. کەوابـوو وەک جاری پێشوو لـەمـار دەسڵەمینەوەو بەسەر بەرازدا دەکەوین.

(٤) گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بـە خۆشیەوە وەزعی لـە غەیرە کوردەکان باشترە بەڵام بە ڕاشکاوی دەڵێم : دڵـخوازی پێویست نیە . نەیتوانیوە یـەکگرتـوییەک دروست بکا کە پارسنگ بەلای خۆیدا بخا و نەخشی ڕێبەریەکی یەکگرتوی بـەهێز وکارا بگێڕێی . نـاوەـندی هاوکاریمان هەیە بەڵام وڵام دەری هەلومەرجی ئەوڕۆ نیە .بۆ ئەو قۆناغە بڵاو کردنەوەی ڕاگەێێندراو کافی نیە . دیارە هەبونی باشە ئەگەر وەک دەسپێک بۆ یەکگرتوییەکی بە پڕۆسەو بەرنامەو بـە تـوانـا لـە مەیدانی عەمەلدا حیسابی لەسەر بکرێ.

(٥ ) ئێمە دەبێی ئـەزمونی شۆڕشی گەلانی ئێران و ڕوخانی ڕێژیمی پاشایەتی و هاتنە سەرکاری ئاخوندەکانمان بە بەرچاوڕوەنی لە بیر مابێی ، دیتمان گەلانی ئێران خوێنیان دا ، ئـەحزاب و سازمانی ئێرانی و کوردستانی لـەبـەر نـەبـونی بەرنامەیەکی هاوبەشی لەپێشادا داڕێژراو، چۆن كلاومان چووە سەرو هیچمان پێنەبڕا ، بەڵکو ناویشیان لێناین دژی شۆڕش وبەهەموو چەکێک لێیان داین و ئێستاش هەر لـێمان دەدەن . لـەنـاوخۆشـمان چۆن کەوتینە گیانی یـەکترو لێک دوورکەوتینەوە کە پاش چل ساڵ خەبات و تێکۆشان ناتوانین یەک بگرینە.

لە وڵامی ئەو پرسیارە کە دەڵێی : تـۆ بڵێی کۆماری ئیسلامی ئێران بڕوخێی ؟ دەڵێم : بەڵێ ڕێژیم لە ناوەرۆکیدا هڵۆڵە و بایەکی توندی دەوێ بەلادا بکەوێ. ئەگەر هێزەکان یەک بگرنەوە، ئەگەر بـەرنـامەی گەلی و هاوبەشیان هەبێ و بەو یەکگرتوییەوە بێنە مەیدان دەبنە گەردەلولێک کۆشکی زاڵمان دەڕوخێنێ و دوایی بە تەمەنی نەگریسی ئەو ڕێژیمەش دێنێ. ئـەوەی بـۆ حاشالێکردن نابێ ئەوەیە گەلەکەمان بەشی هەرەزۆری خوێندەوارو وشیارە، دروشمی قەڵەو و بریقە دار فریوی نادا و کردەوەی دەوێ. نـەبـونی هاو هەڵویستی و پـڕۆسەی هاوبەش ڕەنگە تەمەنی ئەو ڕێژیمە بڕێکیتر درێژ بکا، ژانەسەریکیش بـۆ گەل دروست بکا کە حەبی ئاسپرین و پـاڕاستامۆڵ چاری نـەکا، کردەوەی هـاوبـەش و لێزانانەی دەوێ. دەگەڵ هەموی ئـەو کەندو کۆسپانەش دڵنیام جەبری مێژوو ئەوەی دەکا کە ئێمە نەمانکرد یان بۆمان نەکرا.

بەڕوونی و ڕاشکاوی دەڵێم: هەتا نیشتمان و گەلێکی ئازادو سەربەخۆمان نەبێی ناتوانین هیچ ئیدەو ئایینێکی ڕاست یان چەپ وەک سیستمی بەڕیوەبەری دیاری بکەین. چونکە لە هەرحاڵەتێک دا ئەوە گەلە ڕێبازو ڕێبەر دیاری دەکا نەک تاکە حیزبێک یان دەستە و گروهێک. کەوابـوو ئـەرکی سەرەکیمان هـاوکاری گەلە بۆ ڕزگاری و سەربەخۆیی. ئەگەر سرنجێکی لێزانانـە بـدەینە خۆپێشانـدانـەکانی ئەو دواییانەی ئێران وکوردستان، دەزانین گەل ڕێبازی خۆی دیاریکردوەو هیچ بڕوایەکی بەو ڕێژیمە نیە وبەهاتنە پێشی هەرمەسەلەیەک کە پێوەندی بە گەلەوە هەبێی وشیارو لەسەرخەتەو بەداگیر دەڵێی وا نەزانی کورد مردوە کورد زیندوە. ئەگەر لـەبیرتان مابێ شا لـەسەروبـەنـدی ڕاکردن و ڕوخانی دەسەڵاتـەکەی ئیدعای ئـەوەی دەکرد دەبێتە (ژاندارمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) کوماری ئیسلامیش راست لەو حاڵەدا کە پێی وایە ناردنی شۆڕش بۆ دەرەوە جێی گرتوەو حکومەتێکی ئیسلامی وەک ئەوەی خۆی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەمەزرێنێ، پەلەقاژەی مەرگیەتی و بۆ مانەوەی بۆ ماوەیەکیتر لە هیچ جینایەتێک سڵ ناکا ، هەروەک تائێستاش نەیکردوە.

باهەموو هەست بەو ڕاستیە بکەین ودانی پێدا بێنین تەنیا خاڵی بەهیزی دوژمن، نەبونی یەکگرتویی و بێبەرنامەیی و بێی هێزی خۆمانە. ئەوە ڕاستیەکە حاشای لێناکرێ و لەبەر دەستمانە .

برایان مەلا برایمی مەجیدپور ١ سەرماوەزی ٢٧١٩ ی کوردی

٢٢ / ١١ / ٢٠١٩ ی زایینی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی