"an independent online kurdish website

کاکە حەمە حاجی عەرەب خەلکی شاری نۆدشە لە ھۆرامان، پیاوێکی کەلەگەت، ڕوو خۆش، ھێدی و نەرمونیان تابڵێ قاڵب سووک و لە بەردڵان بوو.

ئەو لە دەورانی شۆڕشی ئەیلول یەک لەو کاسبکارانە بوو سەردانی گەڵاڵە ـ حاجی عمران (بازاری ساتوسەودای کەلوپەل و مەعامەی تجاری) نێوان سنووری ھەولێر و خانێ (پیرانشار) دەکرد.

لە جوملەی کاسبکارانێک دەژمێردرا وەزعی ماڵی باش و وەک خۆی کاتی شۆڕش باسی دەکرد توانی بووی ڕێو ڕچەی کاسبی باش وەدۆزێ.

تاجرەکەی ئێمە یەک لە ئەویندارانی شۆڕش ھەر لە دەورانی ئەیلولەوە دەژمێردرا. لە دەسپێکی شۆڕشی خەڵکانی ئێران دژ بە سەرەڕۆیی دەسەڵاتی شا ڕیزی پێشمەرگەی حێزبی ھەڵبژارد .

نێوبراو بە ڕادەیەک باوەڕمەند و ئەوینداری خەبات لە پێناو ئامانجە سەرکوت کراوەکانی خەڵکی کوردستان بوو کە ھیچکات خۆی لە ھەر خزمەتێک پێ یان بسپارد با درێغی و سەربزێوی نەدەکرد.

خاخ خاس لە بیرم ماوە سەرەتای پەنابەر بوونی بەشێکی بەرچاوی خەڵکی ناوچەکە پاش فەتوای قەڵاچۆلە لایەن خۆمەینی ساڵی ١٣٥٨ دژ بە خەڵکی کوردستان و نیشتەجێ کرانیان نزیک ھەڵەبجە، دوای سەردانێکی کورت وێکرا بۆ لای ئاوایی (نەروێ و نۆدشە)دەگەڕاینەوە کاتی گەیشتنمان بە بیارە لە سەر ڕێ پێشنیاری کرد با وێکڕا بچینە خزمەت شێخ عۆسمان سراج ئەلدین نەقشبەندی بەڵکوو ھاودەنگی ئەم زاتە بۆ بەخشینی چەند سندووق فیشەک بە پێشمەرگەکان. ھەرچەند من بە ھۆکاری تۆخ بوونی دەورانی گەنجیەتی ھاودەنگیم بۆ چوونە خزمەتی شێخ دەرنەبڕی و ئەویش لە دیدارەکەی سەرکەوتنی بەدەست نەھێنا بەڵام لە ئەنجامی نیەتە دڵسۆزانەکەی کۆتایی نەکرد.

کەسایەتی ناسراوی ئەوکاتی ناوچەی پاوە، نۆدشە و نەوسود نزیک بە حەوت سال بە ئەوپەڕی تواناوە خزمەتی بە بزاڤی شۆڕشگێڕانە لە ڕیزی حێزبی دێمۆکرات دا کرد.

لەو ماوەدا بە سەرفی داراییەکەی بۆ یارمەتی دۆستان و حیزب لە ھۆرامان کە کەمووکوڕی ماڵی زۆر بوو کۆتایی نەکرد بە چەشنێک کە دواتر کەم دەست و بە گرفانی بەتاڵ مایەوە.

ڕۆژێک ھاوڕێ کۆچ کردوومان زیندوو یاد کاک سەید ڕەزا دروودگەر بەرپرسی ئەوکاتی کۆمیتەی حیزبی دێمۆکرات لە شارستانی پاوە لە (بناری قەندیل) ناوەندی دەفتەری سیاسی حیزب و ڕانیە بەرەو سلێمانی بە مەبەستی گەڕانەوەی ناوچەکەی خۆی سواری ماشینی مینی بووسی کرێ دەبێت لە نێو ڕێگای سەفەرەکەیدا لە گەڵ پیاوێکی جێکەوتووی بە ساڵاچوو خەڵکی باشوور دەبێتە ھاودەنگ. ھاوسەفەری ھەولێری پرسیاری شوێنی لەوێ ھاتنی کاک رەزا دەکا و لە وەڵامدا دەڵێ خەڵکی ھۆرامان و لە پاوە ھاتووە .کابرا دەگەشێتەوە، پرسیاری ئەوە دەکات کە: ” من دۆستێکی کۆنی خەڵکی ناوچەی ئېێوەبە ناوی کاک حەمە حاجی عەرەب دەناسم ئایا ناسیاریت لە گەڵی ھەیە؟”

کاک ڕەزا لە وەڵامدا دەڵێ: “بەڵێ ئەو ھاوڕێ پێشمەرگەی ئێمەیە.” پیاوی ھەولێری بە ئەوپەڕی خۆشحاڵیەوە دەکەوێتە سەرباسی رابردووی خۆی و کاک حەمە لە دەورانی کاسبکاری گەڵاڵە .

دەگێڕێتەوە: ” تووشی زیان ھاتووە بەڵام حەمەی حاجی عەرەب بە دڵی ئاوەڵە و بە بێ چاوەڕوانی لەو ھەلومەرجەدا دە ھەزار دینار پارەی دەداتێ و دەڵێ ھەرکات لەم وەزعە ڕزگاریت بوو بمدەوە ئەر نەکرا گەردنت ئازاد بێت.‌”

ئەوە کە دواتر گەڵاڵە تێکدەچێت کاسبی لەو مەڵبەندە کۆتایی پێ دێت و ئەم دوو ناسیارەیەکتر نابیننەوە خۆی وەک چارەنووسی کوردان غەریب و نەناس بۆ کورد نیە!

بەڵام پیاوی ھەولێری عنوان (ئادرەس) خۆی دەدا بە سەید ڕەزا ، تکای لێدەکا پێش سڵاو بە ناوبراو بڵێ بەڵکوو بۆ ماوەیەک لە ھەولێر سەردانی بکا دەڵێ : ” من ئێستا وەزعم باشە و خوازیارم جەزای کورد وتەنی پیاوەتی و چاکەی بدەمەوە.” پاشتر بەرپرسی کۆمیتەی ھۆرامان بە گەیاندنی ڕاسپاردە و ئادرەسی دۆستەکەی کاک حەمە تووشی کەیفخۆشی وھیواداری دیداری لە ھەولێر دەکات.

بە ھەڵکەوت لەو سەردەمە دا پێشمەرگە کاک حەمە لە بنکەی دەفتەری سیاسی حێزب دەبێت. وەک ئەوە دەروێکی خێری لەم کاتی کەمدەستی و وەزعە تایبەتەدا بۆ کرابێتەوە خۆی دەگەیێنێتە لای جێگری سکرتێری حێزبەکەی (دۆکتۆر قاسملو لەو کاتەدا لە سەفەری دەرەوە دەبێت.)

بۆ بەرپرسی حیزب دەگێڕێتەوە کە دۆستێکی کۆنی لە ھەولێر ھەیە ڕای سپاردوە سەردانی بکات، بەڵکوو حیزب بەڵگەیەکی ھاتووچۆی لای عێراقیەکان بۆ وەرگرێت تا بتوانێ چاوی پێ بکەوێ. جێگری سکرتێر لە وەڵامدا بە کاک محەمەد حاجی عەرەب پێشمەرگەی بە ساڵاچوی حیزب دەڵێ:” ڕاسپاردەکەت چیە بە ئێمەی بڵێ پیاوی خۆمان ھەیە دەنێرین بۆلای.”

حەمەی حاجی عەرەب لە وەڵامدا دەڵێ: “مامۆستا! ئەمن ئەوە چەند ساڵێکە پێشمەرگەی حیزب و لە خزمەت ئێوەدام ھێشتا بە پیاوی خۆتان حساب و متمانەم پێناکەن و پیاوی خۆتان لە جیات من دەنێرن؟”

ئەم ھەڵسوکەوتە دەورێکی ئەوتۆ لە سەر نێوبراو دەگێڕێت کە پاش چەند ڕۆژێک بە دڵشکاوی ملی ڕێگا بەرەو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیم دەگرێتە بەر. بە پێ ناسیاری نووسەری ئەم دێڕانە و تەنانەت دەتوانم بە دڵنیایی بڵێم زۆربەی ئەو ھاوسەنگەرانە کاک حەمە دەناسن ئەو کەسایەتیەک نەبوو کە خەڵک بگرە ھاوکارانی کوردی سەربەڕژیمی ئێسلامی ڕقیان لێ بێت لەبەر ئەوە دەسەڵات لێی دەگەڕێ بەڵام ھەردەرفەتێکی ژیانی ئاسوودەی کاری لێ قەتیس دەکەن. لە ئاکام دا ئەم پێشمەرگە بێدەرەتان، دڵشکاو، ھەژار و دەست و گرفان بەتاڵ بەڵام بیروباوەڕ دەوڵەمەندە لە شەقامێکی تاران شەوێک لە سەر کارتۆن (مقەبا) جێ نوستنەکەی گیان و ڕۆحی ژاکاوی لە غۆربەت و بێکەسیدا دەبەخشێ .

یادی بەڕێزتر ـ

سدێق بابایی    

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی