ئێوە تەنیا بە ناو قارەمان نەبوون، بەڵکوو بە کردەوەش قارەمان و لە ناو قارەمانەکانیشدا قارەمان بوون.
بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە شەوی رابردوو رێکەوتی 2020/3/21 سەعات 10ی شەو لە نەخۆشخانەی ئاراشترمای شاری وانی باکووری کوردستان، دڵە گەورە و پڕ لە ئاواتەکەی تێکۆشەرێکی گەڵەکەمان و پێشمەرگەیەکی بێ ناو و نیشانی دێموکرات لە لێدان کەوت و مالئاوایی یەکجاری لە بنەماڵە و خزم و کەس و کاری کرد و هەر ئەمرۆ بە بەشداریی خەلکی گۆندی وارگەنم و ناوچە لە گۆرستانی گۆندی وارگەنم بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا و بوو بە میوانی شەهیدانی حیزب: یووسف ڕەیدی رۆستەم زرنگی، کامیل ئیبراهیمی، جەلال نەبی زادە ، سەلمان کووهی ، سەراجەددین جاجۆیی و خزم و کەسی کۆچکردووی.
کۆچکردوو قارەمان ئەگەر چی خەلکی باکووری نیشتمان بوو، بەڵام یەکێک لە تێکۆشەرە هەرە دێرینەکانی دێموکرات بوو و لە هەموو هەل و مەرجێک دا و لە هەر شوێنێک پێویست بوایە ئەرکی حیزبی بە دڵەوە بەرێوە دەبرد، زۆرن ئەو پێشمەرگە بریندارانەی کە ئێستاش لە ژیاندان و ئەگەر فیداکاری و بوێری و دڵسۆزیی قارەمان نەبوایە، لەوانەبوو ئەگەر شەهیدیش نەبووبان، دووچاری کەمئەندامی هاتبان. دڵنیام لە کاتی هێرشی دوژمن و فیداکاریی پێشمەرگەکانی حیزب لە باکووری رۆژهەڵاتی کوردستاندا، هەر پێشمەرگەیەک کە بە گولەی دۆژمن بریندار دەبوو، دوای ئەوە کە باوەری بە هاورێکانی خۆی لە بەشی دەرمانی هەبوو، بەڵام دەیزانی ئەگەر بگاتە لای قارەمان هیواکانی بۆ ژیان زیاتر دەبن، چۆنکە قارەمان بە دڵسۆزی و شارەزای خۆی بە بڕینی هەزران کیلۆ مێتر لە ناوچەی بە تەوای میلیتاریزە کراودا بە دەیان رۆژ لە گەڵ بریندارەکان رێگای دەبڕی هەتا بە سڵامەتی دەگەیشتنە باشووری کوردستان و بریندارەکانی دەگەیاندە نەخۆشخانەی حیزب.
بەڵێ قارەمان مرۆڤێکی شۆرشگێر، وڵات پارێز، ئازادیخواز، سادق و پاک، ئارام و ئازا بوو. ئەو کەسایەتییەکی هەرە دیاری ناوچە بوو، ئەو خۆشەویستی پێشمەرگە و پێشمەرگەی خۆش دەویست، کام ئەندامی رێبەری حیزب و کام تێکۆشەری دێموکرات لە باکووری رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە کە قارەمان نەناسێ و خۆشی نەویستبێ؟ نووسین و باس کردنی ژیانی قارەمان و هەموو خەلکی حیزب و پێشمەرگە خۆشەویستی گوندی وارگەنم بە چەندین بابەت و کتێب تەواو نابێ.
لە ڕێگای ئەم کورتە نووسینەوە پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان لە بنەماڵە، کەس و کار و هەموو خەلکی دڵسۆزی وارگەنم دەکەین و خۆمان لە پرسەی کۆچی کاک قارەمان دا بە شەریک و بەشدار دەزانین. بەتایبەت براکانی کاک مودیر و کاک باقی، هەر وەها کورەکانی کۆچکردوو بەشار، شابەدین،داوود ، یەعقوب و شێروان.
پێویستە ئەوەش بلێم لە کاتی بەخاکسپاردنی کۆچکردوو قارەماندا و لە سەر قەبران ئەمرۆ بە تەلەفۆن پرسەی خۆمان گەیاندە کەس و کاری و ئەوانیش سەرەخۆشیان لە ئێمە دەکرد .
ڕووحی پاکی قارەمان شاد و ناو و فیداکارییەکانی هەمیشە بە زیندوویی دەمێننەوە .
عەزیز مورادپەرەست . سوئێد