"an independent online kurdish website

ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی یەکەم ساڵی ڕێکخستنی سەرلە نوێی هێزی پێشمەرگەی حیزب بوو کەبە بڕیاری کۆنگرەی ٧ و بە مەبەستی کار و چالاکیی تەواو پارتیزانی ژمارەی هێزەکانی حیزب لە ٢٠ هێز ڕا هاتبووە ١٢ هێز.

یەکەی تەشکیلاتیی شیمالی کوردستان  مەڵبەندی شیمال بوو کە پێکهاتبوو لە کۆمیتەکانی شارستانی ئۆرمیە و سەڵماس و هێزی ئاگری کە پێشتر هێزەکانی( شەهید نەحۆ، شەهید سەرگورد عەبباسی و شەهید سەروان حاتەم) بوون.

کە واریدی ناوچە بووین هێزێکی بە گوێرەی ئیمکاناتی ئەوکات تەیار و تۆکمە، کۆمەڵێک فەرماندەری لێ‌هاتووی بە ئەزموون و قاڵ بووی بەربەرەکانی لەگەل دوژمن  و ژمارەیەکی سەدان کەسی لە کادر و پێشمەرگەی گەنج، خەباتکار، شارەزای ناوچە، باوەڕ بە خۆ، بوێر و ئازا کە نموونەیان زۆر کەم بووە لە نێو شۆڕشگێرانی چەک بەدەستی  کورد دا.

یەکەم هەڵمەتی ئەو ساڵەمان بۆ سەر هێزەکانی دوژمن  لە نێو شاری شنۆ و چەندین ناوەند و مۆڵگەی دوژمن لەو ناوچەیە لە شەوی ٥ی پووشپەڕی ١٣٦٥ بە تۆڵەی ٣ شەهیدی هاوڕێمان  بوو کەلە گەرووی زینێ شەهید ببوون (ئەحمەد قاسمی، ماهیر عەبدی و سەڵاح مەجیدی فەر). دووهەمین و سێهەمین هەڵمەتیش تێکشاکاندنی هێزەکانی دوژمن لە بۆزی سینا بوو و چوارەم هەڵمەتیش لە شاخی داڵانپەڕ و تێکشکاندنی هێزی دوژمن بوو. ئەوانە هەر هەموویان بە هاوبەشی لەگەل هێزی کێلەشین و  کۆمیتەی شارستانی شنۆ بوون کە جگەلە کوژران و بریندار بوونی زیاتر لە ١٥٠ کەس لەو شەڕانە دا، پایەگای گوندی ئەمیر ئابادی شنۆیەش دەستی بە سەرداگیرا.

شەوی ٢٣ی پووشپەڕ لە عەمەڵیاتێکی چەند دەقیقەیی کە تەنیا یەک ڕەگباری بیکەیسی و یەک گولە ئارپی جی بوو، پایەگای گوندی میرداوودی گەلی بەرەدەڕەش دەستی بە سەرداگیرا کە ٢٣ کەس بە دیل گیران و چەک و چۆڵێکی زۆریش کەوتە دەستمان. ٣ زیندانیی ئازەری  کە حوکمی ئیعدامیان هەبوو لە پایەگاکە دا ئازاد کران.

لە ٣ی گەلاوێژ بە بەرنامەیەکی دەقیق عەمەڵیات بۆ سەر پایەگای گوندی مەلوونەی ناوچەی برادۆست دەستی پێکرد.  من ئەو شەوە لەگەل تیمێک کە کاک دێوانە عەبدولا زادە بەرپرسمان بوو ئەرکمان دانانی مین بوو لە ڕێگای خانیک بۆ سێرۆ کە داستانەکەیم بە وردی پێشتر نووسیوە و پێویست بە دووپات کردنەوەی نیە.

*************

ئەســـــــــــڵی مـــەبـــەســـتم

پێشتر ناوی تەتۆ(تەتەر ئاوازە) بەر گوێم کەوتبوو و دەمزانی کەسێك بە ناوی تەتۆ خەڵکی ئاوکێ ی ناوچەی گەلی بەردەڕەش کادری  تەشکیلاتی حیزب بووە و کەسێکی  خۆشناوی کۆمەڵایەتی و بەتەمەن و جێی باوەڕی خەڵك بووە و بەهاری ساڵی ٦٤ خۆی تەحویل داوەتەوە و خەڵک خۆ تەحویلدانەوەی مام تەتۆیان بۆ حەزم نەدەبوو کە چۆنە کەسێکی وەک ئەو بچێ تەسلیمی دوژمن بێ؟ . ئەوەم بیستبوو، بەڵام  نەمدیتوبوو، چوونکی ئەو لە کۆمیتەی شارستانی ئۆرمیە بوو و  حەوزەی تێکۆشانی دوور بوو لە ناوچەی ئێمە ، بۆیە لە نیزیکەوە نەمدەناسی. لە ڕاستی دا من بەهاری ساڵی٦٥ کەم کەم هاوڕێیانی کۆمیتەی ئۆرمیەم ناسین.

بەڵێ کە عەمەڵیاتی سەر پایەگای مەلوونە لە دەوروبەری سەعات ١١ی شەوی ٣ لە سەر ٤ی گەلاوێژی ١٣٦٥ بە فەرماندەهیی کاک بەهادور ئازەری جێگری فەرماندەری هێز دەستی پێکرد، لە ماوەی نیزیک ٣٠ دەقە دا کۆتایی هات و تەنیا یەک کەس کوژرا کە ئەویش جاشێک بوو بە ناوی شێخ  ئەنساری و تا نەکوژرا نەیهێشت  پایەگا تەسلیم بێ. پایەگا دەستی بە سەرداگیرا و چەک و چۆڵ و ئەسیرەکان کە وابزانم ١٧ کەس بوون ڕاگوێزران. بەیانیەکەی چووینە  کانی ماهین پشت گوندی ئالووسان و خەڵک خەبەریان هێنا کە لە کاتی هێرشی پێشمەرگە بۆ سەر پایەگا، تەتۆ کە میوانی ماڵێک بووە و سەری لە پەنجەرە هێناوەتە دەر و بە خۆشحاڵی یەوە چاوی لە چۆنیەتیی عەمەڵیاتەکە کردووە، گولەیەک لە لای پایگا ڕا هاتووە و بەداخەوە شەهیدی کردووە.

خەبەرەکە جگەلەوەی کە تاڵ بوو، زۆر سەیر و موعجیزەواریش  بوو! بۆچی ئەو گولە وێل و سەرگەردانەی پایەگا کە هاتۆتەوە نێو ئاوایی و ڕاست وە کەسێک کەوتووە کە میوانە، سەری لە پەنجەرە هێناوەتە دەر و مام تەتۆی خۆشەویستی خەڵک و  پێشمەرگەیە. بەڵێ بەداخەوە ئەو شەوە شەهیدمان نەبوو، بەڵام شەهیدمان دا و زەبرێکی قورس لە تەشکیلاتی کۆمیتەی شارستانی ئۆرمیە کەوت!

دوای شەهید بوونی مام تەتۆ هاوڕێیانی کۆمیتەی ئۆرمیە و بەتایبەتی کاک مەحموود دەشتی کە بەرپرسی کۆمیتە بوو ئاشکرایان کرد کە مام تەتۆ بە بڕیاری کۆمیتە چووە تەسلیم بووە  و  وەک کادری محەللی کاری کردووە.

کادری محەللی لە کۆڵەکە ئەسڵی یەکانی تەشکیلاتی حیزب بوون و شایەد لە ناوچەیەکی بەرینی وەک ئۆرمیە ئەوپەڕەکەی ٣ ، یا ن ٤ کەس هەبووبن بۆ کاری تەشکیلاتی لە ناوخۆی خەڵک و بە شێوەی نهێنی. ئەو کەسانەی وەک کادری محەللی ئەرکدار دەکران، کەسانی نهێنیکار، خۆشناو، خەڵکی،  ئەهلی خۆ دەرخستن و  تەزاهور نەبوون، تاقەت و تەحەمولی زۆریان لە هەمبەر سەختی و دژواریەکان هەبوو، سادق و دڵسۆز و جێی متمانەن و شارەزا لە سەر سیاسەت و پڕەنسیپە تەشکیلاتیەکانی حیزب بوون.

لە هاوڕێێانم بیستووە کە مام تەتۆ خاوەنی هەموو ئەو سیفەتانە بوو کەدەبا کادرێکی محەللیی حیزب هەیبێ. دیارە کە  زۆر بە دیقەتەوە مام تەتۆ هەڵبژێردرابوو بۆ ئەو ئەرکە پیرۆزە کە بەداخەوە لە کاتێکی حەساسی بزووتنەوەی نەتەوەییمان لە ڕۆژهەڵات و بەتایبەتی خەباتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی  ئێران لە ناوچەیەکی وەک ئۆرمیە لە  دەستمان چوو. ئەو سەرمایەیەکی مەعنەویی گرینگی تەشکیلاتی حیزب بوو لە شاری ئۆرمیە وهەر وەک  ناوەکەی  تەتەری  حیزب بوو بۆ نێو خەڵک و زیندووکردنەوە و زیندوو هێشتنەوەی  تەشکیلات.

مام تەتۆ بەڕاستی جێی باوەڕ و خۆشەویستی خەڵکی ناوچە بووە. ساڵانی دوای شەهیدبوونیشی خەڵک هەمیشە بە ڕێز و حورمەتەوە باسی گەورەیی ئەو خەباتکارەیان دەکرد و شەهید بوونی ئەویان بە خەسارێکی گەورە دەزانی. مام تەتۆ بەداخەوە تا ئێستا وەک سەربازێکی ون زۆر کەم باسی گەورەیی و فیداکاریی کراوە و جیلی ئێستا کادرێکی خەمخۆر و لێهاتووی خەباتی شاخ و شاری خۆیان کەم دەناسن. ئەوان بناغەی تەشکیلاتی حیزب بوون  کە ئێستاش دیواری تەشکیلات لە سەر بناغەی ئەوان هەڵدەچێندرێتەوە.

یاد و ناوی مام تەتۆ هەربە زیندوویی و بە پیرۆزی دەمێنێتەوە.

مام تەتۆی شەهید  و مامۆستا مەلا ڕەسووڵ لەشکری

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی