"an independent online kurdish website

( وشاورهم فی ألأمر فاإذا عزمت فتوکل علی أللە إن أللە یحب ألمتوکلین )

ناوەڕۆکی ئەو ئایەتە پێمان دەڵێ: لە خۆوە هەڵمەکوتنە سەر کاران، ئەگەر شتێکو بۆ هاتە پێشێ ڕاوێژی لەسەر بکەن، ئەگەر بڕیارو دا پشت بـەخوا ببەستن بەڕێوەی بەرن .خوا مرۆی خاوەن ئیمان و تەوەکولی خۆش دەوێن.ئێستا کە فەتای کڕۆنا یەخەی گرتوین با شارەزاو لێزانان دوکتۆرو پـسپۆڕان ڕاو ڕاوێژی لەسەر بکەن و بڕیار بدەن و ئێمەش بڕێوەی بەرین .

مرۆڤ بونەوەرێکە ئەو جیهانە بە هەموو گیانلەبەرەکانیەوە هەڵدەسوڕێنێ، هەموو بێ گیانەکانیش دەکار دێنێ . دەگاتە حاندێک لـە خـۆ بـایی دەبـێ و هـەمـوو سنورەکان دەپەڕێنێ . دێتە سەر ئەو خەیاڵە کە گۆیا هێچ نـەماوە نـەیـزانێ و هیچ کارێک نیە نەتوانێ، مرۆش دروست دەکا و ئیتر کاری بە مرۆی خوا کرد نامێنێ ، (رۆبۆتیش ) وەک نمونە دەنوێنێ . دەبێتە جۆرە خوایەک زیندوش دەکا ودەش مرێنێ ! لە پڕ فەتایەکی وەک کڕۆنای لێی پـەیـدا دەبـێی و بـەدەستیەوە دادەمێنێ. نازانێی چۆن پێشی بگرێی و بەچی دوایی پێ بێنێ! تەنیا ڕێگایەکی کە نیشانی دەدەن پاک و خاوێنیە و تێکەڵاو نـەبــونـە . بـەڕای من ئـەوە شتێکی تازە نیە و ١٤٤١ ساڵ لەوە پێش ئیسلام پاکو خاوێنی بە نیشانەی ئیمان دانـاوەو ڕەنگە کەسێک نەبێی کە پاکو خاوێنی بەباش نەزانێێ وهەرتایبەتی دینیش نیە. دینەکانیتریش ئەو ڕاسپاردەیان بەخەڵکەکەیان داوە. دیارە ئەو لەماڵەوە بـون و تەریک مانەوەش لـە بـەردەوامـیدا گونـجاو نـیە ، چونکە ژیان بەبێی جوڵەو کارو تێکەڵاوی بەڕێوە ناچێ و دورنیە ئەوەش ببێتە هۆی ناڕەحەتی و ئاڵۆزی فکری . هیوادارم عومری درێژ نەبێی.

بـە بـاوەڕی من ئـەوە زەنگێکی مـەتـرسیدارو وشیار کەرەوەیـە بـۆ سەرجـەم مرۆڤایەتی و پیمان دەڵێی : بەسیەتی ئەولە خۆ بایی بون وسنور بەزاندنە. بزانن هێندە ئاکاری نەشایاوو وتاری دوورلەڕاستیتان ڕەچاو کرد، سنوری مرۆیەتیتان پەڕاند .خەیانەت ، درۆ، بوختان، دزی ، دەست بڕیو هەڵخەڵەتاندن و فریودانتان پەرە پێداو ، کردەوەی دوور لە ئەخلاق و تیکەڵاوی بە شیوەی حەیوانیتان خستە نـاو قالبی ئـازادی و دیـواری نـێوان حەیـوان و ئـینسانـتـان ڕۆخانـد و نـاوی پێشکەوتنیشتان پێوە لکا نـد ! بـەدوا داچونی هەواو هەوەس و ڕەچـاو کردنـی بەرژەوەندی تاکی بـوو بە سیمبولی کارو تێکۆشانتان . بـەکورتی سنورێک لە نێوان ئینسان وگیانلەبەرانیتردا نەما. دیندار بەناوی دین جینایەتی دەخوڵقاند بێدین بەدژی دینداران گۆی خەتایان لەوان دەستاند.هەمویان هەرحەزو ویستی خۆیان بەلاوە گرینگ بوو هەرئەوە باش بوو کە خۆیان بەباشیان دەقەبـڵانـد . وەک درندە زۆر دار بێزۆری دەخوارد، بەزەیی لە قاموسی مرۆڤدا شۆرابۆوە .ماددە ببوو بە ئامانج بۆ پێگەیشتنی ،هەموو شتێکی بە قوربان دەکرا. کوشتن ووێرانی و سوتاندن لە ژێر ناوی جۆراو جۆر ئەوەندە پەرەی ساندوە کە ئیتر هەست بە هێمنی و ئارامی بەتەواوی مردوە . ئـەوەنـدە ئـامرازی مەتـرسیدار بـۆ کوشتن دروست کراون کە لە کڕۆنا مەترسیدارتـرن . بـازاڕی بێحورمەتی و شکاندنی هەستو سۆزی ئایینی و غەیرە ئایینی ئەوەندە گەرم بوە ، ئەوەندە وشەی دیندار و بێدین و کافرو موسوڵمان وەبرەو کەوتوە و بۆ خراپکاری دەکار هاتوە،هەمو دنیای لێک کردۆتە دوژمن و تەنانەت لە بنەماڵەکانیشدا ڕەخنەی کردوە . دڵنیام ئـەگەر مرۆڤایـەتی وەخۆ نەیـەتـەوە نەگەڕێتەوە سەر ئـەسڵی خۆی کە مرۆڤ بـونـە، گیان و ژیان بایخی خۆی پێنەدرێتەوە ، ژیان و ئازادی نەبێتە مافی هەموان ئاگرێک هەڵدەگیرسێی لـە کرۆنـاش سوتـێنەر تـرە ! کوردانـە دەڵێم : ( ئێمە لە بەڕەی خۆمان زیاتر لاقمان ڕاکێشاوە) .

هاتنی کڕۆنا ئـەو ڕاستیەی سەلماند کە هێزێکی بەهێزی نـادیـار ،کـە عـەقڵی مرۆڤ نـاتوانێ سیمایەکی بـۆ بکێشی ونیشانی بـدا ، بـەڵام بـەکردەوە هەیـەو دیتراوە. ئـیـوە هەرناوێکی لـێدەنێن ئـازادن ، بـەڵام مـن پیی دەڵێم ( خـوا ) . کە دەڵێم خوا، مەبەستم ئەوەنیە دەستەو ئەژنۆ دابینیشین وبڵێین خوا چاکی دەکا یان نایکا ! بەڵکو پێموایە دەبێی هەموو کەرەسەو ئامرازەکانی زانست وەگەڕ بخەین و بە تەوەکولو ئیرادەیەکی بەهێزەوە بەرەنگاری ببین ڕێگای بنبڕ کردنی بدۆزینەوە. بێگومان بـۆ مرۆی خاوەن ـباوەڕی ئایینی پشت بەستن بەو هێزە نادیارە خۆی دەبێتە پشتیوانەیەک بۆ ئەو ئیرادەو بـڕوا بەخۆ بونە . دەشزانـم زۆرن ئەوانەش کە دەڵێن خوا هەر نیە ، بەڵام ئەوەش باوەڕی ئەوانە بەلای منەوە کێشە نیە . 

ڕەنگە ئەو پرسیارە بکرێی خۆ ئیمانداریش تـوشی ئـەو فەتایە بـون ، بۆچی ؟! پـرسیارێکی بـەجێیە .ڕاستی ئـەوەیـە ئـەوەی مـن پیی دەڵـێم خـوا هـێـزی چێکەرو هەڵسوڕێنەری زەویو عاسمانەکانە . وەدیهێنەری گشت گیان لەبەرو بێگیانەکانە ، وەگەڕ خەرو ڕیکو پێک کەری بەبەرنامەی هەڵسوڕاندنی مانـگ و ڕۆژو ئەستیرەکانە. ئەوە باوەڕی منە ! جیا لەوەش وامەزانن هەرچی باوەڕی ئایینی هـەبێی لـە بەڵا بەدورە ، دادپەوەری خوا لەوەدایە ئی هەموانە ، قانـون و یاساکانیشی بـۆ هەموانە، پاداست سەزاکەشی بـە پێی کردەوەکان سوکە یـان گرانـە. بـزانن ئەوانەی بەناو ئیماندارن و لە کردەوەدا بیی ئاکارن، لە بەڵا نیزیکترن و سـەزا دەدرێـن و تـاوانـبـارن. مە بـەست لـە هـاتنە ئـارای هـەر ڕووداوێکی تـاڵ بـۆ مـرۆڤەکان تـاقیکردنەوەو ئـەزمونی ژیانـە . ئێمە دەبێێ بـۆ بـەرەنگاری هەر پێشهاتێک لەهەموو زانست و ئامـرازو تـوانـاکان کەڵک وەرگرین بە ورەیەکی بەرزەوە هیوادار بین و پشت بـەخوا ببەستین ، دڵنیام ئـەگەر لیزانـانـە کەڵکمـان لـە کەرەسەکان وەرگرتبێی یــارمـەتی خـواشمان مسۆگەر کردوە. ئـەوەی بـەلای منە جیگای داخو سرنجە ئەوەـیە : لەوکاتە هەسـتیارەشـدا مادەپەرستەکان وازلە ناڕەوایی و گوێبڕی ومافـخواردنی خەڵک ناهێنن . هێندێکیان نرخەکان گران دەکەن، لەوەش خراپتر کارخانەو شیرکەتو بانگەکان ، کرۆنایان کردۆتە بیانویـەک کارمەند وموچە خۆرو کرێکارەکانیان دەر دەکەن. ئەوەش بۆ ئەو چـیـنـە زەحمەتکێشانە بۆتە سەرباری خەمەکانیان و دوا ڕۆژیـانی تـاریک کردوە. ئـەو مرۆڤ خـۆرانە دەتـوانـن وایـدابنێن کە ساڵێک کارخانەکەیان قازانجی نەکردوە و قازانجەکە بدەنە موچەخۆرەکانـیان، لانی کەم دەبێتە هـۆی بەهـێز بونی ڕووحیەیەیان وخۆراگرتر دەبن لەبەرانبەر ئەو بـەڵایەدا. دەزانن قازانج یانی چی ؟! یانی شەریکەیەک هەموو تێچوی ساڵێکی خـۆی دیـاریـدەکاو وەلای دەخا ، ئەوەی دەمێنێتەوە زیـادیەو پـیی دەڵێن قازانج ، کەوا بوو نـە لـە گیرفانی و نـە لە سەرمایەکەی هیچی خەرج نەکردوە.

هیوادارم مـرۆڤەکان لـە خەوی غەفڵەت وەخەبـەر بـێن ، سـنوری تواناو ماف وئەرکەکانیان بناسن ، لە خۆ بایی نەبن ، ئـاوڕێک لەرابردوو بدەنەوە هەڵەو خەتاکان بخەنە بەرچاوو بەجێیان بێڵن و چاکە و ڕاستەکان بەئەزمونێکی تازەو بەڕوحێکی ئارامی مرۆڤ دۆستەوە ڕەچاوو دەست بەژیانێکی نوێی بکەنەوە. بە دڵنیایەو ئەو فەتایە تەواو دەبێی ، بەڵام ژیان ومەرگ هـەردەمێنی و وەک ڕابردو ڕەوتی ئاسایی خۆیان بەڕێـوەدەبەن . من دوعای نـەمـردن نـەبـۆخـۆم نەبۆ کەس ناکەم ،چونکە داوایەکی نـەگونجاوە ، ئـەوەی من لەخوای خـۆم، بـۆ خۆم و مرۆڤایەتی داوا دەکەم ئەوەیە : ئەو ماوەیەی پێمان دراوە بە سلامەتی و خۆشی تێپەڕی کەین.

 براتان مەلا برایمی مەجید پور ١٣ خاکە لێوەی ٢٧٢٠ کوردی

           ١/ ٤ / ٢٠٢٠ زایینی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی