"an independent online kurdish website

هەتا زانیاریمان لە سەر ڕووداو و دیاردەکان زیاتر بێ، وەچەی ئێستا زیاتر هاندەدەین بۆ خەبات و دەستەبەر کردنی سەرکەوتن

بە بۆنەی دەستوێڕاگەشتن بە دوو وێنەی دوو ڕێبەری سیاسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان باش وایە بە وێستگەکانی ژیانی سیاسیان دا بێینەوە ،  بۆ ئەوەی لە بۆنە و تاریخی هەڵگیرانی ئەو وێنانە نزیک بینەوە. . جێی ئاماژەیە خانمی مینا نورلین کە لە ماڵپەڕەکەی دا ئەو وێنانە  وێنەی دیکەی بنەماڵەیی بڵاو کردووەتەوە نەیزانیوە ئەو کەسەی کە لە دوو لە وێنەکان دا لەگەڵ دایک و بابی دەبیندرێ شەهید ئەحمەد تۆفیق ( عەبدووڵای ئیسحاقی) یە. من پێنجشەمە شەو درەنگانێک ئەو دوو وێنە و چەند وێنەی دیکەم دیت کە بەڕێز ئازاد ئێلخانیزادە  لە فەیس بووک دا بڵاوی کرد بووەوە و گەورەیی نیشان دا لە سەرچاوەی وێنەکان ئاگاداری کردم.

-لەکۆتایی ١٩٤٠ کانی هەتاوی لە کالیجی ئەلبورز لە تاران دەخوێنێ

-دوای وەرگرتنی دیپڵۆم لەگەڵ برای گەورەتری ئەحمەد قاسملوو دەچنە  لای برای گەورەتریان حوسێن قاسملوو لە تورکیا و لەوێوە دەگەنە پاریس

-هەر دووکیان دەبنە ئەندامی حیزبی توودە. بە بوورسی حیزبی توودە قاسملوو لە ووڵاتی چێکۆسلۆڤاکی لە پراگ دەست بەخوێندن دەکا

-لە ساڵی ١٩٥٠ یان ١٩٥١ لەگەڵ هاوژین و منداڵێکی دێتەوە ئێران

-سارمەدین سادق وەزیری کە یەک لە ئەندامانی کۆمیتەی کاک ( کۆمیتەی ئەیالەتی کوردستان- ئازەربایجان ) ی حیزبی توودەی ئێران بووە بۆ یارمەتیدانی چالاکییەکانی حیزبی قاسملوو دەینێرێ بۆ مەهاباد

-لە دوای کودەتای ٢٨-ی گەڵاوێژ تا چەند ساڵ هەر بە نهێنی لەکوردستان ئێران [ تاران ] دەبێ. لە زەمانی سەرتیپ تەیمووری بەختیار ماوەیەک دەگیرێ ودوایە بەر دەبێ دەچێ بۆ باشوور و عێڕاق

-ئەو سەردەمە هاوکاتە لەگەڵ بووژانەوەی چالاکی کورد لە باشوور قاسملوو لە بەشی کوردی زانکۆی بەغدا کار دەکا

-عەبدولڕەحمانی قاسملوو و کەریم حیسامی لە بەغدا و عێڕاق دەر دەکرێن، قاسملوو دەچێتەوە پڕاگ و لە ناو حیزبی توودە دا درێژە بە چالاکییەکانی دەدا ، بەڵام لە گەڵ کوردە ڕۆژهەڵاتییەکانی دانیشتووی شوورەی. ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ئوڕووپاش لە پێوەندی دا دەبێ.

-لەو سەروبەندە دا لە پڕاگ بە هاوکاری حەسەن قزلچی، کەریم حیسامی ، محەمەد موهتەدی چەندین ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان دەر دەکەن.

-لە ساڵی ١٩٧٠ دەگەڕێتەوە عێڕاق ، پێوەندی لەگەڵ بارزانی و کوردە ڕۆژهەڵاتییەکان دا دەمەزرێنێ. لە هەمان کات دا لە وەزاڕەتی تەختیتی عێڕاق دادەمەزرێ و لە باشوور بە ناوی عەبباس ئەنوەری دەناسرێ

ە کۆنفڕانسی سییەمی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان (ئێران) کە لە کۆیە لە ٢١/ ٦ / ١٩٧١ بە بەشداری ٣٢ نوێنەر بە سکرتێری گشتی هەڵدەبژێردرێ.

-لە ساڵی ١٩٧٥ بە تەواوی چێکۆسلۆڤاکی بەجێ دێڵێ و لە پاریس نیشتەجێ دەبێ و لە ئێنالکۆ ( مەدرەسەی ژیاری و زمانانی ڕۆژهەڵات)  لە بەشی سۆرانی دا دەرس دەڵێتەوە و یارمەتی پرۆفێسۆر جۆیس بڵۆ دەدا

-لە ساڵی ١٩٧٨ چەند مانگ بەر لە ڕووخانی حکوومەتی کوڕی ڕەزاخان بە نهێنی دێتەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

– قاسملوو لە ساڵی ١٩٧١ وە تا تاریخی تێرۆر کرانی ژووییەی ١٩٨٩ یانی ١٨ ساڵ سکرتێری گشتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران بووە.

-لەبەر پێوەندی بنەماڵەیی لە تەمەنێکی کەم تێکەڵاو بە سیاسەت دەبێ

-لە زیندوو کردنەوەی چالاکییەکانی حیزب دا شەو و ڕۆژ دەکاتەوە یەک

-لەبەر ئازایەتی و لێوەشاوەیی پلەی حیزبی بەرز دەبێتەوە و دەبێتە ئەندامی سەرکردایەتی

-لە بەر هەڵسووڕانی سیاسی و بۆ ئەوەی نەکەوێتە دەست پۆلیس  هەر لە ساڵی ١٩٥١-١٩٥٢ ژیانی نهێنی دەست پێ دەکا

-دواتر دەچێتە باشووری کوردستان

-لە باشوور بە کردەوە سەرکردایەتی ئەو کوردانە دەکا کە لە ڕۆژهەڵاتەوە هاتبوون. لەگەڵ باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی دێمۆکڕاتی کوردستانی عێڕاق بە سەرۆکایەتی ئیبراهیم ئەحمەد و هەر وەها مەلا مستەفا پێوەندییەکی چر دادەمەزرێنێ و دژایەتی باڵی ‘ چەپ ‘ ی ئەو حیزبە بە سەرۆکایەتی ‌هەمزە عەبدوڵا دەکا

-بە دەسپێکردنی شەڕی چەکداری لە باشووری کوردستان، هەتا دێ لە باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی بە سەرۆکایەتی ئیبراهیم ئەحمەد دوور دەکەوێتەوە و لە مەلا مستەفا نزیک دەبێتەوە.

-یەکەم ڕۆژنامەنووسیی بێگانە ، دانا ئادام شمید لە بەیڕووتەوە بۆ سەردانی باشوور و پێشمەرگە دەهێنێتە کوردستانی عێڕاق

-بە کردەوە چارەنووسی خەباتی ڕۆژهەڵات بە باشوورەوە دەبەستێ و لە هەموو کێشەکانی نێو حیزبی دا مەلا مستەفا پشتی دەگرێ

-لەماوەی ساڵانی ١٩٥٩ تا ١٩٦٤ ( کاتی بەسترانی کۆنگرەی ٢) و ماوەیەک دواتریش ڕێبەری بێ ئەملا و ئەولای حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران بووە

-بە پێی نووسینی پرۆفێسۆر جەمیل حەسەنلی ئەحمەد تۆفیق لە نامەیک کە لە ٢٠-ی مارسی ١٩٦٠ دا بۆ ڕەحیم قازی نووسیوە داوای لێ دەکا حەول بدا بۆ تەرتیبی دیداری خۆی و ئەندامێکی دیکە وەک ڕێبەرایەتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان ئێران لەگەڵ نوێنەرانی حیزبی کۆمۆنیستی یەکێتی شووڕەوی. سەرەڕای حەولەکانی قازی ، شێئۆلیڤ یەک لە ئەندامانی پێوەندییەکانی دەرەوەی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی یەکێتیی شووڕەوی ئەو داوخوازە وەدوایە دەداتەوە. ئەو نامەیەش دەنگۆی دژی شووڕەوی بوونی ئەحمەد تۆفیق تا ڕادەیەکی زۆر دەڕەوێنێتەوە.

-لە ساڵی ١٩٦١ یان١٩٦٢ لە سەفەرێکی نهێنی بۆ تاران دەتوانێ ڕێکخراوی  خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی ئێران پەیوەست کا بە تەشکیلاتی حیزبی دێمۆکرات

-کۆنگرەی دووەم ، هەر چەند وەک سکرتیر هەڵی دەبژێرێ، بەڵام دوای ماوەیەک کێشەکانی نێوخۆیی حیزب قووڵتر دەبنەوە

-خۆی و ژمارەیەک لە پێشمەرگە و خزمانی بە ئەمری بارزانی ڕادەگوێرێن بۆ کونەماسی لە ناوچەی بادینان

-دواتر لەوێ هەڵناکا ، لەگەڵ چەند پێشمەرگە دەچێتە بەغدا و دەبێتە پەنابەری سیاسی

-لە نێوان ساڵانی ١٩٧٠ تا ١٩٧٢ دا لەگەڵ دەستەی پەناهیان کار دەکا و لە ڕۆژنامە کوردی ئەو گرووپە دا بابەت دەنووسێ

-بانگەوازی حیزبی دێمۆکڕات بۆ دەست پێ کردنەوەی چالاکی بە توندی ڕەد دەکاتەوە، چونکە شەرعییەتیان بە ڕەسمی ناناسێ

-باڵێکی حیزب  لە ژێر ڕێبەریی مەلا سەید ڕەشید حوسێنی  پشتیوانی لێ دەکەن ، ئەوە هەر ئەو گرووپەیە کە ‘ کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان’ یان پێک هێنا

-ئەحمەد تۆفیق هەر چەند لەگەڵ تاکتیک و بزووتنەوەی چەکدارانەی ٤٦-٤٧ نەبوو، بەڵام لە نامەیەک دا کە لە بەرواری ٧/٦ ژانوییەی ١٩٦٩ بۆ مەلا ڕەسوڵ پێشنەمازی نووسیوە تەسلیم کردنەوەی ڕۆلەکانی ڕۆژهەڵاتی بە ڕێژیمی ئێران مەحکووم دەکا و دەنووسێ:

  ” …. بەڵێ ئەوانە بوونە مایەی عەزابی ویژدانی و خوێن خراپی ئێمە بۆ ئەو حاڵەی کە وا ئێستا دەیبینین وەک مەڕی پەروار دە و دە و پۆل پۆل تەسلیم بە قەساب باشی هەتیوی قوڵیان دەکەنەوە. جنوونی قائیدی و پاڵەوانبازی فایقی بە جۆرێک سەرخۆشی کرد بوو کە هیچ نەسیحەت و ڕێنوێنی نە من و نە هەڤاڵانی تر هیچ فایدەی نەبوو. هەر وەکی هیچ محاوەلە و داوا و پاڕانەوەش ناتوانێ بەڕێوەبەرانی شۆڕش لەو کردەوە ناشیرینە واز پێ لێ بێنێ کە تەسلیم کردنەوەی کورد بە جەندەرمەکانی شای نە مەعقوولە و نە قانوونە و نە عورفە و نە …. خۆتان بیان کووژن هەر وەک جەلالی و ٦٦ شان دەکووژن ئەوانەش خۆتان بکووژن باشترە لە تەسلیم کردنەوە …”

-لە ساڵی ١٩٧٢ ئەوە زاندراوە کە بەعس گرتوویە، لە زیندانی نوگرە سەلمان بیندراوە. لە زەمانی نازم گزار سەرۆکی ئیستیخباراتی نیگریسی بەعس لە بەغدا کووژراوە.

-هێندێک لایەن حیزبی دێمۆکڕات ، قاسملوو و بەتایبەتی نەمر حەمەدەمین سیڕاجی کە خزمایەتیشی هەبووە لە گەڵ ئەحمەد  تاوانبار دەکەن کە دەستیان بووە لە کوشتنی دا و تەنانەت ئیدیعا دەکەن سیراجی ئەشکەنجەی ردووە ، بەڵام ئەوەی ڕۆژێک حەمەدەمین سیراجی دیتبێ دەزانێ ئیدیعایەکی ئەوتۆ هیچ فڕی بەڕاستییەوە نییە.

تکایە ئەگەر هەڵەیەکی فاکتی لەم نووسینە دا دەبێننەوە بۆم ڕاست کەنەوە چونکە هەر وەک لە سەردێڕی ئەم ووتارە دا نووسیومە: هەتا زانیاریمان لە سەر ڕووداو و دیاردەکان زیاتر بێ، وەچەی ئێستا زیاتر هان دەدەین بۆ خەبات و دەستەبەر کردنی سەرکەوتن

بە پێی دووسەرچاوەی جیاواز دەگەینە ئەو ئاکامەی کە ئەو دوو وێنەیە لە مانگی ئووت یان سێپتامبری ساڵی ١٩٥٧ هەڵگیراون

حەسەن قازی

حەسری خانەگی!

٣-ی ئاوریلی ٢٠٢٠

سەرچاوە: لاپەرەی فەیسبووکی نووسەر

لینکی وتووێژەکەی مینا نورلین (قاسملوو)

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی