"an independent online kurdish website

کۆماری ئێسلامی دەمێکە سەرقاڵی پلانێکی بەربڵاوی گورچوبڕە تا بە ئەم شێوازە بتوانێ چەند ئامانجێکی پێشووتر ئاماژە پێکراوی خۆی بپێکێت.

زۆرکەس ئاگادارن بەرپرسانی تاران لە خامەنەیی ڕا بگرە تا زۆرێکیتر لە بەرپرسانی سپا و تەنانەت آغای ڕۆحانی دەسەڵاتداری فەرمایشی لە بۆنەکاندا ھەڕەشەی توندی تۆڵەیان لە ئێشراییل دەکرد.

ھەڵبەت ئێسراییل وەک دەسەڵاتێک لە گەڵ ئەوە لێدانی زەبری سەربازی لە ھێزەکانی تاران جێگرتوو لە سوریە و حێزبۆڵا و ھاودەستەکانی تری خۆی نەدەپاراست. ھاوکات دەزگای ئێتلاعاتی ئەم وڵاتە زۆر بەوردی جموجۆڵی تاران و دەستوپێوەندەکانی لە لۆبنان، یەمەن، فەلستین، عێراق و سوریە کە تاران ڕێبەی دەکات لە ڕۆژەڤی بەرنامەکانی وەلا نەنابوو. ترۆر بە ڕبێەری تاران لە وڵاتانی ئۆروپایی بەتایبەت لە ساڵانی دواییدا چاودێری وردتر کراوە. فەرانسە، انگلیس، ئاڵمان لەو وڵاتانە دەژمێردرێن شان بە شانی ئامریکا پەیتا پەیتا زانیاریە گرینگەکانی پێوەندیدار بە ترۆری تارانیان ئاڵوگۆڕ کردوە.

وڵاتانی سکاندیناوی پێشتریش لە پێوەندی حەولە ترۆریستیەکانی تاران دڕدۆنگ و بە بێ شاردنەوە لێرەو لەوێ خۆیان بۆ لە قاودانی ھەندێ لەو کردەوە گەلەی تاران نەدەپاراست. باشم لە بیر ماوەسەروبەندی باس و خواستی گەرمووگوڕی ترۆری ناسراو بە میکۆنۆس لە برلین و نووسینی ڕۆژنامەکانی ئاڵمان لەم پێوەندیەدا بوو کە بەشداری ترۆریستەکانی حێزبۆڵای لۆبنان لە قەتڵی ڕێبەرانی کورد دەکرا کاتێک لەگەڵ بەرپرسێکی ئاڵمان بە بێزاری وتم: ئێوە لە ھەمان  کاتدا دەزانن ئەو عەرەبانە دەست پەروەردەی کۆماری ئێسلامی ئێرانن ھاوکات ئێمکاناتی وڵاتە کەتان بۆ ژیانی ئەوان و پەرەدان بە کاری ترۆریستی و نامرۆڤانەیان دژی گەلی ھەژاری ئێمە تەرخان دەکەن!

  • تاکی ئاڵمان زۆر لە سەرەخۆ لە وەڵامدا وتی: Hab geduld,brauchen wir nicht beeilen… 

واتە سەبرت ھەبێ پێویست ناکات پەلە بکەین و لە درێژەی قسەکانیدا: یاساو ڕێسای وڵاتی ئێمە لە سەرەخۆ بە لە بەرچاو گرتنی گشت لاینی مافەکانی مرۆ، پشت بەستن بە بەڵگەی بێ ھەڵە و پەڵە و پەنا بردن بۆ دژکردەوەی کاتی حساب بۆ نەکراو، ھەنگاوی لەسەرەخۆ دەنێت.

لە گەڵ دۆست و ھاوپەیمانانمان ڕاوێژو ئاڵوگۆڕی زانیاری دەکەین لە کۆتاییدا ئەگەر قازانج و مەسڵەحەتی وڵاتەکەمان لە مەترسی لێک درایەوە ژێرخانی پێوانەکانی یاسایی پێوەندی نێودەوڵەتی مان خرایە ژێرپێ ئەوکات ھەڵوێستی پێویست دەگرین و ئامادەین نرخەکەشی بدەین.

ئێمڕۆ یازدەی بانەمەڕ ٣٠ ئاپریل ئاسەواری عەمەلی ئەو سیاسەتە ھەرچەند درەنگ بەڵام وەک تاکی باسکراو ئاماژەی پێدا لە سەر خۆ دەرکەوت و باسکێ ترۆری تاران یەک دوای یەک دەستی بۆ کۆمەڵگای نێو دەوڵاتی ڕوو دەبێ و وەک ئۆرگانێزمی ترۆری فەرمانگر لە تاران بە فەرمی دەخرێنە نێو لیستی ترۆر لە وڵاتانی جێھان.

لە لایەکیتر وڵاتانی خاوەن بڕیار بە سەبر و لەسەرەخۆیی خەریکن پەڵ و باڵی دەسەڵاتی ترۆریست پەروەری تاران بە مەقەستی ئێرادە بۆ بەرئەنگاری قوڵدری دەبڕن.

لێرەدا دەبێ ئەو ڕاستیە بدرکێندرێت ئەگەرچی کورد لەو ماوەدا کاروانی قوربانیەکانی بە بێ وەستان بەڕێوە بوەە بەڵام حەقانیەتی خەبات، تێکۆشان و ھەمبەر وەستانی بەرانبەر ترۆرو ترۆریزمی دەوڵەتی تاران ساڵ بە ساڵ ئاشکراتر و بۆ دنیای قازانج پارێز بەڕۆژتر دەبێت بە چەشنێک چیتر بۆیان ناکرێ لە بەرانبەریدا بێدەنگ بمێنن. لانیکەم بەشێکی بەرچاو لە وڵاتانی خاوەن بڕیار و دەسەڵاتداری جێھانی ھاتوونە سەر ڕاستی و ئێقرار بە دروستی ھەڵوێستی سیاسی و ناسیاری بێ ئەملاو ئەولای بانگەوازەکانی کورد کە ڕژیمی ئێسلامی وەک دەسەڵاتێکی ترۆریستی جێ متمانە نیە.

مەجلسی ئاڵمانی فێدراڵ قەدەغەی  تێکۆشانی حێزبۆڵای لۆبنان بە بڕیاری فەرمی ڕادەگەیێنێت. وەزارەتی نێوخۆی ئەم وڵاتە ھەواڵی مەمنوعیەتی ھەموو ھێژەگرێدراوەکانی حێزبۆڵا،مزگەوت و ئەنجۆمەنەکانیان ئاشکرا دەکات. بەڕێز زێھۆفەر وەزیری نێوخۆ داوا لە لاینگرانی حێزبۆڵا دەکا واز لە تێکۆشان بھێنن.

لەسەر ئەو ئەساسە حێزبۆڵا دەفتەری فەرمی لەم وڵاتە نەبووە ئەو بڕیارە بە واتای قەدەغەی تەواوی حێزبۆلا لەم وڵاتە دێت. توندوتیژی دژ بە ئێسراییل و بوونی ئەم وڵاتە [واتە ئەگەری پلان و کاری ترۆریستی] بە وتەی واڵتر وتە بێژی وزارەتی نێوخۆ لە ھۆکارەکانی ئەم بڕیارە دەژمێردرێت. بەرپرسانی ئاڵمان پاش چاوەدێری دوور و درێژ ژمارەی گرێدراوانی حێزبۆڵا لەم وڵاتە ١٠٥٠ کەس دەس نیشان دەکەن. لە ڕێگای مزگەوتەکان کۆڕ و کۆبوونەوەی تایبەتی و چاوپێکەوتنی لاوەکی ڕاوێژی ترۆریستی دەکەن. ھەر لەم پێوەندیەدا چوار ناوەندی سەر بە حێزبۆڵا ناسراو و مزگەوتەکانیان لە شارەکانی دۆرتمۆند، برلین، مۆنستر و برێمن ھاوکات لە لایەن پۆلیس ئێمـڕۆ پێنجشەمە ٣٠/٤/٢٠٢٠ پشکنینی وردی پۆلیس کران. ئەگەرئ ئەوە لە لایەن پۆلیس بە دوور نازاندرێ کە ڕەنگە حێزبۆڵا [تاران] بۆ ڕۆژی قدس پلانێکی ترۆری بەدەستەوە بووبێت.

ھەڵبەت بڕیاری چاوەدێری توندتری لایەنگران و ئەندامانی حێزبۆلا لە ساڵی پارەوە پێداگری لە سەر کراوە. دیارە حەوت ساڵ پێش یەکیەتی ئۆروپا لقی چەکداری ئەم حێزبەی دەلیستی ترۆر خستبوو .ھەر چەند ئامریکا لەمێژە داوا لە ئاڵمان دەکات حێزبۆڵا بە گشتی بخرێتە لیستی ترۆر بەڵام لەوە دەچێ ئاڵمان و ئۆروپا چاوەڕوانی ئاکامی چاوەدێری توندی خۆیان بۆ سەلماندنی ترۆریست بوون و فەرمانگری ئەم ڕێكخراوە لە تاران بووبن.

سدێق بابایی ئاڵمان

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی