"an independent online kurdish website

سالی١۳۷٥ ی هەتاوی پۆلێک پێشمەرگەی دیموکرات لە موچەو مەزرای نێوان ئاواییەکانی کەندەسورە و تەموتە سەر بە ناوچەی سەقز مابوینەوە ،

 لای نێوەڕۆ خەبەرمان پێگەیشت کە چەندین کەس لە مامۆستایانی ئایینی ناوچە هاتوونەتە مەزراکانی ئاوایی تەمووتە و پێکەوە لە ناو باغێک دا کۆبونەتەوە و مەجلیسیان گرتووە، شەویش بۆ شام لە ئاوایی تەموتە دەمێننەوە.

ئێمەش کە تامەزرۆی دیتنی خەڵکانێک بوین کە لە چەند شوێنی جیاوازەوە هاتبوون، بە تایبەت کە پێشنوێژی چەند ئاوایی جیاوازیان لە گەڵ دابوون و بەشێکیشیان لە ناو شارەوە هاتبوون، بۆ باس کردنی سیاسەتی حیزبەکەمان لە گەڵیان و وەرگرتنی بیروڕای ئەوان سەبارەت بە حیزب بە دەرفەتمان زانی و بەرنامەی کارمان کە قەرار بوو بۆ شەو بچینە گوندی کەندەسورە  ئاڵ و گۆڕ بە سەر داهێنا و بەرە و ئاوایی تەموتە  مەسیرمان گۆڕی.

لە گەڵ بوومەلێڵەی ئێوارە خۆمان گەیاندە گوندی تەمووتە و لە ماڵەکان دامەزراین.

 بۆمان دەرکەوت دۆستان و لایەنگرانی  کاک ئەحمەدی موفتی زادە بوون، پرسیارمان کرد کێیان لە گەڵە؟ ناوی کاک حەسەنی ئەمینی جێگری کاک ئەحمەد و مامۆستا مەلا محەمەدی ئیمامیان هێنا، پێشتر لە گەڵ هەردوو بەڕێزیان تێکەڵاوی بنەماڵەیی و هاتوو چومان هەبوو.

پێشمەرگەیەکمان بە نێوی  عەباس هەقبین کە ئێستا لە قەڵای دیموکراتە، پێش هاتن بۆ پێشمەرگایەتی  جۆرێک لایەنگری بۆ ئەوان هەبوو و ئەویش دەیناسین بۆیە لە گەڵ عەباس چوینە لایان و دیدارمان نوێ کردەوە، زۆریان ڕێز لێگرتین.

 بڕێکمان باسی وەزعی حیزب و هەڵوێستەکانی کرد  لە باسەکەم دا ئەوەم وت کە کاک ئەحمەد کاتی خۆی وتویەتی خودموختاری کوردستان ها لە گیرفانما. باسەکەمان زیاتر لە گەڵ مامۆستا ئیمامی بوو، بەڕیزی وتی نا وانەبوە ! کاک ئەحمەد موفتیزادە فەرموویەتی خودموختاری کوردستان وەک لە گیرفانم دابێ وایە.

دیارە بە ئیحتیاتەوە قسەیان دەکرد و ئیحساسمان دەکرد بڕێک پەروشیان پێوە دیارە لەو دیدارە، ناهەقیشیان نەبوو، پێشمەرگەیەکی زۆری حیزب و جەماعەتکی بەرچاویش لەوان گومان هەڵگر بو لای ڕژیم. بۆ ڕۆژی دواتر کە گەڕابوونەوە بەرەو شار هەر لە یەکەم پرسگەی ڕژیم لە ئاوایی میرەدێ لە ماشین دایان بەزاندبوون و لێکۆڵینەوەیان لە گەڵ کردبوون و تۆمەتباریان کردبوون کە عەمدی بۆ لای دیموکرات چوون، لە حاڵێک دا شتی وا نەبوو، بەو جۆرەش وازیان لێنەهێنابوون داوتر هەموویان بانگهێشتی ئیدارەی  ئیتلاعاتی سەقز کردبوون بۆماوەیەک گێرەو کێشەیان بۆ ساز ببوو.

 کاتی خۆی کاک ئەحمەدی موفتی زادە لە زەمانی شا وەک کەسێکی نەتەوەیی و دیموکرات لە زیندانی شا دا بوو و مامۆستا ئیمامی وەک ئەندامی حێزبی دەیموکرات لەڕژیمی پەهلەوی زیندانی زیندانی کرابوو، زۆر جار  بە خزمەت مامۆستا ئیمامی گەیشتووم تا بڵێی عالمێکی زانا و نیشتمانپەروەر و جێگای ڕێز بوو، چەند مانگ لەوە پێش کۆچی دوایی کرد  و بە هەزاران کەس لە خەلکی شاری سەقز و دەورو بەر جەنازەکەیان تا گۆڕستان لە سەر شان داناو بەشداری ناشتنەکەیان کرد .

لە ناو مامۆستایانی ئایینی دا خەڵکانی نیشتمان پەروەر و گەل دۆست زۆرن کە بە هۆی هەڵوێستی کوردانەیانەوە لە ناو خەڵک دا ڕێزی تایبەتیان لێدەگیردرێ، هەر پێشمەرگەیەک شەهید بوایە مامۆستا ئیمامی سەردانی بنەماڵەکەی دەکرد و بێئەوەی گوێ بداتە ئەوەی ڕژیم لێی دەکۆڵێتەوە. تەنانەت لەم دواییانە کە مەنسوور پیرۆتی پیشمەرگەی دیموکرات شەهید بوو بە نەخۆشی و بە چێوشەقەوە سەردانی ماڵیانی کردبوو.

لە دوای کۆچی  مامۆستا لە موبیلەکەی دا گۆرانیەکی تایبەتی ناوچەی سەقز کە پێی خۆش بوو  بۆیان ناردم و لە گەڵ ئەم یادەوەریە بڵاوی دەکەمەوە و گوێبیستی دەبن  مامۆستا حەزی لە دەنگە ڕەسەن وفۆلکلۆریەکان بوو، گوێی لێدەگرتن.

بەڵێ پێشمەرگەکان لە ڕێڕەوی کار و تێکۆشانی خۆیاندا لە گەڵ زۆر گروپ و دەستە لە شاخەوان و باخەوان و کاروان و کورد و غەیری کورد  بە تاک و بە کۆ بەرەو ڕوو دەبوون و لە گەڵ هەر کامەیان بیرەوەریەک چەکەرەی کردوە.

https://www.facebook.com/1668160217/videos/pcb.10214290661494937/10214290661214930/

دەنگی گۆرانی 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی