"an independent online kurdish website

وەک نریتی هەمو هێزەکانی پێشمەرگەی  حدکا لە ڕۆژهەڵات  بۆ لێدانی  هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە بۆنە و ڕۆژە مێژووییەکاندا جوم و جوڵەکان بەرفراوانتر دەبوون و هەمولایەک دەکەوتنە کێبڕکێ  بۆ لێدانی  دوژمن ۰

ساڵی ۱۳٦٤  و مانگی سەرماوەز فەرماندەی ئازا و دوژمن تەزێنی لکی شەهید نادری ( سەی فەرەج حوسەینی ) پلانی چالاکییەک دادەڕێژێت  کە لە ۲٦ سەرماوەزدا بەڕێوەی ببات.

شوێن و کاتی عەمەلیات دەسنیشان دەکات و تیمێکی شەش کەسی (بە خۆیەوە حەوت کەس) لە کوڕانی هەڵمەتبەر، ترس تۆقێن  لە لکی شەهید نادری ئاگادار دەکاتەوە بۆ ڕۆژی دیاریکراو ئامادەبن ۰

ئەگەر هەڵە نەبم دوانیوەڕۆی بیست و سێی سەرماوەز  حەوت پێشمەرگەی گورج و گۆڵ و بەهەیبەت لە بنکەی هەرمێلە دەرکەوتن و بە دیوی گاکوژەدا شۆڕ بونەوە بۆ سەر ئاوی سیروان (کەسەکان  شەهیدان سەی فەرەج ٫ ئەنوەر دەرەوەیانی٫ قادر وڵەدبەگی٫ عەزیز سەلیمی  و دوو پێشمەرگەی دیکە)

پاش پەڕینەوەی سەر ئاوی سیروان بە کەڵەس و لە شەودا و دەرباز بوون لە مەیدان مین و کەمین پایگاکانی سەر جادەی دوو ئاو مەڕەخێڵ خۆیان دەگەیەننە بەرزاییەکانی زاڵ بە سەر جادەی دوو ئاو  – پاوە ( تونیلی دەرەیوەر) ۰

پلانی عەمەلیات  کەمین دانانەوەی سەرجادەیە لە نێوان دوو ئاو و دەرەیوەردا

شوێنی دیاری کراو

ئەستەمترین سەختای و هەڵدێری ناوچەی  هەورامان٫ لە نێو قوڵایی دوو شاخی بەرز و گەردنکەش  ( لای باکور نانەوێژە و لای باشوور کەلەقەندی ) جادەیەکی بەرتەسک لە لای نانەوێڕەوە لە قەد سەخەکەوە هەڵکەندراوە و چۆمی پاوەش لەنێو ئەم قوڵاییە لە ڕۆژ هەڵاتەوە بەرەو ڕۆژئاوە بە ژێر جادەکەوە بەرەوخوار دەبێتەوە  و چەند سەد مترێک خوارتر تێکەڵی ئاوی سیروان دەبێتەوە ( دوو ئاو)

تەنها ڕێگای هاتوچۆی بەری نانەوێژە جادەکەیە و بەری جادەو پشتی جادە سەختایی و هەڵدێرە.

لای کەلەقەندی بەشی باشوری ئەم شوێنەش کە ڕێگای دابەزینی پێشمەرگەکانە بۆ سەر  جادە  ئەوێش شوێنێکی توش و هەڵدێر و سەرەوڵێژێکی زۆر توندە٫ هەڵکەوتی ئەم شوێنە وەهایە لە هەر دوو بەری چۆمەکەوە لە بەرزای شاخەکانەوە بەردێک فرێبدەی دەکەوێتە نێو چۆمەکە.

دابەزینی پێشمەرگە بە ڕۆژ  گونجاو نییە بۆیە پێشمەرگەکان لەگەل تاریک داهاتن دا لە ژێر ڕێنوێنی و پێشڕەوی فەرماندە سەی فەرەج بەو سەختایی و هەڵدێرەدا شۆڕ دەبنەوە پاش  پەڕینەوەی ئاوی چۆمی پاوە  لە کەمینی هێزەکانی ڕژیمدا خۆیان مات دەکەن٫ تا دەمەو بەیانی جیا لە چەند ماشینێکی شەخسی هیچ ماشینێکی هێزە چەکدارەکان گوزەر ناکەن.

لە کەمینی شەو ناهومێد دەبن و بڕیاری کەمینی ڕۆژ ئەدەن  و ئەبن بە دوو دەستە  پێنج کەس لە نزیک جادەکە و لە بەری کەلەقەەندییە وە لەو سەختایی و هەڵدێرە خۆیان مات دەدەن و دوو کەسیش وەک پشتیوان بۆ سەرەوەتر بۆ بەرگری لە هێزی یارمەتیدەر لە مۆڵگەی دوو ئاو و لای دەرەیوەر.

دوای نیوەڕۆ ماشین نەیسان پاتروڵێت لە تونەیلەوە دەرئەکەوێت بەرەو دوو ئاو٫ ئەم جۆرە  ماشینانە تازە درابونە  بەرپرسانی سپای پاسداران و دوو دڵ لەوەی نەکا ماشینی شەخسی بێت تەقەی لێ ناکەن٫ چەند خولەکێک دواتر کاروانێکی ئەو جۆرە ماشینانە دەرئەکەون و ئەوجار پێشمەرگەکان هەر کام ماشینێک دەدەنە بەر دەسڕێژ  و لەیەک ئاندا دوو لە ماشینەکان  خلۆر دەبنەوە بۆ ناو ئاوەکە و سێی دیکەش لەسەر جادەکە تێک دەشکێنرێن.

پاش ئەم هەڵمەت جگەربڕە  پێشمەرگەکان پڵنگ ئاسا شوێنەکە بەجێ دێڵن لە کورت ماوەدا لەو سەختایی و هەڵدێرە هەڵدەکشێن بەرەو بەرزای کەلە قەندی.

ئەو هەڵمەتە ئەوەندە لە ناکا و چاوەڕوان نەکراو بوو بە تەواوی هێزەکانی ڕژیمی پەشۆکاو و تاساندبوو بە هیچ شێوەیەک دەستێان پێ نەکرایەوە کە دژ کردەوە لە خۆیان نیشان بدەن و پێشمەرگەکانیش سەرکەوتوانە لە شوێنی مەترسی دور دەکەونەوە.

دواتر هێزیکی جاشەکان کە تەئمینی جادەی پاوە تا لای دەرەیوەریان لە ئەستۆ دەبێت بەرەو شوێنی روداوەکە دێن و ئەوانیش دەکەونە بەر دەسڕێژی تیمی پشییوان لە ئاکامدا جاشێک کوژرا و چەندانیش بریندار بوون.

ئەو شەوە ڕادیۆ بی بی سی لە هەواڵەکانی کاتژمێر هەشتی شەو ڕایگەیاند کە ئایەتوڵا موسەوی نوێنەری ئایەتوڵا خومەینی بۆ بەرەی شەڕی ئێران -عێراق لە ڕۆژئاوای ئێران لە دوو ئاو کەوتوەتە کەمینی پێشمەرگەکانی حدکا و لە گەل چەند بەرپرسێکی دیکەی سیاسی نیزامی کوژراوە.

دواتر دەرکەوت  نوێنەری خومەینی لە ڕۆژئاوای ئێران بۆ بەرەی شەڕ  بۆ سەردانی بەرەی نەوسود  کە هێزەکانیان بۆ چەند ساڵێک زەبونی دەستی پێشمەرگەکانی هێزی شاهۆ  ببون و جوڵەیان لێ بڕابوو  هاتبوو تا رێگا چارەیەکیان بۆ بدۆزێتەوە.

لەم عەمەلیاتەدا بێجگە لەو ئایەتوڵایە  دوو مەلای دیکە و چەندین بەرپرسی سیاسی و نیزامی کوژران.

 یادی شەهیدانی زیندو

بیست و شەشی سەرماوەز پیرۆز بێت لە هەمو لایەک

۲٦ سەرماوەزی ۱۳۹۷           

یوتبوری — مەنسوور

 ژمارەکان بریتین

۱ تیمی دوو کەسی پشتیوان

۲ – کەمینی سەر جادە

۳-شوێنی لێدانی ماشینەکان

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی