Hoppa till innehåll

سوپاس بۆ دایکێک ، و ئەو بەرخۆڵەیەی کە بوون بە هۆکار تا نەکەوینە داوی دوژمن! بەشی یەکەم. کاووس عەزیزی

سەرەتای گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی بوو. ئێمە وەک کۆمیتەی شارستانی سەڵماس لە ناوچەی سۆما بووینو جارێ هێز و مەڵبەند نەهاتبوو بۆ لای ئێمە.

ڕۆژێکیان من و سادق باقری(ڕووحی شاد) چووینە نوقتەیەکی بڵیند تا لەگەل مەڵبەند تەماس بگرین. سەعات بوو بە پێنج و پەیوەندیمان گرت، کاک تەیموور مستەفایی پەیامێکی نووسیبوو و لە بیرم نیە لە لای ئەوانیش کێ هاتبووە شاخ بۆ پەیوەندی ، پەیامەکەی بۆ خوێندینەوە و نووسیمان. کە هاتینەوە پەیامەکەمان دایە کاک سولێمان کەلەشی بەرپرسی کۆمیتەی شارستان و ئەویش پەیامەکەی کە بە ڕەمز هاتبوو دەرهێنا کە نەمانزانی ناوەڕۆکی پەیامەکە چیە؟
کاک سولێمان، هەردوو ئەندامی کۆمیتە: کاک محمد ساڵح قادری و کاک عەسکەرعەلیزادە ، ی بانگ کردە ئەولاتری ئێمە و هیندەێك قسەیان کرد. دوای تەواوبوونیان کاک محمد ساڵح هات من و کاک فەیسەڵ مەزیدی(ڕووحی شاد) کە هەرسێکمان تیمی تەشکیلاتیی سەڵماس شپیران بووین بانگ کردە ئەولا و گوتی: خۆتان ئامادە بکەن دەچینە فڵانە گوند بۆ مەئموریەتێکی تایبەت . ئەوە بوو خۆمان ئامادە کرد و بەرلەوەی حەرەکەت بکەین ، کاک محمد ساڵح داوای دووربینی لە کاک سولێمان کرد ، بەڵام نەیداینێ وگوتی ئەوە خەریکە شەو دادێ دووربین بەکەلکتان نایە. بە ٣ تیمی تەشکیلاتی ١ دووربینمان هەبوو.
کە چووینە نیزیک ئەو ئاوایە ، جارێ ڕووناک بوو و دانیشتین و نیمچە کۆبوونەوەیەکمان کرد و کاک محمد ساڵح گوتی: مەئمووریەتی ئێمە ئەوەیە کە مەڵبەند و هێز دێنەوە لای ئێمە و هێز داوای کردووە فیشەکیان بۆ بکڕین. ئێمەش لە کۆبوونەوەی ٣ کەسیمان دا بڕیارمان داوە فڵانەکەس کە ئەندامی حیزبە بنێرین بۆ کڕینی فیشەک. من وکاک فەیسەڵ ئەو کەسەمان دەناسی و دەمان زانی کە ئەندامی نهێنی یە. ئەوە بوو ئێمەش گوتمان تەواوە و دەبێ بە دیقەتەوە ئەو ئەرکە جێ بە جێ بکەین. نموونەیەکم باس کرد کە ٢ ساڵ پێشتر هێزی ئاگری فیشەکی کڕیبوو ، هەموویان فیشەکی جووت تەقە بوون، واتە خودی گولە کاتێک لە شوێنی خۆی دەکەوتەوە دەتەقیەوە و ئەو فیشەکانە زۆر خراپ بوون بۆ تفەنگ و هەرتفەنگێک ٢٠٠ دانە لەو فیشەکانەی پێ تەقێندرابایەوە خانەبریش نەبوایە دەچووە سنووری خانەبڕی و بە کەلک نەدەهات . چوونکی توێکڵی گولە مس نەبوو، ئاسن بوو و کەمێکیش ئەستوورتر لە گولەی ئاسایی بوو. بۆیە گوتم دەبێ بەو کەسە بڵێین کە لە پێشان ژمارەیەکی چەند سەد دانەی فیشەک بێنێ تا بیبینین .
دونیا تاریک داهات و چووینەوە ئەو ئاوایە و لە ماڵێک لاماندا و دوای نان و چایەکی بەپەلە، دەورێکمان لە خوارەوەی گوندەکە دا و خۆمان گەیاندە لای ئەو کەسەی کە مەبەستمان بوو مەئمووریەتی فیشەک کڕینی بدەینێ. کە چووین تازە لە شار ڕا هاتبووە و جارێ وەسائیلی لە ماشینەکەی دەهێنایە خوار. و دانیشتین و مەئمووریەتەکەمان پێدا و گوتی هەرچەندتان بوێ فیشەکی کڵاشینکۆف و بی کەیسی تان بۆ دەکڕم. کە پرسیمان وا بە دڵنیاییەوە دەڵێی دەکڕم و هەر چەندتان بوتان دێنم ، لە کوێ دەکڕی؟ وڵامەکەی هەم جێی باوەڕ بوو هەم گومانی دروست دەکرد. گوتی: دوو دۆستی بارزانیم هەیە لە مەڕگەوەڕن و ئەوان بۆم دێنن وامان دانا کە ڕاستە و ئەوان ڕەنگە بتوانن وەها کارێک بکەن. بەڵام دڵنیاش نەبووین کە ئەو بەڕاستی دەچێ لەو کەسانە دەکڕێ یان جێیەکی دیکە؟ . مەبەستیشی لە بارزانی ئەوە نەبوو کە لە عەشیرەی بارزانین، بەڵکوو لە ناوچەی ئێمە هەر کوردێکی عێراقی پارتی بوایە و بە بادینی قسەی کردباوە پێیان دەگوت بارزانی. گوتمان لە پێشان ١٠٠٠ فیشەکی کڵاشینکۆف بێنە با بیان بینین جا دوایە پێت دەڵێین چەند هەزارمان پێویستە. گوتی زۆر باشە و دوو سبەی ئێوارێ چاوەڕێتان دەکەم.
بۆ بەیانی گەڕاینەوە لای هاوڕێیان وئێوارەکەی جێگاکەمان گۆڕی یەوە بۆ شوێنێکی دیکە کە ئەمین تر و قایمتر بوو بۆ مانەوەمان تا ڕۆژەکەی بێت و بچین بۆ وەرگرتنی ئاکامی مەئمووریەتەکەمان. ئەو شەوە لەوێ ماینەوە و زۆر سارد بوو، نە کیسەخەومان هەبوو نە لیباسی گەرم، تەنیا ٣، یان ٤ پەتوویەکمان هەبوو کە شەوانە هەموومان لە بینی دا دەخەوتین و دۆشەکیشمان عەرز بوو. خواردنیشمان هەر ئەو برە نان و پەنیرە بوو کە ئێمە لەگەل خۆمان هێنابوومان و کەم بوو.
پۆستی بەیانی من نیگەبان بووم و تاو هەڵات و هەوا وردە وردە گەرمی دەکرد. هاوڕێیان هەر یەکەم لە جێگایە لەبەر تاو ڕاکشان و خەویان لێکەوت. دیتم ئەوە لە شاخی سەر سەرەوە دەنگی بەرخۆڵەیەک هات. کە چاوم گێرا دیتم بەرخۆڵەیەکی سپی ئەوە هات بۆ سەر ئاو . هات و ئاوی خوارد و لە بن گیا خەوت و ئاگای لە ئێمە نەبوو. دیار بوو ئەو بەرخۆڵەیە دەمێکە ون بووە و زۆر قەڵەویش بوو. ئەوکات مەڕ و ماڵات وەک جەڵەب لەوێ ڕا دەهات و دەچووە باکووری کوردستان، دیار بوو ئەو بەرخۆڵەیە دابڕابوو . هاوڕێیان کە هەستان گوتیان تازە نسیبی ئێمەیە و سەری دەبڕین و دەیخۆین. هەر کە ئاگای لە ئێمە بوو هەڵات و بە کەس نەدەگیرا. ئاخرەکەی لە دەستمان ڕزگاری نەبوو و گرتمان و سەرمان بڕی.
تازە کە ببووینەوە خاوەنی گۆشت و کەباب لەو شاخە و ماوەیەک بوو جگە لە نانی ویشک ، یان نان و پەنیرێک شتێکی دیکەمان دەست نەدەکەوت، ئەو ڕۆژەمان کردە ئێوار و دەبا بڕۆین بۆ قەرارەکەمان. بەڵام ئەوجار بڕیار بوو هەموومان وەک کۆمیتە بڕۆین کە ٩ کەس بووین. دوای نیوەڕۆ گوتمان وردە وردە دەبێ ئامادەبین، کاک سولێمان گوتی ئەوشۆ ناڕۆین ! کە پرسیمان بۆ ناڕۆین وڵامەکەی ئەوە بوو کە ئەوە ئێمەین لە شاخ و کاتمان بۆ گرینگە، ئەو کەسەی کە مەئمووریەتی دراوەتێ لە ماڵە خۆیە و با ڕۆژێك درەنگ بچین بۆ ئەمنیەتیش باشترە لە سەری وەخت نەڕۆین .
بە سەراحەت بڵێم کە هەموومان لەو ئامادەیی دەربڕینەی ئەو کەسە و هەڵسووڕانی بوێرانەی هیندێک بە گومان بووین، بەڵام بەڵگەیەکمان نەبوو تا بۆمان ڕوون بێتەوە کە ئەو کەسە دوولایەنە کار دەکا. کاک سولێمانیش کە گوتی ئەوشۆ ناڕۆین لە هەمان گومانەوە سەرچاوەی دەگرت ، بەڵام وەک بەرپرسێک ئامادە نەبوو بە ڕوونی بڵێ من لەو کەسە بە گومانم. چوونکی لە هەر حاڵ دا کەسی ئاماژە پێکراو ئەندامی حیزب بوو . تەنانەت ئێمە وەک ئەو ٣ کەسەی کە چووبووینەوە ئەو مەئمووریەتە بە کاک سولێمان مان گوت ئەوە دەبێتەوە بەد قەولی بۆ تیمەکەمان و باش نیە . بەڵام ئەو سوور بوو لە سەر ئەوەی کە ئەوشۆ ناڕۆین، بۆیە ئێمەش ئیدی ئیسرارمان نەکرد .
ئەو شەوەش هەر لەوێ ماینەوە و ڕۆژی دوایی ئێوارەکەی ئامادە بووین تا بڕۆینەوە دوای ئاکامی مەئمووریەتەکەمان. بەڵام بەرلە ڕۆیشتن کۆبوونەوەیەکمان کرد و لە بیرمە سادق نیگەبان بوو. لەوێ دا کاک سولێمان گوتی ئەوەی کە دوێنێ نەچووین ڕاستیەکەی من هیندێک لەو کەسە نیگەرانم و ئێستاش کە خەریکە بڕۆین هەر نیگەرانم و دەبێ زۆر وریابین نەکا تووشی داوێک ببینەوە. ئەوە بوو حەرەکەتمان کرد و گەیشتینەوە نیزی ئاوایی ، مانگە شەوێکی ڕووناک بوو. من و محمد ساڵح و سادق بە فاسیلەیەکی تەقریبەن ١٥٠ میتری لە پێشدا دەچووین. گەیشتینەوە قەڕاغ دێ، سەگ وەڕێکی زۆر بوو و دیاریش بوو ئەو سەگانە بە کەسی نیزامی و ئەوانە دەوەڕین. لە پەنا ماڵەکان جۆگە و کەندەڵانێکی ترسناک بوو. هەر ئەوندە بینیمان کەسێک بەرەو ڕوومان هات. دیاربوو کە دایکێکە و چاوەڕیمانە و دیتوونی و بە دڵە پاکەکەی هەستی کردووە کە ئەوە دوو شەوە پشتی سەری یەک گرووهی زەربەت لەو گوندە کەمین دادەنێ و هەتا بەیانی لە کەمین دایە، مومکینە بەرنامە ، یان پیلانێك هەبێ بۆ پێشمەرگە. یانی لە واقیع دا نیگەبانێک بوو تا پێشمەرگە لە مەرگ نیجات بدا. ئەو بە ئەفرادی کەمینی گوتبوو مانگاکانم هاتوون، گوێرەکەی یەکێکیان لەو دۆڵە بەجێ ماوە و دەچم بەڵکوو بێنمەوە. ئەوەش تەنیا بیانووی فیداکاریی ئەو دایکە مێهرەبانە بوو بۆ نیجاتی ڕۆڵەکانی خۆی لە پیلانێكی مەترسیدار.
درێژەی هەیە……….