"an independent online kurdish website

ئه‌م باسه‌ دوو به‌شه‌. 

به‌شی یه‌که‌م:

ئه‌گه‌ر له‌ مێژووی سه‌د ساڵی رابردووی ئه‌و به‌شه‌ی کوردستان که‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی (ئێران) دایه‌ بکۆڵینه‌وه‌ دوو خاڵ‌ گه‌ش‌، دوو رووداوی‌ گرنگ به‌دی ئه‌که‌ین:

یه‌که‌م: کۆماری کوردستان

دامه‌زراندنی کۆماری کوردستان به‌ سه‌رۆککۆماری نه‌مر قازی محه‌ممه‌د، کۆماری کوردستان ماوه‌ی یانگزه‌ مانگ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که‌ ده‌سه‌ڵاتی ئابووری و سه‌ربازی لاواز بوو، به‌ڵام ئه‌و یانگزه‌ مانگه‌ بۆ مێژووی گه‌لی کورد گه‌لێ به‌نرخه‌!

رووداوه‌کانی جه‌نگی (دووهه‌می جهانی) و ده‌سه‌ڵاتدارییه‌تی ده‌وڵه‌تی رووسییه‌ له‌ ناوچه‌که‌ و لاوازی ده‌وڵه‌تی ئێران له‌ لایه‌ک و هه‌ست به‌ ژێرده‌سته‌‌کردنی (تاکی کورد خۆی) بووه‌ هوی راگه‌یاندنی کۆماری کوردستان. پاش کۆتایی ئه‌و جه‌نگه‌ ده‌وڵه‌تانی رۆژئاوای و ئه‌مریکا مانه‌وه‌ی رووسییه‌یان له‌ ناوچه‌که‌ به‌ زیانی خۆیان ئه‌زانی و ئه‌مریکا به‌ (به‌یاننامه‌یه‌کی سیاسی جه‌نگی= ئیلتیماتۆم) داوای له‌ رووسییه‌ کرد تا ناوچه‌که‌ چؤل کات. پاشان که‌ رووسییه‌ ناوچه‌که‌ی چۆڵ کرد رێگا بۆ ده‌وڵه‌تی ئێران هه‌موار بوو که‌ هێرش کاته‌ سه‌ر دوو کۆماری (ئازه‌بایجان) و (کوردستان)، پاش ئه‌و هێرشه‌ ده‌وڵه‌تی ئێران ناوچه‌که‌ی داگیرکرده‌وه‌.

دووهه‌م: (گه‌ڵاڵه‌ی هه‌شت ماده‌یی)

ساڵی (1357 = 1978) ساڵی راپه‌ڕینی خه‌ڵکی ئێران بوو به‌ دژی سیستمی پادشایی، له‌و راپه‌ڕینه‌دا دروشمی جۆراوجۆر ئه‌درا، به‌ڵام دروشمی سه‌ره‌کی (ئیستقلال – ئازادی – کۆماری ئیسلامی) – (ئه‌ڵاهوئه‌کبه‌ر، خومه‌ینی رابه‌ر) بوو. له‌و راپه‌ڕینه‌دا گه‌لی کوردیش به‌شدار بوو، دروشمی گه‌لی کورد له‌و شۆڕشه‌دا (سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری) بوو. پاش رمانی سیستمی پادشایی ده‌و‌ڵه‌تێکی کاتی به سه‌رۆکوه‌زیری موهه‌ندس مه‌هدی بازرگان دامه‌زرا. له‌و سه‌رده‌مه‌دا نوێنه‌ری شورای شاره‌کانی کوردستان سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی کوردستان و خواسته‌کانی گه‌لی کورد له‌ مهاباد کۆبوونه‌وه‌‌ و خواسته‌کانی گه‌لی کوردیان له‌ چوارچێوه‌ی گه‌ڵاڵه‌یه‌کی (هه‌شت ماده‌یی)دا ئاماده‌ کرد، له‌ په‌نای ئه‌و کاره‌دا ده‌سته‌یه‌کیش بۆ راپه‌ڕاندنی کاره‌کانی ئه‌و گه‌ڵاڵه‌‌ به‌ناوی: (ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی کورد) دیاریکرا. ئه‌و ده‌سته‌یه‌ بریتی بوون له‌ {حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران – کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران – لقی کوردستانی رێکخراوه‌ی چریکه‌ فیداییه‌کانی خه‌ڵکی ئێران}، به‌رێز شێخ عێزه‌دین حسینی وه‌ک سه‌رۆک و به‌ڕێز دوکتۆر عه‌بدولره‌حمان قاسملوو وه‌ک (گوته‌بێژ = زمانی‌ ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی کورد) دیاریکران.

ده‌سکه‌وتی (گه‌ڵاڵه‌ی هه‌شت ماده‌یی و ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی کورد)

وه‌ک ئه‌زانین چه‌ن نه‌ته‌وه‌ له‌ ئێراندا ئه‌ژین، جگه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ی فارس که‌ خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی – سه‌ربازی – ئابووری – ئه‌ده‌بی و فه‌رهه‌نگی …. بووه‌‌ و هه‌یه، نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ بێبه‌ش له‌ هه‌ر چه‌شنه‌ مافێک بوون و هه‌ن. پاش ئاڵوگۆڕی ده‌زگای حکومه‌تی ئێران له‌ پادشاییه‌وه‌ بۆ کۆماری، گه‌لی کورد دژ به‌و نابه‌رابه‌ری نه‌ته‌وه‌ییه‌ به‌پێی توانا ئه‌و کارانه‌ی ئه‌نجامدا که‌ ئاماژه‌ی پێکرا. ‌له‌ سیستمی (ده‌سه‌ڵاتدارییه‌تی سیاسی) پێش راپه‌ڕینی (1357) و پاش (1357) ئاڵوگۆڕێک رووی نه‌دا، ده‌سه‌ڵاتی پێشوو که‌ پادشایی بوو سیستمێکی دیکتاتۆری فارسیزمی بوو، ئه‌وه‌یش که‌ پاشان له‌ چوارچێوه‌ی (کۆماری ئیسلامی) ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ ده‌ست همان سیاسه‌تی پیشووی په‌یرو کرده‌ و ئه‌کات. ئه‌م ده‌سته‌ڵاته‌ نه‌ک ئاماده‌ نه‌بوو خواسته‌کانی گه‌لی کورد و مافی گه‌ڵانی دیکه‌ی ناو ئێران جێبه‌جێ بکات، به‌ڵکو که‌وته‌ دژایه‌تیکردنی گه‌لی کورد و نه‌ته‌وه‌کانیتر‌. به‌ڵام ئه‌و تێکۆشانه‌‌ که‌ گه‌لی کورد له‌ چوارچیوه‌ی (گه‌ڵاڵه‌ی هه‌شت ماده‌یی و ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی کورد) ئه‌نجامی داوه، ده‌سکه‌وتێکی مه‌زنی سیاسی و کۆمه‌ڵایتییه‌ بۆ مێژوو‌.

با بڕۆینه‌ سه‌ر باسی هه‌ڵسه‌نگاندنی (گه‌ڵاڵه‌ی هه‌شت ماده‌یی)

ماوه‌ێک پێش ویدیۆی به‌رنامه‌ێکم بینی به‌ناوی:

(رێوڕه‌سمی چله‌مین ساڵیادی گیانبه‌ختکردنی کاک فوئاد مسته‌فاسوڵتانی).

ئه‌و به‌رنامه‌ له‌ 14ی سپتامبری 2019 له‌ شاری کۆڵن به‌ڕێوه‌ برابوو‌. یه‌کێ له‌ به‌ڕیوه‌به‌رانی به‌رنامه‌که‌ به‌ڕێز (ئه‌حمه‌د ئه‌سکه‌نده‌ری) بوو که‌ سه‌باره‌ت به‌ ژیانی کاک فوئاد باسێکی پێشکه‌ش به‌ میوانانی به‌رنامه‌ کرد، با له‌و چه‌ن رسته‌یان بڕوانین:

(من وه‌ختی خۆی وتارێکم نووسی له‌سه‌ر بڕیارنامه‌ی هه‌شت خاڵی مهاباد، رسته‌یه‌کی تێدایه‌ له‌ قه‌تعنامه‌که‌دا که‌ به‌ بۆچوونی من رێک دژه‌ له‌گه‌ڵ بیروبۆچوونی کاک فوئاد، ئه‌وه‌یش ئه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر قیاده‌ موه‌قه‌ته‌، ده‌ڵێ: داوا ده‌که‌ین ده‌وڵه‌تی شۆڕشگێر ئاوا بکا و ئاوا بکات له‌گه‌ڵ قیاده‌ موه‌قه‌ت، موکین نییه‌ کاک فوئادی مسته‌فاسوڵتانی به‌ ده‌وڵه‌تی بازرگان و خومه‌ینی بڵێت: ده‌وڵه‌تی شۆڕشگێر، بۆیه‌ ئه‌مه‌ قه‌تعه‌ن هی کاک فوئاد نییه‌، ئه‌وه‌ من پێداگری له‌سه‌ر ئه‌که‌م).

ئه‌وه‌ی که‌ له‌و باسه‌دا جێگه‌ی سه‌رنجه‌، ئه‌و به‌شه‌یه‌:

(موکین نییه‌ کاک فوئادی مسته‌فاسوڵتانی به‌ ده‌وڵه‌تی بازرگان و خومه‌ینی بڵێت: ده‌وڵه‌تی شۆڕشگێڕ، بۆیه‌ ئه‌مه‌ قه‌تعه‌ن هی کاک فوئاد نییه‌، ئه‌وه‌ من پێداگری له‌سه‌ر ئه‌که‌م).

سه‌باره‌ت به‌ (بڕیارنامه‌ی هه‌شت خاڵی مهاباد) با له‌و باته‌ بڕوانین:

{ڕۆژنامه‌ی ‘کیهان’ پێنجشه‌ممه‌ ۱۷ خه‌زه‌ڵوه‌ری ۱۳۵۸ [٦/١١/١٩٧٩] لاپه‌ڕه‌ ۹ ئاوا ده‌نووسێت:

ئه‌ندامانی ‘ده‌سته‌ی نیازپاکیی’ (ده‌وڵه‌ت) که‌ بریتی بوون له‌ به‌ڕێزان فرووهه‌ر، صباغیان و سحابی، دوێنێ چوارشه‌ممه‌ گه‌یشتنه‌ ناو شاری بانه و له‌ خۆپیشاندانی دژ به‌ ئه‌مریکا به‌شدارییان کرد. پاش وتاره‌که‌ی داریوش فرووهه‌ر له‌و کۆبوونه‌وه‌ چه‌ند هه‌زار که‌سییه‌دا، بڕیارنامه‌یه‌ک له‌لایه‌ن خه‌ڵکی بانه‌وه‌ له‌ سێ خاڵدا خوێندرایه‌وه‌ و درا به‌ ‘ده‌سته‌ی نیازپاکیی’؛


۱ پشتیوانی لێبڕاوانه‌ له‌ گه‌ڵاڵه‌ی ۸ خاڵی مه‌هاباد، . . . [که‌ چه‌ند ڕؤژ پاش ڕووخانی ڕژیمی شا په‌سندکرابوو.]

 

۲–  ته‌نیا نوێنه‌رانی گه‌لی کورد و هێزه‌ سیاسییه‌کان بۆیان هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ کێشه‌کانی کوردستان (له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت) گفتوگۆ بکه‌ن.


۳ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان له‌ کوردستان له‌ گره‌وی ئه‌وه‌دایه‌ که‌ مافی دیاریکردنی چاره‌نووس به‌ فه‌رمی بناسرێت و . . . و ئه‌مه‌ تاقه‌ ڕێگایه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کوردستان و ئێران. . .»


پاش زنجیره‌یه‌ک گفتوگۆ و دیداری نێوان هێزه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان، سه‌ره‌نجام توانرا ڕێکه‌وتنێک ئیمزا بکرێت و به‌م چه‌شنه‌  ‘ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی کورد’ پێک هات که‌ تێیدا مامۆستا شێخ عێزه‌دین وه‌کوو سه‌رۆک، حیزبی دیموکرات [دوکتور قاسملوو] وه‌کوو گوته‌بێژ و کۆمه‌ڵه‌ و لقی کوردستانی ڕیکخراوی چریکه فیداییه‌کان وه‌کوو ئه‌ندام دیاریی کران. خومه‌ینی که‌ سێ مانگ پێشتر فه‌رمانی جیهاد و سه‌رکوتی له‌ دژی گه‌لی کورد ده‌رکردبوو، ئه‌مجاره‌ په‌یامێکی جیاوازیی بڵاوکرده‌وه.

سه‌رچاوه‌: له‌سه‌ر بناغه‌ی هه‌واڵێکی درۆ، چل ساڵ له‌مه‌وبه‌ر فه‌رمانی په‌لاماردانی کوردستان دەرچوو- ئه‌حمه‌د ئه‌سکه‌ندری}.

با له‌و چه‌ن دێڕه‌یش‌ بڕوانین:

{(بڕیارنامه‌ی هه‌شت ماده‌یی مه‌هاباد

کاک فوئاد نوێنه‌ری شاری مه‌ریوان له‌ کۆبونه‌وه‌ی شاری مه‌هاباد (29ی رێبه‌ندانی 57 تا 2ی ره‌شه‌مێ 57)

وه‌زعی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی ئێران به‌و ئاسته‌ گه‌یشتبوو که‌ خه‌ڵکی ئێران هه‌موو روژێک دژی حکومه‌تی پاشایه‌تی خه‌باتیان ده‌کرد و هێزه‌ سه‌رکوتگه‌ره‌کانی رژیمیان ناچار به‌ پاشه‌کشه‌ ده‌کرد و حکومه‌تی پاشایه‌تی له‌ حاڵی رووخاندا بوو. قه‌یامی خه‌ڵکی ئێران رۆژی 22ی رێبه‌ندانی 57 کرا و سیستمی پاشایه‌تی به‌ یه‌کجاری رووخا. زل هێزه‌کان و وڵاتانی رۆژ ئاوا بڕیاری خۆیان دا و شایان له‌ ئێران ده‌ر کرد و یارمه‌تی مه‌لاکانیان دا، که‌ ده‌سه‌ڵات و هیژمونی سیاسی ئێران به ‌ده‌سته‌وه‌ بگرن. هه‌شت رۆژ پاش قه‌یام یانی له‌ رۆژی 29ی رێبه‌ندان تا 2ی ره‌شه‌مه‌ 57 نوێنه‌رانی شوراکانی شاره‌کانی کوردستان له‌ مه‌هاباد، کۆبونه‌وه‌. ئه‌م کۆبونه‌وه‌یه‌ له‌ ماڵی به‌ڕێز میرزا ره‌حیمی خه‌ڕازی کرا. رۆژی 30 رێبه‌ندانی 57 ئاکامی کۆبونه‌وه‌که‌ قه‌تع نامه‌ی هه‌شت ماده‌یی مه‌هاباد بوو که‌ له‌ مالی میرزا ره‌حیم خه‌ڕازی نووسرا و بڵاو بوه‌وه‌. نزیکه‌ 36 تا 39 که‌س نوێنه‌رانی شورای شاره‌کانی کوردستان له‌م کۆبونه‌وه‌یه‌دا به‌شداریان کرد. نوێنه‌ر و سوخونگوی شاری مه‌ریوان کاک فوئاد و دوو که‌سی تر بوون. کۆمه‌ڵه‌ سی چوار رۆژ پاش قه‌یام یانی له‌ رۆژی 26ی رێبه‌ندانی 57 به‌ بۆنه‌ی گیان به‌خت کردنی رێبه‌ری لێهاتوو، ئازا و زۆر زۆر خۆشه‌ویست موهه‌ندس حه‌مه‌ حسین که‌ریمی له‌ شاری سه‌قز خۆی ئاشکرا کرد. له‌ لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌ وه‌فدێکی هه‌شت که‌سی به‌ رێبه‌ری به‌ڕیز داریوشی فروهه‌ر بۆ مه‌هاباد هاتبوو و گفتوگوی نوێنه‌رانی شورای شاره‌کانی کوردستان له‌ گه‌ڵ ئه‌ودا بوو. قه‌تع نامه‌ی هه‌شت ماده‌یی ته‌حویلی داریوشی فروهه‌ر درا تا حکومه‌تی تازه‌ی ئێران له‌ بیر و بوچون و نه‌زه‌راتی نوینه‌رانی شوراکانی شاره‌کانی کوردستان ئاگا کاته‌وه‌. له‌م کۆبونه‌وه‌دا به‌ڕێزان: مامۆستا شێخ عیزالدین حسینی، سه‌لاح موهته‌دی، غه‌نی بلوریان، سه‌نار مامدی، شێخ جه‌لال حسینی، مه‌لا خدری ساردکی، فوئاد مسته‌فا سوڵتانی، عبدوالرحمن قاسملو، عه‌بدوڵای موهته‌دی، حه‌سه‌نی شه‌مسی…. به‌شداریان کرد).

سه‌رچاوه‌ی: کتێبی کاک فوئاد، رێبه‌ر، سیاسه‌تمه‌دار و زانایه‌کی سیاسی – لاپه‌ڕه‌( 344 و 345) ره‌شاد مسته‌فا سولتانی}.

ئه‌و بابه‌ته‌ وه‌ک خۆی نووسراوه‌ته‌وه‌!

*

به‌پێی نووسراوه‌که‌ی به‌ڕێز (ره‌شاد مسته‌فاسوڵتانی) به‌ڕێزان فوئاد مسته‌فاسوڵتانی و دوو که‌سێ دیکه‌ وه‌ک نوێنه‌ری مه‌ریوان له‌ کۆبووه‌ی مهابا‌د به‌شدارییان کرده‌، به‌ڵام ئاماژه‌ به‌ناوی ئه‌و دوو که‌سه‌یتر نه‌کراوه‌!

*

به‌پێی ئه‌و باسانه‌ی سه‌ره‌وه‌ نوێنه‌ری ناوچه‌ جیاجیاکانی کوردستان له‌ مهاباد ئه‌و گه‌ڵایان ئاماده‌کرده‌ و ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی کوردیشیان هه‌ڵبژارده‌ و له‌ شاری بانه‌یش خه‌ڵک پیشتوانیان له‌و گه‌ڵاڵه‌ کرده‌، به‌ڵام به‌ڕێز ئه‌سکه‌نده‌ری ئه‌نووسن:

(موکین نییه‌ کاک فوئادی مسته‌فاسوڵتانی به‌ ده‌وڵه‌تی بازرگان و خومه‌ینی بڵێت: ده‌وڵه‌تی شۆڕشگێڕ بۆیه‌ ئه‌مه‌ قه‌تعه‌ن هی کاک فوئاد نییه‌، ئه‌وه‌ من پێداگری له‌سه‌ر ئه‌که‌م).

لێره‌دا چه‌ن پرسیار و باس دێته‌ ئاراوه‌

1 – ئه‌و (رسته‌) به‌ناوی (فوئاد مسته‌فاسوڵتانی)یه‌وه‌ نووسراوه‌‌ یا به‌ناوی ئه‌و که‌سایه‌تی‌ و حیزب و رێکخراوانه‌‌ که‌ له‌ پروسه‌ی ئاماده‌ کردنی گه‌ڵاڵه‌که‌دا به‌شدارییان کرده‌؟

2 – ئه‌گه‌ر (فوئاد مسته‌فاسوڵتانی) له‌گه‌ڵ ئه‌و رسته‌دا نه‌بووبێت، ئه‌بوو هه‌ر ئه‌و رۆژه‌‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ بچوایه‌ته‌ ده‌ر و به‌ نووسراوه‌ ئه‌و باسه‌ی بخستایه‌ته‌ به‌ر ده‌ست (گه‌لی کورد و ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی کورد) و گه‌لانی ناوچه‌که‌.

3 – ئه‌گه‌ر کاک (فوئاد) ئه‌و کاره‌ی بکرادێت، پێویستی به‌وه‌ نه‌ئه‌کرد که‌ ئه‌مڕۆ پاش چل ساڵ له‌ نووسینی (گه‌ڵاڵه‌ی هه‌شت ماده‌یی) به‌ڕێز ئه‌سکه‌نده‌ری‌ رسته‌ی (به‌ بۆچوونی من) به‌کار ببات و بنووسێ:‌ (رسته‌یه‌کی تێدایه‌ له‌ قه‌تعنامه‌که‌دا که‌ به‌ بۆچوونی من رێک دژه‌ له‌گه‌ڵ بیروبۆچوونی کاک فوئاد)، راسته‌خۆ ئه‌ینووسی: (فوئاد مسته‌فاسوڵتانی) دژایه‌تی ئه‌و رسته‌ی کرد‌.

له‌ په‌راوێزی ئه‌و رسته‌دا پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌ سێ که‌س بکرێ که‌ له‌ پروسه‌ی گه‌ڵاله‌که‌ به‌شدارییان کرده‌:

یه‌که‌م: به‌ڕێز شێخ عێزه‌دین حسینی سه‌رۆکی ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی کورد‌.

دووهه‌م: به‌ڕێزان (عه‌بدوڵای موهته‌دی) و (حه‌سه‌نی شه‌مسی) ئه‌ندامانی کۆمێته‌ ناوه‌ندی (کۆمه‌ڵه).‌

به‌ڕێز ئه‌سکه‌نده‌ری چه‌ن ساڵ (ئه‌ندامی ده‌فته‌ری شێخ عێزه‌دین حسینی) بوو، هه‌روه‌ها چه‌ن ساڵیش له‌ ئوروپا نوێنه‌ری {(رێکخراوه‌ی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران- کۆمه‌ڵه)‌ به‌ رابه‌رایه‌تی ئه‌و دوو که‌سه‌} بووه‌. ئایا باسی رسته‌ی (ده‌وڵه‌تی شۆڕشگێڕی بازرگان)‌ ناچێته‌ سه‌ر کارنامه‌ی سیاسی (شێخ عێزه‌دین) و {(عه‌بدوڵای موهته‌دی و حه‌سه‌نی شه‌مسی) وه‌ک رابه‌رانی کۆمه‌ڵه‌}؟! ……

*

ئه‌گه‌ر رسته‌ی‌ (ده‌وڵه‌تی شۆڕشگێڕی بازرگان)‌ ناشایسته باره‌که‌ی‌ ئه‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆی تێکڕای ئه‌و که‌سانه‌‌ که‌ له‌و پرۆسه‌دا به‌شدارییان کرده‌!

ئه‌گه‌ر رسته‌ی (ده‌وڵه‌تی شۆڕشگێڕی بازرگان)‌ ناشایسته باره‌که‌ی ئه‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆی خه‌ڵکی شار و دێهاته‌کانی کوردستان، بۆ نموونه‌: خه‌ڵکی (بانه) که‌ پشتیوانییان له‌و گه‌ڵاڵه‌ کرده‌.

ئه‌و رسته‌ به‌ڵگه‌ی (ئاشتیخوازنه‌ی) گه‌لی کورد و شۆڕشی کوردستانه‌!  

به‌داخه‌وه‌ به‌ڕێز ئه‌سکه‌نده‌ری وردبینانه‌ باسه‌که‌ی هه‌ڵنه‌سه‌گانه‌ و بۆچوونی خۆی کرده‌ به‌ پێوانه‌!

12/7/2020

سه‌عی سه‌قزی

sai.saqzi@gmail.com

بابەتی پەیوەندی دار

لەسەر بناغەی هەواڵێکی درۆ، چل ساڵ لەمەوبەر فەرمانی پەلاماردانی کوردستان دەرچوو، ئەحمەد ئەسکەندەری

گەڵاڵەی ٨ ماددەیی مەهاباد، قیادە موەقەت و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەحمەد ئەسکەندەری

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی