دار ھەنارێکی ھەتیو کە ناشتنی تەرمی ڕەزی دی،
بە فرمێسکی سووری و ھەناسەی ترش و شیرینی
ئەم دارستانەی ھەژاند، ژوانی خۆر و گزنگی باخی نەکرد.
بەڵام دار گێلاس و داری بەی بوونە ھۆی ھێور بوونەوەی خەم و کوڵ و ئازاری خاک.
سێبەری شوومی ھەوری ڕەش بوو بەر و بووم و بۆن و بەرامەی ئەم باخستانەی قڕ تێخست و ھەڵوەراند.
بەڵام کانی و چەم بوون. بوونە تینوو شکێنی نەمامەکانی
باڵا بەرزی سەردەمی ڕەوە ئاسکی ناو جەنگەڵی ھیوا بە ژیان.
بەڵام ئەم پاییزە چ وەرزێکی سەریر و نامۆیە زریانێکی گەرم و وەرینی گەڵای زەرد و سەوز و پرووکانەوەی گوڵستانی وەک وەرەمێک بە دەمەوەیە.
لەو لاشەوە پەرتووکێکی پڕ لە وشەی خڵەتێنەر. پڕ لە ڕستەی فەرمانی ھێپتۆنیزمی مێشکی جاو و پەڕۆی ڕەش و سپی و لایەکی ڕووباری شەڕاب و لایەکی گڕکانی ترس و خۆف ،وانەی دەمی ئەم و ئەون.
کە چی ئەم کۆمەڵە سوارە نە وانەی لێ تێئەگەن و نە پەندی لێ وەرئەگرن.
ھەموو قەڵەمێکی بە ئەمەگ و ھەموو مۆمێکی وشێار و ھەموو گوڵێکی چاو کراوەی سەردەم و ھەموو دەمێکی چیرۆک و مێژووی ئەم خاکە سووتاوەم ھاوار ئەکەن و وەکوو پەیک بۆیان ئەچن، پێیان ئەڵێن، وریا نەبن ئەم ئاو و خاکەن دەوکەونەوە بەر دەم تیغی تیژی بە ژاراوتر بەر لەم سەدەیە، ئامانە یەک بگرن.