ئەگەر سەیرێکی وردی مێژوو بکەی دەبێنی لـە دنیادا زۆر بـەڵاو ئـافەت و کارەساتی وەک: تاعون، تۆفان، سێڵاو، بومەلەرزە، کیمیاباران و هیتر ڕویان داوە.
زۆر جار هێزو توانا و عەقڵ و مەنتیق و کەرەسەو ئامرازی برگریش قەوەی پێیان نـەشکاوە. جاران ئەو شتانە لە وڵاتێک، مەڵبەندێک ڕویان دەدا، ئەو جارەیان جیاوازە و هەموو دنیای تێوەگلاوە. دەگەڵ هەمـوی ئەوانەش مرۆڤ کۆڵی نەداوە و لە تێکۆشآن نەوەستاوە. سەرئەنجام توانیویەتی بەسەریاندا زاڵ بێی و درێژەی بە ژیان داوە. حاشای لـێناکرێی قوربانیشی داوە.
لە سەردەمی ئێستادا کڕۆنا بەردەرکی بە کۆمەڵگای جـیهان گرتـوەو ڕۆژ نـیـە دەیـان قوربـانی لـە کۆمەڵگا نـەستێنێ. بـوتـە زوحاک و ڕۆژانـە گیـان دەستێنێ. بەشی زۆری کارخانە وەبەرهێنەرەکانو شوێنە گشتیەکان و تەنانەت مزگەوتو کلیساکانیش داخراون. زانستی نوێش لە حاندی چەقی بەستوەو لە بەرانبەریدا داماوە. بەگشتی کەش و هەوایەکی خوڵقاندوە ئەوەی دێتە بەرچاو ئەوەیە کە هیوایەک نەماوە .! لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێش 🙁 ئەرێی ئەوە ئاخر زەمانە و ئیدی مرۆڤ کاری تەواوە ؟! ) بە باوەڕی من نە ئاخر زەمانە و نـە قـیـامەت ڕادەبێی ، بـەڵکو تـاقیکردنـەوەیەکی گریـنگە بـۆ سەرجـەم مرۆڤایەتی، تا هەم لە بواری زانستیو هەم لە بواری ئایینی بە خۆیاندا بچنەوە، هەڵەو خەتاکان بناسن و وەلایان بخەن و ڕێگە ڕاستەکەش بە شێوازی نوێی بگرنـە پێش . بـە تێکۆشآنی بـێ وچان و زانستیانـە ،کە هەموی لە خزمەتی مرۆڤایەتیدابێ ، دەتوانین لەو گەردەلولەش ڕزگار بین . ئەو ڕێگایەی دەگاتە ئامانج برێتیە لە : سەبرو خۆڕاگری ، ورەو ئیمان ، خۆ پارێزی و گوێدان بە ڕاسپاردەی شارەزایان و لێزانـان . بـە هـێند نـەگرتنی خوڕافات و قسەی زۆر بڵێو نـەزانـان . بـڕوا هەبون بەزانست و ڕێز لێگرتن و گرینگی پێدانی دەبێتە کلیلی ئەو دەرگا داخـرواوە . ئـەوە کە گیان لـەبـەرەکـان دەمـرن نە پێشی گیراوەو نەبەکەسیش دەگیرێـی . ئەوەی هەوڵی بۆ دەدرێێ مرۆڤ ماوەی تەمەنی بەساغیو بـێوەی بـژی تـا ئەو کاتەی دەمرێی.
دەمەوێی لە بارەی سەبرو خۆڕاگری و زاڵبون بەسەر نەخۆشی و نەهامەتیدا بەسەرهاتی( ئەیوب ) پێغەمبەرتان بۆ بگێڕمەوە. گەلی کوردستان بەشی هەرە زۆریان خاوەن ئایینن بە هەموو جۆرەکانیەوە ، بێگومان هەشمانـە ئیمانیان بەو دینانە نیە ! بۆیە وشەی ئیمانم بەکار هێناوە ،چونکە هەموان دەگرێتەوە. واتە موسوڵمان ، مەسیحی ، جولەکەو چەپەکانیش دەگرێتەوە، چونکە ئەوانیش بڕوایەکیان هەیە ،بەڵام ئایینی نیە .
بەسەرهاتەکەی ئەیوب
ئەیوب یەکێکە لەو پەیامبەرانەی کە قورئان باسی لێوەدەکا . زانایانی تەفسیر لایانوایە کەسێکی خاوێن وخۆپارێز، خاوەن بەزە، دەرهەق بە فەقیرو هەژارو هەتیوو بێوەژنان ئەو پەڕی ڕوحم و بەزەی نیشان داوە. یاریدەدەری هەمـوو پێداویستو لێقەڵماوان بوە. خاوەنی ماڵو دارایی زۆر، وەک: مـەڕو ماڵات ، زەویوزار ، پوڵو پارە ، زێڕو زێو ، عەولادو کەسوکاری یەکجار زۆر بوە. هەموی ئەوانەی لەدەست داوە هیچ ، خۆشی لەش بەبار بوەو لە هەمو ئەندامی دەرو ژوری جەستەی تەنیا دڵو زمانی بەساغی ماوە. سەرەڕای ئەو هەمو قۆرتە گەورانە سەبرو خۆڕاگری لەدەست نـەداوە و بۆ جارێکیش شکایەتی لەدەست ئەو ژیانە نەکردوە . نـە خۆشیەکەی درێـژەی کێشاوە ، کەس هاتو چۆی نەکردوە،وای لێهاتوە لە ئاوەدانیش لابردراوەو تەنیا خێزانەکەی ڕۆژانە سەری لێداوەو پاک و خاوێنی کردوە. بە قسەی خۆی چونکە ئەیوب زۆری خۆش ویستوەو ئەو پەڕی ڕێزی لێگرتوە ئەوێش جگە لە ئەرکی هاوسەری وەفاداریشی بـە تـەواوی بـە جێهێناوە . هەرچی تـوانیویـەتی دەگەڵی کردوە. لەبەر دەستەنگی کاری مالانیشی کردوە . بیگومان سەبرو خۆڕا گری ئەویش لە ئی مێردەکەی کەمتر نەبوە. ئەیوب توانی بەخۆڕاگری بەزەیی خوا وەدەست بێنێ . خێزانی پێی دەڵێ : ئەگەر داوا لە خوا بکەی نـەجاتت دەدا ، لـە وڵامـدا دەڵێی : ( ٧٠ ) ساڵم بە خۆشی تێپەڕ کردوە ، ئەگەر( ٧٠ ) ساڵ ئاوابم جا بەرانبەر دێمەوە! لە بەرانبەر ئەو هەمو ئیمان و سەبرەی ئـەیـوب خوا چاكی دەکاتەوەو لە هەموو ئەو شتانەی لە دەستی چوو بوو خوا زیاترو چاکتری دەداتەوە.
بەڕای من ئەو بەسەرهاتە دەرسێکە نەک هـەر بـۆ ئیمانـداران بـەڵکو بـۆ سەرجەم مرۆڤایەتی . ئەیوب لە لوتکەی بەرزی دارایی و دەسەڵات و پـلەو پایەو کەسایەتیو کەسوکاردا تـوشی نـەهامەتیو نـەخۆشیەک هات کە جیگای تێڕامان و سەرسوڕمانە . کەس نەیتوانی فریـای بکەوێـو چارەسەری بکا. ئەوەش پێمان دەڵێی: پـەیـامبەران و دەسەڵاتـدارانی بێبڕواش توشی نەخۆشی و نەگبەتی هاتون و دێن .ئەوەش ڕاست نیە دیندار پارێزراونو بێدین تێدەکەون، یان پەیامبەران و پیاو ماقوڵان پارێزراون. دەزگای تاقیکردنەوەی خوایی لە ناو هەموو چینەکاندا تاقیکاری دەکا . ئەوەی لەم دنیایـەدا دەبـیـندرێ سەزای کردەوەکان نـیـە بـەڵـکو وشـیـار کردنەوەیەکە بۆ مرڤەکان ، کە لە خۆ بایی نەبن فەخر نـەفرۆشن بـە هـێزو دەسەڵات، لـە خۆبـایی و خاتـرجەم نـەبـن. دەرس لەژیان وەرگرن هەڵەو پەڵەکان ڕاست کەنەوە. لێپرسینەوەی خوا لە ڕۆژی سەڵادایە و هەرکەس پـاداشت یـان سەزای خۆی دەدرێتێ و کەس لە فریای کەس نایە . دیتوتانە کرۆنا نمونەیەکە بۆ لێ فێر بـون ، دیـتوتـانـە مـرۆڤ نـاتـوانێ هـیـچ دەگـەڵ خۆشەویستترین کەسی بکا، بـەڵکو تـەنیا زانایانی بواری پـزشکی و ڕێنوێنی لێزانـان و شارەزایانـە دەتـوانێ ڕێـگا چارەیەک پەیدا بکا .
ئاکامی ئـەو بـاسە ئەوەیە کە سروشتی مرۆڤ وایـە بـەردەوام لـە خـۆشی و ناخۆشیدا تاقی دەکریتەوە تا بزاندرێێ داخوا لە خۆشیدا لە خۆ بایی دەبێ و خواو ئەرکە پێئەسپێردراوەکانی لە بیر دەچیتەوە ؟ لـە نـاخۆشیشدا دەستی لە قٶڵێ دەردێنێو توشی بێهیوایی دەبێی و پییوایە دنیا دوایی هاتوەو فەریاد ڕەسێک لە گۆڕێدا نیە ؟! لە روانگە ئیسلامەوە مـرۆی مـوسوڵمان نـابێ نـە لە خۆشیدا لە خۆ بایی بێ ، نە لەناخۆشیدا توشی ناهومێدی بێ. ئەوە باوەڕی ئیماندارانە . واتە سەبرو خۆراگریو ورە، ئـیمان و ئـیـرادە بـەهێز دەکـەن و تـوانای خۆڕاگری و تێپەڕ کردنی بـەڵا و مەترسیەکانت پێدەبـەخشن . بـەڵام مەرگی حەتمی دەرمانی نیە .
هۆی کۆتایی نەهاتنی کڕۆنا ئەوەیە كە تازەیەو پێشینەی نیە ، کتوپڕ سەری هەڵداو هەمـولایەکی خافڵگیر کردوە. هێندێکیش گـوێـرایـەڵی ڕاسپاردەکـانی پزیشکان و لێزانان نە بـوون . دیتنەوەی چارەسەرێک بـۆ بـەڵایەکی ئـاوا مەترسیدار هەروا بەپەلە ناکرێو کارێکی ساهان نیە . من بـەو فەرمودەی خوا کە فەرمویە: تەنگانان فەرعانیان لەدوایە. دڵخۆشم و دڵنیاشم منیش نەیبینم هەر دێی .
بەهیوای ڕزگاری مرۆڤایەتی بەگشتی لەو فەتا سامناکە و گەڕانەوەی ژیان بۆ سەر بارو دۆخی ئاسایی خۆی .
براتان مەلا برایمی مەجیدپور ١٥ خەزەڵوەی ٢٧٢٠ کوردی
٥ / ١١ / ٢٠٢٠ زایینی