"an independent online kurdish website

لە ٨ی مارس رۆژی جیهانی ژن نزیک ئەبینەوە، رۆژێک کە بووە بە رەمزی خەباتی ژنان بۆ گەیشتن بە مافی یەکسان لەگەڵ پیاوان لە کۆمەڵگا و بە دەست هێنانەوەی ئەو مافانەی کە بە درێژایی مێژوو،

 بە کۆمەڵێک هۆکاری کەلتووری، ئایینی، ئابووری و داب و نەریتی و … لە ژنان زەوت کراوە. ٨ی مارس وەک رەمز، رۆژێکە بۆ وەستانەوە دژ بە هەموو ئەو چەوسانەوە جێندەری و رەگەزی و چینایەتییانەی کە لە سەر ژنان لە کۆمەڵگا هەیە، ئەو چەوسانەوانەی کە ژنانی لە زۆر کۆمەڵگا کردووە بە هاوڵاتی پلە دوو و زۆر جاریش تا ئاستی کۆیلە و بێ مافەکان، پلەی ژنانیان دابەزاندووە. لەم رۆژەدا ژنان لە هەموو دونیا بە هەموو رەگەز و چینەکانەوە وێڕای باسکردن لە ئازار و ناهەمەتییەکانی خۆیان وەک ژن، هەوڵ دەدەن لە هەموو مێکانیزمەکان کەڵک وەربگرن بۆ وشیارکردنەوەی کۆمەڵگا و نەهێشتن و کەمکردنەوەی هەموو ئەو جۆرە جیاوازانەی چەوسانەوە کە لە کۆمەڵگا جیاوازەکاندا ژنان بە دەستیانەوە دەناڵێنن.

ئەگەر بمانهەوێت لەم رۆژەدا و بە شێوەیەکی عەینی و هەست پێکراو باس لە دۆخی ژن لە کۆمەلگای کوردی بکەین، بێ خوێندنەوەو لە بەرچاوگرتنی ئەو راپۆرت و هەواڵانەی لە سەر دۆخی کۆمەلگا بە گشتی و دۆخی ژنان بە تایبەتی هەیە هەر چەشنە باسکردنێکمان باسکردنێکە لە بۆشاییدا کە مانایەکی نییە، تەنها سووڕانەوەیە لە بازنەی دروشمدا و ئەمەش ناتوانێت هیچ خزمەتێک بە کۆمەڵگا و ژنان بە تایبەتی بکات. کە وایە بۆ خوێندنەوەی ئەم دۆخە، پێویستە بێ هیچ دەمارگرژییەکی نەتەوەیی، ئایینی و ئایینزایی، تەنها بە مەبەستی خزمەتکردن بە پرسی ژنان و کۆمەڵگا باس لە پرسی ژن و دۆخی ژنان بکەین.

وێنە:  ئینتەرنێت

بە چاوخشاندنێکی سادە و خێرا بە سەر هەواڵەکاندا زۆر سادە بۆمان دەرئەکەوێت کە دۆخی ژنان لەم کۆمەڵگایە بە هیچ شێوەیەک دۆخێکی شیاوی ئینسانی نییە. ژنان لە کۆمەلگای کوردستاندا لە بەردەم هەڕەشەی کۆمەڵێکی جیاواز لە چەسانەوەن کە هەموویان دەستیان داوەتە دەستی یەکتر و وایانکردووە دۆخی ژن لە کۆمەڵگای کوردستاندا بە دۆخێکی تراژیک باس بکەین. کۆمەڵگای کوردستان (کوردستانی رۆژهەڵات) لە چەند ساڵی رابردوودا بە هۆی خراپی دۆخی ئابوورییەوە لە دۆخێکی خراپدایە. هەڵاوسانی ئابووری، بێکاری، گرانی، و مادەسڕکەرەکان و… وایکردووە دۆخی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردستان بە گشتی وەک دۆخێکی خراپ وەسف بکرێت. بێگومان کۆمەڵگا بە گشتی لەم دۆخەدا زەرەرمەند بوون و زیانیان پێگەیشتووە، بەڵام پشکی زۆری ئەو خەسارانە بەر ژنان کەوتووەو ژنان زۆرترین زەرەرمەندی ئەم دۆخە بوون. هەڵوەشانەوەی خێزانەکان بە هۆی دۆخی خراپی ئابوورییەوە، بێکاری و هەژاری گوشارە کۆمەڵایەتییەکان بە گشتی وایکردووە دۆخی ژیانی ژنان ، دۆخێکی تاڵ بێت. بەداخەوە زۆر جاران ئەوە دەخوێنینەوە یان دەبیستین کە ژنان بە هۆی خراپی دۆخی ئابوورییەوە دەستتیان داوەتە خۆکوژی. خراپی دۆخی ئابووری کۆمەڵێک دەرئەنجامیتری هەیە کە دەبێت بە گوشار بۆ سەر ژنان. پیاوێک کە بێکارە یان نا سەرەڕای کارکردنیشی هێشتا هەر بە ژیانی رۆژانەی خۆی و خێزانیدا ناگات، بەداخەوە لە بری ئەوەی رێگایەی دروست بگرێتە بەر، گوشارە دەروونییەکانی خۆی بە سەر ژنان و مناڵیدا لە ماڵەوە خاڵی دەکات و ئەمە دەبێت بە هۆی ئەوەی ژیانی ژن و مناڵەکەی تاڵ بکات و ژنان زۆرجاران بەرگەی ئەو گوشارە دەروونی و جەستەییانە ناگرن و بەداخەوە پەنا بۆ خوکوژی دێنن. خۆکوژی ژنان بە داخەوە لەم چەن ساڵەدا پەرەی سەندووەو بەردەوامی ئەم دۆخە ئابوورییەی کە هەیە بێگومان دۆخی خراپتریشی لێ دەکەویتەوە.

جگە لە پەرەسەندنی دیاردەی خۆکوژی لە کۆمەڵگای کوردستان، یەکێکیتر لەو دیاردانەی کە بە داخەوە لە کۆمەڵگای کوردستان دژ بە ژنان بوونی هەیە و لە پەرە سەندندایە دیاردەی کوشتنی ژنانە بە بیانووی نامووس و  شەرەف و … . زۆرجاران رووبەری رۆژنامە و وێب سایت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵی کوشتنی ژنان بە بیانووی گومانی نامووس و شەرەف لە لایەن پیاوانی بنەماڵەوە دەگرێتە خۆ، بەداخەوە بەردەوامی ئەم دیاردەیە وایکردووە کوشتنی ژن لە کۆمەڵگای کوردستاندا وەک دیاردەیەکی ئاسایی لێهاتووە. لە حاڵێکدا نابێ بە هیچ شێوەیەک ئەم دیاردەیە ئاسایی بێتەوە. کوشتنی ژنان بە بیانووی نامووس و شەرەف، کۆمەڵێک هۆکاری کەلتووری و ئایینی و داب و نەریتی و ئابووری و یاسایی لە پشتە. لێرەدا لە تاقەتی ئەم نووسینەدا نییە بە وردی باس لە هەرکام لەو هۆکارانە بکات. بەڵام ئەوەی کە دەمهەوێ بیڵێم کوشتنی ژنان کە لە ئەمڕۆدا لە کۆمەڵگای کوردستان بووە بە دیاردەیەکی ئاسایی بە هەر بیانوویەکەوە و بە هەر هۆکارێک کارێکی نەشیاوەو خراپە و پێویستە کۆمەڵگا بە کۆدەنگی دژی بوەستێتەوە. پێویستە سەرجەم ئەو هۆکارانەی کە دەبن بە هۆی ئەوەی پیاوێک ئیزن بە خۆی بدات، خوشک، دایک، ژن یان هەرکەسێکی نزیکی خۆی بکوژێت مەحکووم بکرێن و کوشتنی ژنان بە ناڕەوا بزانرێت.

لە لایەکیترەوە گوشاری ئابووری و دۆخی ئابووری کاریگەری خراپی بووە لە سەر ژنان لە کۆمەڵگای کوردستان بە شێوەیەک کە ژنان ناچار بوون دەست بدەنە کۆمەڵێک کاری تاقەت پڕووکێن کە مەترسی جەستەیی و گیانی بۆ ژنان هەیە. یەکێک لەو کارانە کاری کۆڵبەرییە. کۆڵبەری کردن کە کارێکی جەستەیی و پڕمەترسییە چەندین ساڵە لە کوردستان بووە بە سەرچاوەی داهاتی ژمارەیەک لە بنەماڵەکان و سەرەڕای مەترسییە گیانیەکانی ئەم کارە، بەڵام بە هۆی نەبوونی دەرفەتی کارەوە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی کوردستان بە ناچاری روویان کردۆتە ئەم کارە. بە پێی هەواڵەکان لە چەن ساڵی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی کورد لە ناوچە سنوورییەکان ناچار بوون روو بکەنە کاری تاقەتپڕووکین و پڕمەترسی کۆڵبەری. بە پێی هەندێ ئاماری نافەرمی زیاتر لە ٣٣٠ ژنی کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییە کوردنشینەکان خەریکی کارکردنن. کارێک کە لە باری جەستەییەوە بۆ ئەوان زۆر قورسە و هەروەها هەردەم ئەگەری ئەوەی هەیە هاوشێوەی هاوپیشە پیاوەکانیان بە هۆکاری جیاواز، جا تەقە کردنی هێزە سەربازییەکان بێت یان رووداوی سرووشتی گیانیان لە دەست بدەن.

ژنان لە کوردستان هەروەها لە بەردەم کۆمەڵێک هەڕەشەی سیستماتیک و رێکخراوی سیاسی و کۆمەڵایەتییدان. لە ماوەی رابردوودا زیاتر لە ١١٥ چالاکی کۆمەڵایەتی وژینگەیی لە کوردستان بە بیانووی جیاواز دەستگیر کران، بەشێک لەو چالاکانە ژنانی کورد بوون. ژنانێک کە رەنگە تەنها تاوانیان کۆمەڵێک چالاکی کۆمەڵایەتی و ژینگەیی و مافخوازانە بووبێت. یان وەک “زارا محەممەدی” تەنها بە تاوانی وتنەوەی وانەی زمانی کوردی سزای ٥ ساڵی بەسەردا دادەسەپێت. گوشاری سیاسی و دروستکردنی کەیسی ئەمنییەتی بۆ ژنانی چالاک، بەشێکیتر لەو گوشارە کۆمەڵایەتی و سیاسیانەیە کە لەسەر ژنانی کورد هەیە و مەبەست لەم گوشارانە ئەوەیە کە ژنانی کورد لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانیان دوور بخرێنەوەو پەراوێز بخرێن.

بە گشتی ژنانی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات لە بەردەم کۆمەڵێک گوشاری رێکخراو و سیستماتیکی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتیدان کە هەموو ئەمانە دەستیان داوەتە دەستی یەکتر دۆخی ژن لە کۆمەڵگای کوردستان دۆخێکی گونجاو نەبێت. لە حاڵێکدا ئەمساڵ باس لە ٨ی مارس و رۆژی جیهانی ژن دەکرێت کە دۆخی ژنی کورد لە چاو ساڵانی پێشتر ئەگەر خراپتر نەبووبێت باشتر نەبووەو کرۆنا و ئەنجامەکانی، هەروەها دۆخی ئابووری ئێران وایکردووە گوشارەکان بۆ سەر ژنان لە ئێران بە گشتی و لە کوردستانیش وەک بەشێک لە ئێران خراپتر ببێت و رەنگە بە هۆی پیشەیی نەبوونی کوردستان و نەبوونی دەرفەتی کارەوە ئەم گوشارانە لە کوردستان و ناوچە هاوشێوەکانیتری ئێران زیاتر بێت.

بێگومان کارکردن بۆ ئەوەی دۆخی ژن باشتر ببێت لە کوردستان و ئێران، پێویستی بە کۆمەڵێک هەنگاوی گرینگ هەیە کە دەبێت وەک یەک و هاوشێوەیەک یەکتر ئەو هەنگاوانە کاریان بۆ بکرێت. هەوڵدان بۆ نەهێشتنی دیدی هەڵاواردنی جنسییەتی، نەهێشتنی دید و روانگەی پیاوسالارانە کە ئیزن بە پیاوان ئەدات دەستیان بچێتە خوێنی ژنان، بەشێکی گرینگ لەو هەنگاوانەیە کە پێویستە هەڵبگیردرێت. هاوکات پێویستە هەوڵ بدرێت بۆ خولقاندنی دەرفەتی یەکسانی ئابووری بۆ ژنان و بەشداریکردنیان لە پرۆسەی ئابوورییدا. کارکردنی ژنان و سەربەخۆیی ئابوورییان نابێت بە هیچ بیانوویەک بخرێتە پەراوێزەوە لەبەر ئەوەی ئەمە یەکێکە لە گرینگیترین رێگاکان بۆ گەیشتن بە مافە تاکەکەسی و فەردییەکانی ژنان.

#هەشتی_مارس

سەرچاوە:

#یەکیەتی_ژنانی_دێموکراتی_کوردستانی_ئێران

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی