"an independent online kurdish website

تەنیا لە یەک مانگی ڕابردوو دا، لە پێوەندیی لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوو ڕووداو ڕاگەیەنەرە گشتییە جیهانیەکانی بە خۆیە خەریک کردوە. دوو ڕووداو کە مرۆڤ بەزەحمەت دەیتوانی پێشبینییان بکات.

 

ئێمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرانسە، ڕۆژی پێنجشەمە  ١٧ی ڕێبەندانی ١٣٩٩(٥ی فێورییەی ٢٠٢١) پێشنیاری کرد کە عەرەبستانی سعوودی و ئیسرایل لە وتووێژەکانی وڵاتانی ٥+١ لەگەڵ ئێران سەبارەت بە “برجام”ی نوێ بەشدار بن.

 

ماکرۆن گوتی “دەبێ ڕێگایەک بدۆزینەوە هەتا عەرەبستانی سعوودی و ئیسرایل لەو وتووێژانە دا بەشدار بن، لەبەرئەوەی ئەوان شەریکانی کلیدیی ناوچەیین کە ڕاستەوخۆ لە بەرهەمی ئەو دەسکەوتانەی کە لەگەڵ دۆستەکانی دیکەمان لە ناوچە دا وەدەستیان دێنین، خاوەنبەشن “.

 

حەوتووتەک پێشتر لە ١٠ی ڕێبەندان، سەرۆکۆماری فەرانسە باسی بەشداریی عەرەبستانی سعوودی کرد کە لەگەڵ دژایەتیی ئێران بەرەوڕوو بوو. “سعید خطیب زادە” قسەکەری وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژێک دواتر ڕایگەیاند کە “بەرجام ڕێککەوتنێکی چەند لایەنەی نێونەتەوەییە کە شووڕای ئەمنییەت بە  بڕیارنامەی ٢٢٣١ پەسندی کردوە و بە هیچ شێوەیەک وتووێژی سەرلەنوێێ لەسەر ناکرێ و لایەنەکانی ئاشکرا و نەگۆڕن”.

 

ئیسرایل و عەرەبستانی سعوودی گرنگترین هاوپەیمانانی ئەمریکا و ئورووپا لە ناوچە دان و هەموو ڕووداوەکانی ناوچە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، ئەوان دەگرێتەوە و پێوەندیی بەوانەوە هەیە.

 

ئەو دەستپێشخەرییەی “ماکرۆن” ئەگەر وەڕاست گەڕێ، دەبێتە ڕووداوێکی مێژوویی و گۆڕانێکی قووڵ بەسەر باروودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا دێنێ، هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچە دەگۆڕێ و نەزمێکی نوێ لە هەرێمەکە دا دادەمەزرێنێ:

١. ئێران کە سەلماندنی بوونی ئیسرایل بە هێڵی سوور بۆخۆی دەزانێ و بەردەوام مەوجوودییەت و مەشڕووعییەتی ئەو وڵاتە دەخاتە ژێر پرسیارەوە، ناڕاستەوخۆ دان بە بوونی ئیسرایل دادەنێ و دەبنە ” هاوبەش”!

بەڵام کۆماری ئیسلامی لەنێوخۆی دا  تووشی قەیرانێکی قووڵی ئیدئولوژیکی و ڕەوایی دەبێ:

دوژمنایەتی و نکۆڵیکردن لە بوونی وڵاتی ئیسرایل ٤٢ ساڵە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامییە.

 

٢. دەتوانێ پرسی فەلەستین لە چنگی ئێران دەربێنێ و ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە هەموار بکات. بەوە کە کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای دامەزرانییەوە خۆی کردوە و بە خاوەنی پرسی فەلەستین، کۆسپێکی گەورەی لەسەر ڕێگای چارەسەرکردنی پرسی فەلەستین دروست کردوە.

 

٣. ڕاستە کە ئیسرایل چوار دەیەیە بەردەوام لە ژێر هەڕەشەی دەستتێوەردان و تێرۆری کۆماری ئیسلامی دابووە و ناچار بووە دیفاع لە خۆی بکات، بەڵام حاشای لێناکرێ کە دەوڵەتی “نیتانیاهوو”ش  سیاسەتی خۆبواردن لە چارەسەرکردنی پرسی فەلەستینی بە هەڕەشە و دەخالەتی کۆماری ئیسلامی پاساو کردوە.

 

ئەگەر مەترسیی تێرۆر و هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی بڕەونەوە، ئیسرایلیش چی دیکە ناتوانێ وا بەهاسانی خۆی لە بەرپرسایەتی و لە وەدیهاتنی “ڕێگاچارەی دوو دەوڵەتی”  کە لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە پشتیوانیی لێدەکرێ، بدزێتەوە.

 

لە ڕابردوو دا، پیلان و دروشم و هەڕەشە بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامی بەدژی ئیسرایل لەلایەک و گرژی و ئاڵۆزیی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی لە لایەکەی دیکەوە، ئەو دەرفەتەی بۆ ئیسرایل ڕەخساندبوو کە لە بەرگی قوربانی دا خۆی حاشار بدا و نەهێڵێ وەک بەشێک لە کێشەکانی ناوچە سەیر بکرێ.

لێرەدا مەبەست ئەوە نیە کە تاوانی چارەسەرنەبوونی پرسی فەلەستین هەمووی بخڕیتە ئەستۆی ئیسرایل!

 

بەڵام ئێستا کە پێوەندیی ئیسرایل لەگەڵ ژمارەیەکی بەرچاو لە وڵاتە عەرەبی ئاسایی بۆتەوە و تەنانەت هاوپەیمانیی نیزامی لەگەڵ چەند وڵاتی عەرەبی بەدژی پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی خەریکە شکڵ دەگرێ، ئیسرایل بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی فەلەستین دەکەوێتە ژێر فشارەوە.

 

٤. ئەو پرسە کە بۆچی ئیسرایل وەک تەنیا وڵاتی ناوچە مافی هەیە خاوەنی چەکی ناوکی بێ (دیارە ئیسرایل قەت ئەوەی نەسەلماندوە)، گەرمتر دەکەوێتە ڕۆژەوەوە.

زۆر لایەن، بەتایبەتی وڵاتانی ئیسلامی، ئەوە بە ناتەبا دەزانن لەگەڵ پڕوپاگەبدا و بانگەشەی ئەمریکا و ئورووپا و تەنانەت چین و ڕووسییەش بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بێ چەکی ناوکی و ئەوە کە وڵاتانی ناوچە نابێ بکەونە کێبەرکێوە بۆ وەدەستهێنانی چەکی ناوکی.

 

ئەوانەی بوونی چەکی ناوکی بۆ ئیسرایل بە ڕەوا دەزانن، هەمیشە ئاماژەیان بە باروودۆخی ئاستەمی ژێئوپولیتیکی و ئەمنییەتی وڵاتی ئیسرایل لە هەرێمەکە دا کردوە کە دەوری بە وڵاتانی نەیار تەنراوە، و پێیانوابووە باڵادەستی نیزامی ئیسرایل پارسەنگی هێز لە ناوچەی هەستیاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا دەپارێزێ.  

 

بۆیە، ئەگەری ئەوە هەیە کە ئیسرایل، بەپێچەوانەی وڵاتانی عەرەبی،  نەخوازێ وەک لایەنێک و ڕاستەوخۆ لە وتووێژەکانی ئێران و وڵاتانی ٥+ ١ دا بەشدار بێ و بەشداریی خۆی لەگەڵ بەرژەوەندییە ستراتێژیکییەکانی ئەو وڵاتە بە ناتەبا بزانێ.

 

“نائێف فەلاح مەبارەک” سکرتێری گشتیی شووڕای هاوکاریی کەنداو لە سەردانی ئەو دواییانەی دا بۆ پێتەختی عەرەبستانی سعوودی ڕایگەیاند کە “لە هەرچەشنە وتووێژێک دا کە پێوەندیی بە ئەمنییەت و سەقامگیریی ناوچەوە هەبێ، دەبێ وڵاتانی شووڕای هاوکاریی کەنداو بەشدارییان هەبێ. ئێران دەبێ دوایی بە ناسەقامگیرکردنی ئەمنیەت و شێواندنی ئاشتیی ئاشتی ناوچە بهێنێ”.

 

٥. هاوپەیمانیی نیزامی ئەو وڵاتانە دەتوانێ  زەبرێکی قورس لە تێرۆریزم و فەلسەفەی وجوودیی تاقمە تێرۆریستییەکانی ناوچە بدات.

 

ڕووداوی دووەم هەواڵێک بوو کە ئێوارەی ڕۆژی ٧ی ڕەشەمەی ١٣٩٩(٢٥ی فێورییەی ٢٠٢١) لە کاناڵی تلویزیونی i 24 ئیسرایلییەوە بڵاو بۆوە کە ئیسرایل، عەرەبستانی سعوودی، بەحرەین و ئەماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە وتووێژ دان بە مەبەستی  پێکهێنانی کۆبەندێکی (ائتلاف) نیزامی چوار لایەنە بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوە  هەڕەشەکانی ئێران لەو وڵاتانە و نفووزی ڕێژیمی ئێران لە عێڕاق و سوورییە و لوبنان.

 

دەوڵەتانی ئەو چوار وڵاتە هەواڵەکەیان پشتڕاست نەکردۆتەوە، بەڵام بەرپەرچیشیان نەداوەتەوە.

دیار پێوەندییەکانی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرایل لە هەموو بوارەکانی سیاسی، ئابووری، تووریستی و کولتوری و نیزامی و ئەمنییەتی- ئیتلاعاتیی دا بە ئاشکرا و بەنهێنی لە پەرەسەندنی بەردەوام  دایە.

 

پێکهێنانی یەکێتیی نیزامی لە لایەن ئەو چوار وڵاتەوە، ئەگەر بەفەرمی ڕابگەیەندرێ، بە ڕووداوێکی مێژوویی دەژمێردرێ و دەتوانێ چەند هۆکاری هەبێ:

 

یەکەم: بەهەندگرتنی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی بە دوای پێشێلکارییەکانی ڕێککەوتنی “برجام”.  دوور نیە ئەو وڵاتانە زانیاریی جێی متمانەیان هەبێ کە ئێران لە دروستکردنی بۆمبی ناوکی نزیک بۆتەوە و ئەوان، بەر لەوەی درەنگ بێ، هەنگاوی بەرگریکەر هەڵبگرن.

 

“بێنیامین نەتانیاهوو”  ڕۆژی ٧ی ڕەشەمەی ١٣٩٩(٢٥ی فێورییەی ٢٠٢١) لە وتووێژێک دا لەگەڵ کاناڵی ١٣ی تلویزیونی وڵاتەکەی، لە وڵامی پرسیارێک دا کە “ئیسرایل سەبارەت بە پێشگرتن بە دەستپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوک، دەتوانێ پشت بە دەوڵتی جو بایدن ببەستێ، گوتی کە “بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەرنامەی ناوکی ئێران  تەنیا متمانە بە خۆی دەکا”!

 

دووەم: پێوەندییەکانی نێوان و ئیسرایل و وڵاتانی عەرەبی پێی ناوەتە قۆناخێکی نوێوە و دوژمنایەتی و کێشە جێگەی خۆی داوە بە پێداویستیی هاوپەیمانی و هاوکاریی ستراتێژیک بە مەبەستی بەرنگاربوونەوەی دوژمنی هاوبەش، کۆماری ئیسلامی، بە هێزی یەکگرتوویان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان.

 

سێیەم: ئاشکرایە کە سیاسەت و هەڵوێستی دەوڵەتی “جو بایدن” بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی ئەو وڵاتانەی نیگەرانی کردوە و لە پشتیوانیی دەوڵەتی ئێستای ئەمریکا دڵنیا نەبن. دەزانن کە بەیەکگرتوویی، دەوڵەتی “بایدن” ناتوانێ بەهاسانی بەسەریان دا باز بدا و بەبێ لەبەرچاوگرتنی هەڵوێستی ئەوان، لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بکەوێتە ساتوسەوداوە.

 

چوارەم: ئەو وڵاتانە بەو ئاکامە گەیشتبن کە بۆ مەهاری ئێران پێویست بێ ئیسرایل وەک وڵاتێکی مودێڕن و بەهێزی نیزامی، لە باری جوغرافیاییەوە لە ئێران نزیک بێتەوە و ببێت بە “جیرانی” کۆماری ئیسلامی.

 

پێنجەم: ئیسرایل بەڵێنیی دابێ بە وڵاتانی عەرەبی کە لە بەرامبەر ئاساییبکردنەوەی پێوەندییەکانیان، بۆ چارەسەرکردنی پرسی فەلەستین هەنگاوی لێبڕاوانە هەڵبگرێ. ئێستا دەرفەت بۆ چارەسەرکردنی پرسی فەلەستین  زۆر لەبارترە لە چەند مانگ لەوەپێش.

 

ئیسرایل و وڵاتانی عەرەبی بەو ئاکامە گەیشتوون کە پرسی فەلەستین بە چارەسەرنەکراوی، وەک “ئێسکی نێو برین” هەر دەمێنێتەوە و دەستی ئێران بۆ پیلانگێڕان و کەڵکی ناڕەوا وەرگرتن لە مەسەلەی فەلەستین، کورت نابێتەوە.

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی