"an independent online kurdish website

دەستکەوتی نەتەوەیی، کێش و قەبارەی ھەر چەند بێت!، لەسەر دەستی کێدا بەدەست بێت! ، بۆ کەسانی نەتەوەیی، دواجار ھەر دەبێتە لاپەڕەیەکی گەشی مێژووی نەتەوەکەمان و جێی شانازیی.

 بۆیەکا زۆرینەی جاران ئێمەی نەتەوەیی لەئاست ڕۆڵ و ھەڵوێست و قوربانی خۆمان بێدەنگی دەکەین و چ دەربەستیش نایەن . ئەم پرنسیبە، بەشێکی چەسپاوی بیروباوەڕمانە، ئاخر دیدی ئێمە لەوەوە تێدەڕوانێ: نەتەوە و خاکێکی ھێشتا داگیرودابەشکراو، کەی ڕەوای ھەقە و ھی ئەوەیە؟!، دوو فیشەکی لە پێناودا بتەقێنی بیکەیتە ماڵ بەسەریەوە و تەمەنێک سنگی خۆتی پێ بەریتە پێشەوە و خۆ بکەیتە زاڵمی سەر گیان و جەستەی… لە کاتێکدا و لە بنەڕەتدا دەبوو شەرم دایگرتینایە لە ئاست ئەو ھەموو بەسەرھاتە تاڵ و دیمەنە تراژیدیایانەی مێژوومان…

بەڵام کاتێ بێ سەروبەریی دێتە کایەوە و ھەرکەس بۆخۆیەتی، ڕاستییەکان ون دەبن و پاشان دەشێوێندرێن، ئیدی بێدەنگی و کەنارگیریی چ دادێک نادات. ئا لەم چرکەساتەدا، خستنە ڕووی ڕاستییەکان و ئەو بەڵگەنامانەی خزمەتی مێژوو دەکەن، دەبێتە ئەرکێک گەورە. ئا لەم ڕوانگەیەوەیە، لێرەدا جارێکی تر دەگەڕینەوە بۆ لای ئەو ڕۆژانەی سەروەریی ئێمەیان تێدا تۆمار کراوە. دەمانەوێ ھەم تیشکێکی ڕوناککەرەوەیان بخەینە سەر و ھەمیش بۆ ئەو قەڵەمانەی دەیانەوێ بە بێلایەنی و بێگەردی ، پێڕەوی بابەتێتی و پرنسیپی زانستی مێژوو بنووسنەوە ، سوودێکی لێ وەرگرن. ناچارانە ئەوەی ھەیە لە پێداویستی خۆنەویستییەوە و بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان، ئەم جارەش لە سەدان بەڵگە و ئارگومێنت، دوو نامەی ڕێکخستنەکانی « پارتی سۆسیالیستی کورد – پاسۆک» دەخەینە بەرچاو، کە بۆ خۆیان بارگاوین بە کۆمەڵێ پرسی گرنگ و بەڵگەی ئەوەی لایەن و کەسانی تریش ھەن و پێشبینی و خوێندنەوە بۆ ڕاپەڕین کراوە و بەشداریی ئەو سەروەرییە بوون.

بەداخەوە لەم یادەدا ، کە زۆر کەس پێی وایە بەس خۆیان بوون، بە کورتیش بێت ، دەبێ ئەوەش بڵێین لە ڕاپەڕین دا بەشێکی زۆری ئاواتەکانی کورد ھاتە دی. زۆر بەداخەوە ئێستا لەئەنجامی کێبەرکێی ناپیرۆز و شەڕی حیزب حیزبێنە و ھەر یەک دانە پاڵ داگیرکەرێکی کوردستان و نوقومبوون لە گەندەڵیدا، مەترسی و ھەڕەشەی زۆر ھاتۆتە سەر دەستکەوتەکان.

ئێمە باوەڕمان بە ئیرادەی نەتەوەیی ھەیە و چرکە ساتێکی خۆی ھەر دێ، چارەسەرکردنی ئەو دیاردە و کێشانە ھەر خۆی دەسەپێنێ بەسەر حەزی نەخۆش و خۆپەرستانەی حیزب و لایەنەکاندا . ھەر دەبێت، درەنگ یا زوو بەدەنگ داخوازی جەماوەرەوە بێن و ھەم دەستکەوتەکانی ڕاپەرین بپارێزن و ھەمیش مەحکەمتر و زیاتری بکەن.

ئێستا بۆ ئەوەی مێژووی ڕاپەڕین گەشەدارتر بکەین و دیوە لەبیرکراوەکانی بھێنینەوە یادی سەردەم، دوو نامەتان دەخەخەینە بەر چاو، کە بۆ خۆیان مێژوویەکی ماناداریان لە خۆ گرتووە…

نامەکەی یەکەم : لە ڕێکخستنەکانی ناو شاری سلێمانییەوە، کە قەڵای پاسۆک بوو، نێردراوە بۆ ھاوبیرێکی بەرپرسی شانەیەک.. داوای ئامادەکاری و باشتر و مەحکەمتر کردنی ڕیزەکان و چۆنیەتی خەبات دەکات. ھاوکات ئاماژە دراوە بە پێشبینیکردنی گۆڕانکاری نوێ . ئەم دوو خاڵە قسەی تەواون و بەڵگەی حاشا ھەڵنەگرن، کە حیزب / بەرەی کوردستانی! ئەو دەم جێی ھیوان و دەرلەحزە دێنە گۆڕەپانەکەوە.
پێویستە زانیاری لەسەر دامودەزگا و بەکرێگیراوانی دەسەڵاتی داگیرکەر بە وردی کۆکرێتەوە و بۆ سەعاتی سفر ئامادە بکرێن…

ئەوە بوو لەگەڵ یەکەم چەخماخەی ڕاپەڕین دا، ھاوبیرانی پاسۆک شان بە شانی جەماوەری ڕاپەڕیو، شێرانە ھاتنە مەیدان و دەستەوە و ڕۆڵی بەرچاویان گێڕا لە ڕاماڵینی دەسەڵاتی داگیرکەردا تا نزیک چیای حەمرین.

نامەی دووەم: لە سەرکردایەتی رێکخستنی سلێمانییەوە بۆ سەرکردایەتی پاسۆک. نامەکە 8 خاڵی لە خۆی گرتووە. پێوەندی ڕێکخستنی ھاوبیرانی بەسەر کردۆتەوە. ھاوکات داوای ئامۆژگاریی و ڕێنمایی دەکات بۆ ئایندە و داوا دەکات لەسەر دۆخی ناوچەکە ڕاپۆرت و ڕوونکردنەوەیان پێشکەش بکرێ..
ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە سەرباری سەختی ڕۆژگارەکە و دڕندەیی داگیرکەر ھێشتا پێوەندی شاخ و شار ھەبووە و ھێزی پێشمەگە لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە بووە و جێی پشتیوانی جەماوەر بوون.
بە دڵنیاییەوە بەڵگەی تریش ھەن و کەسانی تریش ھەن کە ڕۆڵیان بووە لەو ڕووداوە مێژووییەدا.
ڕەوانشادی بۆ مامۆستا ھادی، بەرپرسی ڕێکخستنەکانی پاسۆک و گشت شەھیدانی ڕێی ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان…

سڵاو لە یادی ڕاپەڕین.

ھەڵۆ بەرزنجەیی 7.3.2021

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی