"an independent online kurdish website

بۆ ئاگاداری رۆژی ٢،٣،٢٥٢١ سەر کۆمار ئەردۆغان لە پێش کامێراکانەوە زۆر بە حەماسەتەوە “عەدالەت بەیاننامەسی”خویندەوە و قەولی دا وەک بەرنامەی کار لە دو سالی ئایەندەدا جیبەجێی بکا.

نیوەرۆک و خالی ئەم بەیاننامەیە گەلێک دێمۆکرات و پێشکەوتوون، حەتتا ھیچ فەرقی نیە لە گەڵ بەیاننامەی بەینەلمیلەلی حقوقی بەشەر ئی جیھانی کە لە سالی ١٩٤٨ دا نوسراوە و دەوڵەتی تورکیا ئیمزای کردووە.

  لە یەکێک لە خالەکاندا ھاتووە، ھەرکەس لە بیر و باوەردا ئازادە، نابێ کەسێک لە سەر بیر و باوەری خۆی سەزا بدرێ. دووەم ھیچ کەس بە هۆی جودایی رەگەز، مەزھەب و زمان بەرخوردی جودا لە گەڵ دا بکرێ، ھەموو کەسێک وەک ھاووڵاتی موساوییە، سیفر تۆلەرانس بۆ ئەشکەنجە و بۆ فەرق و جودایی.

ئەگەر کەسەک ئاگای لە دونیا نەبێ و لە تورکیە نەژی و کوردیش نەبێ دەڵێ ئەم بەیاننامەی ئەردۆغان نیعمەتێکی خودایە بۆ بەشەرییەت.

نازانم پێ بکەنم یانیش بلێم بسمیلا ئەم کابرایە ١٩ ساڵە وەک سەرۆک وەزیر و سەرکۆمار، حیزبەکەشی وەک تاقانە حیزب لە تورکیا دەسەڵات دارن و حوکومرانی توکیەن، بۆچی تا ئەم رۆ خاڵی ئەم بەیاننامەیەی جیبەجێ نەکراوە چ بەربەستێک ھەبووە.

ھەموو کەس دەزانێ لە سالی ٢٠١٥ وە ئەردۆغان دووایی بە پرۆسەی ئاشتی ھێنا، دەستی کرد بە گرتن و زیندانی کردنی موخالیفین و بنکۆڵ کردنی عەدالەت و مافی مرۆڤ، بە دەیان وەکیلی کورد و رۆژنامە نووس و ھەزاران چالاکوانی سیاسی و مەدەنی گرت و  زینداندانی کرد، 60 سەرۆک بەلەدییە ئی ھەلبژاردەی ھادەپ لە کار دور خران و لە جیگایان قەیوم دانرا،  کاندیدای سەرۆک کۆمار سەلاحەدین دەمیرتاش 6 ساڵە لە زینداندایە.

دەکرێ ئەم پرسیارە لە ئەردۆغان و حیزبەکەی و دەوڵەتی تورکیە بکرێ، ئێ باشە چ ھەوجێ بە ئەم بەیاننامەی عەدالەت ھەیە، جارێ ئەم زیندانانە بەتاڵ کە، ئەم وەکیلانەی ھەڵبژاردەی خەڵک و هەواڵنێرەکان  ئازاد بکە و واز لە داخستنی ھادەپ بھێنە.

لێرەدا ئەم راستیە جارێکیتر ئیسپات دەبێ، دیکتاتۆرەکانی دونیا بە تایبەت ئی ئاسیایی و ئافریقا ئەحمەق ترین ئینسانی دونیان، ئەردۆغان پێیوایە بەم درۆ و دەلەسەیە دەتوانێ کلاو لە سەر بیروڕای گەلانی تورکیا و دونیا و بەتایبەت ئەمریکا و ئۆروپا بنێ. ھەموو کەس باش دزانێ ئەردۆغان و حیزبەکەی گەیشتوونە بۆنبەست، لە داخیل و خاریج دا ھەموو یاسای ئینسانی و حقوقی بنپێ دەکا، لە ژێر ناوی ئەندامەتی لە ناتۆدا قولدری دەکا، پەیوەندی ئامریکا و تورکیا لە خرابترین ئاستدایە، ئەردۆغان سەرپێچی لە بریاری دادگای ئۆروپا بۆ مافی بەشەر دەکا، ناکۆکی لە گەڵ یونان، داگیرکاری لە سوریا و لیبی و ناگۆرنۆ قەرەباغ و پشتیوانی بە ئاشکرا لە سازمانە ترۆریستانەی ئیسلامی، ئەردۆغان و حیزبەکەی لە داخیلدا تۆشی قەیرانەکی گەورەی ئابوری ھاتوون رۆژ بە ڕۆژ دەنگدەری لە دەست دەدا.

پاش دو ساڵیتر لە تورکیا ھەلبژاردن ھەیە، بۆیە ئەردۆغان دەیەوێ بەم مانۆرا دانە خۆ لەم بۆنبەستە رزگار بکا و کڵاو لە سەر دونیا بنێ و مستی ئاسنینی خۆی بە لۆکەی نەرم بپێچێتەوە و روی راستی خۆی وەشارێ.

وا دیارە ئەردۆغان ئەم دورویی و فێل و کەڵەک بازییە لە ئاخوندەکانی ئێران فێر بوووە، ئەگەر لە بیرمان بێ لە ئەوەلی دەسەڵات دا خۆی وەک ئیسلامییەکی مییانەڕۆ و تەرەفداری دێمۆکراسی نیشان دەدا و وەک مۆدێلی نوێ حیسابی بۆ دەکرا.

حاجی جوندی 

2021/03/08

************

بابەتی پەیوەندی دار ، وەرگیراو لە روداو

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا لە رێوڕەسمێکدا، کە بە ئامادەبوونی سەرۆکی گشتیی پارتە سیاسییەکان بەڕێوەدەچێت، کارنامەی تایبەت بە مافی مرۆڤ لە تورکیا رادەگەیێنێت.

 ئەو کارنامەیە لەلایەن وەزارتی دادی تورکیا بە دروشمی “تاکی ئازاد، کۆمەڵگەی بەهێز و تورکیایەکی دیموکراتتر” ئامادەکراوە و ئەمڕۆ سێشەممە 2ی ئاداری 2021 لە رێوڕەسمێکدا لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان, سەرۆککۆماری تورکیا بە فەرمی رادەگەیێنرێت.

 رێوڕەسمەکە کاژێر 13:30 خولەک لە ناوەندی کولتوور و کۆنگرەی گەل لە کۆشکی کۆماری بێشتەپە لە ئەنقەرە بەڕێوەدەچێت. سەرۆکی گشتیی پارتە سیاسییەکانی تورکیا بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکە بانگهێشتکراون.  

بێجگە لە سەرۆکی پارتە سیاسییەکان، مستەفا شەنتۆپ، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، نوێنەرانی گرووپە ئاینییە ناموسوڵمانەکان، باڵیۆزی وڵاتان، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەوروپا، کۆنسەی ئەوروپا، دادگای مافی مرۆڤی ئەور‌وپا، هەروەها سەرۆکی رێکخراوە مەدەنییەکان، سەرۆکی زانکۆ و راگری کۆلێژەکان، ئەکادیمیست، یاساناس و رۆژنامەڤانان بەشداری لە رێوڕەسمەکەدا دەکەن.

بەگوێرەی ئاژانسی فەرمی تورکیا ئەو کارنامەیە کە لەچوارچێوەی ئامادەکارییەکانی 100 ساڵەی دامەزراندنی کۆماری تورکیا دارێژراوە، دەبێتە بەڵگەنامەی سیاسەتی سەرەکی تورکیا، ئامانجی سەرەکی ئەو کارنامەیە ئامادەکردنی دەستوورێکی نوێ و سڤیلە بۆ تورکیا. لەو چوارچێوەیەدا رۆژی 2ی ئادار بە سەرەتای کارکردن بۆ دەستووری نوێی تورکیا خوێندنەوەی بۆ دەکرێ.

کارنامەی تایبەت بە مافی مرۆڤ، بە پشتبەستن بە ستراتیژی ریفۆرمی داد کە لە ساڵی 2019 لەلایەن سەرۆککۆماری تورکیا راگەیێنرا، هەروەها بە بنەماگرتنی 11یەمین پلانی گەشەپێدان، ئامادەکراوە.

کارنامەکە بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ستاندارتەکانی مافی مرۆڤ 9 ئامانج و 11 پەرەنسیپی سەرەکی لەخۆ گرتووە.

11 پەرەنسیپە سەرەکییەکانی کارنامەکە بریتین لە:

یەکەم: مرۆڤ لە رۆژی لەدایکبوونییەوە بەو مافانەوە دەژی کە دەستلێبەرنەدراون. ئامانج و ئەرکی سەرەکیی دەوڵەت پاراستن و پێشخستنی ئەو مافانەیە.

 دووەم: شەرەفی مرۆڤ وەک گەوهەری سەرجەم مافەکانی لەلایەن یاساوە پارێزراوە.

 سێیەم: مرۆڤەکان بەبێ جیاوازیی زمان، نەژاد، رەنگ، بۆچوونی سیاسی، ئایین و مەزهەب لە بەردەم یاسا یەکسانن.

چوارەم: پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری کەرتی گشتی بۆ هەموو کەسێک بەیەکسانی، بێلایەن و راستگۆیانە، تایبەتمەندی سەرەکی سەرجەم چالاکییەکانی بەڕێوەبردنن.

 پێنجەم: یاساکان بە جۆرێک روونن کە رێگە بە دوو دڵی نادەن، ئاشکران و کراوەن بۆ تێگەیشتن، دەسەڵاتەکانی کەرتی گشتیی بەبێ سازشکردن لەسەر پرەنسیپەکانی ئاسایشی یاسا ئەم بنەمایانە جێبەجێ دەکەن. 

شەشەم: بەهیچ شێوەیەک دەستکاری ئازادیی پەیماننامە، بنەماکانی ئاسایشی یاسا و پاراستنی مافە دەستکەوتووەکان ناکرێت.

حەوتەم: دەوڵەت، لە چوارچێوەی بنەماکانی دەوڵەتی کۆمەڵایەتی و بە پشتبەستن بە یاساکانی رکابەریی بازاڕی ئازاد ، دەستپێشخەری و ئازادی کارکردن دەپارێزێ و پێشیان دەخات.

 هەشتەم: ئەدای کارگێڕی و دادوەری، پێشبینەکانی بێ تاوانی، پاراستنی پرەنسیپ و مافی لەکەدارنەکردن و بەرپرسیارێتی سزادانی کەسی رەچاو دەکەن و وەک بنەمایەکی سەرەکی کارکردنیان بەهێزی دەکەن.   

نۆیەم: هیچ کەسێک بەهۆی رەخنەگرتن و رادەربڕینەوە، لە ئازادی بێبەش ناکرێت.

دەیەم: دەوڵەتی یاسا کە بە دەسەڵاتی سەربەخۆ و بێلایەنی داد پارێزراوە، لە سەرجەم بوارەکاندا وەک گارانتیکەری دادپەروەری، ماف و ئازادییەکان سەروەر دەبێت.

یانزەیەم: هەر کەسێک بانگەشەی پێشێلکردنی مافەکانی بکات، دەبێت بەبێ هیچ زۆر و زەحمەتییەک دەستی بگاتە رێگا کاریگەرەکانی یاسا. گەیشتن بە دادپەروەری، ماف و ئازادییەکان چەقی رێزگرتنە. 

9 ئامانجە سەرەکییەکانی کارنامەکەش بەریتین لە:

یەکەم: سیستەمێکی بەهێزتری پاراستنی مافی مرۆڤ

دووەم: بەهێزکردنی مافی دادگاییکردنی یەکسان و سەربەخۆیی و داد

سێیەم: توانای پێشبینیکردن و شەفافییەتی یاسایی

چوارەم: پاراستن و پێشخستنی ئازادی ئاینی، رێکخستن و دەربڕین

پێنجەم: بەهێزکردنی ئاسایش و ئازادی تاکەکەسی

شەشەم: پاراستنی ژیانی تایبەت و بەها ماددی و مەعنەوییەکانی تاک

حەوتەم: پاراستنی مافی موڵکدارێتی بەشێوەیەکی کاریگەرتر

هەشتەم: پاراستنی توێژە لاوازەکان و بەهێزکردنی خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی

نۆیەم: هۆشمەندی کارگێڕی و کۆمەڵایەتی لە ئاستێکدا باڵا لە بابەتی مافی مرۆڤدا.

ئەوە لەکاتێکدایە، 170 ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا بە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتەکان لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا نامەیەک بۆ وەزیری دەرەوە دەنێرن، داوا لە ئیدارەی بایدن دەکەن رێوشوێنی تووند لە دژی ئەنقەرە بگرێتەبەر.

لە نامەکەیاندا ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەڵێن، تورکیا هاوپەیمانێکی گرنگی ناتۆ و ئەمریکایە، “بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا ئەو پەیوەندییە باشەی شێواندووە”.

ئەندامانی کۆنگرێس رەخنە لە سیستمی دادوەری تورکیا دەگرن، دەڵێن، ئەردۆغان و پارتەکەی سیستمی دادوەری وڵاتەکەیان لاوازکردووە، کەسانی نزیک لە خۆیان لە پۆستە گرنگەکان لە دەزگا سەربازی و هەواڵگرییەکان دامەزراندووە، رەخنەگر، رۆژنامەنووس و ئەندامی گرووپ و پارتە کەمینەکان لەگەڵ سیاسەتڤان لە پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەستگیر دەکەن.

ئەندامانی کۆنگرێس لە نامەکەدا دەڵێن “پرسە ستراتیژییەکان لە پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا سەرنجی گەورەیان لەسەرە، بەڵام پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و پرۆسەی دیموکراسی لە تورکیا نیگەرانی گەورەن.”

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی