"an independent online kurdish website

 کتب علیکم الصیام کما کتب علی الذین من قبلکم.

ڕۆژووتان لەسەر نوسراوە هەروەک لەسەرئەوانی پێش ئێوەش نوسراوە .

کە مانگی ڕەمەزان دێ موسوڵمانان هەموو توانای خۆیان دەخەنەگەڕ بۆ کڕینی شتی زیاتر لە پێداویستی، بۆ بەرەو پیرەوەچونی ئەو مانگە پیرۆزە، هەر دەڵێی تەنیا لەو مانگەدا ئیزنی خواردنی خۆش دراوە! بەڕای من ئەو شتە نە پێویستە و نە ئیسلامیش دەستوری شتێکی وای داوە. بـە پێچەوانـە مـرۆڤ لـە هەموو کات و ساتی ژیـانیدا ئـەرکی سەرشانیەتی بـە قەدەر توانا ژیانی بنەماڵەکەی بە باشترین شیوەی گونجاو دابین بکاو هیچ جیاوازیەک لە نێوان مانگەکاندا نیە. ڕەمەزان مـانگی تـاعـەت و عـیبادەتـە نـەک زۆر خۆری و خۆش خۆری.

رەمەزان بـە زاراوەی ئـەوڕۆ مـانـگی چاکـسازیـە، مـانگی ئـاوڕدانـەوە و پێداچونەوەی ڕابـردومانـە. مانگی هـەڵسەنگانـدنی ئاکار و کردەوەکانمانە. مانگی هاوێر کردنی چاکە و خراپەکانمانە. مانگی لێکدانەوە و هـەڵسنگاندی هەڵە و خەتاکانمانە. مانگی پێک گرتنی قازانج و زیـانـەکانـمانـە. مانگی تێڕوانینە لە ڕابـردوو دۆزینەوەی کارتێکەریە ئەرێنی و نەرێنیەکانمانە. مانگی بڕیار دانە لە دوپات نـەکردنـەوەی هەڵـەکان و بـەردەوامی لـە سەر ئاکارە چاکەکانە. مانگی چیژ کردنە لـە بـرسیەتی بـۆ تـێگەیشتن لـە حاڵی هەمیشە بـرسیەکانە. ئێمە هەر لە ڕەمەزاندا ئەرکدارنین واجباتی شەرعی بەڕێوە بەرین، بەڵکو ئەوە ئەرکی هەمیشەییمانە. عیبادەت لە ڕاستیدا بۆ مرۆی موسوڵمان خـۆ ئـامادەکردن و ڕاهێنانـە، بـۆ بـە جێگەیـانـدنی ئـەو ئەرکانەی کە لە بۆ کۆمەڵگاکەت پێت ئەسپێردراوە. ئەگەر ئەو ڕاسپاردەیە ئەنجام نەدەی بێگومان لێت دەپرسرێتەوە و تەنیا ئەو عیبادەتە لەتو کوتەتە قـەرەبـوی ئەو کەمتەرخەمی و خـۆ بـواردنت لـە ئـەرکە کۆمەڵایـەتیەکانت ناکەنەوە. بـۆیە لە پێشدا ئەرکی مامۆستایانی ئـایینیە کە موسوڵمانـان لەوە تێبگەێینن کە رەمـەزان مانگێکە لـە لایـەن خواوە هەموو ئەندامی لەشت کۆنتڕۆڵ دەکرێ، دەزانێ چ نیازێکت هەبوە و چۆنت دەر بـڕیوە و گوێـت لـە چی هەڵخستەوە و دەستت بـۆچی درێـژ کردوە. بـە کورتی تـا بزاندرێی چۆنت ئـەرکەکانت بـەجێهێناوە ، نـەک بـزانـن چیت خـواردوە و چەنـدت خواردوە. ئەگەر باشتر بڵێم : دڵی خاوێن و نیازی پاک سەرچاوەی هەموو چاکەکانن. بەکورتی خواردن و خواردنەوەی ئاسایی بە قەدەر توانا و پێویست بۆ بەردەوامی ژیانـە. ڕەمەزانیش بـۆ هـاتـنە دەستی ڕادەی سەرکەوتـویی یـان شکستی یـەک ساڵی ژیـانی موسووڵمانـانـە. لـەو مـانگەدا دەبێی خۆ ئـامادە بکەی بۆ ساڵی داهاتو بـە لەبـەر چاو گرتـنی ساڵی ڕابـردوو بـەچاک و خراپیەوە. بەڕاشکاوی دەڵێم : لە ڕوانگەی ئیسلامەوە گوناح و هەڵە ئەگەر لـەڕووی نەزانی بێ بەخشراوە، بـەڵام ئەگەر بە زانیاری و ئـەنقەست بێی، بـە تایبەتی دووپات و چەنـدپـات بکرێتەوە قـێزەونـترین تاوانە و سەزاکەشی گەلێک قورس و گرانە. هیوادارم ئەو مانگەمان بـۆ خۆ بـرسی کردن بێی نەک زۆر خواردن. خۆبرسی کردنیشـمان بـۆ تێگەیشتن لـە حاڵی فـەقـیر و هەژاران بێ نەک فڕنی و مەشکەفی و زلوبیا خواردن ! و هانـمان بدا بـە پێی تـوانا لە هـانـای ئـاتـاج و لـێقەڵـماوانـەوە بێین . خوشک و بـراکوردە ئـیمانـدارەکانم ئـاواتمە هەمـوو کردەوەو رەفتار و گوفتارتـان لـە ڕاستای بەرژەوەندی نیشتـمان و گەل بێی کە ئـەوە ئـیمانی ڕاستەقینە و دروستریـن ڕێگای وەدەست هێنانی ڕەزای خواکەمانە .

بـەو هـیوایـە خوا بـە گەورەیی و بـەزەیی خۆی و بـە پیرۆزی ئـەو مانگە مرۆڤایەتی ڕزگار بکا لەو فەتای کڕۆنایە.

 براتان مەلابرایمی مەجیدپور ٢٢ی خاکەلێوەی ٢٧٢١ ی کوردی

     ١١/ ٤ / ٢٠٢١ی زایینی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی