"an independent online kurdish website

لە 12ی جۆزەردانی ساڵی 1362 (2ی ژوئەنی 1983)دا رێژیمی كۆماری ئیسلامی 59 بەندیی سیاسیی كورد، كە خەڵكی شاری مەهاباد بوون، گوللەباران كرد.

 زۆربەی ئەو 59 كەسە، لاو بوون و تەمەنیان لە خوار 25 ساڵەوە بوو. تەنانەت تێشیان دابوو كە تەمەنی لە 18 ساڵ كەمتر بوو. تاوانی هەر هەمووی ئەو 59 كەسە کوردبوون و، لایەنگری لە حیزب و رێكخراوە سیاسییەكانی رۆژهەلاتی كوردستان بوو. دیارە زۆربەیان لایەنگری حیزبی دێموكرات بوون، بەڵام كەسانی بێ لایەنیشیان تێدا بوو.

هەم بەر لەو تاوانە سامناكە، زۆر جاری دیكە دانیشتووانی كوردستان بەتایبەتی لاوانی كورد بە كۆمەڵ ئێعدام كرابوون، هەم دوای ئێعدامی 59 لاوی مەهابادی، چەندین جاری دیكە، لاوانی كورد لە پۆلی 10 تا 30 كەسی دا، ئێعدام كران. لە رەوتی ئەو تاوانە بێ ئەژمارانەی رێژیمی كۆماری ئیسلامی دا، لاوانی كورد لەوپەڕی بێ تاوانی داو تەنیا بە تاوانی كوردبوون، یان لایەنگری لە حیزب و رێكخراوە سیاسییەكانی كوردستان، گوللەباران دەكران.

كاتێك ئاوڕ لەو تاوانانە دەدەینەوە، ناتوانین بیر لە شوێنەوارە رەوانی و عاتیفی یەكانی ئەو جینایەتانە لە سەر دایك و باوك و خوشك و براو منداڵانی قوربانییەكان نەكەینەوە. هەروەها كاریگەریی ئەم تاوانانە لە سەر ژیانی كۆمەڵایەتی و باری ئابووریی پاشماوەی قوربانییەكان و، شوێندانیان لە سەر پەروەردەو چارەنووسی هاوسەر، منداڵ و خوشك و برای گوللەبارانكراوەكان، جێگای تێڕامانن. زۆر لەو كەسانەی لە رەوتی ئەو جینایەتانەدا گیانیان لێ ئەستێندرا، سەرپەرستیی بنەماڵەو ئەركی پەروەردەو بەخێوكردنی چەند كەسێكی دیكەیان لە سەرشان بووە. یا كەسانێك بوون كە تازە پێیان نابووە نێو قۆناغی لاوەتییەوە و مایەی هیواو هۆمێدی دایك و باوك و كەسوكاریان بوون و كۆماری ئیسلامی بە گیان ستاندن لەوان، چرای هومێدو دڵخۆشیی دایك و باب و خوشك و براو كەسوكاری ئەوانی بۆ هەمیشە كوژاندەوە. لە هەمووی ئەمانەش گرنگتر، گیان و مافی ژیانی ئەو مرۆڤانەیە كە بە ناحەق و لەو پەڕی دڕندەیی داو، لە كاتێك دا حەقی خۆیان بوو دەیان ساڵی دیكە بژین، بە زۆر لێیان ئەستێندرا.

درەنگ یا زوو میراتگران و پاشماوەكانی رێژیمی كۆماری ئیسلامی بە بۆنەی ئەم جۆرە تاوانانەو زۆر تاوانی دیكە دەرحەق بە خەڵكی كوردستان و سەرانسەری خەڵكی ئێران، دەكێشرێنە پای لێپرسینەوەو لێپێچینەوە. هەروەك نەتەوەی كورد لە باشووری نیشتمانەكەی شایەدی دادگایی كردن و بەسزا گەیاندنی سەرانی تاوانكاری رێژیمی رووخاوی بەعس بوو، لە ئێرانیش ئەم رۆژە دادێ كە داڕێژەران و بەڕێوەبەرانی سیاسەتی سەركوت و كوشتار، دادگایی بكرێن و بە بۆنەی كارنامەی رەش و پڕ لە تاوانیانەوە، سزای خۆیان وەربگرن.

تێپەڕینی رۆژگار نابێ ئەم تاوانانە لەبیر گەلی كورد بەرێتەوە. لێكۆڵینەوەو بەداوداچوون و دادخوازی لە بارەی ئەم جینایەتانە، نەك هەر نابێ كەمتەرخەمیی تێدا بكرێ، ناشبێ بۆ دواڕۆژ هەڵ بگیرێ. دەبێ هەر ئێستا دەسەڵاتبەدەستانی دوێنێ و ئەمڕۆی رێژیمی كۆماری ئیسلامی بەرەوڕووی ئەم پرسیارانە بكرێنە كە بۆچی ئەو تاوانانەتان ئەنجام دا، بۆچی راستییەكانی پێوەندیدار بە جینایەتەكانی خۆتان، بۆ نموونە شوێنی شاردنەوەی تەرمی گوللەبارانكراوەكان ئاشكرا ناكەن؟ ئەگەر بۆ خۆتان دەستتان لەو تاوانانەدا نەبووە، بۆچی بەڕێوەبەرانی تاوانەكان ناناسێنن، بۆچی مەحكوومیان ناكەن؟ بۆچی ئەوكات و ئێستا ئاوڕێكتان لەو مەینەتی و رۆژەڕەشییە نەدایەوە كە بۆ پاشماوەكانی ئەو مرۆڤە بەناحەقكوژراوانە پێكتان هێنا، نەك هەر ئهمه بەڵكوو ئەوانتان خستە لیستی رەش و زۆر گرفتی دیكەتان بۆ دروست كردن.

لە بیرەوەریی تاوانی سامناكی ئێعدامی 59 لاوی مەهابادی دا، سەری رێز لە ئاست گیانی پاكی بەناحەق ئەستێندراویان دادەنوێنم. وەك وەفایەكیش بۆ ئەوان و قوربانییانی كارەساتەكانی دیكەی لەم چەشنە، پێم وایە دەبێ لێكۆڵینەوەو بەدواداچوون و دادخوازی لە بارەی ئەم تاوانانە، بكەین و بە پرسێكی نەتەوەیی و، بیكەین بە هەوێنی بەڕێخستنی حەرەكەتێكی سەرانسەری بە پانایی رۆژهەڵاتی كوردستان، بۆ ئەوەی رێژیمی كۆماری ئیسلامی ناچار به وەدەنگ هاتن و وڵامدانەوە لە بارەی ئەو تاوانە شەرماوییانەی بكەین.

وەرگیراو لە لاپەڕەی فەیسبووکی نووسەر

 رۆژنامەی کوردستان، ئارشیوی برایم قەزاق

بابەتی پەیوەندی دار

ئیعدامی 59 لاوی کورد، جینایەتێکی سامناکی ڕێژیم ۳۸ ساڵ پێش لە ئێستا، تەیمور مستەفایی

****

ناوەندی نەمران : بەرپرسانی زیندان تەرمی ئێعدامکراوەکان بەو هۆکارانە

نادەنەوە بە بنەماڵەکانیان:

1 -ئەو کەسانەی کە تیرەبارانیان دەکەن تەرمەکانیان لەبەر ڕێژنەی فیشەکان وەها شپرزە دەکرێن کە ناسینەوەی تەرمەکان کارێکی دژوارە.

2 – پێش ئەوەی ئێعدامیان بکەن، خوێنی ئەو زیندانییانە دەکێشن و لە لەشیان بەتاڵی دەکەن تا بیدەن بە پاسدارە بریندارەکان. بە پێی فەرمانی ٣ی ئۆکتۆبری ساڵی ١٩٨١ کە دادستانی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران ناردوویەتی بۆ گشت دادستانەکانی شۆڕش لە شار و شارۆچکەکانی ئێران، خوێن کێشان و خوێن بەتاڵ کردنی ئەو زیندانییانە لە لەشیان پێش ئێعدامکردیان بەبێ هیچ دوودڵییەک دەسەلمێنێ. ئەو فەرمانە بەو چەشنەیە:

رێکەوت: (٠٢/١٠/١٩٨١) – ١٠/٧/١٣٦٠

ژمارە:٣٢٥

بە ناوی خودا

نووسینگەی دادستانی گشتی شۆڕش – کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەن: دادستانی گشتی شۆڕش کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ: گشت دادستانەکانی شار و شارۆچکەکانی ئێران

لەبەر داوای سپای پاسداران، کاتێک برا پاسدارەکان لە کاتی شەڕ لە ناو شەقامی شارەکان یان لە بەرەی شەڕ بریندار دەبن و دەیاننێرنە نەخۆشخانە، لەوێ پێویستییەکی زۆریان بە خوێن هەیە. نەبوونی خوێن و نەبوونی ئەو دەرفەتە کە دەم و دەست خوێنیان بۆ دابین بکەین، دەبێتە هۆی مردنی برادەرە پاسدارەکانمان. بۆ چارەسەر کردنی ئەو کێشەیە داواتان لێ دەکەین فەرمان بدەن تا بە شێوەیەکی نهێنی ئەو کەسانەی مەحکوم بە ئێعدامن و حوکمەکەیان دەبێ بە زووترین کات جێبەجێ بکرێ، پێش ئەوەی ئێعدامیان بکەن لە الیەن کارمەندانی پزشکیی جێ متمانەوە، خوێنی تاوانبارەکان بگرن و ڕایگوێزن بۆ نیزیکترین بنکەی تەندرووستی یا بانکی خوێن. بۆ ئەوەی بە زووترین دەرفەتدا بدرێتە ئەو برا پاسدارانەی کە پێویستییان پێی هەیە تا لە مردن ڕزگاریان ببێ.

وەبیرتان دێنینەوە کە بۆ ئەوە بزانین ئەو کارە گرفتی شەرعی نییە، پرسیارمان لە ڕێبەر و ویلایەتی فەقیهمان، بونیاتنەری کۆماری ئیسلامی، ئیمام خومەینی کرد کە لە وەڵامدا فەرموویان ئەو کارە هیچ کێشەی شەرعی و ئیسلامی نییە.

واژۆ

دادستانی گشتی شۆڕشی کۆماری ئیسالمی ئێران

سەرچاوە ناوەندی نەمران

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی