"an independent online kurdish website

بنەماڵەی بەرێزی کاک ئەحمەد کاکەمەمی

نوێنەری حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کورد و کوردستانی

کەسایەتییە سیاسییەکانی بەشدار لە ڕیوڕەسمی پرسە و سەرەخوشی تێکۆشەر کاک ئەحمەد کاکەمەمی

ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە لایەن رێکخستنی دەرەوەی وڵاتی حدکا بە گەرمی بە خێر هاتنتان دەکەین کە لە ڕیگای دوور و نزیکەوە لە هەر دوو مەراسمی بە خاک سپاردنی کاک ئەحمەد و هەروەها کۆڕی پرسە و سەرەخوشییەکە بەشداریتان کرد

هاوڕێیانی بەڕیز!

ئەوڕۆ بۆ جارێکی دیکە لە دەوری یەک کۆبووینەوە تا مالئاوایی یەکجاری لە کەسایەتێکی سیاسی، مرۆڤێکی بە بیروباوەڕ، تێکۆشەروشۆڕشگێرێکی باوەڕمەند، و ئەدیبێکی خاوەن قەڵەم و پێشمەرگەیەکی دێرینی حدکا لە ولاتی سوید بکەین و گیانی بەرزەفری بە یەزدانی مەزنی بسپێرین.

کۆچی دوایی کاک ئەحمەد کاکەمەمی بۆ ئێمە هاوڕێ و هاوسەنگەرانی خەمێکی گەورە و بۆ حیزبەکەمان لە دەست چوونی کادرێکی بەئەزموون و قاڵبوو لە سیاسەت، و بۆ نەتەوەکەشمان، نووسەر، ئەدێب و رۆشنبیرێکی بە توانا ووشەزانێکی کەم وێنەی لە دەست چوو.

 کاک ئەحمەد یەکیک لە ئەو بە دەگمەن کەسانە بوو، کە زۆربەی ژیانی خوی لە پێناو ئازادی گەل دا بە سەربەرزی بردە سەر و لە ئەو پێناوەش دا زۆر چەرمەسەری و نەهامەتی و ماندووییەکی زۆری چێشت، بەلام لە هەموو قۆناغەکانی ژیانی سیاسی و شەخسی خۆی دا سەربەرزانە بە سەر هەموو کەندوکۆسپەکاندا زاڵ بوو و قەد ماندوویی لە کار و ئەرکی حیزبی دا نەدەناسی وەک قەلایەکی پۆلاین بۆ راپەراندنی ئەرکی حیزبی و خزمەت بە نەتەوە و نیشتمانەکەی هەمیشە لە هەوڵ و تێکۆشاندا بوو. ئەو باوەڕمەندێکی ودیموکرات و تێکۆشەرێکی ڕاستەقینەی رێبازی کوردایەتی و دیمۆکرات بوو.

کاک ئەحمەد کەسایەتێکی دووربین و خاوەن هەڵوێست بوو. هەر کاتێک ئەرکێکی حیزبی بە ئەستۆ دەگرت ئەلحەق بە باشی و بە درووستی و لە چوارچێوەی پرنسیپەکانی حیزبی دا ئەرکەکەی بە جوانی بەڕیوە دەبرد و بە باشی دەیزانی چۆنا و چۆن دەبێ  ڕەساڵەتی مێژووی حیزبی دێموکرات بەرێتە نێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و لە بەها دیموکراتیکەکانی حیزب پاریزگاری دەکرد. کاک ئەحمەد  ئینسانێکی  دێموکرات بوو، زۆر زوو کەسەکانی دەورو بەری خوی دەناسی.

 کاک ئەحمەد لە ژیانی ڕۆژانەشی ڕایەڵەیەکی پێوەندی زۆری لە گەڵ کەسایەتیەکان درووست کردبوو، و بەردەوام جگە لە باسی سیاسی زۆر جار بۆ لێپرسین و حال و ئەحواڵ پرسین، هەواڵپرس و بۆ ڕۆژی تەنگانە پشت و پەنا بوو،

لە کۆتایی دا  بە ناوی هاوڕێ  وهاوکارانم لە بەشی ڕیکخستنی دەرەوەی ولاتی حدکا  سەرەخوشی گەرمی خومان بە بنەماڵەی بەڕێزی، تێکۆشەر کاک ئەحمەد کاکەمەمی، خێزانی سورەیاخان،  جگەرگۆشەکانی کاکە سەنگەر، سۆما و ساکار و برای بەڕیزی کاکە ناسر ڕادەگەیەنین و پێیان دەڵیین کە ڕاستە لە دەست چوونی کاک ئەحمەد بۆ ئێوە زۆر بە ژان و قورسە بەڵام بۆ ئێمە هاوڕیی و هاوسەنگەرانی خەسارێکی گەلیک گەورە و خەمێکی زۆرە و خومان لە خەمەکانتان بە بەشدار دەزانین.

ڕۆحی بەرزی کاک ئەحمەد، شاد

جارێکی دیکە هەموولایەکتان بە خێر بێن.

ڕیکخستنی گشتی حدکا لە دەرەوەی وڵات

٢٠٢١٠٨٢٨

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی