"an independent online kurdish website

لە دوو روانگەوە تەماشای ئەو دیفاکتۆیە دەکرێت کە جوو دروستیکردوە، روانگەی دەوڵەت وەکو ئیسرائیل، روانگەی ئایین وەکو جوو.

بەهۆی لێکردنەوەی پارچەیێک لە خاک لەنێوچەکە کە عەرەب  و موسڵمان بەخاکی خۆیان لەقەڵەمی دەدەن، دەوڵەتانی عەرەب و ئیسرائیل بەردەوام لەجەنگدان.

هۆی ئایینی زێدەتر جگەلەوەی پیشینەی مێژویی هەیە، بەڵام کار لەسەر بەردەوام تۆخکردنەوەی کراوە، ئەگینا لە قورئانی پیرۆز ئاینیی جوو (ئایینی حەزرەتی ئیبراهیم) وەکو یەک لە ئایینە ئاسمانیەكان باسکراوە.

هەربۆ زانیاریی، بەگوێرەی تازەترین راپرسیی، نزیکەی ٢٠٪ی ئیسرائیل موسڵمان و کریستیانن، جووی توندئاژۆ نیزیکەی ٩٪ پێکدێنن.

هۆی دروستکردنی دەوڵەتی ئیسرائیل، خاک وەکو پاساو بەکاردەهێنرێت، بۆ دژایەتی ئیسرائیل، بەشی بەرچاوی وڵاتانی دەوروبەر بۆ راکێشانی سۆزی خەڵک ئیسرائیلیان کردوە بە دوژمن، تەنانەت جگە لە وڵاتانی عەرەبی وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئیسرائیل وەکو پاساو بەکاردێنن بۆ کۆنترۆڵکردنی هەستی خەڵکی وڵاتەکەیان.

ئەگەر لەژێر کاریگەریی هەژمونی دژایەتی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بێیتەدەر و لە دوو لایێنەوە تەماشای بکەیت؛ یێک؛ پێوەندی ئاشکرا و نهێنیی وڵاتانی نێوچەکە. دوو؛ ئیسرائیل وەکو وڵاتێکی جیاواز لە رۆژهەڵاتی نێوەراست. لەڕوی پێشکەوتن.

یێک؛ پێوەندی نهێنی و ئاشکرای وڵاتانی نێوچەکە و ئیسرائیل

پاشئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوی ئەمریکا، پلانی ئەبراهام (ئیبراهیم) ئاشتی رۆژهەڵاتی نێوەراستی ئاشکراکرد، هەندێ وڵاتی عەرەبی پێوەندییان ئاشکراکرد یان ئاساییانکردەوە، بەڵام هێشتا هەندێک نکۆڵی لە پێوەندییەکان دەکەن، تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٠ چوار وڵاتی عەرەبی پێوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل ئاساییکردەوە، ئەمانە نمونەی هەندێ وڵاتن کە پێوەندی ئاشکرا یان نهێنیان هەیە؛

سعودی عەرەبی

بە ئاشکرا و فەرمی پێوەندی لەگەڵ ئیسرائیل نییە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٢ هەنگاوینا، بۆنمونە مەلیک عەبدوڵا، پادشای پێشوی سعودی، دەستپیشخەریکرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین. لە هەنگاوێکی تازە ئیسرائیل رێگەیدا بە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی سەردانی سعودیە بکەن، ئەگەرچی سعودیە ساڵی رابردوو رایەگەیاند سەردانی ئیسرائیلیەکانی پێخۆشنییە، بەڵام ئاسایبونەوەی پێوەندی بەستوەتەوە بە ئاشتیی ئیسرائیل فەلەستین.

بەحرەین

لە ساڵی ٢٠١٩ لە پەراوێزی کۆنگرەی دەستپێشخەریی ئاشتی عەرەبی، وەزیری دەرەوەی بەحرەین لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەی (تایمز ئۆف ئیسرائیل) دانینا بە کیانی ئیسرائیلی و گوتی؛ ئیسرائیل وڵاتێکە لە نێوچەکە.. دەمێنێتەوە.

لە ١٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢٠ رێکەوتنی ئاساییکردنەوەی پێوەندیی بەحرەین و ئیسرائیل بە چاودێری ئەمریکا واژۆکرا، بڕیارە بەمنزیکانە باڵیۆزخانەی هەردولا لە پایەتەختەکانیان بکرێنەوە.

میسر

وەکو باسدەکرێت، میسر رۆڵی گرنگی بەردەوامی هەبوە لە نزیککردنەوەی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی، بەتایبەت دەستپێشخەری ئەنوەر سادات سەرۆکی پێشوتری میسر لە ساڵی ١٩٧٧، لەوکاتەوە هەوڵەکانی میسر بەردەوامن، تاوەکو ئێستا کە عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی وڵاتەکەیە.

ئوردن

لە سەروبەندی رێکەوتنی ئاشتی لە ساڵی ١٩٩٤ پێوەندی نهێنی و رێکخراوی ئوردن و ئیسرائیل بەردەوامن، ئەگەرچی بەتەواویی نزیکنەبونەتەوە، تەنانەت هاتوچۆ لەڕێگەی ئوردنەوە بۆ ئیسرائیل ئەنجامدەدرێت.

لە عەمان نێوی هوتێلێک سەرنجی راکێشام، چونکە دوو نێوی هەبوو، لە رویەکی هوتێلەکە نوسرابوو قودس و لە رویەکی دیکەی نوسرابوو ئۆرشەلیم، بێگومان بۆ راگرتنی باڵانسە.

وڵاتانی مەغریب

لە ساڵی ١٩٩٤ ئیسرائیل پێوەندی دیپلۆماتیی لەگەڵ مەغریب، مۆریتانیا و تونس ئەنجامدا، لە هەمانساڵ ئیسرائیل نوسینگەی پێوەندیەکانی لە ریباتی پایتەختی مەغریب کردەوە، دوای ساڵێک مۆریتانیا هەمان هەنگاوینا و دوای دوو ساڵ تونس بەهەمان شێوە، ئەگەرچی لە ساڵی ٢٠١٩ سەرۆکی تونس پێوەندیی بەئیسرائیل وەکو خیانەت نێوبرد.

تازەترین رێکەوتنی کلتوریی ئیسرائیل و مەغریب، ماوەیەکە لەمەوبەربو، ٦ی ئەیلولی ٢٠٢١.

ئیمارات

لە سێپتەمبەری ٢٠٢٠ لەچوارچێوەی پلانی ئاشتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئیماڕات پێوەندیی بە فەرمی لەگەڵ ئیسرائیل ئاساییکردەوە، لە تەموزی ئەمساڵ ئیسرائیل باڵیۆزخانەی هەمیشەیی لە ئیماڕات دامەزراند.

سودان

پاش ئیمارات، وڵاتی سودان رایەگەیاند پێوەندی لەگەڵ ئیسرائیل ئاساییدەکاتەوە و لەسەرەتای ئەمساڵ وەزیری هەواڵگری ئیسرائیل رێکەوتنەکەی ئاشکراکرد.

بەکورتی، زۆربەی وڵاتان پێوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، هەروەک رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل لەزاری بەرپرسی پێشوی رۆژهەڵاتی نێوەراستی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل بڵاویکردەوە؛ لەماوەی ٢٠ ساڵی رابردوو ئیسرائیل پێوەندی لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەراست هەبووە.

دوو؛ ئیسرائیل وەکو وڵاتێکی جیاواز لە رۆژهەڵاتی نێوەراست

لەکۆمەڵێک روو ئیسرائیل پێشکەوتوترە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بێگومان ئەوە بەگوێرەی توێژینەوەی شارەزایانی بوارەکان، بۆنمونە؛

خوێندن؛ خوێندن وەکو یەکێک لە بنچینە سەرەکیەکانی ئیسرائیل هەژماردەکرێت، لە ساڵی ٢٠١٥ ئیسرائیل پلەی سێیەمی وەرگرت لە رێکخراوی هاریکاری ئابوری و گەشەپێدان دوای کەنەدا و ژاپۆن.

ئابوری؛ ئیسرائیل وەکو یەکێک لە پێشکەوتوترین وڵاتانی باشوری ئاسیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تەماشادەکرێت لەڕوی گەشەپێدان، ئابوری و پیشەسازی. ئیسرائیل پلەی پێنجەمە لە جیهان لە کەسێتیی خاوەنکار و بە توانا. لەرووی هەناردەوە دەستکەوتی زۆری هەیە، تەنیا لە ساڵی ٢٠١٧ بە بەهای ٦٠.٦ ملیار دۆلار بەرهەمی هەناردەکردوە، یەدەگی بانکیی زیاترە لە ١١٣ ملیار دۆلار، ژمارەی دانیشتوانی کەمترە لە دە ملیۆن کەس.

زانست و تەکنەلۆجیا؛ ئیسرائیل لەڕوی زانست و تەکنەلۆجیا هێند پیشکەوتوە، بە دۆڵی سلیکۆنی کالیفۆرنیا دەچوێنرێت، هەروەها بەگوێرەی راپۆرتی بلومبێرگ، پلەی پێنجەمی لە ساڵی ٢٠١٩ وەرگرت لەسەر ئاستی جیهان لەڕوی داهێنان.

هەڵبژارد و پەرلەمان (کنێست) و حکومەت؛ ئیسرائیل یەکێ لەو وڵاتانەیە هەڵبژاردنی پێشوەختی زۆری تێداکراوە، تەنیا لەماوەی نزیکەی ساڵێک لە ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ سێ هەڵبژاردنی تێدائەنجامدراو و بەهاری ئەمساڵ هەڵبژاردنێکی دیکە، پاشئەوەی کنێست بە زۆرینەی سادەی دەنگ حکومەتی هەڵوەشاندەوە..

بەکورتی لەزۆر بوار، ئیسرائیل لەپلەی پێشکەوتوی وڵاتانی دەوروبەرە و لە پلەکانی سەرەوەی وڵاتانی جیهانە.

دەبێت بپرسین، بۆچی نابێت هەرێمی کوردستان و کورد پێوەندی لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت، پێوەندی لەگەڵ ئیسرائیل تاوانە؟

سەرچاوە: وێستگە نیوز

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی