"an independent online kurdish website

ستۆکهۆڵم پایتەتی وڵاتی سوید، ئەو وڵاتەی کە خۆشم دەوێ، ئەو وڵاتەی کە لە تەنگانەدا باوەشی بۆ کردینەوە، ئەو وڵاتەی کە بە ئازادی تێیدا دەژین،

ئەو وڵاتەی کە توانیم ئاواتەکانم بە جێ بگەیەنم واتە خوێندن، ئەو وڵاتەی کە لەگەڵ کولتور و فەرهەنگ و جۆرەها مەزهەب و سیاسەت پێی ئاشنا بووم و توانیم تاکو ئەو جێگایەی پێم دەکرێ خزمەت بکەم هەم بۆ نیشتمانی بەڵا لێدراومان کوردستان و هەمیش بۆ وڵاتی دووهەممان سوید. ئەو وڵاتەی کە بە ئازادانە لە خەباتی سیاسی خۆمدا بەردەوامم، ئەم وڵاتەی کە بە بێ سانسور کۆمەڵێک بەرهەمم لە بواری نووسیندا بەرهەم هێناوە، ئەم وڵاتەی کە ژیانی بنەماڵەییم تێدا پێک ناوەو بە سەر بەرزی دەژین، ئەم وڵاتەی بە شانازیەوە یارمەتی دەیان کەسم داوەو لە کردەوەی خۆم ڕازیم. ستۆکهۆڵم کە بە سەرکەوتن لە زانکۆکانی خوێندنم تەواو کردووە، واتە بۆ خۆم ڕازیم و بە دەیان شتی تر…با کەمێکیش زانیاری لەسەر ستۆکهۆڵم  بووکی ئۆرووپا باس بکەم. هەڵبەتە ستۆکهۆڵم بە بووکی ئۆرووپا بەناوبانگە.

ستۆکهۆڵم: ناوی ستۆکهۆڵم یەکەم جار لە نامەیەک بیرگر یارل بۆ کوڕەکەی نووسیووە لە ساڵی ١٢٥٢ بینراوە. بنیاتی قەڵایەک کە لە ساڵی ١٢٥٢ دەستی پێکرد و لە ساڵی ١٢٨٠ کۆتایی هات، بووە بنەڕەتی شاری ستۆکهۆڵم. واتە بنیاتدانەری شاری ستۆکهۆڵم بیرگر یارلە  birger Jarl.

ڕووبەری شاری ستۆکهۆڵم ١٨٨ کیلومیتری چوار گۆشەیە و نزیکەی ملوێنێک حەشیمەت لەم شارە دەژی. شاری ستۆکهۆڵم لە چواردە دوورگە یان جەزیرە و ڕووباری مێلارن Mälaren پێکهاتووە. کۆی دوورگەکان، جەزیرەکانی شاری ستۆکهۆڵم ٢٤ هەزارە و وەک وتمان پایتەتی وڵاتی شانشینی سویدە.  خۆشترین کات بۆ سەردانی ستۆکهۆڵم کۆتایی مانگی ٥ یان مای  تاکو ناوەڕاستی مانگی سێپتامبر یان مانگی ٩.

کۆنترین جێگای شاری ستۆکهۆڵم پێی دەڵێن شاری کۆن یان گەملا ستان  Gamla Stan کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆزیاتر لە ٨٠٠ ساڵ، ئەو کاتە ماڵەکان چۆن بنیات نراون تاکو ئێستاش هەروا دەستکاریان نەکردووە و ەک خۆی ماونەتەوە. کۆشکی ڕەسەنی بنەماڵەی پادشاکانی سوید لەم ناوچەیەدا هەڵکەوتووە. شاری ستۆکهۆڵم خاوەنی چوار ناوچەی کۆنی بەناوبانگن:

1.  نۆرماڵم Normalm ناوچەی باکوری شارە

2.  سوێدرمالم Södermalm ناوچەی باشووری شارە

3.  ئوێسترمالم Östermalm  ناوچەی ڕۆژهەڵاتی شار

4.  کۆنگزهۆڵم Kungsholmen لە ناوەڕاستی شاردا هەڵکەوتووە

دەروازەکانی شاری ستۆکهۆڵم:

  • نۆرتوول Norrtull لە باکووری شاردایە
  • سکانستوول Skanstull لە باشووری شاردایە
  • هۆرنستوول Hornstull ئەویش دەکەوێتە باشوور
  • ڕۆسلاگستوول Roslagstull دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی شار

سوید وڵاتێکە لە باکووری ئۆرووپا و لە دوورگەی سکاندیناڤی هەلکەوتووەو نزیکەی ١٠ ملوێن خەڵکی تێدا دەژی. نزیکەی ملوێنێک پەنابەر لێردا و زیاتر لە ١٢٠ نەتەوەی جۆراوجۆر لەم وڵاتەدا دەژین. پارەی ئەم وڵاتە کۆرۆنە. چەند جێگایەکی توریستی لێیە کە خەڵکی وڵاتان بۆ بینینی سەردانی دەکەن. یەکەم شاری کۆنە، گەملا ستان، دووهەم شارداری ستۆکهۆڵمە کە ساڵانە خەڵاتی نۆبل لەوێ لە لایەن شای سویدەوە دابەش دەکرێ بەسەر براوەکاندا و سیهەمیش کۆشکی ڕەسەنی پاشاکانی سوید لە گەملا ستان. هەڵبەتە جێگای توریستی تری لێیە، بەڵام ئەم جێگایانە بەناوبانگترن.

خسڵەتی خەڵکی سویدی: زۆر بێدەنگن، زوو بڕیار نادەن، ناوەندگەران، خەڵکێکی شەرمنن و لە پێوەندی لەگەڵ خەڵک دەترسن، بە حەوسەڵەن، کرێکارن، دەڵێن بڕێک حەسودن، عاشقی سرووشتن، لە هەموو جێگایەکیش لەو جیهانەدا هەن. مەزهەبی خەڵکی سویدی مەسیحیە و هەموو دینەکان لە سوید ئازادە. کلیسا و بە دەیان مزگەوتی ئیسلامی  و تمپڵ بوودایی و هندی و سیناگۆگای جوولەکەی لێیە.

بەو جۆرەی کە وتمان سوید وڵاتێکی پادشاییە، بەڵام پادشا وەک سیمبوڵە لەم وڵاتە. تەواوی بڕیارەکان لە پارلەمان دەردەچن و هەموو حیزبەکان لەسەر یاسا بڕیاردەدەن و سەرەک وەزیران لەم وڵاتە بڕیارەکان جێ بەجێ دەکا نەوەکو پادشا. لەم وڵاتە هەشت حیزب نوێنەریان لە پارلەمان هەیە کە ئەم حیزبانەن لە خوارەوە:

حیزبی سوسیال دیموکراتەکان

حیزبی مودرات

حیزبی چەپ

حیزبی لیبراڵ

سێنتر پارتی

حیزبی ژینگە

حیزبی ڕاستەکان، کە حیزبێکی ڕاست رەوو دژی پەنابەرە SD (Sverige demokraterna)

حیزبی کریسدیموکرات KD یان دیموکرات مەسیحی

چوار ساڵ جارێک لە سوید هەڵبژاردنە و خەڵکی نوێنەری حیزبی دڵخوازی خۆیان بە شێوەی ئازادانە هەڵدەبژێرن و هەر حیزبێک زۆرینەی دەنگی بەدەست هێنا، سەرەک وەزیران هەڵدەبژێرن لەو حیزبەدا. کۆی نوێنەران لە پارلەمانی سوید ٣٤٩ نوێنەرە. سوید وڵاتێکی بیروکراتە و بە هەزاران ڕێکخراوی سیاسی و مەدەنی هەتا دوایی تێدا چالاکە و خەبات دەکەن.

حەمید تەیموری

٢٠|١١|٢٠٢١

سەرچاوە:

ڕێنوێنی ستۆکهۆڵم: گوڵی زەڕین

سایتی گووگل

وێنەی بیرگر یارل و ستۆکھۆڵم

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی