"an independent online kurdish website

(ماملێ) ناوێکە ھەموو پێی ئاشناین و لە پانتایی ھونەریی کوردیدا پێگەیەکی شایستەی پڕ لە نەمریی ھەیە. 

ئەز بۆ خۆم، بە درێژایی تەمەن و سەراسۆییم لەتەک ڕۆشنبیریی کوردیدا،

تا ھەنووکە ڕاز و گلەیی و ڕەخنەیەکی دیاریکراوم لە سەر ماملێ بەرچاو نەکەوتووە. ئەم ھونەرمەندە ھێندە بە عەشق و دڵسۆزی و بێگەردییەوە، مامەڵەی لەتەک ھونەرەکەیدا کردووە، نەیھێشتووە دەلایەک بکەوێتە کارەکانییەوە. ئەمەندە بە ڕەوشتەوە کاری لەسەر ھونەرەکەی کردووە، بواری بە ھیچ ناحەزێک نەداوە، بیداتە بەر نەشتەر، مەگەر کوێرانە!!..

ماملێ لە بواری نەتەوەیشدا، بە باوەڕی بەرزی کوردانە و خوێن و گیان و ھەڵوێست بەشداریی کردووە و کوڕێکی نازداری کاکە « نەجات» گیان بەختکردووی کردۆتە قوربانی کوردایەتی و دەیان سروودی نەتەوەیی وتووە و وتۆتەوە و بە ھونەرەکەی بەشدارییەکی کارای لە ھۆشیارکردنەوەی خەڵکدا کردووە و ئەوەی لەسەر شانی بووە وەک ھونەرمەندێکی نەتەوەیەکی بێ ناسنامەی، نیشتمان داگیر و دابەش کراو بەزیادەوە ئەنجامی داوە.. لە پاش خۆیشی نەوەیەک لە رۆڵەی کوردپەروەری ھونەرمەند بۆ بەجێ ھێشتووین، کە بەتدەوام لەسەر تێکۆشان و خزمەت لە سەنگەری کوردایەتییەوە..

لەم ڕۆژانەدا کاک “وریا ماملێ” ی کوڕی ماملێ، کە ھاوکات سەرپەرشتی دەزگای ماملێ دەکات و لە فەیسبووکدا چالاکە، بە بۆنەی ( ڕۆژی ئاڵای کوردستان) ەوە 17.12.2021 کورتە باسێک و چاوپێکەوتنێکی ڤیدیۆیی لەتەک “جەعفەری ماملێ”ی مامی و برای ماملێ دا بڵاو کردەوە… لەوێدا چیرۆکێکی سەرنج ڕاکێش دەگێڕنەوە:-

” ماملێ وەک گەنجێکی 20 ساڵی پاش روخانی کۆماری کوردستان، ئاڵایەکی کوردستانی دەکەوێتە دەست ، بۆ ئەوەی ئەو ئاڵایە لە دەست دەسەڵاتی خوێناوی و چەپەڵی ئێرانی بیپارێزێ، لە ماڵی خۆیان لە شوێنێ دەیشارێتەوە. سیخوڕ و نامەردێکی کوردایەتی ئاگای لەم کارەی ماملێ دەبێ و دەچێ لای دامودەزگاکانی دەوڵەوت سیخوڕی بەسەرەوە دەکات و ھەواڵ لەسەر ماملێ دەدا و بەم بۆنەوە ماملێ دەگیرێت و تووشی ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر دەبێتەوە..

دایکی ماملێ بەھەر بەرتیل دان و ناڕەحەتی کێشان و چەرمەسەرییەکی بێت، پاش چەندین ڕۆژێ ڕۆڵەکەی لە چنگ دەزگای ئاسایشی دەوڵەت دەردێنێ و ئازدی دەکات. سەرباری گشت مەترسی و ھەڕەشەکان! ئاڵاکەش ھەر لە ماڵی خۆیاندا ، دەپارێزێ..ھیچ گومانێ ھەڵناگرێ.. ئەم بەسەرھاتە و ئەم ھەڵویستە نەتەوەییە و ئەم باوەڕ و ئازایەتییە، جارێکی تر دەبێتە تاجی سەروەری سەر مێژووی ناو و خەباتی مامۆستا ماملێ.

ئەگەر ماملێ بە مێژووە پڕ لە شانازییەکەی نەمر بێت، ئەوا بەم ھەڵوێستەی جارێکی تر شەھادەت و پلەی ھەرگیز نەمریی بەدەست ھێناوە. ئاخر ھەر کەس دەزانێ گیانبازییەکی لەم چەشنە! لەگەڵ داگیرکەرێکدا، کە ترسنۆکانە و بێ شەرمانە بە بەرچاوی دنیا “پێشەوا” و ھاوڕێکانی لە “چوارچرا ” لە سێدارە دابێت، خودی ئەو برینەی جەستەی کورد ھێشتا خوێنی لێ چۆڕابێت! شتێکی کەم نییە.

دەبا ئەم لاپەڕە گەشەی تری خەبات و کوردایەتی ماملێی ھەمیشە زیندووی سەرکەش و مێژوو گەش، بچێتە سەر وێستگەکانی تری خەباتی ئەو کەڵە ھونەرمەندە گەورەیەی نەتەوەکەمان. گەر ڕۆژی خۆڕی سەربەخۆیی کوردستان پڕشنگی دا و پەیکەری ھونەری کوردی داڕێژرا، بەشێکی گرنگی ماملێ بنوێنێ. چونکە مێژووی ئاڵای کوردستان و بیر و ھەڵوێستی ماملێ لەم میانەدا ھێندەی تری ھەرگیز نەمر دەکات…. ئەم گەرمەشینە بۆ ماملێ گەر پەیڤەکانی بە ئاوی زێڕیش بنووسرێ، ھێشتا بارتەقای دانەوەی قەرزی کوردایەتی و قوربانی “ماملێ” ناکات.

کەواتە بێ ھیچ سڵکردنەوە و دڵەڕاوکێیەک دەتوانین بنووسین : مامۆستا ماملێ.. ئارام بنوو، ئاواتت ھەر دێتە دی، سێبەری ئاڵای شەکاوە لە مەیدانی چوارچرادا ، بگاتە سەر گۆڕ و کۆتەڵە پیرۆزەکەت… دۆست دڵخۆش بکات و دوژمن و ناحەز دیق بەرن… ئیدی نە تۆ لەسەر ئاڵای کوردستان زیندانی بکرێت و نەڕۆڵەکەت لەسەر کوردایەتی کردن لە سێدارە بدرێت. گیانی کاکە ” نەجات” ی لە سێدارە دراویش مەدالیای سەربەخۆیی نەخشتر دەکا ..

گڵکۆت چراخان و گوڵڕێژی نێرگز و ریحان و بەیبوون بێت…مامۆستا ماملێ.. یادت ھەمیشە بەخێر….

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی