"an independent online kurdish website

بەرایی ،  هێرشەكەی هەولێر، بەشێكە لە سیاسەتێكی دووبارەی ئێران، بەڵام ئەمجارەیان لە قۆناخێكی هەستناكدا كران كە عێراق،

 رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهانی پێیدا دەڕوات؛ بە ئامانجكردنی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی ناوچە و شوێنێكی جیاوازتر لەوانەی كە بە نەیاری خۆی دەیزانێت!

وا مەزەندە دەكرێت مووشەكەكان لە سنوورەكانی هەردوو پارێزگای كرماشان و ئازەربایجانی رۆژئاواوە هاوێژرابن كە جگە لە مەزەرعە و زیانگەیاندن بە هاووڵاتیانی سڤیل، چ ئامانجێكی دیكەی نەپێكاوە. كەناڵەكانی نزیك لە ئێران جۆری مووشەكەكانیان بە گرادی 122ملم ناوبردووە و هەندێك لە سەرچاوەكانی هەرێمی كوردستانیش پێیانوایە كە ئەوە لە جۆری فاتح 110یە كە پێشتریش بەكارهێنراون. پاڵنەرەكانی هێرشەكەی ئەمجارە كامەن و پێویستە هەرێمی كوردستان چی بكات؟

هێرشەكەی ئەمجارە بۆچی كرا؟

سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەكدا گوتوویەتی لەدوای “تاوانەكانی ئەمدواییەی رژێمی دروستكراوی زایۆنی” و “راگەیاندنی پێشوەختە سەبارەت بە وەڵامدانەوە”،” ناوەندی ستراتیژی پیلانگێڕی و شەڕانگێزی” كردووەتە ئامانج. رەنگە ئەمەش ئاماژەیەك بێت بە كوژرانی دوو فەرماندەی ئێرانی كە لە رۆژانی رابردوودا لە سووریا كرابوونە ئامانج. لەڕاستیدا هیچ بەڵگەیەك نییە بیسەلمێنیت كە ناوەندێكی لێكۆڵینەوەی ئیسرائیلی لە هەولێر بووبێت تاوەکو كرابێتە ئامانج، ئەمە لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە رەتكراوەتەوە و حكومەتی عێراقیش ئەمەی قبووڵ نەكردووە. ئەوەی لە هێرشەكە زیانی پێگەیشتووە شوێنی حەوانەوەی خەڵك و ناوچەی سڤیل بوون.

راستییەكەی ئیسرائیل ئەوەندەی لەنێو خاكی ئێران و سووریا هێرشی لەسەر ئێران كردووە، ئەوەندە لە شوێنی دیكەی وەك هەرێمی كوردستانەوە ئەو كارەی نەكردووە. تەلئەبیب ئەو توانستەی پێشانداوە كە دەتوانێت لەناوخۆی ئێران بە هەزاران بەڵگەنامەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران ببات، زانا ئەتۆمییەكانی بكوژێت و هێرشی سایبەری بكاتە سەر بنكە و بارەگاكانی ئێران. لە سووریاش بە رەزامەندی رووسیا هەرجارناجارێ هێرش دەكاتە سەر بنكەو بارەگاكانی ئێران و هاوپەیمانەكانی. هێرشی ئێرانیش بۆسەر ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش زیاتر بۆ سەر كۆمپانیا لۆجستیكییەكانە نەك خودی ئەمریكییەكان. ئەگەر ئامانجەكە هێرشكردنە سەر ئەو وڵاتانە بێت كە ئێران بە نەیار و دووژمنی خۆی دەیانزانێت، ئەوا بێشك ئادرەسەكەی هەولێر نییە، بەڵام وەك زۆرجار، ئێران لە شوێنیكی دوورتر لە نەیارەكانی شەڕی نەیارەكانی دەكات!   

لەڕاستیدا ئامانجی هێرشەكان ئەوە نین كە راگەیێنراون و دەشێ چەند هۆكارێكی جیاوازیان بۆ ریز بكەین.

یەكەم: ئەگەری وەرچەرخانی هاوسەنگییەكانی هێزداری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

جیهان ئێستا بە كردەوە لە قۆناخی زیندووكردنەوەی سەردەمی شەڕێكی ساردی دیكەدایە. سیاسەتەكانی هاوپەیمانی و چەكداركردنی وڵاتان خەریكە بە خێرایی گەشە دەكات. ئەمە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەشێوەی خێراتربوونی گۆڕانی سیاسەتی هاوپەیمانییەكان و گەشە پێدانی توانای سەربازی وەرگێڕدراوە.

نزیكبوونەوەی توركیا لە ئیسرائیل، دوای 14 ساڵ دابڕان، هەروەها نزیكبوونەوەی توركیا لە ئیمارات و وڵاتانی دیكەی كەنداو، لەتەنیشت ئەوەشدا، پڕۆژەی ئاشتی عەرەب – ئیسرائیل، كرانەوەی وڵاتانی عەرەبی- كەنداو بەڕووی عێراق و سووریا، لە گرنگترین ئەو سیاسەتە زەبەلاحەی هاوپەیمانین كە دەشێ لەدوای هێرشەكەی رووسیا بۆ سەر ئۆكراینا خێراتربووبن و ئەمەش ئەو خاڵەیە كە بەكردەنی، دەتوانێت تەگەرە بۆ باڵادەستیی ئێران لە عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست خۆشبكات. بۆ نموونە توركیا لەدوای هەڵبژاردنەوە تاوەکو ئێستا چوارجار دانوستاندنی لەگەڵ سەركردەكانی كورد و سوننەدا كردووە و لە هەرێمی كوردستانیش، خەریكە كرانەوەیەك بەڕووی سلێمانیدا دەكات. كۆنسوڵی توركیا چەندجارێك سەردانی ئەوێی كردووە و بڕیاریشە قوتابخانەی مەعاریف لەوێ بكرێتەوە. ئەمە بێجگە لەوەی كە ئەنقەرە چاوی لە بازاڕی عێراق و هەرێمی كوردستانە بە وزەشەوە بە تایبەتی گازی سرووشتی. ئالێرەوەیە كە رەنگە ئێران خوازیاربێت بەهۆی ئەو هێرشانەوە ئەو پەیامە بدات كە نزیكبوونەوەی زۆرتری هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا بۆ ئەو هێڵی سوورە.

خاڵی جێگەی سەرنج ئەوەیە كە هێرشەكە چەند رۆژیك دوای سەردانی سەرۆككۆماری ئیسرائیل بۆ توركیا و سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەو وڵاتە، هەروەها لە دوای راگرتنی ناڕاستەوخۆی دانوستاندنەكانی ئێران لەگەڵ سعودی دێت كە بڕیاربوو لەو ماوەیەدا گەڕی پێنجەمی بەڕێوەبچێت.

دووەم: وەرگرتنی ئیمتیازی زیاتر لە دانوستاندنەكانی ڤییەنا

جۆزیف بۆرێل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا راگرتنی دانوستاندنەكانی بەهۆی “فاكتەرێكی دەرەكی” راگەیاندبوو كە پێدەچێ مەبەستەكەی رووسیا بێت كە داوای مافی پارێزراوبوونی لەگەمارۆ كردبوو لە ئەگەری هەرجۆرە مامەڵەیێكی داهاتوویی خۆی لەگەڵ ئێران.

ئێرانییەكان دەزانن كە ئیدارەی بایدن، لەم سەروبەندەی گرژییەكانی خۆی لەگەل رووسیا و چین دا حەزی لە رێككەوتنەوەیە لەگەڵ ئێران، بۆیە دەیانەوێت تاوەکو پێیان بكرێ گوشار بكەن بۆ ئەوەی ئیمتیازی زیاتر وەربگرن.

لەسەرەتاكانی ئەم مانگەدا كۆمەڵگەی هەواڵگریی ئەمریكی هەڵسەنگاندنی 2022ـی خۆی بۆ هەڕەشەكان بڵاوكردەوە كە تێیدا باسی لەوە كردووە ئێران بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەردەوام دەبێت لە هەڕەشەكردن لەسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئانتۆنی بلینكن داوایكردووە كە ئەوە كاریگەری نەكاتە سەر دانوستاندنەكانی ڤییەنا.  پێدەچێت ئەمە لە خواستی ئیدارەی بایدن بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكان لەگەڵ ئێران و دۆخی ئێستای ئەو وڵاتە لە ركارییە هێزدارییەكانی واشنتن لەگەڵ چین و رووسیاوە سەرچاوەی گرتبێت.

ئێستا واشنتن لە ناوچەی ئیندۆ پاسیڤیك تووشی هەڕەشەی گەورەبوونی چین بووە. لە ئەوروپا مۆتەكەی پووتینی لێ راست بووەتەوە و لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش، گرفتی ئێرانی هەیە. بۆیە رەنگە بە تەمابێت لانیكەم لەڕێی ریككەوتن و هاوسەنگكردنی باڵانسی هێزەوە، خەیاڵی خۆی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاسوودە بكات تا بە ئاسانی بیپەرژێتە سەر ئەوانی دیكە. ئەمە بێجگە لەوەی كە ئەگەری رێككەوتن لەگەڵ ئێران دەتوانێت ئاهێك بە بازاڕی وزەدا بهێنێتەوە كە ئێستا فڕیوە. ئێرانییەكان ئەمە دەزانن، بۆیە بەشێوەیەكی راستەوخۆتر لە جاران هێرش دەكەن.

سێیەم: هاوپەیمانیی پارتی لەگەڵ سەدر

هەرچەند پارتی دیموكراتی كوردستان تاوەکو ماوەیەكی درێژ پێداگری كرد لەوەی كە شیعەكان لە نێوخۆ رێكبكەون ئەوسا لەگەڵ كورد دانوستاندن بكەن و جارێكیش دەستپێخەریێكی كرد بۆ ئەوەی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی لێك نزیك بكاتەوە بەڵام، ئێرانییەكان بە ئاگان لەوەی كە لانیكەم تاوەکو ئێستا هاوپەیمانییە سێقۆڵییەكەی سەدر- بارزانی- حەلبووسی بنەمایەكی تۆكمەی هەیە و، ئەمەش لە داهاتوودا لەوانەیە وەك بەهێزبوونی ئەو حیزبە لە هەرێمی كوردستان وەربگێڕدرێتەوە. بە تایبەتیش كە هێشتا پێداگری لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار دەكات. ئەگەر وا بێت، پارتی بە پاڵپشتی هاوپەیمانییەكەی لەگەڵ سەدر و حەلبووسی، دەتوانێت بەشێك لە پرسەكانی خۆی لەگەڵ بەغدا یەكلابكاتەوە كە گرنگترینیان پرسی بودجە، دادگەی فیدراڵی و یاسای نەوت و گازە، ئەمەش وادەكات پێگەكەی لەوەی ئێستای باشتر بێت. بۆیە رەنگە ئامانجێكی هێرشەكە پەیوەندی بە دانوستاندنەكانی پێكهێنانی حكومەت و مەسەلەی پشكەكانی كوردیشەوە هەبێت.

چوارەم: گازی سرووشتیی كوردستان

كەوتنی مووشەك لە نزیك ماڵی بازرگانێکی  كەرتی وزەی هەرێمی كوردستان لەم هێرشەدا، ئەو گومانەی دروستكردووە كە لەوانەیە هیرشەكە پەیوەندی بە بابەتی وزەشەوە هەبێت. ئێستا زیاتر لە جاران باس لە ئەگەری زیادبوونی بەرهەمی گازی سرووشتیی هەرێمی كوردستان دەكرێت. ئەمە بە لەونێكە كە سەرۆككۆماری توركیاش باسی كردووە. كۆمپانیای دانەگازیش كە یەكێك لەو گرنگترین كۆمپانیایانەیە كە لەو كەرتەدا كاردەكات، رایگەیاندووە كە لە 2023دا  بەرهەمەكەی دەگەیەنێتە 700 ملیۆن پێ سێجا. ئەگەر بێت و ئەمە وابڕوات و بڕیارەكەی دادگەی فیدراڵی بە كردەوە جێبەجێ نەكرێت، گازی سرووشتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت گرفت بۆ ئێران دروستبكات. بە تایبەتی كە عێراق بۆ دابینكردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەكانی كارەبا، گاز لە ئێران دەكڕێت و ئێرانیش بە تەمای وەرگرتنی گرێبەستێكی درێژخایەنە لەگەڵ عێراق بۆ پێدانی وزە. ئەگەر بێت و هەرێمی كوردستان نائارام بێت، ئەوسا بێشك دەرفەتی گەشەپێدانی ئەم كەرتە كەمتر دەبێت.

ئەنجام

هێرشەكەی ئەمجارەی ئێران پەیوەندی بە جەنگێك و سێ دانوستاندنەوە هەیە. دانوستاندنی هاوپەیمانییەكان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دانوستاندنەكانی ڤییەنا و دانوستاندنەكانی پێكهێنانی حكومەت لە بەغدا. شەڕی ئۆكرایناش داشی ئێرانی سوار كردووە تاوەکو لەكاتێكدا كە جیهان سەرقاڵی ئەوێیە، ئەو لێرە بە ئارەزووی خۆی ئەسپەكەی تاو بدات. شەڕی ئیسرائیل لە هەرێمی كوردستانەوە ناكرێت ئەگەر لەڕاستیدا ئامانجەكە شەڕی ئەو دەوڵەتە بێت. پێویستە هەرێمی كوردستان بەڕەسمی داوای هەڵوێست لە حكومەتی عێراق بكات و كار بكات بۆ ئەوەی ئەمە وەك شكاتی رەسمی لە نەتەوە یەكگرتووەكانیش تۆمار بكرێت. لەوانەیە ئەمە لەسەر زەوی كاریگەرییەكی یەكلاكەرەوەی نەبێت و دواجار ئەو هێزە بێت كە بتوانێت رێ لەوە بگرێت، بەڵام وەك هەنگاوێك بۆ لێسەندنەوەی رەوایی لە دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشانە بایەخی خۆی هەیە.

***

بابەتی پەیوەندی دار

پێشمەرگەکان: ئەمڕۆ 2022/03/13 لە دوای سەعات 1ی شەو، سپای پاسدارانی کۆماری تێرۆریستی ئێران بە 12 مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر هەولێر لە باشووری کوردستان و بەم بەهانەیە کە ئەسەفەرانی موسادی ئیسرائیلی کردۆتە ئامانج.  ئیسرائیل سوپای قودسی ئێران لە سوریە رۆژانە دەکاتە ئامانج و لەم چەند رۆژەدا دوو پلەداری نیزامی ئێرانی کوشت و ئێستا خەڵکی بێ تاوانی شاری هەولێر لە جیاتی ئیسرائیل دەکاتە ئامانج. ئەم نیزامە هەر بە کورد دەوەستێ و  دەسەڵاتی ئیسرائیلی نیە کە رۆژانە دەیان کوژێ.

ئێمە ئەم هێرەشە مەحکووم دەکەین و پشتیوانی لە خەڵکی هەولێر دەکەین.

روورەشی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران.

***

مەکتەبی سیاسیی پارتی: دەبێت بە جیدی کاربکرێ بۆ رێگرتن لەو هێرشە ‘نابەجێیانە’

رووداو دیجیتاڵ: مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی هێرشکردنە سەر هەولێر رایگەیاند، “داوادەکەین ئەو کارە دووژمنکارانە دووبارە نەبنەوە و هەموو لایەک لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق بە جیددی کاربکەن و هەوڵ بدەن بۆ رێگە گرتن لەو دیاردە و ئەو کارە نابەجێیانە”.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە 12 مووشەکی بالیستی هێرشکرایە سەر هەولێر. مەکتەبی سیاسیی پارتی هێرشەکە بە “تووندی ئەو پەلامارە سەرزەنشت و ریسوا” دەکات و بە پەلامارێکی دووژمنکارانە و شکستخواردوو ناوی دەبات.

سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت و لەبارەی هۆکاری هێرشەکەوە ئاماژەی بەوە دا، “لە ئەنجامی تاوانەکانی ئەمدواییەی رژێمی ساختەی زایۆنی و راگەیاندنی پێشتر بەوەی کە ئەو تاوانانە بێ وەڵام نامێننەوە، شەوی رابردوو ناوەندی ستراتیژیی پیلانگێڕی و ئاژاوەنانەوەی زایۆنیستەکان بە مووشەک بەهێزەکانی سوپای پاسداران کرانە ئامانج”.

مەکتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاند، چاوەڕوانیمان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایش و سەرجەم وڵاتانی ھاوپەیمان و دۆستە کە ھەڵوێستی روون و راشکاوانەیان رابگەیێنن بەرامبەر ئەو پێشێلکارییەی دەکرێتە سەر سەروەریی ھەرێمی کوردستان و عێراق.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق لەو بارەوە رایگەیاند، “رژێمی ئێران بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرتووە و دەبێت سزای ئەو پێشێلکارییە روونە کە کردیە سەر سەروەریی عێراق و هێرشکردنە سەر ماڵی خەڵکی بێتاوانی سڤیل وەربگرێت”.

هەروەها باڵیۆزخانەی ئەڵمانیاش لە عێراق تویتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: “پێویستە ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە رووبەڕووی لێپێچینەوە بکرێن. هیچ شتێک رەوایەتیی بە جۆرێکی وەهای بەکارهێنانی هێز و تووندوتیژی نادات”.

مەکتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاند، ئامانجی هێرشەکە “گێرەشێوێنی و ئاژاوەنانەوە و شێواندنی بارودۆخی ئارام و ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستانە”.

لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، مەکتەبی سیاسیی رایگەیاند، “هاووڵاتییانی دڵسۆز و خۆڕاگری کوردستان دڵنیادەکەینەوە کە شاری هەولێر هەمیشە ئارام و سەقامگیر و ئاوەدانتر دەبێت و، بە ئیرادەی بەھێزی گەلەکەشمان وەکو ھەمیشە دووژمن و ناحەزانمان ریسوا و شەرمەزارتر دەبن.”

***

حکومەتی هەرێمی کوردستان: پروپاگەندەی ئەنجامدەرانی هێرشەکە ناراستە

سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی سەر شاری هەولێر بڵاوکردەوە و رەتیکردەوە شوێنی بە ئامانجکراو بنکەی ئیسرائیلی بێت و رایگەیاند: “شوێنی بەئامانجکراو، شوێنێکی مەدەنی بووە و ئەم پاساوە، تەنیا بۆ شاردنەوەی ئەم تاوانە قێزەونەیە”.

ئاوێنە: ئەمڕۆ یەکشەممە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، “سەبارەت بە هێرشی ترسنۆکانەی بەرەبەیانی ڕۆژی 2022/3/13ی سەر هەولێر، کە گوایە بە پاساوی لێدانی بنکەیەکی ئیسرائیلی نزیک کونسولخانەی ئەمریکا بووە، ڕایدەگەیەنین شوێنی بە ئامانجکراو، شوێنێکی مەدەنی بووە و ئەم پاساوە، تەنیا بو شاردنەوەی ئەم تاوانە قێزەونەیە و پروپاگەندەی ئەنجامدەرانی هێرشەکەش دوورە لە ڕاستیەوە”.

حکومەتی هەرێم ئەوەشی خستووەتەروو، ” ئەمە چەندین جارە ئێران ئەم دەستدرێژیانە دووبارە دەکاتەوە و بێدەنگی کومەڵگەی نێودەوڵەتیش بەرامبەر بەم هێرشە ترسنۆکانە، رێگاخۆشکەر دەبێت بۆ بەردەوامی ئەم جۆرە تاوانانە.”

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، حکومەتی هەرێم داوا لەکۆمەڵی نێودەوڵەتی و حکومەتی عێراق دەکات ڕێوشوێنی پێویست بگرنە بەر لەبەرامبەر هێرشی هاوشێوەدا و داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا، جامعەی عەرەبی، حکومەت و پەرلەمانی عێراق و حکومەتی ئێران دەکەن بەپەلە لێکوڵینەوە لەم هێرش و تۆمەتە بێ بنەمایانە بکەن و سەردانی شوێنی بە ئامانجکراو بکەن و راستیيەکان بۆ ڕای گشتی جیهان ئاشکرا بکەن و هەڵوێستی تووند بەرامبەر بەم هێرشانە بگرنەبەر.

سەرچاوە: روداو

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی