"an independent online kurdish website

لە بیرەوەریی پێشمەرگەیەک دا

مێژووی ئەم ڕووداوە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٩ی هەتاوی (June 1990). نیزیک دوو ساڵ بە سەر ئاگربەستی نێوان ئێران و ئێراقدا تێدەپەڕی.

 هەر دوو وڵات پاش شەڕێکی ماڵوێرانکەری هەشت ساڵە، هەموو هەوڵێکیان دەدا بۆ ئەوەی شەڕەکە ببێتە مێژوو و دەیانهەوێست سنوورەکانیان ئارام بێ. ئێمە وەک حیزبی دێموکرات ساڵێک پێشتر، واتە ساڵی ١٩٨٩، دوکتور قاسملووی مەزنمان لە دەست دابوو. حكوومەتی ئێراق یەک دوو ساڵ پێش ئاگربەست، هەموو هەوڵی خۆی دابوو بۆ ئەوەی شۆڕشی کورد لە باشووری کوردستان پاشەکشە پێ بکات. هەزاران گوندی وێران کردبوو، پرۆسەی ئەنفالی ئەنجام دابوو؛ نزیک بە دووسەد هەزار کەس لە خەڵکی کوردستانی ئەنفال کردبوو. جگە لە شیمیاییبارانی شاری هەڵەبجە لە ١٦ی مارسی ١٩٨٨دا، پێشتر و بگرە دواتریش لە دژی پێشمەرگەش ئەو چەکە قەدەخەکراوەی بەکار هێنابوو. ئەم جینایەتانەی رێژیمی ئێراق، بە شێوەیەک لە شێوەکان شۆڕشی کوردی لە باشوور لاواز کردبوو. لە لایەکی دیکەشەوە هەر دوو وڵات گوشارەکانیان بۆ سەر حیزبە کوردییەکان زیاد کردبوو و نەک هەر ڕێگرییان لە جموجۆڵیان دەکرد، بەڵکوو پێدەچوو لەسەر کۆکردنەوەی حیزبە کوردییەکان و ڕاگواستنیان بۆ قووڵایی خاکی وڵاتەکانیان و کەمپنشین کردنیان ڕێک کەوتبوون. حکوومەتی ئێراق چەند جار تەنانەت ماشینی باریی بۆ گواستنەوەی بنکەکانی حیزبی دێموکرات، ڕەوانەی دەفتەری سیاسیی حیزب کردبوو و هەر جارەی بە شێوەیەک ئەو هەوڵەی ئێراق لە لایەن حیزبەوە بێئاکام مابووەوە. بە کورتییەکەی، ئەوەی کە ناونرابوو “ڕۆژە ڕەشەکە”، لە ئاسۆوە خۆی پێشانی بزووتنەوەی کورد دەدا. ئەو ڕۆژانە دەنگی کورد بە هیچ کوێیەک نەدەگەیشت و شۆڕشی کوردستان لە بێدەنگیدا و لە هەموو لایەکەوە لە ژێر هەڕەشەی نەماندا بوو. لە هاتوچۆی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بۆ شارەکانی باشووری کوردستان و کاتێک لەگەڵ خەڵکی دەکەوتنە قسە و باس لەسەر شۆڕش و کوردایەتی، خەڵکی باشوور بەڕوونی و بێ پەردە بێ‌هیوایی خۆیان لە شۆڕشی باشوور دەردەبڕی و تەنها هیواکان بەسترابوونەوە بە پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵات و بە دیاریکراوی، حیزبی دێموکرات. ئەم بێ‌هیواییەی خەڵک، هەرچەند تا ڕادەیەک بێ هۆ و نابەجێ نەبوو، لە لایەک بۆ پێشمەرگەکانی ئێمە دڵخۆشکەر نەبوو و لە لایەکی دیکەشەوە بەرپرسیارییەکی زیاتری ڕۆحی، سیاسی و نەتەویی دەخستە سەر شانمان کە نەک ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڵکوو ئێستا باشووری نیشتمانیش چاوی لێمانە. حیزبی دێموکرات هەر لە سنووری پارێزگای کرماشانەوە تا دەگەیشتە ماکۆ، ئەوەندەی هێز هەبوو کە دەیتوانی وێڕای ئەوەی کە هەبوون و حوزووری خۆی نیشان بدات، کێشە بۆ ڕێژیمی ئێران دروست بکات و تەنانەت زەربەی کاریگەریش لە هێزەکانی تاران بدات. ڕێژیم بە سەدان هەزار کەس لە هێزەکانی خۆی کە پێشتر بۆ شەڕ لەگەڵ ئێراق بەکاری دەهێنان، ئێستا لە کوردستاندا جێگیری کربوون و بۆ شەڕ لەگەڵ پێشمەرگە ئامادەی کردبوون. ئەمە سەڕەڕای ئەوەی کە رۆژهەڵاتی کوردستان هەر لە پێشتریشدا میلیتاریزە کرابوو.

لە لایەکی دیکەوە، پاش مردنی خومەینی بۆچوونێک لە نێو رێبەرایەتی حیزبی دیمۆکرات دا هەبوو کە لەوانەیە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی پاش هەشت ساڵ شەڕی ماڵوێرانکەر و ئێتسا کە رێبەری نیزامیش مردوە، وەک پێشتر شەڕ بۆ کۆماری ئیسلامی نەکەن. لە بەر رۆشنایی ئەم بۆچوونە، لە پلیونۆم دا ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات بڕیاری دابوو کە ئەو ساڵە پێشمەرگە بەشێوەیەکی بەرچاوتر و کاریگەرتر لە ناوچە حوزووری هەبێ. دوژمنانی کورد لە ئێراق و ئێران ئیدیعایان دەکرد کە گوایە کاری شۆڕش تەواو بووە و ئێمەش دەبوو بە کردەوە ئەوە بسەلمێنین کە تا کاتێ مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان دەستەبەر نەکرێن، پێشمەرگە و شۆڕشیش بەردەوامییان دەبێ.

ئەو کات مەڵبەندەکانی جنووبی کوردستان، واتە مەڵبەندی١، ٢ و ٣ و هێزەکانی زاگرۆس، ٢ی رێبەندان و بێستوون لە شوێنێک بە ناوی قەسڵان لە نیزیک شاخی بەمۆ جێگیر بوون. کومیسیۆنی سیاسی نیزامیی حیزبی دێموکرات بڕیاری دا کە ئەو ساڵە مەڵبەندەکانی ١ و ٣ و هێزەکانی زاگرۆس و بێستوون پێکەوە بگەڕێنەوە ناوچە (نێوخۆی خۆرهەڵاتی کوردستان). بۆ ئەم مەبەستە، دوو هێزی هاوبەش پێک هێنران. وەک باس کرا ئێراق ئیجازەی نەدەدا بگەڕێینەوە ناوخۆی ڕۆژهەڵات، بەڵام ئەمە زۆر کاریگەریی لە سەرمان دروست نەدەکرد، چونکە بە شەو، بێ ئەوەی ئێراق ئاگادار بێ، بەسەر شاخی بەمۆدا تێدەپەڕین و دەگەڕاینەوە ڕۆژهەڵات، وەک چۆن ساڵی پێشتریش بە هەمان شێوە هێزەکانی داڵاهۆ و شاهۆ پێکەوە چووبووینەوە ناوخۆ.

هێزی یەکەم دەبوو لە بەمۆوە گەڕابایەوە ناوخۆ و بە نێو “سەلاسی باوەجانی”دا تێپەڕیبا و بە شێوەیەکی بەرچاو لە ناوچەکانی جوانڕۆ و هەورامان بوونی خۆی نیشان بدا و خۆی بگەیەنێتە شاخی شاهۆ. دوای ئەوەی هێزی یەکەم لە شاهۆ نیزیک دەبوەوە، هیزی دووهەمیش لە هەورامانەوە دەگەرایەوە و هەر دوو هێز لە شاخی شاهۆ یەکیان دەگرتەوە و پلانی درێژەی حەرەکەتەکەیان دیاری دەکرد.

لەگەڵ هێزی یەکەمدا ٣ تیمی تەشکیلاتی (ڕێکخستن) دەگەڕانەوە بۆ ناوخۆ: تیمێکی تەشکیلاتیی کومیتە شارستانی هەورامان، کومیتەی ماکوان و هەر وەها کومیتەی کامیاران. ١٢ی جۆزەردان هێزی یەکەم، پێم وابێ یەکەم هێزی حیزبی دێموکرات بوو کە بگەڕێتەوە ناوخۆ، دەستی بە جووڵە کرد و بێ ئەوەی ئێراق ئاگای لێی بێ، بە سەر شاخی بەمۆدا سەرکەوتین و پاش ئەوەی شەوێک لەسەر ئەو شاخە ماینەوە، بۆ شەوی دووهەم خۆمان گەیاندە جێگایەک کە نە ئێراق و نە ئێران دەسەڵاتیان بە سەردا نەبوو.

پاش چەند ڕۆژ، لە ١٩ی جۆزەردان کاتژمێر دەوروبەری ٢ی بەرەبەیانی گەیشتینە شوێنێک بە ناوی دۆڵی دەرە. دۆڵی دەرە، دۆڵێکی قووڵە بە ریزە شاخگەلێکی بەرز کە تەنها عاسمانی لێوە دیارە دەورە دراوە و چۆمی زمکان بە نێو دؤڵەکە دا تێدەپەڕێ. سەد میترێک لە سەرەوەی چۆمی زمکان بۆ پشوودان ماینەوە. بەپێی ئەزموونی ساڵانی پێشتر، ئەو شوێنە زۆر جێگای مەترسی نەبوو و تەنانەت پێشتر رێگای ماشینی لێ نەبوو. بەڵام شەو کە لەسەر شاخەکە بووین، بۆمان دەرکەوت کە ڕێژیم ڕێگای لێ دابوو. پێنج یان شەش پێشمەرگە ڕۆیشتین بۆ سەر ئاوەکە بۆ ئەوەی لیباسەکانمان بشۆرین و ئەگەریش کرا ئاوێک بە خۆماندا بکەین. کەس چەکی لەگەڵ خۆی نەهێنا؛ من ئینکاریم کرد و چەکەکەم لەگەڵ خۆم برد. لەوێ ئەوانی دیکە هەموو لیباسەکانیان شۆرد. دیارە من پێم باش بوو تەنها لیباسی ژیرەوەمان بشۆرین و پاشماوەکەی هەڵگرین بۆ ئەوەی کە ڕۆژ زانیمان دونیا ئارامە، خۆ لە ئاوەکەوە نیزیکین، ئەو کات دەیانشۆین. بە قسەیان نەکردم، بەڵام من تەنها لیباسەکانی ژێرەوەم شۆرد. نیگابان دانرا و پێشمەرگەکان دەستیان کرد بە پشوودان. شوێنی پشوودانەکەمان زۆر دڵخواز نەبوو. لە نێو یەک دوو کەپردا بووین کە پڕ بوو لە مێشوولە و کێچ. لەبەر ئەوە، پێم وا نییە کەس توانیبێتی بخەوێ. پێش ئەوەی هەوا ڕووناک ببێ، پێشمەرگەکان ئاگادار کرانەوە کە خۆیان ئامادە بکەن بۆ ئەوەی بچینە نێو شاخەکە. هێشتا هەموو پێشمەرگەکان لە خەو هەڵنەستابوون، لەپڕ نیگابان دەنگی کەسانێکی دا کە زۆر لێمانەوە نیزیک بوون. چەند چرکەی پێ نەچوو کە کەوتینە بەر دەستڕێژی چەکەکانیان.

درێژەی هەیە……

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی