بەرایی
وەزیری بەرگری توركیا ئۆپەراسیۆنێكی بەناوی چڕنووك – قوفڵ راگەیاند كە لە ناوچەكانی مەتین، زاپ و ئاڤاشین- باسیان دەكرێت.
پێدەچێت ئەمە درێژەی هەمان ئەو 7 ئۆپەراسیۆنەی چڕنووك بێت كە لە ئایاری 2019وە دەستیانپێكرد. ئەو ناوچانەی كە ئێستا شەڕیان تێدایە، زۆر سەخت و دژوارن، كۆنترۆڵكردنی شاخەكان لە جێی خۆی بوەستێ، دوو دۆڵی گرنگیش لەوێ هەن كە بایەخێكی ستراتیژییان بۆ شەڕ هەیە و لەوانەیە ئامانجی سەرەكی شەڕەكەی ئێستاش ئەو دوو دۆڵە بن، کە دەکەونە نێوان هەردوو رووباری زاپ و ئاڤاشین- باسیان، ئەو دۆڵانەش گەلیێ زاپ و گەلیێ باڵندەن!
تێگەیشتن لە ناوچەكانی شەڕ
هەندێك جار بەهۆی بەكارهێنانی دەستەواژە و ناوی جیاجیاوە بۆ شوێنەكان، تێگەیشتن لە ناوچەكانی شەڕ بۆ كەسێك كە بە وردی بە دواداچوونی بۆ نەكات كاریكی ئاسان نییە. شەڕی ئەم جارە بە زۆری لە باكووری قەزای ئامێدی چڕ بووەتەوە. ململانێیەكە لەسەر دۆڵەكانی زاپ و باڵندەیە، بەڵام بایەخی چیاكانی دەوروبەری ئەو ناوچانەش لەڕووی تاكتیكی رۆژانەی شەڕ، هەروەها لەڕووی كۆنترۆڵی درێژخایەنەوە زۆر زۆرن. بەپێی سەرچاوەكانی توركیا و پارتی کرێکارانی کوردستان و هەرێمی كوردستانیش، لە چەند شوێنێكی دەوربەری دۆڵی زاپ، بێجگە لە بۆردوومان، هەوڵی دابەزاندنی هێزیش دراوە. ناوچەكانی دیكەی شەڕیش چیای مەتین، كوڕەژار، گەلیی رەشاڤە و ناوچەی ئاڤاشین- باسیانن. چیای مەتین دەكەوێتە شانی راستی گەلیێ زاپ و لە ملی باشووری رۆژئاوای ئەوێ هەڵكەوتووە. چیای كوڕەژاریش لە ملی باشووری رۆژهەڵاتی دۆڵەكەیە لە پشت شێلادزێ و لە بەردەم هێتیتی كۆندایە. رەشاڤەش تەنیا چەند كیلۆمەترێك لە دووریی دێرەلووكەوە لە شوێنێك لە سەرەتاكانی دۆڵی زاپ دایە. لە پشت دێرەلووكەوە بە درێژایی رووباری زاپ، دۆڵێكی گەورە هەیە( دەوری20-25كم) كە تاوەكو چەلێ( چوكورجا) لە پارێزگای جۆلەمێرگ (هەکاری) دەگات و ئەمەش ژینگەیەكی سرووشتی لەباری بۆ هەرجۆرە جموجۆلێكی پارتیزانی دروستكردووە كە بە درێژایی شەڕی چەندین ساڵە، ئەو ناوچانە بەتەواوی كۆنترۆڵ نەكراون.
ئەشكەفتی برینداران كە توركیا ویستوویەتی هێزی پیادەی بۆ دابەزێنێت، لە شوێنێك لە نێوەڕاستەكانی دۆڵی زاپ لە باكووری هیتیتی كۆندایە و چیای رەشیش بەسەر ئەویوێدا دەروانێت و تاوەکو سنوور دەڕوات. كێ چیای رەش و ئەشكەفتی برینداران بگرێت، بەسەر دۆڵی زاپدا زاڵ دەبێت و ئەوەش هۆكارێكی چڕبوونەوەی پێكدادانەكانە لەوێ.
لە ملی رۆژهەڵاتی چیای كوڕەژاریشەوە، چەند كیلۆمەترێك لە باكووری رۆژهەڵاتی (شیلادزێ) وە، ناوچەیەكی شاخاوی – دۆڵاوی لە گەلیێ باڵندەوە دەست پێدەكات و بەبنی گوندی بێدێ و زۆزانی دۆسكیان دا دەگاتە ئاڤاشین؛ جێگەیەك كە هەموو كات ناوەندێكی گرنگ بووە بۆ پەكەكە و هەرلەوێشەوە بە ئاسانی توانیویەتی بگاتە جۆلەمێرگ. نزیكەی 15- 20 كیلۆمەترێك لەولای ئاڤاشینەوە، باسیان هەیە كە ئەویش ژینگەیەكی لەبارەی بۆ هەر بزاڤێكی پارتیزانی دروستكردووە.
ئەگەر نەمانەوێ لەوە زیاتر سەرمان بەو وردەكارییانەی ناوی شوێنەكان و دووریی و مەوداكانی نێوانیانەوە سەرقاڵ بكەین، بە كورتی دەتوانین بڵیین شەڕەكە لە دەوربەری دوو دۆڵی گرنگ لە باكووری قەزای ئامێدی بەدرێژایی رووباری زاپ، باسیان- ئاڤاشین چربووەتەوە.
ئایا ئەمە چاوەڕوانكراوبوو؟
بەڵێ بێگومان. ئەم ئۆپەراسیۆنە درێژەی ئۆپەراسیۆنەكانی چڕنووكە كە توركیا لە ساڵی 2019وە دەستیپێکردووە و ئەمەی ئێستاش هەشتەمین بەشیەتی. یەكەمیان لە مایسی 2019 لە دەڤەری برادۆست كرا. لە تەمموزی هەمان ساڵ دا چڕنووكی 2 كرا كە بە رووداوەكانی چیای گارا نێوبانگی دەركرد. چڕنووكی 3 بەپێچەوانەی ئەوانی پێشوو لە سنوورەكانی باكووری رۆژئاوای هەرێمی كوردستان لە سینات و حەفتانین چڕكرایەوە. دوای ئەوەش لە 2020دا ئۆپەراسیۆنەكانی چڕنووك- هەڵۆ، چڕنووك- پڵنگ كران كە زیاتر هێرشی ئاسمانی بوون. لە شوباتی 2021یشدا چڕنووك- پڵنگی 2 كرا كە زیاتر چیای گارەی كردبووە ئامانج. توركیا لە 24ی نیسانی 2021 ئۆپەراسیۆنەكانی چڕنووك – هەورە برووسكە(شیمشەك و یڵدرم)ی لە ناوچەكانی مەتین و ئاڤاشین- باسیان دەستپێكرد و وادیارە ئەمەی ئیستاش، كە ناوەكەی چڕنووك – قوفڵە درێژەی ئەوەبێت. لە 2019دا توركیا زیاتر تەركیزی خستبووە سەر ملی باكووری رۆژهەڵات و باكووری رۆژئاوای سنوورەكان؛ لەولاوە دەڤەری برادۆست و لەملاشەوە حەفتانین! ناوچەكانی نێوەڕاستی ئەو دوو بەشەشی دەكردە ئامانج، بەڵام لە 2020 بەدواوە سەرنجێكی زیاتری داوەتە سەر ئەم ناوچەیە كە ناوچەكانی باكووری ئامێدی لە ناوجەرگەی ئەو هەرێمە نێوەنجییەدان. ئەگەر توركیا بتوانێت دۆڵ و چیاكانی پشت ئامێدی كۆنترۆڵ بكات، ئەوا بە كردەنی، ناوچەیەكی تامپۆنی لەودیو سنوورەكانی خۆی دروست دەكات و ئەڵقەی كارەكانی لە برادۆستەوە تاوەکو حەفتانین بە یەك دەگەیێنێت. لەوانەیە یەكێك لە ئامانجەكانی ئەو ئۆپەراسیۆنانەش، دوورخستنەوەی زیاتری پەكەكە لە سنوورەكان و پاڵپێوەنانی بۆ داكشانی زیاتر بەرەو قووڵایی خاكی هەرێمی كوردستان بێت.
ئەنجام
بێگومان كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی زنجیرە چیاكانی سنوور بۆ هیچ هێزێكی دەوڵەتی كارێكی ئاسان نییە، ئەمە بۆ چیا و نەوالەكانی پشت ئامێدی كە ناوچەی سەخت و دژوارن زۆر ئەستەمتر دەبێت. هەڵبەت نابێ ئەوەشمان بیربچێت كە چڕكردنەوەی ئۆپەراسیۆن لەو ناوچانەش، بە لەبەرچاوگرتنی باڵادەستی تەكنەلۆژی و دۆخی سیاسی لە عێراق، ناوچەكە و جیهان، دەتوانێت شوێنی پەكەكە لێژبكات و زیاتر بەرەو قووڵایی خاكی هەرێمی كوردستان پاڵی پێوەبنێت. ئەمە دەتوانێ ململانێی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان زیاتر بكات و، نموونەی رووداوەكانی سەرێ ئامێدی دووبارە بكاتەوە. بەتایبەتی كە ئێستا هەرێمی كوردستان نیگەرانە لە داكشانی زیاتری مەیدانی جەنگ بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی، هەروەها پەكەكەش باس لەوە دەكات كە هێزی پێشمەرگە بەرەو كوڕەژار جوڵەیان كردووە.
ئەنجامی سرووشتی ئەم ئۆپەراسیۆنانە دوورخستنەوەی مەیدانی شەڕە بۆ قوڵایی خاكی هەرێمی كوردستان وەك ئەوەی كە لە رۆژئاوای كوردستانیش روویدا. پێدەچێت دۆخی سیاسی عێراق، ململانێی بەردەوامی ناوخۆیی هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و سەرقاڵیی جیهان بەشەڕی ئۆكراینا و ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی 2023ی توركیا، زەوینە سیاسییەكەی ئەم ئۆپەراسیۆنەیان دروست كردبێت. بەهۆی سەختی ناوچەكەشەوە، ئەستەمە توركیا بتوانێت بە تەواوی پەكەكە لەوێ نەهێڵێت، بەڵام دەتوانێ گرفتی گەورەیشی بۆ دروست بكات.
ئۆپەراسیۆنەكە ناوی چرنووك- قوفڵە، ئەمە چەندەی دەتوانێت رەهەندێكی بانگەشەكارانەی بۆ بردنەوەی شەڕوسەرخستنی ئامانجەكانی توركیا هەبێت، بەڵام لەوانەیە واتای ئەوەش بدات كە رەنگە دوای ئەمە ئیدی تاوەکو پاش هەڵبژاردن، ئەمە دوایین ئۆپەراسیۆنێكی گرنگ بێت كە توركیا لە دژی پەكەكە بیكات. چونكە سەرۆككۆماری توركیا چەندەی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا پێویستی بە دەنگی گرووپە رەگەزپەرستەکانە، ئەوەندەش پێویستی بەوەیە هەدەپە زۆر نەهارووژێنێت، بەهۆی رۆڵی كلیلیی هەدەپەوە لەسەر یەكلاكردنەوەی سەرۆككۆماری داهاتوو، هەر لە ئیستاوە نایەوێت بە تەواوی هەدەپە بەرەو هاوپەیمانیی میللەت پاڵبنێت كە ركابەری ئەو دەكەن!
زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو
سەرچاوە: روداو