"an independent online kurdish website

رێکەوتی ٢٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢ کوردی بەرانبەر بـە ١٣ ی ئەپریـلی ٢٠٢٢ ی زایینی لە تەلویزیـۆنی مەهاباد گوێـم لـە بـەرنامەیـەک گرتـبوو کە دیمەنـێـکی دڵـتـەزێـنـم هـاتـە بـەرچـاو.

 بـەڕێـوەبـەری بـەرنـامـە دێـمەنـی حەوزخانەکانی مزگەوتەکانی (ڕۆستەم بەگ، هەباس ئاغا و شادەروێشی) نیشان دەدا. بە تەبیعەتی ئەوەی من هەم ماڵـم لـە مەهـابـاد بـووە و هـەم لـەوێ دەرسـم خوێـنـدوە و ئـیزنی مـەلایـەتـیشم هـەر لـەوێـ وەرگرتـوە و ڕۆگەی سیاسی و کوردایەتیشم هەر ئەوێ بووە، بێگومان هەر باس و بابەتێک لەو شارە بکرێ لە من دا کارتێکەری خۆی دەبێ  جا چ ئەرێنی و چ نەرێنی. بە دێتنی ئەو حەوزخانانـە چـومـەوە سەردەمـی لاویـم و جـەنگەی بـەرزی و بەتینی هەست و سۆزم، بەڵام ڕواڵەتی دڵتەزێنی ئەو حەوزخانانە ڕاستـیەکی بۆ سەلماندم کە هەڵە نین ئەوانەی بەکوردستان دەڵێن داگیر کـراو. دیـتنیان کـزەی لـە جەرگی هێنام و سەرم سـوڕمـا لـەسـەر جەم خەڵکی کوردستان و بەتایبەت مەهاباد و تایبەتیتریش ئەو ئیمام جومعە و سەرجـەم مەلاکان،کـە بەشێکیان بە بەژن و باڵای ئەو ڕێژیمەش هەڵدەڵێن و لەبەرانبەر ئەو هەموو بێحورمەتی و بێ موبالاتیەی ئەو ڕێژیمە بە تایبەت لە پێوەندی دەگەڵ ئـەو بنکە و بنیاتانەی ڕاستەوخۆ بـۆ دیـن بـەکار دێـن و ئـاسەواری مـێژوییشن، بێدەنگن. من ناڵێم: با بێن هەڵوێستی سیاسی بگرن، مەبـەستیشم ئـەوە نـیە چونکە ئەو گۆمە زۆر قـوڵـە و مەلـەوانی خۆی دەوێ! هەرچەند منیش لەو گۆمە دام. بەڵام ئەوانە شوێنێکن کە ئەو مرۆڤانەی دەیانەوێ دەگەڵ خوا ڕاز و نیاز بکەن، دەبێ لە پێشدا لەوێ خۆیان پاک خاوێن بکەنەوە جا دوایە بچن بۆ ڕاز و نیازەکە. لە لایەکیتریش ئەو حەوزخانانە ئاسەواری کۆنن دەبێ زۆر بە جیدی و جوانی چاوەدێریان لێ بکرێ و بپارێزرێن. ئەوانە نیشانەی قەدیم بوون و پێشکەوتویی و تێگەیشتویی گەل و ڵاتانن و دەبێ بپارزرێن.گەلان شانازیان پێوە دەکەن، هەمویان کردونە پێشانگا و لە وڵاتان ڕا خەڵک دێـن بـۆ دیتنیان و وێنەیـان لێ هەڵدەگرن . جـیا لـەوەش دەبنە شوێنی تـۆڕیستی و سەرچاوەی داهات بۆ وڵاتەکەیان. مخابن ئەو ئاسەوارە قەدیمی و بە نرخانەی مەهاباد دروست بە پێچەوانەی هەموو ئاسەوارە کانی دنیایە، نەک خەڵکانی دەرەوەی کوردستان بەڵکو کەسانی خاوەن ویژدانی خۆ نە فرۆشتـوی خـۆ ماڵیش شەرم دەکەن لە دیتنیان چ بگا بەوەی نیشانی خەڵکیان بدەن! زۆرم بە لاوە سەیرو جێی داخیشە لە وڵاتێک دا کە دەسەڵاتـەکەی بـۆ چاو بـەستنی خەڵک دروشمی ئیسلام و موسوڵمانی و خزمەتکاری دین و شتی لەو بابەتە لێ دەدەن و واش دەنوێنن کە نیشتمان وڵاتیان خۆش دەوێ، ئیسلامیان زیندو کردۆتەوە، بەڵام لە بەرانبەر بە بێ بێحورمەتی بە دین و ئاسەوارە کۆنەکانیان کە نیشانەی شارستانیەتی هەر گەلێکن، ئاوا بێدەنگن و وەک نەبایان دیبێ و نە باران. هەستی گەل دۆستی و وڵات خۆشەویستی لە دەرونیان دا مردوە. لەوە نەگەیشتوون کە دەسەڵاتی داگیـر کەر لـە هـەموو ڕێگایەکەوە خـەریـکی لە ناو بردنی ئاسەواری نەتەوەیی و ئایینی و سیاسی کوردانە و بەرە بەرە کوێریان دەکاتەوە و لە ناویان دە با، وا بە دنیا نیشان دەدا کەکورد هەر نیە و لە ئەسڵ دا دروست کراوی دوژمنانی دەسەڵاتـدارانی ئێرانـە. بـە هـۆی ئەوەی لە سیاسەت و نیازی دەسەڵاتدارانی ئێران زۆر باش ئاگادارم و حەفتا ساڵ تەمەنم دەگەڵ تێپەر کردوە ئیتر لێرە دا باسی ناکەم و بە برا کوردەکانیشم دەڵێم: ئەگەر ڕاستە موسوڵمانن و دین و ئایینتان هەیە و خۆتان بە نەتەوەیەک دەزانن کە خوا خەڵـقی کردوە و و وەک هەموـو نـەتـەوەکانی تر ماف و ئەرکیان هەیە، دەبێ ئـارەقی شەرم بـڕێژن، ژاری تـرسنۆکی و بێ هەڵوێستی بچێژن، کە ناتوانن لە بـەرانبەر بـێحورتی بـە دیـن و پـێرۆزیـە ئایینی و کلتـوریەکانـتان وەجـواب بـێـن و بـەرەنـگاری ئـەو زوڵـمـە زەقــ و بەرچاوە ببنەوە.

سەیر کەن من باشم لـە بیرە مەهابـاد حـوسەینیەی لێ نەبوو .بـۆیـە دەڵـێم: حوسەینیە چونکە شیعەکان مزگەوتیان نیە و هەموو هەر حوسەینەن، ئەگەر بە دەگەمەن یەکێک بە مزگەوت ناوبەرن پاشتەرک یا پێشتەرکێکی بۆ دروست دەکەن وەک (مزگەوتی ساحب آلـزمـان) و هـیـتر. دوایی حـوسەنـیەکیان لـە نیزیک مـزگەوتی بـازاڕی دروست کرد و ئەودەم مەشهدی (خەیری) بە سەری ڕادەگەیشت. هەرچۆنێک بێی ئـەوانیش مـافی خۆیـانـە ڕیـز لە پیرۆزیەکانی خۆیـان بگرن و بـە لای منەوە گرفتێک نیە، ئەوەی بۆ هەڵوێستە دەبێ ئەوەیە: تۆ پیرۆزیەکانی خۆت بە قیمەتی بێحورمەتی و لەناوبردنی پێرۆزیەکانی من تەواو بکەی . دڵنیام ئێستا لە مەهاباد حوسەینیە و ئاخوند زۆر دروست کراون. ئاسەواری نـوێژ و تـاعـەتی کوردان و سونیەکان زۆر زۆر کەم ڕەنگ بوون و  سـەدی نـەوەدی زیاتـریش بـاسەکانی مەلا کورد و سونیەکانیش هـەر لە دەوری ئیـمام و ئـیمام زادە و تازیەی شیعەکاندا دەگەڕێ.

ئەگەر دەسەڵاتی حاکم وەک ئیدعای دەکەن خوایین و عادڵـن (کە نـیـن ) دەبـوایـە مانا و ناوەرۆکی عەداڵەت تێگەیشتبان. چونکە عەداڵەتی خوایی ئەوەیە هەرکەس مافی خۆی بدرێتێ و غەدر لە کەس نەکرێ. گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دەبێ لەوە تێبگەن ئەگەر بڕوایان کرد بێ کە ڕێژیم بۆ ئەوانیشە هەڵـەن. میژو نیشانی داوە، هەرکەس و گەلێکیش لێی تێگەیشتبێ دەبێ بزانێ نە یەکم جارە و نە دوایین جاریش دەبێ کە کورد دوژمنەکەی فریوی داوە. خۆی وەک خەمخۆرو دڵسۆز نیشان داوە و لە دەرفەتی لە باریشدا وەک مار پێی وەداوە ،  من وەزعی گەلـەکەمـان باش دەزانم ، هەر ئەوەندە دەڵێم: کەم بخۆن و کز دابنیشن باشترە لەوەی بۆ ژیانی ئەوڕۆ، ئەوڕۆ و سبەینێشتان بفرۆشن!!

 براتان مەلا ئیبڕاهیمی مەجید پور ٣٠ خاکەلێوەی ٢٧٢٢ ی کورد

  ١٩ / ٤ / ٢٠٢٢ زایینی

وێنە: سەدی مەهاباد

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی